شیلان شاکر: کێشه ئه‌قڵیه‌تێکه باوه‌ڕی به‌وه نیه که ده‌سه‌ڵات ته‌نها موڵکی ئه‌و نیه
سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌بێت واز له پۆسته حزبیه‌که‌ی بهێنێت
پرسی ده‌ستور و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌و پرسه هه‌ره ئاڵۆز و گرنگانه‌یه که تائێستاش مشتومڕی لایهنهکانە و نه‌گه‌یشتوه‌ته بنه‌ڕه‌تی. حزب و لایه‌نه سیاسیه‌کان پڕۆژه‌ی خۆیان بۆ ئه‌و پرسانه خستوه‌ته ڕوو و ڕاده‌ستی ده‌زگا به‌رپرسه‌کانیان کردوه.
ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان ڕۆژی 14.06.2015 پڕۆژه‌ی خۆیانی له دوتوێی چه‌ند خاڵێکدا بۆ ده‌ستووری نوێی هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد. هاوسه‌رۆکی ته‌ڤگه‌ری ئازادی شیلان شاکر له دیمانه‌یه‌کدا باس له ورده‌کاری پڕۆژه‌که‌یان ده‌کات و ئاماژه به خاڵه ناکۆکه‌کانی ناو پڕۆژه‌که ده‌دات.
پرسیار/ ئێوه وه‌ک ته‌ڤگه‌ری ئازادی پڕۆژه‌یه‌کتان بۆ ڕه‌شنوسی ده‌ستووری هه‌رێمی کوردستان ڕاگه‌یاندوه ده‌کرێت هه‌ندێک باسی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌تان بکه‌ن؟
شیلان شاکر: ده‌ستور په‌یمانێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه، ئه‌گه‌ر پێشووتر کۆمه‌ڵگاکان له‌سه‌ر پێوانه ئه‌خلاقیه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا ژیاون، دواتر ئه‌وه بوه‌ته ده‌ستور بۆیه گرنگی خۆی هه‌یه بۆ کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ش گرنگ نیه بڵێین ڕه‌هایه و پێویستی به گۆرانکاری نیه، به‌پێی پێشکه‌وتنه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کرێت گۆڕانکاری به‌سه‌ردا بێت.
ئێمه وه‌ک ته‌ڤگه‌ری ئازادی پڕۆژه‌یه‌کمان بۆ ده‌ستور پێشکه‌ش کرد چونکه به بۆچونی ئێمه له هه‌ندێک مادده و خاڵدا ڕه‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان پێویستی به گۆڕنکاری هه‌یه، به‌تایبه‌ت بۆ کۆمه‌ڵگای باشووری کوردستان له‌گه‌ڵ بنه‌ماکانی دیموکراتی ناگونجێت، له‌م کاته‌دا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی کۆمه‌ڵگا پێویست به پڕۆژه‌یه‌کی به‌و شێوه‌یه هه‌بوو، تا بتوانین باشتر بنه‌ماکانی دیموکراتی له ده‌ستوردا به‌جێ بکه‌ین.
پرسیار/ یه‌ک له‌و خاڵانه‌ی ئێوه ده‌ستنیشانتان کردوه پرسی ده‌سه‌ڵاتداریه له هه‌رێم ئێوه داوای چی گۆڕانکاریهکتان له‌و مادده‌یه‌دا کردوه؟
شیلان شاکر: یه‌ک له‌و خاڵانه‌ی ئێمه له پڕۆژه‌که‌ماندا ئاماژه‌مان پێکردوه بابه‌تی ده‌سه‌ڵاته له باشووری کوردستان، که‌به‌داخه‌وه له ئێستادا هه‌وڵ ده‌درێت گفتوگۆکان تایبه‌ت بکرێت به تاکه که‌سێک، لایه‌نێکی سیاسی یان حزبێک، ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و ئێمه دژی ئه‌و جۆره بۆچونانهین، پێمان وایه کێشه‌که ئهقڵهیهتێکی ده‌سه‌ڵاتداریه که داخراوه له‌به‌رامبه‌ر گۆڕانکاری، باوه‌ڕی به‌وه نیه که ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ته‌نها موڵکی ئه‌و نیه، بۆیه ئێمه له پڕۆژه‌که‌ماندا داوامانکردوه سه‌رۆکی هه‌رێم له په‌رله‌ماندا هه‌ڵبژێردرێت، و په‌رله‌مان ڕۆڵی باشتر و کاراتری هه‌بێت، ده‌سه‌ڵاته‌کانیش له‌سه‌ر بنه‌مای گفتوگۆ و سازانبێت، به‌ڵام سازانێکی چۆن؟ هه‌ر وه‌کو ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا کراون سازانێکی سیاسی؟ چه‌ند لایه‌نێک بێنه لای یه‌ک و له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان سازان بکه‌ن؟ ئه‌مه هه‌ڵه‌یه‌کی مێژووییه هیچ جیاوازی نیه له‌وه‌ی له ڕابردوودا ڕوویداوه، هه‌روه‌ک چۆن لیژنه‌یه‌کیان بۆ ده‌ستور دروست کردوه زۆر لایه‌ن و نه‌ته‌وه و باوه‌ڕیه‌کانی تریان له‌ده‌ره‌وه‌ی هێشتوه‌ته‌وه.
پرسیار/ پێشنیار و جێگره‌وه‌کانی ئێوه بۆ ده‌سه‌ڵاته‌کانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم چیه؟
شیلان شاکر: وه‌ک وتم یه‌ک له‌مادده‌کانی ئێمه ده‌ستنیشانمان کردوه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکی هه‌رێمه له په‌رله‌مان، بۆنمونه له مادده‌ی 92 خاڵی 2 دا ئه‌ندامانی دادگا له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمه‌وه به ڕاوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌مه بۆته ناوه‌ندگه‌راییه‌ک له باشووری کوردستان، که سه‌رۆکی هه‌رێم زۆر جار له‌و لایه‌نه‌وه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌تی به‌کاری هێناوه، له مادده‌ی 94 دا باس له‌وه ده‌کات که سه‌رۆکی دادگا له‌به‌رده‌م سه‌رۆکی هه‌رێم سوێند ده‌خوات، له‌خاڵی شه‌شی مادده‌ی 95 دا ده‌ڵێت، دادگای ده‌ستوری سه‌رۆکی هه‌رێم و جێگره‌که‌ی دادگایی ده‌کات، ئێمه ده‌ڵێین ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانێکی دادگا له‌لایه‌ن سه‌رۆکه‌وه هه‌ڵبژێردرێت گه‌لۆ ده‌توانێت سه‌رۆکی هه‌رێم دادگایی بکات؟ ئه‌و به‌ند و ماددانه زۆر لاسکین زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و تاک و لایه‌نه‌دایه که ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌بۆچونی ئێمه ده‌بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاتی تاکڕهویهتیه که‌م بکرێته‌وه و سنورداربکرێت.
پاشان سه‌رۆکی حزبێکی سیاسی که ده‌بێته سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان نابێت له پۆستی سه‌رۆکی حزبه‌که‌یدا بمێنێته‌وه، هه‌رکات ده‌بێته سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌بێت واز له حزبه‌که‌ی بهێنێت، بۆئه‌وه‌ی دادپه‌روه‌رانه هه‌ڵسوکه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌و مافانه بکات که پێی دراوه.
له‌خاڵێکی دیکه‌ی ڕه‌شنوسی ده‌ستوردا باس له‌وه ده‌کات که سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌توانێت لێبوردنی گشتی ده‌ربکات، ئێمه پێمانوایه که پێویسته ئه‌مه له په‌رله‌ماندا بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، ئه‌مانه و کۆمه‌ڵێک ده‌سه‌ڵاتی تر دراوه به تاکه‌که‌سێک له باشووری کوردستان ده‌رگای بۆ تاکڕه‌وی کردوه‌ته‌وه.
پرسیار/ له‌مه‌ڕ پرسی هاوسه‌نگی ڕه‌گه‌زیش ئێوه تێبینی تان هه‌یه تێبینیه‌کانتان چین ؟
شیلان شاکر: پرسی ڕه‌گه‌زی پرسێکی ئه‌ساسیه له ده‌ستوردا، ئه‌و زهنیه‌ته‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی بۆ تاکه‌که‌سێک ده‌ستنیشان کردوه هه‌مان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستوور هه‌یه که له‌زۆربه‌ی مادده‌کانی دا باس له ژن ناکات، ئێمه له پڕۆژه‌که‌ماندا ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 40 مان بۆ ژنان داناوه له به‌شداری ژن له هه‌موو کایه‌کاندا، بۆنمونه ئه‌گه‌ر سه‌رۆکی هه‌رێم پیاوێک بێت ده‌بێت جێگره‌که‌ی ژن بێت، یان ده‌بێت سیسمی ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی په‌یڕه‌وبکرێت، که ده‌بێته سه‌رۆکی هه‌رێم و 4 جێگر پێویسته 2 له‌وانه ژن بن، تائێستا نه‌توانراوه مافه‌کانی ژن له ڕه‌شنوسی ده‌ستوردا به‌جێ بکرێت، باس له یه‌کسانی ده‌که‌ن به‌ڵام باس ناکه‌ن چۆن یه‌کسانیه‌ک و له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ک؟.
پرسیار/ له پڕۆژهکهتاندا باستان له پێکهاته نه‌ته‌وه و باوه‌ڕیه جیاوازه‌کان کردوه؟
شیلان شاکر: له ڕه‌شنوسی ده‌ستوردا ئه‌وه‌ی وه‌ک پێویست ئاماژه‌ی پێناکرێت مافی نه‌ته‌وه و باوه‌ڕیه جیاوازه‌کانه، ده‌کرێت ئه‌مانه له‌سیستمی خۆجێی هه‌رێمیدا پێناسه‌ی بکه‌ین ئێمه لهپڕۆژهکهماندا باسمان کردوه، که مافی خۆبه‌ڕێوبه‌ری بدرێت به هه‌رێمه‌کان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مافه‌کانیان له ده‌ستوردا به‌جێ بکرێت، بۆنمونه بۆ ده‌بێت ئێزدی یان کاکه‌یی یاخود باوه‌ڕه جیاوازه‌کان مافی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رییان له هه‌رێمه‌کانی خۆیاندا نه‌بێت، له‌بڕگه‌ی یه‌کی مادده‌ی 30 دا ده‌ڵێت، نابێت هیچ که‌سێک خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر که‌سێکی تردا، هه‌روه‌ها له مادده‌ی دووی ده‌ستوردا ده‌ڵێت، نابێت هیچ هه‌رێمێکی خۆجێی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن.
ئێمه ده‌ڵێن هه‌موو پێکهاته‌کان به هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه جیاوازه‌کانیانه‌وه ده‌بێت مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێت له هه‌رێمه‌کانی خۆیان به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خۆجێی هه‌ڵبژێرن تا به‌و مافه ببێته خاوه‌ن پڕۆژه‌ی خۆی، ئه‌گه‌ر هه‌رێمی کوردستان یه‌ک به‌ڕێوبه‌ری هه‌بێت و یه‌ک که‌س حوکمی بکات، ئه‌وه ناکۆکه له‌گه‌ڵ بڕگه‌ی یه‌کی مادده‌ی 30، بینیمان ئێزدیه‌کانی شه‌نگال بوونه قوربانی مادده‌ی دووی ده‌ستوری هه‌رێم، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ڕێوبه‌رایه‌تیه‌کی خۆجێی یان هه‌بوایه ڕووبه‌ڕوی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیه نه‌ده‌بوونه‌وه.
پرسیار/ له‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی باس له ده‌ستورێکی سیکۆلار یان ئیسلامی ده‌کرێت چی ده‌ڵێن؟
شیلان شاکر: ئێمه ئه‌و جۆره گفتوگۆیانه ڕه‌د ده‌که‌ینه‌وه که له‌نێوان ئه‌و دوو بابه‌ته‌دا هاتوته ئاراوه، پێمانوایه نه ده‌ستورێکی سیکۆلار ده‌بێته چاره‌سه‌ر بۆ کیشه‌کان و نه ده‌ستورێکی ئیسلامی، له‌خاڵێکی ده‌ستوردا ده‌ڵێت، نابێت ده‌ستوور ناکۆک بێت له‌گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی ئیسلامدا، له‌کۆتایی هه‌مان ڕسته‌شدا ده‌ڵێت، ده‌بێت ده‌ستورێکی دیموکراتی بێت، به‌ڵام ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی یه‌کترن، ئه‌گه‌ر ده‌ستور له‌سه‌ر بنه‌مای حوکمه نه‌گۆڕه‌کانی ئیسلام بێت، ئه‌وا ناکۆک ده‌بێت له‌گه‌ڵ دیموکراتیه‌تدا، بۆیه ئێمه پێشنیارمان کردوه که حوکمی نه‌گۆڕی ئیسلام لاببرێت، ئه‌گه‌ر پێکهاته و باوه‌ڕه جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵگا له‌به‌رچاو بگرین نابێت باوه‌ڕ و ئاینه‌کانی دیکه وه‌لابنێیت و ته‌نها باس له ئیسلام بکه‌یت.
له‌باره‌ی سیکولاریشهوه، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌نمونه سه‌یر بکه‌ین ده‌بینین مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک که ده‌وڵه‌تی عیلمانی دروست کرد شه‌ش بنه‌مای دانا، یه‌ک له‌وانه عیلمانیه‌ته، به‌ڵام ئێمه ده‌زانین ئه‌قڵیه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری تورکیا چۆنه، کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تر چی ژیانێکیان هه‌یه له‌و وڵاته‌دا، ئه‌مانه هه‌موو تاقیکراونه‌ته‌وه و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون، بۆیه ئێمه ناچارنین بگه‌ڕێینه‌وه بۆ شێوازێک که زۆر له‌کۆنه‌وه تاقی کراوه‌ته‌وه و چاره‌سه‌ری نه‌هێناوه، ئێمه پێمانوایه دیموکراتی باشترین چه‌مکه که ده‌توانرێت به بنهمابگیرێت و له‌سه‌ر ده‌ستور ڕه‌نگ بداته‌وه.
سەرچاوە: ئاژانسی رۆژنیوز