کوردی           عربی

كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە‌

10/02/2018

Wednesday‌

ته‌ڤگه‌ر - دانا عومەر

 

ئەندامێكی پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی كەجەكە، دەڵێت، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەی توركیا بۆ سەر عەفرین ئێمەش چالاکییەکانمان لەناو توركیا و باكوری كوردستان زیاند دەكەین، دەشڵێت: تەمەنی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و ئاكەپە كەمی ماوە.

 

سەرحەد ڤارتۆ، ئەندامی پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان- كەجەكە، لەم چاوپێكەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەند پرسیارێكی گرنگ دەداتەوە لە بارەی هەڵوێستی كەجەكە، لە بارەی هێرشی توركیا بۆسەر عەفرین و هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بە عەفرین، هەروەها گرنگی یەكێتی نەتەوەیی و چۆنیەتی دروستبوونی یەكێتی نەتەوەیی.

 

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

 

بۆچوونی کەجەكە چییە لەسەر ئەوەی لە عەفرین ڕوودەدات؟

 

"ئەردۆغان سەركەوتنی خۆی لە دژایەتیكردنی كوردا دەبینێتەوە"

 

سەرحەد ڤارتۆ: هەموو پیلانگێڕی و پڕۆژەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان تێكچوو سەرنەكەوت، بۆ ئەوەش لە هەوڵی دروستكردنی ڕێكەوتنی جیا جیادایە لە دژی كورد، دەوڵەتی ئاكەپە و ئەردۆغان هەموو كارێكیان بووە بە دژایەتیكردنی كورد، ئەردۆغان سەركەوتنی خۆی لە دژایەتیكردنی كوردا دەبینێتەوە، پێی وایە ئەگەر بەسەر كوردا سەر نەكەوێت تیادەچێت.

 

وتیشی: لەڕاستیشدا كاتی دەسەڵاتداری ئەردۆغان و پارتەكەی كەمی ماوە، لەبەر ئەوەی ماوەی نزیكەی 12 ساڵە لەدەسەڵاتدایە، لە بنەڕەتدا هۆكاری درێژبوونەوەی دەسەڵاتداری ئاكەپە ئەوەیە، كە جوڵانەوەكەی ئێمە ماوە ماوە فرسەت و توانای دا بە ئاكەپە، دانوستانی ڕێكخست، ئاگربەستی راگەیاند، بۆ ئەوەی مەسەلەی كورد بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، ئێمە وتمان ئەگەر ئەو نیازێكی هەیە كێشەی كورد چارەسەر بكات با فرسەتی بدەینێ‌، بەڵام داوای ئەوەی بۆمان دەركەوت كە نیازی چارەسەری كێشەی كوردی نییە ئێمەش دەستمان بە تێكۆشان كردەوە دژی ئەو، ئەو تێكۆشینەش حكومەتی ئەردۆغانی تەنگاو كرد، ئەو كودەتایەش كە لەساڵی 2016 لەتوركیادا ئەنجام درا، دەرئەنجامی تێكۆشینەكانی ئێمەبوو، دوای ئەوەی ئێمە دەستمان بەچالاكی كردەوە هەندێك لایەن هەوڵیاندا كە كودەتا بكەن، سەرنەكەوتن ئەوە زۆر گرنگ نییە، بەڵام دوای ئەو هەنگاوانە تەنگاوبوونی دەوڵەتی ئاكەپە زیادیكرد، لە سەر ئاستی جەماوەریش پێگەی لاواز بووە، بۆیە بە هێرشكردنە سەر عەفرین و دژایەتیكردنی كورد دەیەوێت هەندێك دەستكەوت بەدەست بهێنێت.

 

ئەنجومەنی ئاسایش دانیشتنێكی لەسەر هێرشی توركیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا، بەڵام بڕیارێكی گرنگی تێدا نەدرا، هەڵوێستی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا و ڕوسیا چۆن دەبینن بەرامبەر بە عەفرین؟

 

"دەبێت هیوامان بەوە نەبێت كە ئەو دامەزراوانە بڕیارێك بۆ بەرژەوەندی كورد دەربكەن"

 

سەرحەت ڤارتۆ: پێویستە وەك گەلی كورد هیچ هیوایەكمان بە دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی نەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا ئەوەی كە كوردستانی كردووەتە چوار پارچە ئەو دامەزراوانەن، بۆیە دەبێت هیوامان بەوە نەبێت كە ئەوان بڕیارێك بۆ بەرژەوەندی كورد دەربكەن، لەلایەكی دیکەوە ئەو شەڕەی كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست ڕوودەدات كە بەشەڕی جیهانی سێهەم ناودەبرێت لە ئەنجامی تێكچوونی سیستمی جیهانییە، پێویستە سیستمێكی نوێی جیهانی پێكبێت، ئەو دامەزراوانە دامەزراوەی سەدەی بیستەمن، بۆیە ناتوان هەڵوێستی ڕادیكاڵیان هەبێت، ئەوان بەگوێرەی ڕەوشەكان هەڵوێست وەردەگرن.

 

كەواتە بەرژەوەندییان لەگەڵ توركیادایە بۆیە بڕیار دژی دەرناكەن؟

 

"ئەمریكا و ڕوسیا دەیانەوێت توركیا بەلای خۆیاندا ڕابكێشن"

 

سەرحەد ڤارتۆ: توركیا وڵاتێكە دژی كورد شەڕ دەكات، ڕوسیا لەپێناو سیاسەتی خۆیدا توركیا بەكار دەهێنێت، ئەمریكاش نایەوێت توركیا زۆر لە ڕوسیا نزیكبێتەوە، بۆیە هەردووكیان دژی توركیا نین، دەیانەوێت توركیا بەلای خۆیاندا ڕابكشێن، بۆیە ناتوانن هەڵوێست لە دژی توركیا وەرگرن، ئەوەی دەتوانێت هەڵوێستی ئەوان بگۆڕێت تێكۆشانی گەلی كورد خۆیەتی.

 

كەجەكە و پەكەكە ڕایانگەیاند كە لە شەڕی عەفریندا تەماشەكەر نابن و بەشدار دەبن، ئێوە دەتانەوێت چ هەنگاوێك بنێن بۆ پشتگیری عەفرین؟

 

"وەك چۆن لە كۆبانێ‌ و شەنگال و كەركوك ڕۆڵمان هەبووە لە عەفرینیش دەمانبێت"

 

سەرحەد ڤارتۆ: پەكەكە بزوتنەوەی نەتەوەی دیموکراتە، بزوتنەوەی یەك پارچە نییە، هەم تێكۆشان و ڕێكخستنی پەكەكە لە هەموو پارچەكاندا هەیە، هەمیش پەكەكە تەمسیلی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكات، چونكە خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان لەناو پەكەكەدا هەن، بۆیە ڕاست نییە پەكەكە لەبەرامبەر ئەو ڕووداوانەی لە پارچەیەك لە پارچەكانی كوردستاندا دروست دەبێت بێدەنگ بێت، پەكەكە پرسی كورد لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا وەك یەك پرس سەیر دەكات، ئەگەر ئێمە سەركەوتین بەیەكەوە سەردەكەوین، ئەگەر شكستمان هێنا پێكەوە دەیهێنین.

 

 

وتیشی: لە هێرشكردنە سەر كۆبانی ئێمە هەڵوێستمان هەبوو، لە شەنگال و كەركوك و هەولێریش كە داعش هێرشی كرد ئێمە بەرگریمان كرد، بۆ بابەتی عەفرینیش هەركاتێك پێویست بوو ئێمە ڕۆڵمان دەبێت، بەڵام ئەوەی دیارە تا ئێستا یەپەگە و یەپەژە و هێزەكانی سوریای دیموكرات بەرگریەكی مەزن دەكەن، وە سەركەوتنیش بەدەست دەهێنن.

 

وەك فشارێك بۆ سەر توركیا لە بەرمبەر ئەو هێرشەی دەیكاتە سەر عەفرین ئێوە چالاكییەكانتان لە باكوری كوردستان و توركیا زیاد ناكەن؟

 

"بێگومان لە داهاتوودا زیادی دەكەین"

 

سەرحەد ڤارتۆ: بێگومان زیادی دەكەین، هەرچەند ئێستا وەرزی زستانە، لەبەر زستان چالاكیمان كەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەی كە زستانیشە هەپەگە چالاكی جۆراوجۆر لە باكوری كوردستان و توركیا ئەنجام دەدات، بێگومان لە ڕۆژانی داهاتوودا هەپەگە چالاكییەكانی بەشێوەی جۆراو جۆر زیاد دەكات، لەهەموو شوێنێك لە دژی داگیركەری دەوڵەتی توركیا ڕادەوەستین.

 

بۆ ئەو هێرشانەی دەكرێتە سەر گەلی كورد لە پارچەكانی كوردستان، یەكێتی نەتەوەیی چەند گرنگە؟

 

"ئەگەر یەكێتی نەتەوەیی هەبوایە ئەو كارەساتانە بەسەر كوردا نەدەهاتن"

 

سەرحەد ڤارتۆ: یەكێتی نەتەوەیی بۆ كورد زۆر گرنگە، ئەگەر یەكێتی نەتەوەیی هەبوایە ئەو كارەساتانە بەسەر كوردا نەدەهاتن، بەڵام دروستبوونی یەكێتی نەتەوەیی تەنها پەیوەست نییە بە لایەنە سیاسییەكانەوە، یەكێتی نەتەوەیی پێش هەموو شتێك دروستبوونی فكری نەتەوەییە، پێویستە ئەوە دروست بێت، ئەو هەوڵانەی كە دەدرێت كاریگەری لەسەر دروستبوونی فكری نەتەوەیی هەیە.

 

وتیشی: ئەگەر نەتەوە وەك لاشەی مرۆڤ بێت، هەموو پارچەكانی جەستە بەشێكی جەستەكەن، مێشكیش بەشێكە لەو جەستەیە، بەڵام بەشێكی گرنگی جەستەكەیە، ئێستا كێشەی سەرەكی ئێمە لە یەكێتی نەتەوەیی دا ئەوەیە، لاشەكە هەمووی تەواوە و هەیە، بەڵام مێشكی نەتەوەیمان تەواو كامڵ نەبووە، بۆنمونە جەستەی ئینسان كاتێك دەرزیەك بە شوێنێكیدا دەچێت پارچەكانی دیکەی جەستەش ئازاری دەبێت، لەبەر ئەوەی مێشكەكە ئازارەكە وەردەگرێت و دەینێرێت بۆ بەشەكانی دیکەش، ئەگەر كۆنگرەی نەتەوەیی وەك مێشكێك كار بكات ئەوكاتە لەهەر پارچەیەكی كوردستان ئازارێكی هەبوو دەبێتە ئازاری هەموو پارچەكانی كوردستان.

 

كەواتە ئەو فكری نەتەوەیییە چۆن كامڵ دەبێت؟

 

"پێویستە لەهەموو پارچەكانی كوردستاندا ڕۆحی نەتەوەیی دروستبكەین"

 

سەرحەد ڤارتۆ: لە كۆنگرەی نەتەوەیی دا دەبێت ئەوە یەكلا بكەینەوە كە كورد كێیە، ئەوە پرسێكی گرنگە، چونكە لە ئێزدی دەپرسی هەندێك دەڵێن كوردین، هەندێك دەڵێن كورد نین، لە عەلەوی دەپرسین هەندێك دەڵێن كوردین هەندێك دەڵێن كورد نین، ئەبێت ئەو بابەتانە یەكلایی بكرێتەوە، دەبێت دیاری بكەین سنووری كوردستان كوێیە، ئێستا داگیركەران كوردستانیان كردووە بەچوار پارچەوە، هەندێك لە هێزە سیاسییەكان بەرژەوەندیەكانی خۆیان گرێ داوەتەوە بە داگیركەری پارچەیەكی دیکەی كوردستانەوە، یان دەڵێن كوردستانی خۆمان و خۆتان، شتێك نییە بەناوی كوردستانی خۆمان و خۆتان، یان كوردستان هەیە یان نییە، پێویستە لە هەموو پارچەكانی كوردستاندا ڕۆحی نەتەوەیی دروست بكەین.

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێ...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ی...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن ...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن...

‌عه‌لى هه‌ڵۆ : ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات له‌سه‌ر ده‌رخستنى ناوى PKK له‌...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك