کوردی           عربی

فیدان چیتر وەڵامی تەلەفۆن ناداتەوە‌

07/07/2017

Wednesday‌


لۆور مارشان
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

پاریس، دەوروبەری سەعات یەکی بەرەبەیان، شەوی ٩ لەسەر ١٠ی ژانوییەی ٢٠١٣. ئەو وردکەبەردانەی لە پەنجەرەی نهۆمی یەکەمی بینای ١٤٧ی شەقامی لا فایێت، ڕێک سەرووی بەقاڵی تامیل دەگیردرێن، دەکەونەوە سەر شۆستەکە. فیدان، کە لێرە کار دەکا، لە پشت پەنجەرەکە دەرناکەوێ. نزیک بە سەعات ١٧، شەو دادێ و بینا بچووکەکە هەروا ڕووناکە. لە کاتێکدا ئەو ژنە گەنجە کە دەڕۆیشت گڵۆپەکانی دەکوژاندەوە. هاوڕێیانی زەنگی دەرگەکە لێ دەدەن. کەس دەرگەیان لێ ناکاتەوە. تەنانەت جیرانێکیان هەڕەشەی ئەوەیان لێ دەکا کە پۆلیس ئاگادار دەکاتەوە. شانێک لە دەرگاکە دەدەن و چوار چوار بەسەر قادرمەکاندا سەر دەکەون. دووهەم کلیلی ئاپارتمانەکەیان پێیە. "هەنگاوێک بۆ دواوە کشامەوە، ڕەنگە پاشەکشێ شێوازێک بووبێ بۆ ڕاکردن لە ڕاستی و یارمەتی خواستن، هەوڵدانێک بوو بۆ ئەوەی شتێک بکرێ." ڕاچەنینەکە بە ڕادەیەک بوو کە موراد پۆڵات "تەڵخ دەبینێ، بە حاڵ دەبیستێ و بە حاڵ هەست بە شتەکان دەکا." سێ ساڵ دواتر، ئەو هەروا بێ توانایە لە حاند باشتر وەسفکردنی "دۆخێکی نائاسایی و سامناک". کۆمەڵێک وشەی دەستچنکراو، وەک ئەوەی ئەمە تاکە شێواز بێ تا ئەوەندەی دەکرێ ئەم "دۆخە نائاساییە" دوور ڕابگیردرێ، کۆمەڵێک وشەی سەیروسەمەرە وەک ئەو کاتەی لەگەڵ ژمارە ١٧ ئاخفی:
- پۆلیسی فریاکەوتن.
- ئەلۆ ڕۆژباش، تەلەفۆنتان بۆ دەکەم چونکە کێشەیەکی زۆر گەورە لە بینای ١٤٧ی شەقامی لا فایێت ڕووی داوە.
- لەوێ چ دەقەومێ؟
- ژنێکی هاوڕێم هەبوو کە وەڵامی نەدەدایەوە، وە ژوور کەوتم، لە نێو گۆمی خوێن دایە. 
[...]
- باشە، ئەی چیتیان بینی؟ ئەو لە کوێیە؟ لە داڵانەکەیە؟ چۆنە؟ 
- نا، ئەو، ئەو لە ژووری سەرەکییە.
- ئەو لە ژووری کوێیە؟
- ژووری سەرەکی. 
- لە ژووری سەرەکییە؟ جا، ئێوە چیتان بینی… لەسەر عەرزی درێژ بووە؟ 
- لەسەر عەرزی درێژ بووە، بەڵێ. 
- لەسەر عەرزی بووراوەتەوە؟ 
- نازانم، بەڕێز، خوێن هەیە، بەڕێز، نازانم… من ڕۆیشتم.
- لەسەر عەرزی درێژ بووە، باشە… نهۆمی یەکەم و کۆدی چوونە ژوورەوە؟ 
- چۆن؟
- کۆدی چوونە ژوورەوە چییە؟ کۆدی چوونە ژوورەوە، لە خوارێ، بۆ ئەوەی بچیتە ژوورێ.
- نازانم، بەڕێز، ئێستا هەست دەکەم باش نیم.
- بەڵێ… کۆدی چوونە ژوورەوەمان پێ بدەن.
- من لەبەردەم بیناکەم بەڕێز، لەبەردەم بیناکە، لەبەر دەم بیناکە چاوەڕێتان دەکەم، بەڕێز. 
- لە بینای ١٤٧، شەقامی لا فایێت چاوەڕێ بن، باشە؟
- باشە، تا دوایی.
جەستەکان لەسەر عەرزن، بێ هەناسە، لە نێو هۆڵێکی ئاپارتمانێکی بچووک، لە نێو جەرگەی پاریس، دوو هەنگاو ئەولاتری وێستگەی شەمەندەفەری "باکوور''. موراد پۆڵات ئاماژە بەوە دەکا "ئەوەی ڕاست بێ، مرۆ بە خۆی دەڵێ بە هەزاران میلیتانی کورد بە شێوەیەکی توندوتیژ سەرکوت کراون و بۆ هەزاران کەس، ئەمە بە مەرگ کۆتایی هاتووە. بەڵام کە کتوپڕ ئەمە دەژی، بەڕاستی هەستی پێ ناکەی. تەنیا دواتر لە بنکەی پۆلیسی تاوانەکان تێگەیشتم کە ئەوان بۆ هەتا هەتایە کوژراون. ترسنۆکانە کوژراون." دوو تەرم، لە نێوان مێزی تەلەڤزیۆن و قەنەفەیەکی گەورەدا، سەری هەرکامیان بە لایەکدا، لە سەر عەرزی درێژ ببوون. "من بەس ڕووخساری فیدانم بینی، لەسەر پشت بوو، بە پشتدا کەوتبوو، خوێنێکی زۆر لە زاری چۆڕابوو''، یەڵماز هاوڕێی منداڵێتی فیدان ئاوا ڕووداوەکە وەسف دەکا. ئەوان پێکەوە حەزیان لەوە بوو لە گوگڵ ئێرپ دیمەنە بە سەتەلایت گیراوەکانی گوندەکەیان لە تورکیا چاو لێ بکەن. خەونیان بەوە دەبینی جارێک بگەڕێنەوە. وەهمی تاراوگەنشینانی کورد، ڕەگهەڵبڕاو لە جیهان. گوارە قاوەییەکانی فیدان دۆغان خوێناوی بوون و لەسەر ڕووبەڕی دارین کەوتوون. چاکەتێکی ڕەشی لەبەر دایە. وەک بڵێی خۆی بۆ چوونە دەرەوە حازر کردبێ. قاچەکانی لە ئاڕاستەیەکی ڕیکدا نین، هەندێک نووشتاونەتەوە. قۆڵی چەپی کەوتووەتە سەر تەرمی دووهەم. خوێن هەروەها گۆمیلکەیەکی لە بن قژی ئاڵدا چێ کردووە: ئەم قژ لوول و یاغییانە ئی سەکینە جانسزن. بە زمانی تورکی، جانسز یانی "بێ گیان". بەدەگمەن پاشناوێک، مخابن، هێندە پڕ بە پێست بووە. ملپێچێکی کەسک لە گەردنی گرێ دراوە. چەمەدانێکی ڕەش ڕێک لە تەنیشتی بەدی دەکرێ. جلوبەرگ بەسەر عەریدا پەرش و بڵاو بوونەتەوە. 
پاشان یەڵماز لە هۆڵەکە چاوی بە دەوروبەری ویدا خشاندووە. ئەوسا سێهەم تەرمی بینیوە کە بە درێژایی مێزە نزمەکە و قەنەفەی چەرم سووری تۆخدا درێژ بووە. "سەرەتا، نەمناسییەوە، لەسەر زگ بوو، هەموو شوێنێ شەڵاڵی خوێن بوو. کچە گەنجەکە بوو، لەیلا." سەری لەسەر کوڵمی چەپی بووە و بە قەنەفە گەورەکەوە لکاوە. خوێن کە لەسەر تەختە فەڕشەکە جەڵتەی کردووە، خەرمانەیەکی پێک هێناوە. کۆنتڕۆڵی تەلەڤزیۆنەکە تیایدا نوقم بووە. لە لای قاچی ڕاستی، پێڵاوێکی ژوورەوەی شین. لە لای چەپیش، پێڵاوێکی ژوورەوەی سپیی خەڵتانی سوور. 
دیمەنەکە دێتەوە بەر چاوی، وەک وێنەیەک ڕوون و زوڵاڵ. بە هەموو وردەکارییەکانییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، یەڵماز ئاشنایە بە توندوتیژی. هەر لە تافی منداڵییەوە کە لە تورکیا بوو. ئەو کوێخای گوندەکەیانی بە بیر دێ کە لە خوێنڕێژییەکی نێوخۆییدا مردبوو و بە دوای ئۆتۆمبێلێکی عەسکەری تورکدا ڕادەکێشرا. "ئێستاش خەڵتانی خوێن لەبەر چاومە." ئەو هەروەها دیمەنی باوکی فەرامۆش نەکردووە، ئەو خەباتگێڕەی پەکەکە کە بۆ یەکەمجار لە تەمەنی شانزە ساڵیدا چاوی پێی کەوتووە. ئێوارە بووە. پیاوەکە، کە بە دواوەی بوون، ماندوو و شەکەت هاتووەتەوە ماڵی باوانی. ڕۆژی دواتر، کازیوەی بەیانی، سوپای تورک ماڵەوەیان گەمارۆ داوە. دایکی دەستەودامێنی پێی سەربازەکان بووە و بێ هیوایانە هەوڵی داوە بەرەنگاری گرتنی مێردەکەی ببێتەوە. "توندوتیژی، بەڵێ من بینیومە، بەڵام هەرگیز کوشتنی هی وەها ترسنۆکانەم نەدیتووە." ئەو هەروەها هەرگیز "ڕقێکی لەمجۆرە"ی نەبینیوە. "گوللـەیەک لە سەر بەسە بۆ ئەوەی کەسێک بکوژی. بۆچی سێ، چوار گولـلەیان لەسەر دراوە؟"
پۆلیسەکانی بنکەی ناوچەی دە کە دەگەنە شوێنەکە چاویان بە ئاپارتمانێکی ڕێکوپێک دەکەوێ. لە نێو دەستشۆرە ئیستیلەکەی مەتبەخدا، سێ پیاڵەی چای لالەئاسا و پەرداخێکی بەتاڵ هەن. دوو ژوور کە وەک دیوی کار بەکار براون، ڕێک و پێکن. لە هۆڵەکە، تەلەڤزیۆن هەڵکراوە و لەسەر شاشەکەی "سیگناڵ نادا" دیارە. قوتوویەک شۆكۆڵات و بوتڵێک ئاو لەسەر مێزە نزمە دارینەکە دانراون. هیچ نیشانەیەک لە دزییەک نابینرێ کە کۆسپی کەوتبێتە بەر ڕێ، هیچ وێناچێ شتێک پشکنرابێ. 
دکتۆرەکانی توێکاریی لەش دەیسەلمێنن کە سێ قوربانییەکە لە ئەنجامی "برینی مێشک و کاسەسەر، بە هۆی تەقەوە" گیانیان لەدەست داوە. فیدان دۆغان چوار گولـلەی لێ دراوە. گولـلەیەک لە دەستی ڕاستی ڕا دزەی کردووەتە نێو چەنەگەی، دوو گولـلەی تر لە لای چەپی سەری دراون و چوارەمیشیان لە نێو زاری لە مەڵاشووی دراوە. سێ فیشەک لە سەری سەکینە جانسز دراون، یەکێک لە پشت کەلـلەسەری و دوو دانەش لە لاجانگی ڕاستی. سێ گولـلە بە لای ڕاستی کەلـلەسەر و برا تووتەی دەستی ڕاستی لەیلا شایلەمەز کەوتوون. 
هیچکامیان ڕووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی نەبوونەتەوە.
بە پێی توێژینەوەی بالستیک، تەنیا یەک چەک کە لە هیچ ڕووداوێکی پێشووتردا تۆمار نەکراوە، بۆ ئەم سێ قەتڵە بەکار هاتووە. دەمانچەیەکی نیوە ئۆتۆماتێکی کالیبر ٧.٦٥ە. دەست ئاواڵابوون لە هەڵبژاردندا: حەوت جۆری چەک لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی تەقەمەنییە بەکار هاتووەکان دێنەوە. دە گولـلە، دە گولـلە بە سەرەوە. هیچکامیان ئامانجەکەی هەتڵە نەکردووە. شوێنەواری ململانێ نابینرێ. نە لە هۆڵەکە و نە لەسەر تەرمەکان. دکتۆرەکانی توێکاری لەش لە ئەنیستیتۆی پزیشکی یاسایی، نە نیشانەکانی کۆسپیان بینیوە و نە هیی بەرەنگاری. ئەمەش وێدەچێ ئەم تێزە پشتڕاست بکاتەوە کە بکوژ بۆ قوربانییەکان ناسراو بووە و ئەوان بێ متمانە نەبوون پێی. هەرچی بێ ئەمە نیشان دەدا هیچکامیان وەختی کاردانەوەیان نەبووە و بکوژ بە شێوەیەکی تایبەت شارەزا بووە. لە ئەنقەرە چاوم بە جەواد ئٶنەش پیاوی ژمارەی دووی پێشووتری میت (میللی ئیستیخبارات تەشکیلاتی) دەزگای هەواڵگری تورک کەوت. ئەو گەرەکی نییە لەمەڕ دۆسیەکە دادوەری بکا، لێ قەبوڵ دەکا هەندێک بۆچوونی خۆی بێنێتە زمان: "ڕوون و ئاشکرایە کە کارێکی شارەزایانەیە، ئەمە قسەی تێدا نییە."
لە جەرگەی لێکۆڵینەوەی لایەنی فەڕەنسی، پسپۆڕی پۆلیسی زانستی ئەو سیناریۆیەی سەر لە نوێ ژیاندۆتەوە کە وێدەچێ هەرە زێدە لە ڕاستی نزیک بێ و بەو ئەنجامە دەگا کە بکوژێک هەبووە کە لە پشت سەکینە ڕاوەستاوە و بە سەریدا زاڵ بووە. یەکەم گولـلەی لە فیدان داوە کە دەبێ لە بەرامبەر بووبێ و گوللـەکە کاری نەبووە. پاشان دەبێ بۆ یەکەمجار سێرەی لە لەیلا گرتبێ کە ڕەنگە ویستبێتی لەسەر قەنەفەکە هەستێ. گوللـەکە سەری پێکاوە و دەبێ دەسبەجێ مردبێ یان بوورابێتەوە. ئەوسا دەبێ سێ گولـلەی لەسەری سەکینەدا بەتاڵ کردبێ. پاش یەکەم تەقە، "سەکینە دەبێ نەکەوتبێ، بەڵکوو دەبێ کەم و زۆر لە لایەن دەستدرێژکەرەکەی پشت سەری بە پێوە ڕاوەستێنرابێ"، تاوانناس وا شیمانە دەکا. دواتر هەمدیس، ڕووی چەکەکە بە شێوەیەکی شارەزایەنە لە لەیلا و فیدان دەکاتەوە. ئەوان هەرکامیان، دوو تا سێ گولـلەی تریان بەر دەکەوێ. لەیلا لە نێوان مێزە نزمەکە و قەنەفەکە درێژ بووە. چیتر نابزوێ. فیدان پاش یەکەمین برینی چەنەگەی، هەروا زیندووە، وێدەچێ بە پێوە بێ. پاش دووهەم و سێهەم گولـلەیە کە بەسەر جەستەی سەکینەدا دەکەوێ کە لەسەر عەرزەکە درێژ بووە. ئەوسا بکوژ دوایین گولـلە لە زاری فیداندا بەتاڵ دەکا.
تاوانناس لە کۆتاییدا دەڵێ: "ئەگەری هەرە خورت و پارێزراو تا سەلماندنی پێچەوانە، ئەوەیە کە کەسێک بە تەنیا و بە یەک چەک کارەکەی کردووە." لە ڕاپۆرتەکەدا بە وردەکارییەوە باس لەوە کراوە "وێدەچێ، لە لایەکەوە ژمارەیەک گولـلە و جۆرێک چەکی نیوەئۆتۆماتیک هەبووبن و لە لایەکی تریشەوە، دیارە قوربانییەکان لە کاتی ڕوودانی دیمەنی تاوانەکەدا دەرفەتی بزووتنەوەیان نەبووە، دەکرێ بگوترێ ئەم دیمەنە زیاتر لە سی چرکەیەکی نەخایاندووە'' دە تەقە بێ گۆڕینی فیشەکگیر. ئەگەر پێویست بوایە بیگۆڕێ، "کەمتر لە پێنج چرکە" بەس بووە بۆ "کەسێکی تەواو ڕاهاتوو". فیدان دۆغان، سەکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز هیچ شانسێکیان نەبووە بۆ ئەوەی خۆیانی لێ قوتار بکەن.
لە بیناکە، کەس گوێی لە هیچ نابێ. جەنابی م. لە نهۆمی دووهەم دەژی کە ئاماژە بەوە دەکا لە کۆتایی ڕۆژدا پێنج دەنگی تەقە بیستراون. بەڵام ئەو ڕۆژی پێشتر، سێشەممە ٨ی ژانوییە بیستوونی. ئەو ڕۆژەش، فیدان، سەکینە و لەیلا هێشتا لە ژیاندا مابوون. ڕۆژی چوارشەممە، سەعات ١٢ و دە دەقە، ژنێکی جیران کە لەگەڵ کوڕیژگەکەی لە قوتابخانە دەگەڕایەوە، لە هۆڵی چوونە ژوورەوەدا، لە تەنیشت ئاسانسۆڕ، تووشی بە تووشی نەناسراوێک دەبێ.

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌٢٠ ساڵە لەبیر خەڵکی ئەبەنەوە، کەچی خەڵك هەر ئاپۆچیە!...

‌هەڵدانەوەی دیوێکی تری شۆرشی کوردی لەڕۆمانی وێرانەدا...

‌ئەوان لە کوێن؟...

‌کۆتایی پرۆژە...

‌شاجوانی نیشتیمان...

‌میرنشینی خاک و خۆڵ ...

‌نامەکانی فێرناردۆ هەوڵێک لە پێناو نوسینەوەی ئازارەکانی منداڵان و ژنان...

‌یاسا لاستیك...

‌جەستەی بارین بۆنی میسکی لێدێ......

‌ئێمەکوردین...

‌کچێک لەوکۆڵانەیە ...

‌نامەیەک لە عەفرینەوە...

په‌ڕه‌یله‌ 4
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك