کوردی           عربی

پرۆژه‌ پێشنیاری په‌سه‌ندکراوی یه‌که‌مین کۆنفرانسی هه‌رێمی گه‌رمیانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی ‌

19/03/2016

Tuesday‌

به‌رفراوانی پرۆژه‌ پێشنیاری په‌سه‌نکراوی یه‌که‌مین کۆنفرانسی هه‌رێمی گه‌رمیانی ته‌ڤگه‌ری ئازادی:

به‌هۆی ئه‌و گێژاوه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که‌ به‌ ئاستی‌ بن به‌ستبوون گه‌یشتووه‌ له‌ باشووری کوردستان به‌گشتی و هه‌رێمه‌که‌مان به‌تایبه‌تی، به‌هۆکاری درێژه‌دان به‌سیاسه‌تی چه‌وت و نادیموکراتیانه‌ و حیزبگه‌راییه‌ کلاسیکه‌ی‌ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که‌ ماوه‌ی‌ 25 ساڵه‌ له‌لایه‌ن حوکمڕانه‌کانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ بۆ بێ ئیراده‌کردن و به‌حیزبی کردنی کۆمه‌ڵگا‌و پێشخستنی‌ گروپچیه‌تی‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌مان سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و تارۆژی ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌، له‌سه‌ربنه‌مای خۆدووباره‌کردنه‌وه‌ و حیساب نه‌کردن بۆ مافی گه‌ل‌و سیاسه‌تی برسیکردن و نه‌دانی مووچه‌ و کپکردنی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان و سنووردارکردنی ئازادی بیروڕا و پێوه‌ر و بنه‌ماکانی مافی مرۆڤ، سه‌ره‌ڕای  ئه‌وه‌ی که‌ هه‌رێمه‌که‌مان خاوه‌نی‌ قوربانیه‌کی‌ وه‌ک ئه‌نفاله‌‌و تا ئیستاش به‌رده‌وامه‌ له‌ قوربانیدان به‌ڵگه‌یش بوونی‌ ژماره‌یه‌کی‌ زۆر له‌ شه‌هید‌و برینیداره‌ له‌ شه‌ڕی‌ دژی‌ تیرۆر، به‌ڵام هێشتاش بنه‌ماڵه‌ی‌ ئه‌نفالکراوان، له‌ خاوه‌نده‌رکه‌وتنێکی‌ شایسته‌ به‌ روفاتی‌ ئه‌نفاله‌کان بگره‌ تا ده‌گات به‌ بنه‌ماڵه‌‌و خانه‌واده‌ی‌ ته‌واوی‌ شه‌هیدان بێ به‌شن له‌ ژیانێکی‌ شایسته‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی‌ ئه‌و سیسته‌مه‌ گه‌نده‌ڵ‌و نادیموکراته‌ی‌ که‌ له‌ سه‌ر هه‌رێمه‌که‌مان به‌رێوه‌ ده‌چێت ئه‌م هه‌رێمه‌ ده‌کرێته‌ قوربانی‌، له‌ ناوخۆدا هه‌ردوو حکومه‌ت‌و ئیداره‌ له‌ ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌یشدا ده‌کرێته‌ قوربانی‌ سیاسه‌ته‌ تایبه‌ته‌کانی‌ رژێمی‌ ئێران به‌هۆی‌ بوونی‌ سنوری‌ هاوبه‌ش له‌گه‌ل هه‌رێمه‌که‌مان،  هێزه‌ ناوخۆکان به‌ هه‌ردوو حکومه‌ت‌و ئیداره‌وه‌ وه‌ک بڵێی‌ هه‌رێمه‌که‌مان که‌وتۆته‌ نێوان چه‌ندین به‌رداش‌و رۆژانه‌ ده‌یهاڕێت. به‌تایبه‌تیش له‌ ئاستی‌ خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی‌ وه‌ک ئاو، کاره‌با، ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ تادێت خراپتر ده‌بێت، له‌ لایه‌کی‌ تره‌وه‌ به‌هۆی‌ ئه‌قڵیه‌تی‌ پیاوسالاری‌ رۆژانه‌ به‌رده‌وامی‌ به‌ سیسته‌مێکی‌ قوڵی‌ به‌ کۆیله‌کردن‌و بێ ئیراده‌کردن‌و به‌رێوه‌بردنی‌ شێوازی‌ جۆراوجۆری‌ توندوتیژی‌ له‌سه‌ر ژنان له‌ هه‌رێمه‌که‌ماندا گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌ نه‌فه‌سی‌ ژیانی‌ نه‌هێشتۆته‌وه‌ بۆیان. هه‌روه‌ها گه‌نجان که‌ یه‌کێک له‌ چینه‌ پڕ له‌ وزه‌‌و توانا‌و ئومێده‌کانی‌ کۆمه‌ڵگا، به‌ڵام به‌هۆی‌ بێ په‌روه‌رده‌یی‌‌و په‌راوێزخستن‌و گیرۆده‌کردنیان به‌ گه‌لێک بابه‌تی‌ رۆتینی‌ بۆ به‌لارێدا بردنیان کراونه‌ته‌ چینێکی‌ هه‌ره‌ بێ رۆڵی‌ هه‌رێمه‌که‌مان‌و هێشتاش ده‌کرێنه‌ قوربانی‌ سیاسه‌ته‌ تایبه‌ته‌کان‌و ناچاری‌ کۆچ‌و بێ هیوایی‌ ده‌کرێنه‌وه‌. هه‌رێمه‌که‌مان سه‌ره‌رای ده‌وڵمه‌ندی له‌ بواری کشتوکاڵ و نه‌وت و بوونی دوو مه‌رز، وه‌ له‌ رووی پێکهاته‌کانه‌وه‌ فره‌ ره‌نگه‌ له‌ ئاین(ئیسلام، یارسانی ـ کاکه‌یی‌) و ئاینزا (سوننه‌ و شیعه‌) ونه‌ته‌وه‌(کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان)، به‌ڵام وه‌ک هه‌ر لایه‌نێکی‌ تر بوونی‌ هه‌موو ئه‌و ده‌نگ‌و ڕه‌نگه‌ جیاوازانه‌ له‌ پێکهاته‌کانی‌ هه‌رێمه‌که‌مان به‌هۆی‌ جێبه‌جێکردنی‌ سیاسه‌تی‌ دووبه‌ره‌کی‌‌و قوڵکردنه‌وه‌ی‌ زیهنیه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌، ئاین، ئاینزاگه‌رایی‌، به‌شێوه‌یه‌ک بوونه‌ته‌ به‌ڵای‌ سه‌ری‌ دانیشتوانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ بوونی‌ هێرشه‌کانی‌ داعش له‌لایه‌کی‌ تره‌وه‌ هێنانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌، هه‌روه‌ها پیشخستنی‌ سه‌له‌فیه‌ت که‌ سه‌ره‌نجام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌مان سه‌رچاوه‌ی‌ داعش، ئه‌م ناکۆکیانه‌ قوڵتر ده‌کرێنه‌وه‌‌و ئه‌م سیاسه‌ته‌ بۆته‌ هۆی‌ قوربانی‌ زۆر‌و دروستکردنی‌ دووبه‌ره‌کی‌ له‌نێوان هه‌موو پێکهاته‌کانی‌ هه‌رێمه‌که‌مان‌و تا ئاستێکی‌ قووڵ به‌ره‌و پارچه‌بوونیان بردووه‌.  له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش هه‌موو گه‌لانی‌ ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌تیش گه‌لی‌ کورد له‌سه‌ر بنه‌مای‌ مه‌زهه‌ب گه‌رایی‌‌و قووڵکردنه‌وه‌ی‌ چه‌مکی‌ عه‌شیره‌تگه‌رایی‌ رووبه‌ڕووی‌ پارچه‌کردنێکی‌ مه‌ترسیدار کراونه‌ته‌وه‌.  

ئه‌مه‌و ده‌یان کێشه‌ی که‌ڵه‌که‌بووی دیکه‌ وه‌ک گرنگیی‌ نه‌دان به‌ پاراستنی‌ سروشت‌و کۆمه‌ڵکوژکردنی‌ گیانله‌به‌رانی‌ کێوی‌، قووڵبوونه‌وه‌ی‌ کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان، پێشخستنی‌ به‌رهه‌می ئه‌و سیاسه‌ت و سیسته‌مه‌ شکستخواردووه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووری کوردستانه‌ که‌ به‌ قووڵی‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌مان ره‌نگی‌ داوه‌ته‌وه‌‌و هه‌رێمه‌که‌مانی‌ تووشی بێ هیوایی و بێچاره‌یی کردووه‌.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا ئه‌وه‌ی‌ زیاتر بۆ هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان‌و له‌ هه‌مان کاتیشدا بۆ هێزه‌ شۆڕشگێڕه‌کان سه‌رنجڕاکێشه‌، رۆحی‌ تێکۆشان‌و ته‌سلیمنه‌بوونه‌ له‌ هه‌رێمه‌که‌ماندا، هه‌ر بۆیه‌ش ئێمه‌ وه‌ک ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پێشخشتن‌و به‌رێکخستنکردنی‌ ئه‌و رۆحه‌ شۆڕگێڕ‌و ته‌سلیمنه‌بووه‌، بۆ چاره‌سه‌ری پرسه‌ نادیموکراتی و جڤاکی و ژینگه‌یی و باشترکردنی بژێوی هاوڵاتیان و کلتوری و کێشه‌ هه‌نووکه‌یه‌کان له‌ هه‌رێمه‌که‌مان، بۆ پێگه‌یاندنی‌ تاکێکی‌ هۆشیار‌و رێکخستو‌و له‌ پێناو هه‌نگاونان به‌ره‌‌و بونیادنانی‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی‌ سیاسی‌‌و ئه‌خلاقی‌، سیسته‌مێکی‌ دیموکراتی‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌م پێشنیار پرۆژه‌یه‌ پێشکه‌شی‌ یه‌که‌مین کۆنفرانسی‌ هه‌رێمی‌ گه‌رمیان ده‌که‌ین.

1 ـ له‌پێناو بونیادنانی‌ سیسته‌می خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی و به‌جێکردنی، هه‌روه‌ها‌ بره‌ودان به‌ هێڵی سێیه‌م له‌سیاسه‌تدا‌و هه‌نگاونان بۆ دیموکراتیزه‌کردنی‌ سیسته‌م، به‌ڕێکخستن کردن و خۆبه‌ڕێوه‌بردن ده‌که‌ینه‌ بنه‌مای سه‌ره‌کی تێکۆشان.

2 ـ له‌به‌ر رۆشنایی "په‌روه‌رده‌‌و هۆشیاری بنه‌مای زیهنی تاک‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد ئاوا ده‌کات"، له‌ به‌رامبه‌ر لاوازیه‌کانمان له‌ بواری هزریو ئایدیۆلۆژی، رۆشنبیری، راگه‌یاندنی و چاندی له‌ هه‌رێمه‌که‌ماندا بۆ به‌رده‌وامکردن، فراوانکردن‌و قووڵبوونه‌وه‌، په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ینه‌ یه‌کێک له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی کارو خه‌بات‌و وه‌ک مه‌رجێکیش ده‌ڵێین هه‌ر ئه‌ندامێک پێویسته‌ ساڵانه‌ په‌روه‌رده‌ ببینێت.

3 ـ له‌به‌رامبه‌ر نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و مووچه‌ و چاره‌سه‌رنه‌کردنی کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ قووڵه‌کان، پێشه‌نگایه‌تی ناڕه‌زایه‌تییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کان ده‌که‌ین، له‌ رێگه‌ی ئاواکردنی ئه‌نجوومه‌نه‌کانی گه‌ل.

4 ـ له‌سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیبی پێکه‌وه‌ کارکردنی سیاسی و جڤاکی له‌گه‌ڵ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسی و رێکخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌کان، که‌سایه‌تییه‌ دیموکرات و ده‌نگه‌ ناڕازییه‌کان خاوه‌نداریه‌تی له‌ پرسه‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ین.

5 ـ له‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو جۆره‌ توندوتیژیه‌کان له‌سه‌ر ژنان له‌ رووی‌ سیاسی‌، کۆمه‌ڵایه‌تی‌، ئابووری‌‌و یاساییدا له‌ هه‌رێمه‌که‌مان، تێکۆشان بڵند ده‌که‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ژنان بگه‌یه‌نینه‌ ئاستی پێشه‌نگایه‌تی و خۆبه‌ڕێکخستن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ په‌روه‌رده‌ ‌و هۆشیارکردنه‌وه‌ ئامانجمان ده‌بێت تا دروستکردنی‌ هاوسه‌نگی‌ ره‌گه‌زی‌. 

 6 ـ بۆناساندنی زیاتری فیدراسیۆنی ژن له‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادیو به‌شداری کاراتر له‌ هه‌موو چالاکیه‌کاندا، له‌گه‌ڵ به‌ستنی کۆنفرانس‌و سیمیناری تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌. به‌ڵێنی ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌تێکی فراوانتر بۆ په‌روه‌رده‌‌و به‌رێکخستنکردنی ژنان تا ئه‌وه‌ی که‌مترین ژن بێ په‌روه‌رده‌‌و رێکخستن نه‌مێنن ده‌ده‌ین.

7 ـ له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی‌ په‌راوێزخستن و بێکاری و بێهیوایی و کۆچی به‌کۆمه‌ڵی گه‌نجان له‌ هه‌رێمه‌که‌ماندا، هۆشیارکردنه‌وه‌ ‌و په‌روه‌رده‌ کردن ‌و به‌رێکخستنکردنی‌ گه‌نجانی‌ خوێندکار، کرێکار، به‌تایبه‌تیش هاوکاریکردنی‌ گه‌نجانی‌ به‌هره‌مه‌ند ده‌که‌ینه‌ ئامانجی تێکۆشانمان.

8 ـ کار ده‌که‌ین له‌پێناو پاراستنی سامانه‌ سروشتییه‌کان به‌گشتی و به‌تایبه‌ت شوێنه‌واره‌ مێژووییه‌کان له‌هه‌رێمه‌که‌ماندا, هه‌روه‌ها هاندانی هاوڵاتیان بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی گونده‌کان و پێشخستنی به‌روبوومی خۆماڵی. 

9 ـ کارده‌که‌ین بۆ گێڕانه‌وه‌ی ناوچه‌ جێناکۆکه‌کان  و جێبه‌جێکردن مادده‌ی 140 و بڕگه‌کانی و پرسی ریفراندۆم و ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و لامه‌رکه‌زی, هه‌روه‌ها پێشخستنی چاندی  پێکه‌وه‌ژیان و تێپه‌ڕاندنی ناکۆکییه‌ نه‌ته‌وه‌ی  و ئاینی و ئاینزاگه‌راییه‌کان, که‌ به‌ ده‌ستێکی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمه‌که‌ماندا هه‌وڵی پێشخستنی ده‌درێت و گه‌لانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ ده‌کرێنه‌ قوربانی.

10 ـ بۆ راستکردنه‌وه‌ی به‌لارێدابردنه‌کانی ئاین‌و باوه‌ڕیه‌کان له‌ پێناو خستنه‌ خزمه‌تی کۆمه‌ڵگا له‌ هه‌رێمه‌که‌مان هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنێکی راست‌و دیموکراتیانه‌ بۆ رۆڵی ئاین‌و ئاینزا‌و مه‌زهه‌به‌کان بگێڕینه‌‌وه‌ له‌سه‌ر تاک‌و کۆمه‌ڵگا خاوه‌ن به‌رنامه‌‌و پرۆژه‌ ده‌بین.

11 ـ تێده‌کۆشین بۆ پێشخستنی چه‌مکی پاراستنی جه‌وهه‌ری, تا ئه‌و کاته‌ی هه‌موو چین و توێژه‌کانی  کۆمه‌ڵگا به‌ پێشه‌نگایه‌تی ژنان و گه‌نجان هۆشیاربکه‌ینه‌وه‌, بۆ دابینکردنی‌ پاراستنی‌ کۆمه‌ڵگا‌و بونیادنانی‌ سیسته‌می‌ پاراستنی‌ جه‌وهه‌ری‌ بۆ هه‌رێمه‌که‌مان. 

12 ـ له‌ پێناو ناساندنی‌ جینۆساید‌و ئه‌نفالی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌‌و نزیکبوونه‌وه‌وه‌ی‌ قوربانیانی‌ جینۆسایده‌کان هه‌ولێ به‌ستنی‌ کۆنفرانسێک ده‌ده‌ین له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌رچوارپارچه‌ی‌ کوردستان له‌ هه‌رێمی‌ گه‌رمیان.  

13 ـ تێکۆشان ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ کۆمه‌ڵگا له‌ سه‌ر چه‌مکی‌ خۆتێری‌ (فینانس) هۆشیار بکه‌ینه‌وه‌‌و هه‌موو داهاته‌کان بخه‌ینه‌ خزمه‌تی‌ بوژانه‌وه‌ی‌ کۆمه‌ڵگا‌و باشترکردنی‌ بژێوی‌ ژیان‌و دروستکردنی‌ هاوسه‌نگی‌ له‌نێوان کۆمه‌ڵگا‌و ژینگه‌دا.

14 ـ بۆ پاراستنی ژینگه‌‌و ده‌وروبه‌ر هه‌وڵی به‌رفراوانمان ده‌بێت بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی مرۆڤ ‌و ژینگه‌‌و هاوسه‌نگی نێوان گوندو شار، هه‌وڵ ده‌ده‌ین به‌ که‌مپینی‌ جۆراوجۆر کارو خه‌بات په‌ره‌ پێبده‌ین بۆ رێگری‌ کردن له‌ له‌ناوبردنی‌ به‌روبو‌ومه‌کانی‌ هه‌رێمه‌که‌مان‌و پاراستنی‌ دارستانه‌کان‌و هه‌روه‌ها پاککردنه‌وه‌ی‌ شاره‌کان بۆ دروستکردنی‌ ژینگه‌یه‌کی‌ گونجاو بۆ ژیان.  


ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان
هه‌رێمی گه‌رمیان
18 ـ 3 ـ 2016


چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌په‌یماننامه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی...

‌ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی پرۆژە و پێشنیاری خۆی بۆ ساڵی داهاتو...

‌تێدەکۆشین بەڕۆحییەتی ئەو رۆژانەی کە راپەرینی پێنجی ئازاری تێدا سەرکەوت...

‌17 ی شوبات قۆناغێکی مێژوویی بوو له‌ خه‌باتی جه‌ماوه‌ریی هه‌رێمی كوردست...

‌به‌ڕۆحى به‌رخودانى ئیمراڵى و عه‌فرین پلانگێری نێوده‌وڵەتى 15ی شوبات پو...

‌هه‌ڵوێستی ته‌ڤگه‌ری ئازادیی بۆ ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان...

‌پرۆژه‌ پێشنیاری په‌سه‌ندکراوی یه‌که‌مین کۆنفرانسی هه‌رێمی گه‌رمیانی ته...

‌پڕۆژه‌‌ په‌‌سنه‌‌د کراوی یه‌که‌مین کۆنفرانسی هەرێمی کەرکوک...

‌په‌یره‌وى ناوخۆى په‌سه‌ندکراوى یه‌که‌مین کۆنفرانسى هه‌رێمى سلێمانى...

‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی راپه‌ڕین...

‌به‌ڵگه‌کانی یه‌که‌مین؛ کۆنگره‌ی"ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان" "...

‌په‌یماننامه‌ی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان (ته‌ڤگه‌ری ئازادی)...

1
په‌ڕه‌یله‌ 1
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك