کوردی           عربی

"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن "‌

12/08/2015

Wednesday‌

"PDK شەنگال یان بۆ منە یان بۆ داعش"
"ئەكەپە گەورەترین هاوكاری داعشە و پارتیش هاوپەیمانی ستراتیژیی ئەكەپەیە"

خەبات هەولێری: پارتی رێگرە لە رزگاركردنی شەنگال

سازدانی/ ئامانج ئاگری 

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی KCK خەبات هەولێری ئاماژە بەوە دەكات كە حكومەتی AKP و پارتی دیموكراتی كوردستان PDK بۆ هاوكاری و پشتیوانیكردن لە گرووپە چەتەكانی داعش دژایەتی گەلی كورد و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی كورد دەكەن. 
لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK خەبات هەولێریی رایگەیاند كە حكومەتی AKP لە باكور و PDK لەباشوور لەسەر بنەمای چەند هاوپەیمانێتییەكی تایبەتی بازرگانی، بەهەموو شێوەیەك دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن تەنانەت لەو پێناوەشدا هاوكاری گرووپە چەتەكانی داعش دەكەن بۆ لاوازكردنی هەوڵ و خەباتی ئازادیخوازانەی هێز و لایەنە ئازادیخواز و دیموكراسیخوازەكانی كوردستان. 

پرسیار/ رەوشی ئێستا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
خەبات هەولێریی: لە كۆتاییەكانی ساڵی 2012 و سەرەتای 2013 دا رێبەری گەلی كورد رێبەر ئاپۆ قۆناخێكی لە ژێر ناوی رزگاری دیموكراتی و بنیادنانی ژیانی ئازاد دەست پێكرد. بێ گومان ئەو پرۆسەیەی كە رێبەر ئاپۆ دەستی پێكرد، پرۆسەیەك بوو كە لە دەرئەنجامی كەڵەكە بوونی بەرخۆدانێكی هێژای خودی رێبەر ئاپۆ و تێكۆشانی هەمەلایەنی گەلەكەمان بەگشتی و تەڤگەڕی ئازادی بەتایبەتی بەدیهات.لەبواری سەربازی ساڵی 2012 ساڵێكی زۆر جیاواز بوو. هەڵمەتی سەربازی گەریلای زۆر بەرفراوان بەڕێوەچوو. بەكاریگەرترینیشیان ئەو هەڵمەتە بوو كە لە شەمزینان بەڕێوەچوو كە ناوچەی ئازاد ئاواكرا و دەوڵەتی تورك زۆر تەنگەتاو بوو و لە بواری سەربازییەكەوە شكستی خوارد. لە بواری جەماوەرییەوە چالاكی بەرخۆدانیانەی گەل گەیشتە لوتكە. هەروەها بەرخۆدانێكی شكۆدار و بێ وێنە بەڕێوەچوو. مانگرتنی تامردن بەڕێوەچوو. لوتكەی ئەم چالاكییانە هەڵوێستی بەرخۆدانوانی رێبەر ئاپۆ. یەكانگیربوونی ئەم بەرخۆدان و تێكۆشانانە دەوڵەتی توركی ناچاركرد كە نەتوانێت درێژە بە سیاسەتی شەڕانگێزی و شەڕخوازییانەی خۆی بدات.
دوابەدوای ئاشكرابوونی ئەو دانیشتنانەی ئۆسڵۆ دەوڵەتی تورك دەیویست بزووتنەوەی ئازادی بە هەمان شێوەی پڵنگەكانی تامیل لەناو بەرێت،لەوەشدا شكستی خوارد و ناچاربوو پاشدا هەنگاو بنێت. رێبەر ئاپۆ دەستی كرد بە پرۆسەی رزگاری نەتەوەیی دیموكراتی بۆ بونیادنانی ژیانی ئازادی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین. كە ئەمەش ئاشتی و برایەتی گەلانی هەرێمەكەی مسۆگەر دەكرد و رێگەی بە دەركەوتنی هیچ رێكخستنێكی بەكرێگیراوی وەكو داعش و رێكخراوە دژە مرۆییەكانی تر نەدەدا،بەڵام دەوڵەتی تورك لەبەرامبەر بەمە درێژەی بە هەمان سیاسەتی شەڕخوازانە و دژایەتیكردنی ئاشتی و برایەتی گەلان دا. لەلایەك بەهەموو شێوەیەك هاوكاری هەموو جۆرە هێز و رێكخراوێكی دژە كورد كرد و لەلایەكی تریشەوە دژایەتی لێدوانی هاوبەشی شاندی ئیمراڵی و دەوڵەت لە دۆڵمە باخچە كرد و نكۆڵیشی لە هەموو جۆرە دانوستاندنەكانی كرد.

پرسیار/ بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی توركیا و باكوری كوردستان ئەم رەوشەی ئێستا هاتەئاراوە؟
خەبات هەولێری: ئەو راستینەیەی كە لە ئەنجامی ئەو پرۆسەیەی رێبەری گەلی كورد عەبدولڵا ئۆجالان دەستی پێكرد،پارتی دیموكراتی گەلان HDP لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێناوە، و لەبەرامبەر بەم سەركەوتنەشدا دەوڵەتی تورك بە پێشەنگایەتی AKP و گرووپە نافەرمییەكانی سەر بەم پارتە ئەم سەركەوتنەیان پێ هەرس نەكرا. سەركەوتنی HDPبە مانای بەدینەهاتنی خەونی ئەردۆغان بوو كە بوون بە سەرۆكایەتیكردنی دەوڵەت و سەرەتای هەڵوەشانەوە و كۆتاییهاتنی AKP یە و كە ئەمەش بەواتای بەرفراوانبوونی ئازادی و دیموكراسی و بەرفراوانبوونی ئاشتی بوو. هەر بۆیە ئەردۆغان دەستی كرد بە پیلانگێڕی و هێرشكردنە سەر بزووتنەوەی ئازادی، تا بەم رێگەیەش دەنگی نەژادپەرستانی تورك بەلای خۆیدا رابكێشێت و هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت و بە تەنیا ببێتە دەسەڵاتدار.
سەركەوتنەكانی رۆژئاوای كوردستان و بەیەكگەیشتنی كانتۆنی جزیرە و كانتۆنی كۆبانێ، سەركەوتنە یەك لە دوا یەكەكانی YPG و YPJبەسەر چەتەكانی داعشی ئەردۆغاندا، ئەردۆغان پێی هەرس نەكرا و بە ئاشكرا وتی؛ باكوری سوریا بۆ ئێمە هێڵی سورە بە هیچ جۆرێك رێگە نادەین قەوارە و ستاتۆیەك ئاوا ببێت.

"شكستی داعش لە كۆبانێ شكستی حكومەتی AKP بوو"

پرسیار/ كەوایە پەیوەندیەكی بەهێز هەیە لەنێوان داعش و حزبەكەی ئەردۆغان؟
خەبات هەولێری: ئەردۆغان لە ئێستادا رۆژ بە رۆژ دەیبینێت پەیمانە ستراتژییەكەی لەگەڵا داعش شكست دەخوات، ئەو داعشەی كە لە ساڵانی 2012 تا 2015 و ئێستاشی لەگەڵا دا لە هەموو بوارێكی لۆجستیكی، ماددی و مەعنەوییەوە هاوكاری دەكرد، كە خۆی بۆ كرد بە رێگەی سەرەكی بۆ هاتوچۆیان.ئەردۆغان و حكومەتەكەی كە هاوكار و هاوپەیمانی داعشە لە 24 و 25ی تەمووزدا بەشكڵ هەڵوێستیان لەبەرامبەر بە داعش گۆڕی. فێڵ و تەڵەكەبازی و ساختەكارییەكانی كۆشكی عوسمانی بەناوبانگە، بۆ ئەوەی لە دژی تەڤگەڕی ئازادی رەوایەتی بە هێرشەكانی خۆیان بدات و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پشتگیری هێزە نێو دەوڵەتییەكان بەدەست بهێنێت، لە هەمانكاتدا شانۆگەرییەكی دروست كرد كە گوایە هێرشی كردۆتە سەر داعش. ئەمە لە شانۆیەك بەولاتر نییە. تەنیا دەیەوێت خۆی لەو تەنگەتاوییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەی تێیدا چەقیبەستووە رزگار بكات و داعش و PKK وەكو یەك نیشان بدات.لەكاتی هێرشەكانی چەتەكانی داعش بۆسەر كۆبانێ ئەردۆغان دەیوت كۆبانێ كەوت و دەكەوێت، بەڵام لەدوای ئەوەی تێگەیشتن كە كۆبانی ئاڵای سەركەوتن بەرز دەكاتەوە ئەمجارەیان روویان كردە داڕشتنی پیلانی نوێ لە دژی هەموو جۆرە بەرخۆدانێكی گەلی كورد بەتایبەتیش بە هەموو شێوەیەك تەڤگەڕی ئازادی و هێزە دیموكراسیخوازەكانی كوردستان و توركیایان كردە ئامانج.

"دەوڵەتی تورك لە ساڵڕۆژی لۆزان دا دەستیكردەوە بە شاڵاوی قڕكردنی گەلی كورد"

دەوڵەتی تورك لە دوای لێدوانە هاوبەشەكەی دۆڵمە باخچە و نەورۆز و بەتایبەتیش لە دوای 5ی نیسان كە دوا چاوپێكەوتنی شاندی ئیمراڵی بوو لەگەڵا رێبەری گەلی كورد عەبدولڵا ئۆجالان، ئەو بڕیارەی خستە بواری جێبەجێكردنەوە كە لە رۆژی 30/10/ 2014 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی دەوڵەتی توركەوە بۆ شەڕكردن لە دژی بزووتنەوەی ئازادی دەركرابوو. هەر لە گرتن و كوشتن تا خراپتر لە رەفتارەكانی ژیتەمی ساڵانی نەوەدەكان خرانە بواری جێبەجێكردنەوە.ئەمەش لەگەڵ هاتنی مانگی تەمووز دەستی پێكرد. ئەم هێرشە هێرشێكە بۆ سەر هەموو هێز و لایەنە دیموكراسی خوازەكانی توركیا. ئەم هێرشانە راستی و رێك رەنگدانەوەی دەوڵەتی تورك و ئەردۆغانە.

" ئامانجی دەوڵەتی تورك لەم هێرشانە بەهێزكردنی داعشە"

ئامانجێكی تر دەوڵەتی تورك لەم هێرشانە بەهێز كردنی داعشە، چونكە ئەوەی لەبەرامبەر بە چەتەكانی داعش بەرخۆدانی دەكەن بزووتنەوەی ئازادی كوردستانە و بۆتە سیمبۆڵی رووبەڕووبوونەوە لە بەرامبەر بە هێرشەكانی چەتەكانی داعش. دەوڵەتی تورك دەیەوێت بەهێرشكردنە سەر تەڤگەڕی ئازادی، باری سەر شانی داعش سووك بكات. هەروەها ئەو هێرشەی كە لە رۆژی 24ی تەمووزدا دەستی پێكرد كە رۆژی پەیماننامەی لۆزانە جێگای سەرنجە و بەردەوامی ئەو قڕكردنە مێژووییەیە.زۆربەی هێزە نێو دەوڵەتی و هێزە هەرێمییەكان ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورك بە كارێكی نابەجێ دەبینن و داوای بەردەوامی دانوستان لەنێوان هەردوولا دەكەن. هەموو جیهانیش دان بەوەدا دەنێن كە گەلی كورد بوونەتە سیمبۆڵی خۆڕاگری و بەرخۆدان لە دژی داعش.

پرسیار/ هەوڵەكانی كۆنگرەی نەتەوەیی چی لێ‌ هات؟
خەبات هەولێری: ئێمە هەموو كاتێك هەوڵدان و تێكۆشانمان بۆ یەكێتی نەتەوەیی كورد بووە و لەم چوارچێوەیەدا هەڵسوكەوتمان كردووە، زۆربەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش لەگەڵا ئەم هەڵوێستەی ئێمەدان، جگە لە هەندێك هێز كە مردنی خۆیان لە یەكێتی نەتەوەی كورددا دەبینن لە چوارچێوەی ئەجێندای دەرەكی هەڵسوكەوت دەكەن. هەڵوێستی هەندێك لە لایەن و هێزە سیاسییەكانی باشوری كوردستان، وەك سەرەتا ئەرێنی بوو. بەڵام پێویست بوو لایەنەكان بوێرانەتر هەڵوێستیان بنواندایە و زیاتر هەڵوێستیان وەكو هەڵوێستی گەلی كوردستان بوایە. چونكە گەلی كوردستان زۆر جوامێرانەتر بوو و بەتوندی لە دژی هێرشەكانی دەوڵەتی تورك راوەستان. ئەم هێرشانەیان رسوا كرد و وەكو هێرشێكی دژ بە خۆیان راگەیاند.

قەیرانێكی گەورە هەیە لەنێو حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێمی باشوری كوردستاندا، هۆكاری ئەم قەیرانەش هێزەی دەسەڵاتدارە. بۆ نموونە جیاوازی هەیە لەنێوان هەڵوێستی YNK و گۆڕان لەگەڵا هەڵوێستی PDK، تەنانەت جیاوازییەكی زۆر گەورەشە. لە سەرەتای شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق نەك سیاسەت بەڵكو لەچوارچێوەی یەك ستراتیژییەت لەگەڵا دەوڵەتی تورك و AKP هەڵسوكەوت دەكات و یەك بڕیارە. ئەو هەڵوێستانەی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق، دووبارە كردنەوەی هەڵوێست و بڕیاری دەوڵەتی تورك و AKP یە و حەقیقەتێكی حاشاهەڵنەگرە. پەیوەندی نێوان PDK و AKP پەیوەندییەكی نا ئاساییە، دەوڵەتی تورك و حكومەتی AKPداگیركەری سەر كوردستانن، هاوپەیمانی ستراتیژی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق لەگەڵا ئەم زیهنییەتە داگیركارانەیە. تەنانەت پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق لەماوەی شەڕەكانی دژی داعش دا زۆر بە ئاشكرا سەلماندی كە زیاتر بەدوای پاراستنی بەرژەوەندییە تەسكەكانی خۆیانەوەن و بەرژەوەندی گەلی كوردیان لەلا هیچە.

"هەمووشتێكی PDK لەپێناو رێكەوتنە 50 ساڵییەكەیدایە لەگەڵا دەوڵەتی تورك"

هەڵوێستەكانی پەدەكە چۆن دەبینن؟
خەبات هەولێری: دەوڵەتی تورك بۆتە ئەو شەریكەی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراق كە وا بەدەیان رێكەوتنی نەوتی پەترۆڵی بە نهێنی و بە دزی واژۆ بكات، تەنانەت بەو ئاستە گەیشت كەوا رێكەوتنێكی 50 ساڵەی لەگەڵا دەوڵەتی تورك و AKPئیمزا بكات، بۆ دەرخستنی نەوتی هەرێمی باشوری كوردستان هەڕاجكردنی لە بازاڕەكانی جیهان و نیوەی ئەو نەوتە كە دەردەخرێت بە پەیمانی شاراوە و نهێنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئێراق و AKP كەس نازانێت چی لێدێت و لەنێو خۆیاندا دەیبەخشنەوە ، هەر لەبەر ئەمەشە لەنێوان حكومەتی ناوەندی ئێراق  و پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئاڵۆزییەكی گەورە هاتە ئاراوە و تا ئێستاش بەردەوامە و گەلی كوردی باشوری كوردستانیش بە هەموو شێوەیەك باجی ئەو سیاسەتە چەوتەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەنەوە، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان لەم رەوشە قەیراناوییە بەررۆژی وڵاتە.
كاتێك كە دەوڵەتی تورك دەستی بەهێرشی سەربازی كردەوە، ئەو لێدوانانەی بەناوی سەرۆكایەتی هەرێم و بەناوی حكومەتی هەرێمی باشوری كوردستانەوە دران كە ئەمانە دوو پۆستی تایبەت و پاوانكراون لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێراقەوە و ئەم پارتە هەژموونی خۆی بەسەردا سەپاندوون، لەجیاتی ئەوەی پەردە لەسەر تاوانبارییەكانی دەوڵەتی تورك هەڵماڵێت و بە ئاشكرا دانیان پێدا بنێت، بەپێچەوانەوە هێرشیان كردە سەر تەڤگەڕی ئازادی كورد و تاوانباریان كرد، كە ئەم زمانە بە عالەمی ئاشكرا دیارە كە زمانی AKPیە و PDK بە كوردی قسەی پێدەكات.
دەزگا راگەیاندنەكانیش بوون بە دووبارەكەرەوەی هەمان كەناڵە بەكرێگیراو و بە پارە كڕدراوەكانی AKP. لە 5ی نیسانەوە ئەو سیاسەتەی AKP لەدژی گەلی كورد پەیڕەوی دەكات ئەمانیش لەلایەن خۆیانەوە بە ئاشكرا پەیڕەوی دەكەن. تەنانەت زۆر بە ئاشكراش لە هەڵبژاردنەكانی 7ی حوزەیراندا بە هەموو هێزێكیانەوە هاوكاری و پشتیوانی پارتەكەی AKP و هودا پار یان كرد و دژایەتی خۆیان لەبەرامبەر بە HDP راگەیاند.دەوڵەتی تورك لە باكوری كوردستان دەستی بە خەندەق لێدان كردووە و پارتی دیموكراتیش لە سنووری باشوورەوە لە دژی رۆژئاوای كوردستان دەستی بە خەندەق لێدان كردەوە. ئەگەر بمانەوێت لە سیاسەتەكانی PDK تێبگەین دەبێت  باش لە سیاسەتەكانی دەوڵەتی تورك و AKP چونكە سیاسەتەكانی پارتی كۆپی و دووبارەكردنەوەی هەمان سیاسەتن.

"PDK رێگرە لە رزگاركردنی شەنگاڵ"

پرسیار/ رەوشی شەنگال چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
خەبات هەولێری: خەبات هەولێری لەگەڵا ئەوەی ئاماژەی بەوە كرد كە هەر هەڵوێست و كردارێك لەلایەن دەوڵەتی توركەوە لە دژی گەلی كورد و پیرۆزییەكانی گەلی كورد و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی بكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لاسایی دەكاتەوە. جگە لەوەی سەركردە سەربازییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان سەنگەری پاراستنی شەنگاڵیان نەگرت و هەر زوو شارەكەیان رادەستی چەتەكانی داعش كرد، زۆر لەمێژیش بوو كە دەبوو شەنگاڵ ئازاد بكرایە لە دەستی چەتەكانی داعش. بەڵام ئێستاشی لەگەڵا دا بەهۆی سیاسەتە چەوت و هەژمونگەراكانی PDKەوە ئازاد ناكرێت. ئەگەر ئەوانە ئاستەنگ دروست نەكەن ئێمە وەكو تەڤگەڕی ئازادی كوردستان دەتوانین لە ماوەیەكی زۆر كەمدا شەنگاڵ ئازاد بكەین و بیدەینەوە دەست خەڵكە رەسەن و راستەقینەكەی شەنگاڵكە ئەو خەڵكە خۆی خۆی بەڕێوە ببات. لۆژیكیPDK ئەوەیە: یان لەژێر هەژموونگەرایی من دا دەبێت یا ئەوەتا قەینا با لەدەستی داعشدا بێت.
ئەمڕۆ پارتی نەك تەنیا بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەیی كورد و كوردستان ناكاتەوە، ئەگەر بیەوێت بیر لە چارەسەرنوسێكی باشی خودی پارتەكەی بكاتەوە و لەناو خەڵكدا بێتە خاوەن پێگە و بەشێوەیەكی نەگەتیڤ باس نەكرێت، دەبێت پێداچوونەوە بە سیاسەتەكانی خۆیدا بكاتەوە و بگەڕێتەوە ئاراستەی نیشتمانی و نەتەوەیی و دەرفەت هەیە بۆیە لەو چوارچێوەیەدا زەمینەی كۆنگرەی نەتەوەیی و نیشتمانی باشترین زەمینەیە. بەڵام لەو سیاسەتەی ئەو ئەمڕۆ بەڕێوەی دەبات ئایا ئەو دەبیندرێت؟ نەخێر. ئەگەر لەو سیاسەتەی بەردەوام بێت زیاتر و زیاتر گۆشەگیر و تەنگەتاو دەبێت." 

"هێرشی داعش و دەوڵەتی تورك بۆ سەر گەلی كورد یەك هێرشن"

پرسیار/ پێویستە چی بكرێت بۆ ئەم قۆناغە؟
خەبات هەولێری: گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستان بەتایبەتیش لە باشووری كوردستان دەبێت فشارێكی جەماوەری و گەلەری بخرێتە سەر سەركردایەتی پارتی كە دەستبەداری ئەو هەڵوێستە نابەجێیانەی خۆیان ببن. بگەڕێتەوە سەر هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی كەوا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی هەر چوار پارچەی كوردستاندا بێت، نەك لە بەرژەوەندی كۆمەڵێك دەسەڵاتداری حزبێكدا بێت كە هەموو شتێك بكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان.ئەو هێرشەی دەوڵەتی  تورك دەیكاتە سە ئێمە، داعش دەیكات و ئەو هێرشەی داعش دەیكاتە سەر رۆژئاوا،دەوڵەتی تورك دەیكات. بۆیە پێویستە بە هەموو شێوەیە ئەم هاوپەیمانێتییەی دەوڵەتی تورك و داعش بە توندی شەرمەزار و ریسوا بكرێت، هاوكات هەر هێزێكیش پشتیوانی لە دەوڵەتی تورك بكات، واتای ئەوەیە پشتگیری داعش دەكات. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە چالاكی لە هەر چوارپارچەی كوردستان پێشبخرێت. بەم شێوەیە دەكرێت گوشار بخرێتە سەر دەوڵەتی تورك و ئەو هێزانەی كە نایەنە سەر هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی.

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە...

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێ...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ی...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن...

‌عه‌لى هه‌ڵۆ : ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات له‌سه‌ر ده‌رخستنى ناوى PKK له‌...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك