کوردی           عربی

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كیتی نه‌ته‌ویی گه‌ل گرنگی خۆی هه‌یه‌ ‌

02/06/2016

Wednesday‌

ته‌ڤگه‌ر- سلێمانی


له‌ دیمانه‌یه‌کی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ ته‌ڤگه‌ر، محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا هاوسه‌رۆكی ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان باس له‌بارودۆخی عێراق و هه‌رێم ده‌کات و لای وایه‌ كورد نازانێت چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چاره‌نوسیدابكات، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت گه‌لی كورد‌ به‌رده‌وام له‌ شۆڕشدابوین خوێنمان داوه‌ بۆ به‌ده‌سهێنانی مافه‌كانمان، به‌ڵام نه‌بوونی سه‌ركرده‌یه‌ك و ڕێبه‌رێكی فكری بۆشاییه‌كی له‌شۆڕشی باشوری كوردستان دروست كردووه‌

بۆچوونتان لەبارەی گۆڕانکاریەکانی ئەم دواییەی عێراق و مافەکانی کورد چییە؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: عێراق به‌هۆی پێكهاته‌ی زۆری پێكهاته‌كانی و جیاوازی ئاینی و فره‌ باوه‌ڕمه‌ندییه‌وه‌ له‌جێی ئه‌وه‌ی وه‌ك ڕاستینه‌ و سروشتی مێژویی ناوچه‌كه كه‌هه‌زاران ساڵه‌ ئه‌م گه‌لانه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا پێكه‌وه‌ ده‌ژین ئه‌مه‌ ببێته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و هێزی داهێنان و پێشكه‌وتن به‌پێچه‌وانه‌وه‌‌ ئه‌مه ‌هۆكارێكی سه‌ره‌كی بووه‌ بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكی و دروست بوونی شه‌ڕو ئاڵۆزی به‌رده‌وام له‌عێراقدا،ئه‌م ناكۆكییانه‌ی ئێستا ڕه‌نگه‌ نوێ نه‌بێت درێژكراوه‌ی چه‌ندین سه‌ده‌ی ڕابردوو بێت، سیسته‌مێك كه‌ ئێستا له‌ناوچه‌كه‌دا شه‌ڕ پێشده‌خات و هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌ سودمه‌ند بووه‌ له‌وه‌ی بۆ به‌ده‌ست هێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی شه‌ڕی نه‌ژادی و مه‌زهه‌بی و باوه‌ڕمه‌ندییه‌كانی عێراق پێش بخات، گه‌لی كوردیش كه‌پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی عێراقه نه‌یتوانیوه‌ له‌ڕابردوودا مافه‌كانی به‌ده‌ست بهێنێت سه‌ره ڕ‌ای به‌رده‌وامی شۆڕش و دروست بوونی چه‌ندین هه‌لی زێڕین،به‌تایبه‌تی دوای ڕوخانی ڕژێمی به‌عس و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی عێراق، له‌ئێستاشدا به‌هۆی ناته‌بایی حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ باشوری كوردستان و یه‌ك نه‌بوونی ماڵی كورد، وه‌ دابه‌شبوونی باشووری كوردستان به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ری دژبه‌یه‌كی  شه‌ڕو ئاڵۆزی له‌ناوچه‌كه تێوه‌گلانی گه‌له‌كه‌مان له‌شه‌ڕێك كه‌له‌ئێستادا بۆ ئێمه‌ پێویست نییه‌  ئاینده‌ی كورد له‌دۆخێكی باشدا نییه‌‌.

کورد بەرەو جیابوونەوە دەڕوات یان مانەوەی ناچاری؟


محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: به‌ڕای من نه‌به‌ره‌و جیا بوونه‌وه‌ ده‌ڕوات و نه‌مانه‌وه‌شی ئیجبارییه. بۆ جیابوونه‌وه‌ كامه‌ هه‌ل و مه‌رج له‌باره‌، یه‌كڕیزی ده‌سه‌ڵاتی كوردی یان یه‌كێتی كوردان و یه‌ك ده‌نگی و به‌هێزی و باش به‌كار هێنانی ئابووری ئه‌م هه‌رێمه‌، یان ئه‌و سیاسه‌ته‌ حه‌كیمانه‌یه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد په‌یڕه‌وی ده‌كات، له‌دوای 25ساڵ حوكمڕانی كوردی تاكو ئێستاش نازانین له‌ عێراقدا خاوه‌نی چین، به‌هۆی هه‌ڵه‌ی سیاسییه‌كانی كورد و ئه‌و پاشاگه‌ردانییه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی باشوری كوردستان هه‌یه‌ هه‌ل ومه‌رج دروست بووه‌ بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی چه‌ندین هێزی نامۆ به‌م نیشتمانه‌، هاتنی داعش و سوپای توركیاو حه‌شدی شه‌عبی و چه‌ندین هێزی ووڵاتانی تری جیهانی سه‌روه‌ری ئه‌م ناوچه‌یه‌ كه‌وتۆته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌،به‌رامبه‌ر به‌وه‌ش مه‌ودایه‌كی زۆر له‌نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵات دروست بووه‌.ته‌نها هێزێك ئیمڕۆ باسی جیابوونه‌وه‌ ده‌كات له‌ عێراق بارزانی و پارتییه‌ ئه‌ویش جگه‌ له‌ مزایده‌ی حزبی وده‌سه‌ڵات شتێكی دی لێ سه‌وز نابێت، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ له‌جێی پشت به‌ستن به‌ ئیراده‌و هێزی گه‌ل وئاماده‌كاری پێداویستییه‌كانی پرۆسه‌یه‌كی گرنگی به‌و ڕه‌نگه‌ ویه‌كخستنه‌وه‌ی ماڵی كورد پشت به‌ده‌وڵه‌تی توركیاده‌به‌سترێت بۆ ئه‌وه‌ش مێژووی ده‌وڵه‌تی توركیاو په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد ڕاستی ئه‌وه‌ ده‌ر ده‌خه‌ن. كه ‌مه‌حاڵه‌ نه‌ك جیابوونه‌وه‌ كه‌مترین مافیش بۆ كورد به‌ڕه‌وا نابینن.

 وه‌كوتر دۆزی كورد له‌هه‌ر چوار به‌شی كوردستان گرێ دراوی یه‌كه‌ ده‌بێت نه‌ریتی پارچه‌گه‌رێتی ده‌ربازبكه‌ین له‌تێكۆشانێكی به‌وڕه‌نگه‌دا ئیتر  ڕێگه‌ ده‌گریت له‌ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی به‌تایبه‌تی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان، به‌وه‌ دۆزی كورد چاره‌سه‌ر نابێت ئابووری ئه‌م هه‌رێمه‌ بخه‌یته‌ خزمه‌تی ده‌وڵه‌تی توركیا،یان ده‌رگای سێماڵكا به‌سه‌ر گه‌لی خۆت داخه‌یت، ئه‌مه‌ بانێك نییه‌و دوو هه‌وا، تۆباسی جیابونه‌وه‌ی كورد بكه‌یت له‌ناوه‌ڕكدا دژی بیت، له‌ سایكس بیكۆدا بێ جیاوازی كوردیان پارچه‌ كرد له‌سه‌ركوتكردنی شۆڕشه‌كانی كورد بێ جیاوازی هاوپه‌یمانی ده‌كرێت له‌نێوان نه‌یارانی كورد، ئیتر بۆچی كورد خۆی ئه‌و مژاره‌ تاقی ناكاته‌وه‌.            
بۆ کورد کامیان باشترە جیابونەوە یان مانەوە؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: گه‌لانی عێراق مێژوویه‌كی هه‌زاران ساڵه‌ ی پێكه‌وه‌ ژیانیان هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی  ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان وپێشخستنی شه‌ڕو ئاڵۆزی ئه‌م فره‌ ڕه‌نگی و پێكهاته‌ییه‌ نه‌بۆته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندی و هێزێكی كاریگه‌ر بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی عێراق، هه‌موو ئه‌وهێزانه‌شی له‌عێراقی ئێستادان به‌و ئاڕاسته‌یه‌ كار ناكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ عێراق ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ ی پارچه‌بووندایه‌و مافی هه‌ر پێكهاته‌یه‌كیشه‌ به‌كوردیشه‌وه‌ بۆ پاراستنی خۆی ئه‌گه‌ر جیابوونه‌وه‌ش بێت بیكاته‌ بژارده‌ی خۆی،به‌ڵام بۆ دیسان ئاواكردنه‌وه‌ی عێراقێكی دیموكرات و پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لان له‌ئێستادا شۆڕشێكی دیموكراتی بۆ ته‌واوی گه‌ڵانی عێراق زه‌روورییه‌تی ئه‌م قۆناغه‌یه‌ تاكو گه‌لانی ناوچه‌كه‌ له‌بن زهنییه‌تی ده‌سه‌ڵاتداری بینێته‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌هۆكاری سه‌ره‌كی هه‌موو مه‌ینه‌تییه‌كانی مێژووی ڕابردووی عێراق بووه‌. بێگومان جیابوونه‌وه‌ به‌ ئه‌جندای ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی په‌رتكه‌ و زالبه‌ی سایكس پیكۆ و لۆزانه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌‌ له‌ ده‌ستووردا فیدراڵییه‌ كه‌چی نه‌ خودی رژێمه‌كه‌ی عێراق باوه‌ری به‌ فیدرالی هه‌یه‌ و نه‌ هه‌رێمی كوردستانیش كاری له‌سه‌ر ده‌كات.‌ له‌راستیدا نه‌عێراقێكی ناوه‌ندگه‌رای وه‌ك ئه‌وه‌ی رابردوو چارسه‌ره‌، نه‌ پارچه‌بوونێك به‌ ئه‌جندای ده‌ره‌وه‌ چاره‌سه‌ره‌. بۆ دۆخی ئێستای عێراق و باشووری كوردستان باشترین مۆدێلی چاره‌سه‌ری بونیادنانی عێراقێكی كۆنفیدرالی دیموكراتییه‌ كه‌ گه‌لی كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق بتوانن به‌ ئازادی و به‌ دیموكراتی به‌یه‌كه‌وه‌ بژین.  


هەست ناکەیت کورد نازانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ چارەنوسیدا بکات لەگەڵ عێراق؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: ئه‌وه ‌ڕاستییه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، ڕابردوو شاهیدی ئه‌وه‌ ئه‌دات، ئێمه وه‌ك گه‌لی كورد‌ به‌ردوام له‌ شۆڕشدابوین خوێنمان داوه‌ بۆ به‌ده‌سهێنانی مافه‌كانمان به‌ڵام نه‌بوونی سه‌ركرده‌یه‌ك و ڕێبه‌رێكی فكری بۆشاییه‌كی له‌شۆڕشی باشوری كوردستان دروست كردووه‌،سه‌ركرده‌كانی كورد له‌باشوری كوردستان نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان له‌ عه‌قڵییه‌تی بنه‌ماڵه‌یی وبه‌رژه‌وندی تایبه‌تی خۆیان ڕزگاربكه‌ن سه‌ڕای ئه‌وه‌ی گه‌ل له‌هه‌موو قۆناغه‌كاندا متمانه‌ی خۆیان داوه‌ به‌جوڵانه‌وه‌ و سه‌رهه‌ڵدانه‌كان. به‌ڵام له‌زۆر قۆناغی هه‌ستیاردا كه‌ده‌بوو سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌ڵوێستی واتادراریان بنواندایه‌ به‌ڵام یان ته‌سلیم بوون یان شه‌ڕی خۆ كوژیان كردووه. ئه‌مه‌ش هۆكار بووه‌ ئێمه‌ له‌عێراقدا یان به‌لاوازی ده‌ركه‌وین یان نه‌زانین چۆن له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان مامه‌ڵه‌ بكه‌ین.

هەست ناکرێت کورد لە بەغدا بێهێز بووە؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: له‌ئێستاداپێگه‌ی كورد له‌به‌غداد دیار نییه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بادییه‌وه‌ ئه‌مه ‌زیاتر ده‌ركه‌وت كه‌به‌بێ كورد ڕاگه‌یه‌نرا،ڕه‌نگه‌ ئه‌مه ‌هۆكارێكی ئه‌و زهنییه‌تانه ‌بێت كه ‌به‌ساڵانه‌ دژی گه‌لی كورد ده‌وه‌ستنه‌وه‌ به‌ڵام هۆكارێكیش كورد بۆخۆیه‌تی، كه‌تاكو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ به‌یه‌كگرتوویی بچێته‌ به‌رامبه‌ر نه‌یارانی خۆی، كوردێك په‌رله‌مانی خۆی دابخات و ده‌رگای سنوره‌كان به‌ڕووی گه‌لی خۆیدا دابخات و پشت به‌داگیركه‌رانی ببه‌ستێت و هه‌موو ده‌وڵه‌مه‌ندی ئه‌م هه‌رێمه‌ بخه‌یته‌ خزمه‌تی داگیركه‌رانه‌وه‌ حه‌تمه‌ن به‌لاوازی له‌ڕووی نه‌یارانی خۆت ده‌ر ئه‌كه‌ویت.وه‌كو تریش پارچه‌بوونی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌باشووری كوردستان و نه‌بوونی ستراتیژێكی هاوبه‌ش و پڕۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كوردی پێگه‌ی كوردی لاواز كردووه‌ له‌عێراقدا.‌   

داهاتووی کورد لەگەڵ عێراقدا چۆن دەبینت؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: ئیمڕۆ هیچ هێز و لایه‌نێكی عێراقی به‌كوردیشه‌وه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان بۆخۆیان قۆرخكردووه‌ خاوه‌نی ئه‌جیندای خۆیان نین و پشتیان به‌ گه‌لی خۆیان له‌عێراق نه‌به‌ستووه‌ هه‌میشه‌ پشتیان به‌هێزی ده‌ره‌كی به‌ستووه‌ پێگه‌یان زۆر به‌لاوازی ده‌ر ئه‌كه‌وێت بۆیه‌ سیاسه‌تی نیوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه‌ ئاڕاسته‌یان ئه‌كات نه‌ك خاوه‌نی پڕۆژه‌بن و ئه‌و سیاسه‌ته‌ش كه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ناوچه‌كه‌دا تاكو ئێستاش له‌پێشخستنی شه‌ڕ سودمه‌نده،‌ بۆیه‌ شیمانه‌ی ئه‌وه‌ ناكرێت دۆخی عێراق به‌ره‌و باش بوون بڕوات و بۆماوه‌یه‌كی درێژ شه‌ڕ به‌رده‌وام ده‌كات، ئه‌گه‌ر زۆره‌ عێراق پارچه‌ ببێت و باشووری كوردستانیش یه‌كێك بێت له‌و پارچانه‌. به‌ڵام له‌ئێستادا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تی ئێران و توركیا ناخوازن عێراق پارچه‌بێت هۆكاره‌كه‌شی بونی كورده‌ له‌هه‌ر یه‌كێك له‌و وڵاتانه‌.   

لە کوردستان هەندێ‌ کێشە لە نێوان حزبەکان هەیە پێت وایە تا ناو ماڵی خۆی ڕێکنەخات لەبەغدا سەرکەتووبێت؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: نه‌ك هه‌ر كێشه‌ به‌ڵكو ململانێیه‌كی قوڵی ده‌یان ساڵه‌ هه‌یه، زۆرێك له‌و حزبانه‌ هه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دروست كراون و به‌ئاماده‌ كراوی هێنراون بۆكوردستان،ڕه‌نگه‌ هه‌ڵه‌ نه‌بم ئه‌گه‌ر بڵێم نامۆن به‌كوردستان، هه‌ندێكیان له‌یه‌ك جیابونه‌ته‌وه‌ و هۆكاره‌كه‌شی ‌پله‌وپۆست و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی بووه‌، هه‌مووشیان تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكن و ئه‌ڵێی له‌یه‌ك قوتابخانه‌ی حه‌زكردن له‌ده‌سه‌ڵات ته‌خه‌روجیان كردووه‌، بۆیه‌ له‌ناو حزبه‌كانی باشوور پێوانه‌یه‌ك نییه‌ بڵێت تاكو كه‌ی دژی یه‌ك ئه‌بن یان كه‌ی ڕێكه‌وتن له‌نێوانیان دروست ئه‌بێت، هه‌ندێ جار دوای چه‌ندین ساڵ دژایه‌تی یه‌كتری ده‌چنه‌وه‌ ناو یه‌ك، هه‌موو ئه‌و جیابونه‌وه‌و ڕۆشتنه‌وه ناو یه‌كتریش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی كورد یان گه‌ل نه‌بووه‌، بۆیه‌ له‌ئێستاشدا  كورد پێویستی  به‌وه‌یه‌ ناوماڵی خۆی ڕێخات ببێته‌ هێزێكی به‌كاریگه‌ر پێگه‌ی دیاری هه‌بێت له‌ ڕووداوه‌كاندا به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئاوازێك ده‌خوێنێ، یه‌ك خزمه‌تی  مه‌زهه‌بگه‌رایی شیعه‌ ده‌كات و یه‌ك خه‌لافه‌تی عوسمانی پێش ده‌خات و له‌زهنییه‌تی هه‌مووشیاندا ڕه‌وایه‌تی به‌سایكس پیكۆ ئه‌ده‌ن ئه‌مه‌ش تاوانێكه‌ و ڕه‌وایه‌تی دان به‌پارچه‌ بوون خۆ كوشتنه. بۆ ئه‌وه‌ش ده‌بێت كورد به‌ر له‌هه‌رشتێك ماڵی خۆی ڕێكخات، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی عێراق هاوپه‌یمانێتی دروست بێت و یه‌ك ده‌نگ بین، نه‌بینه‌ لایه‌نێكی شه‌ر و ئاڵۆزییه‌كانی ناوچه‌كه‌،هه‌وڵ بده‌ین له‌ده‌ستووری عێراقدا مافه‌كانمان بچه‌سپێنین و له‌پشتگیری نێوده‌وڵه‌تیش بگه‌ڕێین، ته‌نها هه‌وڵی ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین پڕ چه‌كمان بكه‌ن به‌ڵكو له‌ڕووی سیاسییه‌وه‌ پشتگیری دۆزی ئێمه‌بكه‌ن. 

جیابونەوەی کورد لەبەغدا بە بێ ناوچە کێشە لەسەرەکان کێشە دروست ناکات؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: من پێم وایه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌باشووری كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی له‌خه‌می بودجه‌ ونه‌وت و پله‌وپۆسته‌كان بوون‌ زۆر له‌خه‌می ئه‌و ناوچانه‌ نه‌بوون كه‌ له‌كوردستان دابڕێنراون،ئه‌و مادانه‌ی بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دانرابوون ئه‌وه‌نده‌ كاڵ بونه‌ته‌وه‌ ڕێگای چاره‌سه‌رییان ون بووه‌، وه‌كوتر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌عێراق و له‌هه‌ر وڵاتێكی تر له‌سه‌ر جیابوونه‌وه‌ یان جیانه‌بوونه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نها جیابونه‌وه ‌بێت عه‌ره‌ب 21ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌ فارس، تورك،.....هتد  ده‌وڵه‌تی جیای خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام كێشه‌كانیشیان بێ چاره‌سه‌ری ماوه، ڕه‌نگه‌ هه‌ركه‌س بزانێت له‌هه‌رێمی كوردستانیش ماوه‌ی چه‌ندساڵێكه‌ وه‌ك هه‌رێمێكی جیا له‌گه‌ڵ عێراق مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ئێستادا له‌هه‌رێمی كوردستانیش و له‌و هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاماژه‌م پێ دا ڕه‌وشی خه‌ڵك له‌ دۆخێكی زۆر خراپ دایه‌،كه‌واته‌ كێشه‌كان زۆر نه‌‌به‌ستینه‌وه‌ به‌سنووره‌وه‌،ئه‌وه‌ زهنییه‌تی ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌ره‌تا هه‌وڵی دیاری كردنی سنوور ئه‌دات و دواتریش توندو تیژی،  فرت و فێڵ،  پاوانخوازی ده‌ست پێ ده‌كات، ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه‌ بزانین ئیمڕۆ له‌عێراقدا نه‌ك ته‌نها كورد به‌ڵكو هه‌موو عێراق به‌قه‌یران و ئاڵۆزی و شه‌ڕدا ده‌گوزه‌رێت كێشه‌كانی عێراق به‌كوردیشه‌وه‌ نه‌بونی سیسته‌مێكی دیموكراتییه بۆ گۆڕانكاری و چاكسازی له‌سیسته‌می به‌ڕیوه‌بردن، ئه‌گه‌رئه‌و زهنییه‌ته‌ تێپه‌ڕێنین ئێمه‌ی گه‌لانی عێراق ئه‌توانین پێكه‌وه‌بژین . به‌تایبه‌تیش هێلی تێكۆشانی هێلێ سێ یه‌م وه‌ك هێڵی نه‌ته‌وه‌ی دیموكرات كه‌پشت به‌فه‌لسه‌فه‌ی ڕێبه‌ر ئۆج ئالان ده‌به‌ستێت ئێستا بۆته‌ هێزێكی كاریگه‌ری ناوچه‌كه‌ بۆ دیموكراتیزه‌بوون وپێكه‌وه‌ ژیان. 

ئێستا دۆخەکە بۆ کورد چۆنە؟

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا: له‌ئێستادا شه‌ڕ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی گرتۆته‌وه‌ له‌و نێوه‌شدا زۆرترین ناوچه‌ كوردییه‌كانی گرتۆته‌وه‌،ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ پیلانی داگیركه‌رانی كوردستانیش بێت، به‌ڵام بۆ كوردیش قۆناغێكی زێڕین بێت،له‌ئێستادا كورد له‌ناوچه‌كه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی گرنگه‌ و ژماره‌یه‌كی به‌هێزی ناو ململانێ سیاسیه‌كانی ناوچه‌كه‌یه‌ به‌لام به‌داخه‌وه‌ هه‌ندێ لایه‌نی كوردی هێشتاش وه‌ك ڕابووردوویان ئێستاش ئه‌و ئیمكانه‌ی له‌به‌رده‌ستی كورده‌ خزمه‌تی وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستانی پێ ئه‌كه‌ن، هه‌رئه‌مه‌ وای كردووه‌ ببێته‌خاڵی لاوازی كورد له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه‌.    
                  
    وه‌كوتر هه‌موو هێزه‌كانی جیهانی و ناوچه‌كه‌ش بۆهاوسه‌نگی خۆیان هاوپه‌یمانی پێش ئه‌خه‌ن و خۆیان به‌هێز ئه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ بۆ گه‌لی ئێمه‌ش گرنگی خۆی هه‌یه‌ به‌ڵام به‌هۆی ده‌ست تێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و نه‌بوونی هوشیارییه‌كی به‌و ڕه‌نگه‌ ده‌توانرا ئێمه‌ه‌ ببینه‌ هێزێكی گه‌وره‌تر كه‌ نه‌بووین،به‌ڵام له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كیتی نه‌ته‌ویی و به‌رژه‌وندییه‌كانی گه‌ل و مافه‌ دیموكراتییه‌كان بۆگه‌لی ئێمه‌ گرنگی خۆی هه‌یه‌ و ئه‌توانین له‌گه‌ڵ هێزه‌دیموكاتیخوازه‌كانی ناوچه‌كه‌ش ئه‌وه ‌پێش بخه‌ین، به‌وڕه‌نگه‌ ئه‌توانین ڕێگه‌ له‌داعش و داعشه‌كان بگرین و پیلانی داگیركه‌رانیش تێك بشكێنین.

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە...

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێ...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن ...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن...

‌عه‌لى هه‌ڵۆ : ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات له‌سه‌ر ده‌رخستنى ناوى PKK له‌...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك