کوردی           عربی

به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ نادیموكراتیه‌كان، پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی دیموكراتی‌

02/10/2018

Wednesday‌



له‌ هه‌ر وڵاتێکی‌ پێشکه‌وتوودا پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ئامانجی‌ ده‌ستا و ده‌ستکردنی‌ ده‌سه‌ڵات‌و سزادانی‌ که‌سان‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ ناشایسته‌ به‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ کۆمه‌ڵگه‌ ئه‌نجام ده‌درێت بێگومان ئه‌مه‌ش به‌ ئاماده‌کردنی‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی‌ هۆشیار‌و که‌شێکی‌ دیمکراتیک، به‌ڵام له‌ باشووری‌ کوردستاندا هه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا، واتا له‌ساڵی 1992 ‌و دوای ڕاپه‌ڕینه‌ پڕ شکۆکه‌ی خه‌ڵکی باشووری کوردستان پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمی کوردستان بوو به‌ڕۆژه‌ڤ، به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌وه‌ تا‌ دوا هه‌ڵبژاردن که‌ له‌ 30 ـ 9 ـ 2018 ئه‌نجام درا نه‌ هه‌ڵبژاردنێکی‌ دیموکراتی‌‌و نه‌یش کۆمه‌ڵگه‌ی‌ بۆ هۆشیار کرایه‌وه‌ به‌ پێی‌ سه‌رده‌م‌و قۆناخه‌که‌، به‌ڵکو پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی‌ نادیموکراتی‌‌و له‌ ژێر زه‌خت‌و فشاره‌کانی‌ داگیرکه‌رانی‌ کوردستان‌ به‌رێوه‌چووه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌که‌م خولی ئه‌و په‌رله‌مانه‌ ده‌رگای‌ بۆ شه‌ڕی‌ ناوخۆ کرده‌وه‌، نه‌ک چاره‌سه‌ری‌ کێشه‌کان. ئیتر له‌و کاته‌وه‌ ئه‌م په‌رله‌مانه‌ مه‌حکومه‌ به‌سیاسه‌ت و بڕیاری ده‌ره‌کی‌‌و نادیموکراتی، تاکو ئێستاش هێنده‌ی بڕیاری نادیموکراتی و نانه‌ته‌وه‌یی له‌و په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت هێنده‌ له‌خه‌می چاره‌سه‌ری پرسه‌ چاره‌نوسسازه‌کانی گه‌له‌دا نه‌بووه‌.

دوا هه‌ڵبژاردن که‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان بۆ خولی پێنجه‌م بوو دیسان به‌ هه‌مان شێوه‌و به‌ هه‌مان پیلان ئاماده‌کاری‌ بۆ کراو هه‌ر له‌ یه‌که‌م هه‌نگاویشدا ئاماداکاری‌ بۆ ئه‌وه‌ کرا که‌ هێزێک به‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست‌و ببێته‌ ده‌سه‌ڵات به‌ تایبه‌ت به‌ گوێره‌ی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌کان وا ده‌رده‌که‌وێت، وێرای‌ ئه‌وه‌ی‌ که‌ نزیکه‌ی‌ نیوه‌ی‌ کۆمه‌ڵگه‌ نه‌چۆته‌ سه‌ر سندوق، نیوه‌که‌ی‌ تریش که‌ چۆته‌ سه‌ر سندوق هه‌مووی‌ ده‌نگی‌ ته‌نها بۆ لایه‌نێک نه‌داوه‌ له‌ کاتێکی‌ وادا ده‌بێته‌ نزیکه‌ی‌ %70 ئیراده‌ی‌ خه‌ڵک بێگومان سه‌پاندنی‌ ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر ئه‌م رێژه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی‌ گه‌وره‌یه‌، بۆیه‌ پێداگریکردن له‌م پیلانه‌‌و ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌ ده‌ستی‌ هێزێک زه‌نگێکی‌ هه‌ره‌ مه‌ترسیداره‌ بۆ داهاتووی‌ باشوری‌ کوردستان.

هه‌روه‌ها هه‌وڵدانی‌ جددی‌ کرا بۆ ده‌رخستنی‌ هه‌ندێک لایه‌ن‌و به‌و شێوه‌یه‌ش به‌ڕێوه‌چوو، بێگومان هه‌ر له‌سه‌ره‌تا‌وه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌و ئه‌و کۆمسیۆنه‌ی‌ که‌ ئه‌رکدار کرابوو بۆ سه‌رپه‌رشتی‌ کردنی‌ هه‌ڵبژاردن له‌ ژێر هه‌ژموونی‌ حزب‌و ده‌ستی‌ ده‌ره‌کی‌‌و خاوه‌ن زیهنیه‌تێکی‌ نادیموکراتی‌ بوو، هه‌نگاوی‌ یه‌که‌می‌ ئه‌مه‌ش به‌ قه‌ده‌خه‌کردنی‌ ته‌ڤگه‌ره‌که‌مان ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ کۆمه‌ڵگه‌ی‌ کوردستان ده‌ستی‌ پێکرد‌و مۆری‌ نادیموکراتی‌ بوونی‌ لێ درا. 

وه‌ک ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ باوه‌ڕی‌ ته‌واومان به‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌یه‌ به‌ مه‌رجێک که‌ له‌ که‌شێکی‌ دیموکراتیدا ئاماده‌کاری‌ بۆ بکرێت‌و به‌رێوه‌ بچێت، بێگومان له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و سیاسه‌تانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌ براوه‌ له‌ ساڵانی‌ رابردوو به‌ تایبه‌ت له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگه‌که‌مان بۆ ئه‌وه‌ی‌ که‌ بێ باوه‌ڕ بێت له‌م پرۆسه‌یه‌ به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا گه‌ل به‌ ئیراده‌وه‌ به‌ هیوای‌ گۆڕانکاری‌‌و باشتر کردنی‌ ئه‌م بارودۆخه‌ چووه‌ سه‌ر سندوقی‌ ده‌نگدان‌و وه‌ک ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ رێز له‌ بڕیار‌و ئیراده‌ی‌ خه‌ڵک ده‌گرین.

جێگای‌ به‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌ له‌و رۆژه‌ی‌ که‌ به‌ بڕیارێکی‌ سیاسی‌ ته‌ڤگه‌ره‌که‌مانیان قه‌ده‌خه‌ کرد وێرای‌ بێده‌نگی‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌کان له‌ هه‌ڵوێستی‌ فه‌رمی‌ خۆماندا وێرای‌ شه‌رمه‌زارکردنی‌ ئه‌م بڕیاری‌ قه‌ده‌خه‌یه‌ ئه‌وه‌یشمان راگه‌یاند که‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئه‌م ناعه‌داله‌تیو ناهه‌قیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئێمه‌ ئه‌نجام ده‌درێت به‌یانیش به‌رابمه‌ر لایه‌نی‌ تریش ئه‌نجام ده‌درێت‌و له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ چاوه‌ڕوانی بڕیارو پیلانی خراپتربن، ئه‌گه‌ر ئێستا بریاریکی به‌وڕه‌نگه‌ دژی ئێمه‌ ده‌رده‌چێت ئه‌وا سبه‌ی دژی هه‌موو پێوانه‌کانی دیموکراتی و به‌تایبه‌تیش پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

دوا جاریش دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان‌و ئه‌نجامی‌ نافه‌رمی‌ هه‌موو ئه‌و راستیانه‌ی‌ که‌ وه‌ک ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ باسمان کردبوو، به‌ پراکتیکی‌ ده‌رکه‌وت، هه‌ر له‌ کاتی‌ پرۆسه‌که‌دا هه‌ر له‌ ساخته‌کاری‌‌و ته‌زویر بگره‌ تا ده‌گات به‌ لێدانی‌ چاودێران، ئازاردانی‌ ده‌نگده‌ران، راگه‌یاندنکاران هتد له‌م پرۆسه‌یه‌دا روویاندا. وه‌ک له‌ ئه‌نجامه‌ نافه‌رمیه‌کان ده‌رکه‌وت که‌ به‌شێکی‌ زۆری‌ لایه‌نه‌کانی‌ به‌شدار له‌م پرۆسه‌یه‌دا له‌م ئه‌نجامانه‌ نارازین‌و به‌شێکیشیان تا ئێستا هه‌ڵوێستی‌ به‌شدارنه‌بوون له‌ په‌رله‌مانیان به‌م ئه‌نجامانه‌ راگه‌یندووه‌. 

له‌و باوه‌ڕه‌داین که‌ ئه‌م پرسه‌یه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا ئێستا به‌ شێوه‌یه‌کی‌ نادیموکراتی‌‌و له‌ ژێر هه‌ژمونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوخۆیی‌‌و ده‌ره‌کی‌ به‌ڕێوه‌ چووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ لێره‌دا به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و هێزو لایه‌نانه‌ی‌ که‌ نارازین له‌ ئه‌نجامه‌کان‌و هه‌روه‌ها باوه‌ڕیان به‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی‌ دیموکراتی‌ وه‌ک هێزێکی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ راسته‌قینه‌ له‌ چاره‌سه‌ی‌ بگه‌ڕێین.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا وه‌ك ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ بانگه‌وازی‌ له‌ هه‌موو هێزو لایه‌ن‌و که‌سه‌ ناڕازیه‌کان ده‌که‌ین له‌م پرۆسه‌یه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵک رێک بخه‌ین‌و بێینه‌ لای‌ یه‌کتری‌‌و هه‌وڵه‌کانمان بخه‌ینه‌ گه‌ر بۆ پێک هێنانی‌ به‌ره‌یه‌کی‌ دیموکراتی‌ که‌ بتوانێت کۆتایی‌ بێنێت به‌ هه‌موو ئه‌و یاریانه‌ی‌ که‌ به‌ چاره‌نوسی‌ گه‌ل‌و ئێمه‌ وه‌ک لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان ده‌کرێت‌و به‌ جدی‌ به‌دواداچوون له‌ ئاستی‌ جه‌ماوه‌ری‌، ناوخۆی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ بکه‌ین بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کانمان که‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنێکی‌ دیموکراتیو بونیادنانی‌ سیسته‌مێکی‌ دیموکراتیه‌، که‌ رێز له‌ بڕیار‌و ئیراده‌ی‌ گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌مان بگرێت.


ده‌سته‌ی‌ هاوسه‌رۆکایه‌تی‌
ته‌ڤگه‌ری‌ ئازادی‌ کۆمه‌ڵگه‌ی‌ کوردستان
2 ـ 9 ـ 2018

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌بەیاننامەی تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆڕاگریی کۆبانێ...

‌كه‌مپینێك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بناری قه‌ندیل ڕاگه‌یه‌ندرا...

‌پرۆژه‌یه‌ك بۆ چارەسەری دیموكراتیانەی قەیرانەكانی باشووری كوردستان ‌و ع...

‌ئه‌نجامی ڕیفراندۆم ده‌سكه‌وت بوو یان له‌ده‌ستدان؟...

‌ئۆباڵی شکستی گۆڕان بەملی کێ؟...

‌بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵەح بە بۆنەی ئەركدار بوونتان بە سەرۆك كۆماری عێر...

‌ته‌ڤگه‌ری ئازادیی: به‌شداری‌‌ و پشتگیری‌ هیچ هێز و قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاس...

‌شاندێکی تەڤگەری ئازادیی بەشداریی پرسەی شەهیدانی کۆیەیان کرد...

‌تەڤگەری ئازادیی پرسەی زانیار و لوقمان مورادیی بەسەرکردەوە...

‌هێرش و بۆمبارانی موشەکی جمهوری ئیسلامی ئیران لە کۆیە شەرمەزاردەکەین...

‌ ئاشتی له‌ هه‌موو شتێک به‌هادار تره‌...

‌جەژنی قوربان لەتەواوی موسڵمانانی جیهان و گەلانی بن دەست و گەلی کورد پی...

په‌ڕه‌یله‌ 17
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك