کوردی           عربی

بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێریان دایەوە‌

15/05/2017

Wednesday‌

ته‌ڤگه‌ر - سلێمانی

لە"16"ی گوڵانی (1997)دا هێزە چەكدارەكانی (پ د ك) لەشاری هەولێر لەیەك كاتدا پەلاماری سەرجەم بارەگا و دامودەزگاكانی (یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستانYNDKــ رۆژنامەی "وڵات"، مەڵبەندی رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، یەكێتی ئازادی ژنانی كوردستانYAJK و خستەخانەی گەریلا بریندارەكانی دا و لەئاكامی شەڕ و پێكدادان و بەرخۆدانێكی مەزنەوە بەدەیان شۆڕشگێر و گەریلای بریندار و چالاكوانی سیاسی و رۆژنامەوان و هونەرمەند شەهید و بێ سەروشوێن كران.  

لەدیمانەیەكی بەرفراواندا كەساڵی 2007 رۆژنامەوان حەسەن جودی لەگەڵا جەمیل بایك هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێبەری كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكە و یەك لەدامەزرێنەرانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجامیداوە، بەشێوەی پەرتوكێك بەناوی (مێژووێك لەئاگر) بڵاوبوەتەوە، بەشێكی تەرخانكراوە بۆ روونكردنەوەی ئەو كۆمەڵكوژیەیی پارتی كە لەهەولێر ئەنجامی داوە. 
لەبەر گرنگی ناوەڕۆكی خوێندنەوەكانی جەمیل بایك بەشێكی چاوپێكەوتنەكەی پەیوەست بەكۆمەڵكوژی 16ی گوڵان بڵاو دەكەینەوە. 

دەقی بەشێك لە چاوپێكەوتنەكە: 

جەمیل بایك لەهەلومەرجی ساڵانی پێش كۆمەڵكوژیەكەو بەتایبەتی 1996و ئەو پیلانگێڕیە گەورەی دەوڵەتی تورك و هاوكارەكانی بۆ سەر بزوتنەوەی ئازادیی و لەوەڵامی پرسیاری، ئەو ئاگربەستەی رادەگەیەنرێت هەم لەبەرامبەر توركیا و هەمیش لەبەرامبەر (PDK). ئەو ئاگربەستە هەمەلایەن و فرە رەهەندە چۆن لێكدەدرێتەوە؟


راستە رێَبەر ئۆجالان دووەمین ئاگربەستی راگەیاند لەبەرامبەر توركیا و (PDK). بۆچی لەبەرامبەر توركیا ئاگربەستی راگەیاند؟ چونكە سەرۆك نەیدەخواست شەڕ بەردەوام ببێت، بەڵكو دەیخواست ئیدی كێشەی كورد بەرێگەی دیالۆگ و ئاشتی و دیموكراتیانە چارەسەر بكات. بۆ ئەو مەبەستە جارێكی دیكە ئاگربەستی راگەیاندەوە. لەنێو توركیاشدا هەندێك دەیانخواست سەرۆك ئاگربەست رابگەیەنێت، بۆ ئەوەی كێشەی كورد بەرێگەی دیالۆگ چارەسەر بكرێت. سەرۆك رێزی لەم داخوازییەش گرت و بەهای پێدەدا. بۆیە لەكۆتایی ساڵی (1995)دا ئەو ئاگربەستەی راگەیاند.

   سەبارەت بەو ئاگربەستەی لەبەرامبەر (PDK)ش راگەیەنرا ئەوەبوو، ئەو كاتە شەڕێكی مەزن لەنێوانماندا بەرپاببوو، سەرۆك نەیدەخواست لەوە زیاتر بەردەوام ببێت. لەئاكامی ئەو ئاگربەستەدا رێككەوتنێكیش لەنێوانماندا بەدیهات. ئێمە شەڕمان راگرت، نەك هەر تەنیا ئەو شەڕەمان راگرت، بەڵكو خواستمان راگرتنی ئەو شەڕە بكەینە هۆی ئەوەی پەیوەندی لەنێوانماندا پێشبكەوێت و ئەو تەخریباتانەی شەڕەكەش نەهێڵین و یەكێتییەكی تۆكمە لەنێوانماندا پێشبخەین. هەروەها كولتوورێكی نوێش لەنێو كورداندا پێشبخەین، ئەمە بكەینە هۆكارێك بۆ نەهێشتنی شەڕ لەنێو كورداندا، كولتوورێكی وەها پێشبخەین كە بڵێن:" ئیدی بڕوانن شەڕێكی مەزن لەنێوانیاندا بەرپابوو، بەڵام ئێستا بەیەكەوە كاردەكەن چیتر شەڕ لەدژی یەكتر ناكەن..." ئێمە هەوڵمان بۆئەوە دەدا.

بێگومان دەوڵەتی توركیا نەیدەخواست كەوا ئەمە پێشبكەوێت، هەمیشە دەیخواست (PDK) و ئەوانی دیكە بوروژێنێت، ئێمە بوروژێنێت، بۆ ئەوەی هیچ كاتێك پەیوەندی لەنێوانماندا پێشنەكەوێت، گێرەشێوێنی (پراواكسیۆن)یان دەكرد، بۆیە سەرۆك گووتی:" ئەو ئاگربەستە بۆ (PDK)ش رادەگەیەنم" واتا بۆ ئەوەی نەكەونە نێو گێرەشێوێنییەكانی توركیاوە، بۆ ئەوەی ئیتر شەڕ روونەداتەوە و هەموو كێشەكان بە ئاشتی چارەسەر بكرێت. چونكە ئێمە لەوە دەترساین كە ئەو گێرەشێوێنییانەی توركیا سەربگرێت. لەبەر ئەوەی  لەهەندێك ناوچەشدا هەندێك كێشە لەنێوانماندا دەركەوتبوو و (PDK) تەنگەناوی دەكردین، ئێمە دەترساین دیسان قۆناخێكی دیكەی شەڕ دەستپێدەكاتەوە، سەرۆك بۆ ئەوەی رێگیری لە هاتنەئارای دۆخێكی وەها بكات ئەو ئاگربەستەی راگەیاند.

لەساڵی (1997)دا ئەو كاتە “فەرهاد” و “بۆتان” بەرپرسیاری خەباتی باشوور بوون. ئایا ئەوانە ئەگەری روودانی هێرشێكی وەها بۆ سەر دامودەزگاكانی تەڤگەر لەهەولێر دەكەن؟ ئەگەر ئەو ئەگەرە دەبینن بۆچی هیچ تەدبیرێك وەرناگرن؟ ئەو كاتە لەهەموو رووێكەوە هێرش هەیە و تەنانەت لەبەرامبەر سەرۆك ئاپۆش هەوڵێكی كوشتن دراوە و سەركەوتوو نەبووە... یان لەم رووەوە بێ تەدبیرییەك هەیە... چونكە (14)ی گوڵان ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر باشوور دەستی پێكردبوو، كەچی لە (16)ی گوڵاندا كۆمەڵكوژییەكە لەهەولێر روودەدات...






بۆچی لەساڵی (1997) لە باشووردا تەڤلیبوونێكی بەهێز بۆ (په‌كه‌كه‌) هاتەئاراوە؟ لەبەر ئەوەی (په‌كه‌كه‌) وەكو ئومێدێك بینرا. بۆیە تەڤلیبوونێكی وەها هاتە ئاراوە. بۆچی (په‌كه‌كه‌) لەهەموو كاتێك زیاتر ئەو كاتە بووە ئومێدێك؟ چونكە (YNK) و (PDK) و ئیسلامییەكان لەگەڵ یەكتردا شەڕیان كرد و پارچەبوونێكیان دروستكرد، باشوور لەناو خۆیدا ببوو بە دوو كەرتەوە، حكومەت ببوو بەدوو حكومەتەوە. ئیدی (PDK) پەیوەندی لەگەڵ ئێراق سازدا و بەیەكەوە هاتنەسەر (YNK) و (YNK)یان لە هەولێر وەدەرنا. ئەمانە هەمووی لەناو گەلدا بێ باوەڕییەكی مەزنی لەبەرامبەر پارتەكانی باشوور دروست كرد. بۆیە (په‌كه‌كه‌)یان وەكو ئومێدێك بینی. چونكە بینیان كەوا (په‌كه‌كه‌) هێڵ و رێبازێكی سەربەخۆ بەبناخە وەردەگرێت، (په‌كه‌كه‌) بەهیچ شێوەیەك بەكرێگیراوێتی بۆ داگیركەران و هێزەكانی دیكە ناكات و لەگەڵ داگیركەراندا نابێتە یەك و هێرش ناباتە سەر كوردان. 

بۆ نموونە؛ لەنێوان (په‌كه‌كه‌) و ئەو هێزانەشدا چەندین جار شەڕ روویدا، بەڵام هیچ كاتێك (په‌كه‌كه‌) پەیوەندی لەگەڵ داگیركەران دروستنەكرد و بەهاوكاری داگیركەران هێرشی نەبردە سەر پارت و هێزێكی دیكەی كورد. كەچی لەشەڕی نێوان ئەو پارتانەی باشووردا لەنێوان خۆیاندا و لەدژی (په‌كه‌كه‌)دا هەمیشە بەئاشكرا پەیوەندی لەگەڵ داگیركەران دروست دەكەن و هەمیشە بەیەكەوە هێرش و جموجۆڵ دەكەن. تەنیا (په‌كه‌كه‌) ئەمەی نەكرد. خەڵكی باشوور ئەمەی بینی، بینیان كە (په‌كه‌كه‌) خەت و رێبازێكی سەربەخۆ و ئازاد بەبناخە وەردەگرێت و بەهێزی خۆی جموجۆڵ دەكات، بەڵام پارتەكانی دیكە خاوەن ئازادی خۆیان نین، بە بەردەوامیش دەكەونە خزمەت داگیركەرانەوە و لەگەڵ داگیركەراندا جموجۆڵ دەكەن و دێنە سەر كوردان. هەر بۆیە (په‌كه‌كه‌)یان بۆخۆیان وەك ئومێدێك بینی و بەرەو (په‌كه‌كه‌) هاتن و ئەو تەڤلیبوونە هاتە ئاراوە... 
ئەوانەی تەڤلی (په‌كه‌كه‌)بوون؛ لە (په‌كه‌كه‌)دا راستینەی خۆیان، ئازادی خۆیان، بەرژەوەندی و كەسێتی خۆیان بینیەوە و داهاتووی خۆیان بینی. بۆیە ئەو تەڤلیبوونە بەرفراوانە دروستبوو، هۆكارەكەی ئەمە بوو. بێگومان لەساڵی (1997)دا جارێكی دیكە دەوڵەتی توركیا و (PDK) بەیەكەوە هاتنەسەر (په‌كه‌كه‌) و لە هەولێریشدا زۆر گرتن و كوشتن روویدا، كۆمەڵكوژییەكی مەزن لەوێ روویدا. ئەو كاتە (په‌كه‌كه‌) پەیوەندی خۆی هەم لەگەڵ (YNK) و هەمیش لەگەڵ (PDK)دا هەبوو. (PDK) لە هەولێر بەبێ ئەوەی شەڕ ببێت هاتەسەر (په‌كه‌كه‌) و زۆر هەڤاڵ و دۆستیان شەهیدكرد و ئەوانەی دیكەشیان دەستگیركرد و بردیانن. گەل ئەمەی بەچاوی خۆی بینی. لە هەولێر ئەوەی كرد، نە شەڕ نە شتێكی دیكە لەئارادا نەبوو، پەیوەندیمان پێكەوە هەبوو، واتا ناحەقییەك و بێبەختییەكی مەزنی كرد. پاشان ئەوەشیان بینی كە ئەو هێزانە لەگەڵ توركیا پێكەوە هێرشیان كردە سەرمان. ئیدی كاردانەوەی خەڵك لەبەرامبەر هەموو ئەمانەدا بەو تەڤلیبوونەی خۆیان گوزارشتیان لێكرد و دەریانبڕی. 

بێگومان ئەگەر تەڤلیبوونەكانی ساڵی (1997) ئەوەندە زۆر و بەرفراوان بوو، هۆكارێكیشی ئەمە بوو. واتا خەڵك بینی كە (PDK) و توركیا بەیەكەوە جموجۆڵ دەكەن و ئەو خەڵكەش خواستیان لەگەڵ (په‌كه‌كه‌) جموجۆڵ بكەن. واتا خواستیان پشتیوانی لە (په‌كه‌كه‌) بكەن و خواستیان كە (په‌كه‌كه‌) لاواز نەبێت. چونكە بینیان كە (PDK) و توركیا دەخوازن گورز لە (په‌كه‌كه‌) بوەشێنن، ئەگەر گورزیش لە (په‌كه‌كه‌) بوەشێنرێت ئەوا گورز لەئومێدی ئەوان و داهاتووی ئەوان دەوەشێنرێت. ئیدی بۆ ئەوەی ئومێدی ئەوان نەكوژێتەوە تەڤلی ریزەكانی گەریلا بوون تاكو (په‌كه‌كه‌) لاواز نەبێت، ئەمە بۆ ئەو مەبەستە بوو. بێگومان ئەم تەڤلیبوونەی (1997) زۆر واتادار بوو و بەهایەكی پڕ مەزنی خۆی هەیە، ئەمە هەڵوێستێكە و هەڵوێستێكی وڵاتپارێزییە، هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕییە لەدژی خیانەت و داگیركەری. 

لێرەدا شەڕی (1997) گرنگە، ئەو هێرشەی لەبەهاری (1997) لەدژی (په‌كه‌كه‌) ئەنجام درا، لەبنەڕەتدا دەبووایە لەكۆتایی ساڵی (1996)دا ئەنجام بدرابایە. ئەمە ئەگەر ئەو پیلانگێڕییەی لەبەرامبەر سەرۆك ئەنجامدرا ئەنجامگیر ببووایە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەنجامگیر نەبوو، ئەوا ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بۆ بەهاری (1997) درەنگ خست، بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنێكی بەهێزتر و مەزنتر ئەنجام بدەن، تاكو بتوانن ئەنجام بگرن. چونكە ئەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ كۆتایی ساڵی (1996) ئامادەیان كردبوو و حیسابیان بۆكردبوو دەیانخواست یەكسەر لەدوای كوشتن و لەناوبردنی سەرۆك ئەنجامی بدەن. ئەوانە دەیانگووت:" ئەگەر ئاپۆ لەناوچوو ئەوا ئیرادەی گەریلا تێكدەشكێت، ئەگەر هێرشی بۆبكەین ئەوا زێدە بەرخۆدانی ناكەن و دەتوانین گورزیان لێبوەشێنین..." كاتێك كە بینیان سەرۆكیان نەكوشتووە، بەو ئامادەكارییەی كە كردبوویان نەیاندەتوانی هێرش بكەن و ئەنجامگیر ببن، بۆیە پێویستبوو بە ئامادەكارییەكی بەهێزترەوە هێرش بكەن، ئینجا دەتوانن ئەنجام بگرن.

   ئیدی ئۆپەراسیۆنی بەهاری (1997)یان لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجام دا. ئەو ئۆپەراسیۆنەش ئۆپەراسیۆنێكی پڕ مەزن بوو، لەگەڵ (PDK) پێكەوە هاتنە سەرمان، ئۆپەراسیۆنێكی زۆر مەزنیان ئامادەكردبوو، دەیانخواست زەبرێكی مەزن لە گەریلا بدەن، كە لەسەر ئەو بنەمایە پیلانگێڕییەكی نێودەوڵەتی بەڕێوە ببەن. چونكە بینیان "هەموو شێوازێكیان گرتەبەر كەچی ئەنجامگیر نابن، تا سەرۆكیش بێكاریگەر نەكەن ناتوانن ئەنجامگیر ببن. ئەو قۆناخەیان بەتەقینەوەكەی (6)ی ئایاری ساڵی (1996) دەستیان پێكرد، بۆ ئەوەی سەرۆك لەناوببەن و بە ئۆپەراسیۆنی (1996) گورز لە گەریلا بوەشێنن. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەنجامگیر نەبوون ئەمجارەیان لەسەر گەریلا دەستیان پێكرد، بۆ ئەوەی گورز لە گەریلا بدەن و بتوانن فشار لەسەر سوریا زیاتر بكەن، فشار لەسەر سەرۆك زیاتر بكەن. چونكە ئەگەر گەریلا بەهێزتر ببێت و شەڕ و بەرخۆدانیان بەهێز و دوژوار ببێت ئەوا لەوانەیە نەتوانن سوریا زۆر تەنگەتاو بكەن. لەبەر ئەوەی ئەگەر گورزیان لە گەریلا و تەڤگەردا ئەوا دەتوانن فشاریش بۆ سەر سوریا زیاتر بكەن. ئەمەیان بەبنچینە وەرگرت. لەبەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ساڵی (1997) زۆر گرنگ بوو. واتا دەیانخواست پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ئەمجارەیان بەو ئۆپەراسیۆنە و بە تاكتیكی دیكە، پێشبخەن. بۆیە بەهەموو هێزێكی خۆیانەوە هاتنەسەر تەڤگەر تاكو گورزی لێ بوەشێنن. تەڤگەریش لەبەرامبەر ئەمە بەرخۆدانێكی بەهێزی پێشخست و ئامانجی ئەوان بەدینەهات.
   

لەساڵی (1997)دا كۆمەڵكوژی هەولێر پێكهات، ئێوە پێشبینی ئەگەری روودانی هێرشێكی وەها بۆ سەر دامودەزگاكانی تەڤگەر لەهەولێر دەكەن؟ ئەگەر ئەو ئەگەرە دەبینن بۆچی هیچ تەدبیرێك وەرناگرن؟ ئەو كاتە لەهەموو رووێكەوە هێرش هەیە و تەنانەت لەبەرامبەر سەرۆك ئاپۆش هەوڵێكی كوشتن دراوە و سەركەوتوو نەبووە... یان لەم رووەوە بێ تەدبیرییەك هەیە... چونكە (14)ی گوڵان ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر باشوور دەستی پێكردبوو، كەچی لە (16)ی گوڵاندا كۆمەڵكوژییەكە لەهەولێر روودەدات...

 
      
ئێمە نازانین كەوا تاچەندە ئەمەیان بەئەنقەست كردووە یان نا، لەم رووەوە ناتوانم شتێك بڵێم، بەڵام بیانخواستبایە دەیانتوانی ئەو هەڤاڵانەیان لەوێ دەرخستبایە. تەنانەت بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی هەیە، گوایە (PDK) رێگەی داوە كە هەڤاڵان دەربخەن، ئەوانە بەئەنقەست هەڤاڵانیان دەرنەخستووە" بێگومان “فەرهاد” و “بۆتان”یش دەیانگووت:" ئێمە هەندێك لەهەڤاڵانمان دەرخست و هەندێكیشمان دەرنەخست و گووتمان؛ ئێمە بەرخۆدان دەكەین و شەڕ دەكەین، بۆیە ئێمە ئەو هەڤاڵانەمان دەرنەخست" ئەوان وەهایان دەگووت. وادیارە بەئەنقەست دەریاننەخستوون، ئەگەر بیانخواستبایە دەیانتوانی لەوێ‌ دەریانبخستنایە، ئەو توانستەش هەبوو. چونكە كە هەندێك لە هەڤاڵانیان دەرخستبوو (PDK) رێی پێدابوون. ئەگەر رێی پێیان نەدابایە نەیاندەتوانی ئەوانیش دەربخەن. وادیارە بەئەنقەست دەریاننەخستوون. بەگوێرەی ئەوان روونیان دەكردەوە دەیانگووت:" ئێمە ئەوانەمان بۆ بەرخۆدانكردن دەرنەخست" بێگومان ئەمە تاچەند راستە؟ یان بەئەنقەست ئەو هەڤاڵانە لەوێ بمێننەوە بۆ لەناوبردنیان بووە و ئەمەیان بەبنچینە وەرگرتووە بۆ ئەوەی (PDK) ئەوان لەناو ببات كە شەڕی نێوان ئێمە و (PDK) دژوارتر ببێت، هەڵبەتە ئەوان لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی (YNK) دابوون، ناكۆكی نێوان (PDK) و (YNK) هەبوو، بۆ ئەوەی بتوانن سوود لەمە وەربگرن، (YNK)ش سوودمەند ببێت "فەرهاد" و "بۆتان"یش سوودمەند ببن... بێگومان ئێمە نازانین مەسەلەكە چۆنە. لەوانەیە ئەگەری وەهاش هەبووبێت، بەڵام ناتوانم سەدا سەد بڵێم كە بەمشێوەیەیە. واتا بۆچی وەهایان كرد من نازانم...



   

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە...

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ی...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن ...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن...

‌عه‌لى هه‌ڵۆ : ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات له‌سه‌ر ده‌رخستنى ناوى PKK له‌...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك