کوردی           عربی

عەفرین لەنێوان پشتگیری و دژایەتیدا‌

05/02/2018

Wednesday‌



هێرشی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا لەسەر کانتۆنی عەفرین بەناوی "چڵی زه‌یتون" پێینایە ١٥ هەمین ڕۆژی خۆیەوە، ئەوە لەکاتێکدایە ئەردۆغان دەیووت گرتنی عەفرین لە سێ کاتژمێر زیاتر ناخایەنێ، بەڵام وەک دیار بوو بەرخۆدانی شەڕڤانان نیشانیدا عەفرین ئەوەندەش پارویەکی ئاسان نییە، کە ئەردۆغان بە ئاسانی بتوانێ قوتی بدات، لە ئەنجامی ١٥ ڕۆژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا، بە سەدان چەتە و سەربازی تورکیا کوژراون، بەڵام تاکو ئێستا نەیانتوانیوە پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەستبێنن، ئەو شوێنانەی کە بە ڕۆژ بە هاوکاری فڕۆکە و چەکی قورس دەیگرن شەو شەڕڤانان بۆیان دەکەنە قەبری خۆیان.

ئەردۆغان و تورکیا شەڕڤانان بە "تیرۆریست" بەناو دەکەن بۆ ئەوەی بتوانێ شەرعییەتی ئەو ئۆپەراسیۆنە بەدەستبێنی، بەڵام چی دەکا و ناکا ناتوانێ دەوڵەتانی زلهێز و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ڕازی بکات و شەرعەییەت بەدەستبێنێ، چونکە شەڕڤانان بە نوێنەرایەتی جیهان شەڕی داعشیان کرد و باکووری سوریایان لە چەتەکانی داعش پاک کردەوە، بە تایبەتیش لە کۆبانێ داستانیان تۆمار کرد و سەرنجی دنیایان بۆ خۆیان ڕاکێشا، قارەمانێتییەکی وایان نواند لە مێژوودا نموونەی کەم بووە، ئێستاش ئەو بەرخۆدانە بەردەوام دەکات، ئەمەش وای کردوە پاشخانێکی جوان بۆ شەڕڤان دروست ببێ و وەک شەڕڤانی ئازادی بناسرێن نەک تیرۆیست.

شەڕڤانان لە ماوەی شەش ساڵ لە عەفرین توانیویانە مۆدێلێکی نوێی پێکەوەژیان و خۆبەڕێوەبردن دابمەزرێنن و عەفرین ببێتە یەکێک لە ئارامترین ناوچەکانی سوریا و بەو هۆیەشەوە سەدان هەزار ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی سوریا ڕوویان لە عەفرین کرد.

ئەو بەرخودانەی ئێستاش شەڕڤان بەرامبەر بە تورکیا و چەتەکانی دەیکەن بە هەمان شێوە دەنگدانەوەی زۆری هەبووە هەر لە ڕۆژی دەستپێکەوە گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز لە هەر چوار لای کوردستان و ئەوروپاش هاتنە سەر شەقامەکان بۆ شەرمەزارکردنی ئەو داگیرکاریی و منداڵ کوشتنەی کە ئەردۆغان لە عەفرین دەیکات.

لە باشووری کوردستانیش وەک هەر سێ لاكه‌ی دیکە لە ڕۆژی یەکەمەوە لە هەڵەبجە تا زاخۆ لە شیلادزێ تا گەرمیان لە ڕاپەرین تا کەرکوک چالاکی پشتگیری بۆ عەفەرین ئەنجامدرا و لە شارەکانی سلێمانی و هەولێریش ئەنجوومەنی پشتگیری بۆ عەفرین دروست کرا، لە چەندین شوێن و ناوچەی دیکەش بە بێ هیچ ڕێکخستنێک گەل چالاکی خۆرسکی ڕێکخست و لە هەموو زانکۆ و خویندنگەکانی کوردستان پشتگیری و هاوخەمی دەربڕدرا.

ئەم جارە پشتگیری تەنها لە ناوچەی سەوز سنوردار نەما، بەڵکو لە هەولێر و زاخۆ و دهۆک و ناوچەکانی تری بادینانیش چالاکی و گردبوونەوە ڕێکخران، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو ناوچانە لەژێر زەخت و زۆری پارتیدان، لەگەڵ ئەوەی لە چالاکیەکاندا چەندین کەس دەستگیر کران، بەڵام پارتی هەر نەیتوانی پێش لە چالاکیەکان بگرێ و هەتا ئێستاش هەر بەردەوام دەکات.

هەروەها ئەگەر بێینە سەر باسی کەرکوک، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە بە بارودۆخێکی زۆر قورسدا تێپەڕدەبێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش لە ئاست داگیرکارییەکانی تورکیا بی دەنگ نەبوو، لەوێش خۆڕسکانە چەندین چالاکی گرنگ ڕێکخران، واتا لە هەموو شوێنێک پشتگیریان بۆ بەرخۆدانی شەڕڤانان دەربڕی و کۆمەڵێک دروشمیان دەوتەوە، کە لە ڕووی ناوەرۆکەوە زۆر گرینگن، وەکوو "هێرش لەسەر عەفرین هێرشە لەسەر هەر چوار لای کوردستان، عەفرین ناکەوێت، بژی بەرخودانی عەفرین....".

وتنەوەی ئەو درووشمانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە بڵێین بەرخودانی عەفرین کاریگەری گرینگی لەسەر هەر چوارلای کوردستان کردوە و هەستێکی بڵندی نەتەوەیی دروست کردوە، بەتایبەتیش ئەم هەستە لە ئێستادا زۆر گرنگە بۆ باشووری کوردستان، چونکە لە دوای شکستی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە گەلی باشوری کوردستان لە بێ مۆڕاڵیدا دەژیان، بەڵام ئەو بەرخودانە گیان و مۆڕاڵێ دایەوە گەل.

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە، هەندێک ڕاگەیاندن کە بە ڕاگەیاندنی پارتی بەناو دەکرێن بە تایبەتیش کەناڵی (ڕووداو) سیاسەتێکی زۆر چەواشەکارانە و دووژمنکارانە بەڕێوەدەبەن، بۆ نموونە پەیامنێری ئەو کەناڵە دەچێت لەگەڵ ئەو چەتانە چاوپێکەوتن دەکات کە هێرش دەکەنە سەرعەفرین و ڕێگایان بۆ خۆش دەکات بۆ ئەوەی پڕوپاگەندەی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن شەرعییەت بە ئەو داگیرکاریە بدەن، یاخود ئیبراهیم برۆ، کە بەردەوام خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیای کردووە، بانگ دەکەن لە ستۆدیۆ دەڵێت:" دەبێ شەڕڤانان بەرخودان نەکەن، چونکە بەرخۆدان زیان لە گەل دەدات" هەروەها برۆ دەڵێت:" وەک چۆن مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٧٥ کۆتایی به شۆرش هێنا، دەبێت شەڕڤانانیش بەو شێوە لە عەفرین کۆتایی پێ بێنن." دەستە راستی مەسعود بارزانی به شێوەی ئاشکرا بانگەشەی دووپاتکردنەوەی ئاشبەتاڵ دەکا. 

 لە لێکدانەوەی ئەو قسانەی "برۆ"وە چەند خاڵێکی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت: 

١- کەناڵی ڕووداو لە ڕێی ئەو جۆرە کەسانەوە دەیانەوێت شەرعییەت بە داگیرکاریی تورکیا لەسەر عەفرین بدەن و چاوەڕێی کەوتنی عەفرینن، وەک چۆن بەڕێوەبەری کەناڵی ڕووداو [رێبوار کەریم وەلی] پێشتر گوتبوی "ئەمشەو ناخەوم هەتا کۆبانێ دەکەوێت".

٢- بەم شێوە قسەکردن لەسەر مەلا مستەفا بارزانی لەو کەناڵە، کە دەڵێ بارزانی کۆتایی بە شۆڕش هێنا، ئەوە دەردەخات کە ڕووداو یان هەر هیچ هی پارتی نییە یان بەشێکی کەمی تێدا هەیە، کەسێک چۆن دەتوانێ لە کەناڵی پارتییەوە بەم شێوە قسە لەسەر مەلا مستەفا بکات، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە ئەو کەناڵە ڕاستەوخۆ لەلایەن دەزگای سیخوڕی میتەوە بەڕێوەدەبرێت.  

٣- وادیارە ئیبراهیم برۆ ئاگای لە ئەنەکەسەش نییە، چونکە ئەم جارە ئەنەکەسەش دژایەتی خۆیان بۆ داگیرکاری تورکیا لەسەر عەفرین ڕاگەیاند و بەشداری کۆبوونەوەی سوچیش نەبوون، ئەوەی ئیبراهیم برۆ دەیکات دەتوانین بڵێین سیاسەتی تورکیا و میت بەڕێوە دەبات نەک ئەنەکەسە.

ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە ئەوەیە کە سیاسەتی دەزگای میت، کە لە ڕێی کەسانیی وەک ئیبراهیم برۆ و کەناڵی ڕووداو بەڕێوەی دەبەن، بۆ شکاندنی مۆراڵ و بەرخۆدانی گەل، پێچەوانە دەبێتەوە و هەتا دێ بەرخودان بەهێزتر دەبێت لە هەموو شوێنکی کوردستان و ئەورپا و جیهانیش سەرهەڵدان دژی داگیرکاریی عەفرین گەورەتر دەبێت. وەک چۆن کۆبانێ نەکەوت، عەفرینیش ناکەوێت و ئیرادەی ئازادیی هەر سەردەکەوێت و ئەوانەشی لەگەڵ سیاسەتی ئەردۆغاندان، لەگەڵ شکاندی ئەردۆغاندا دەشکێن.


چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌ڕاستینەی ئیسلام لە دیدی ئۆجالان...

‌نێچیرڤان بارزانی ڕاستدەکات هەموو شتێ خەتای پەکەکەیە.!...

‌هاتنی تورکیا بۆ قه‌ندیل خیانه‌تیک به‌تامی31ئاب...

‌منبیج، کشانەوەی هێزە کوردییەکان بۆچی؟ ئامانج و پلانەکانی تورکیا چین؟...

‌داپڵۆساندنی کۆمه‌ڵگه‌... له‌ که‌سایه‌تی گه‌نجدا...

‌ئەوکاتەی شۆڕش دەبێتە پارە!...

‌هەڵوێستەیەک لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان...

‌مێژوو جارێکیتر مەیلی خۆ دوبارەکردنەوەی هەیە!...

‌گەنجان و حیزب...

‌بۆچی لەم کاتەدا ڕیفراندۆم؟ ...

‌گۆڕینی ڕۆژەڤ "بابه‌ت"...

‌ژنانی گه‌نجی تێكۆشه‌ر؛ ئیدی بەسە بۆ کوشتن و توندوتیژی لەسەر ژنان...

123
په‌ڕه‌یله‌ 3
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك