کوردی           عربی

پرۆژه‌یه‌ك بۆ چارەسەری دیموكراتیانەی قەیرانەكانی باشووری كوردستان ‌و عێراق ‌

18/10/2018

Wednesday‌



ئێوارەی دوێنێ، لە هۆڵی ئەکواپارک لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، ئاهەنگێک بەڕێوەچوو.

نوێنەری بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەک لە پەرلەمانتاران و کەسایەتیی و ژمارەیەکی زۆر ئەندامی تەڤگەری ئازادیی، بەشدارییان لە ئاهەنگەکەدا کرد.

سەرەتای ئاهەنگەکە بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان  شیلان شاکر، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی پرۆژەی چاره‌سه‌ری بۆ کێشەکانی باشووری کوردستان خوێندنەوە.

دواتر لەلایەن گروپی شەهید سەرحەدەوە، چەند گۆرانی و بەرهەمێکی هونەریی پێشەشکەش کران.

پاشان لەلایەن هونەرمەندانی میللـی ئەرجومەن هەورامی و هیوا قڕگەییەوە چەند گۆرانییەک پێشکەشکران و بەشداربووانیش بە هەڵپەڕکێ و ئاهەنگگێڕان یادەکەیان پیرۆزکرد.

هەر ئەمڕۆش ئەنجومەنی هەرێمی ڕاپەڕینی تەڤگەری ئازادیی، لەبارەگای تەڤگەری ئازادیی لە شارۆچکەی ڕانیە، بە هەمان بۆنەوە پێشوازییان لە میوانان کرد.

ده‌قی پرۆژه‌كه‌:

با چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان
بكەینە چارەسەری دیموكراتیانەی قەیرانەكانی باشوری كوردستان ‌و ئێراق

بەبۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی كۆمەڵگەی كوردستان كە لە كات‌و ساڵێكی قەیراناوی، شەڕێكی دژوار‌و بارودۆخێكی ناڵەبار لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابوری ‌و پاراستنیدا دامەزرا، بەتایبەتیش لە كاتێكدا كە قورسترین شەڕ كە شەڕ‌و هێرشەكانی هێزی تیرۆریستی جیهانی داعش بوو وەك بەدیلێك خۆی راگەیاند‌و تا ئەمڕۆ شان بەشانی  بەرەی خەڵك ‌و كەسانی خاوەن هەڵوێست لە ناو تێكۆشانێكی بێ وچانی دیموكراستی دایە.  پیرۆزترین پیرۆزبایی لە خۆمان‌و تەواوی ئەندامان‌و لایەنگران‌و دۆستان دەكەین.
لە بەرواری 17 ـ 10 ـ 2014 كە خۆمان راگەیاند وەك تەڤگەری ئازدی لە گەڵ هەموو ئەو زەخت‌و فشار‌و ئاستەنگیانەی رووبەروومان بۆتەوە‌و دەبێتەوە، لە تێكۆشانی دیموكراتی‌و نەتەوەییانەی خۆمان بەردەوامین‌و بەردەوام دەبین ئەو پرۆژەیەی كە بەم بۆنەیەوە بۆ رای گشتی رادەگەیەنین درێژە پێدەری ئەو تێكۆشانەمانە‌و دوپاتی دەكەینەوە لەسەر هێڵی تێكۆشانی دیموكراتیانە‌و نەتەوەیی بەردەوام دەبین.
لەگەڵ ئەوەی كە تەڤگەرەكەمان لە كاتێكی قەیراناوی‌و قۆناخی هێرش گەلێكی دژوار بۆ سەر گەلەكەمان دامەزراوە‌و رووبەرووی هەموو ئاستەنگیەكان بوینەتەوە، بەڵام وێرای هەموو ئەوانەیش بێ كەم‌وكورتی نەبووین، بەم هۆیەشەوە لە بەرامبەر هەموو لاوازیەكانمان بەرامبەر بە گەلەكەمان رەخنەداینی خۆمان دەدەین‌و بەڵێن دەدەین لە داهاتوودا لاوازیەكانمان دەست لەناو دەستی ئێوە تێبپەرێنین. 
رۆژ بە رۆژ قەیران و ململانێ و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی پەرەدەسێنێت، ئەم جەنگە كە سێهەمین جەنگی جیهانە لە ئەنجامی زهنیەتی هەژمونگەرایی زلهێزانی جیهانی و دەوڵەتە پەرژەوەندی پەرست و دەسەڵاتخوازەكانی ناوچەكە بەڕێوەدەچێت كە دەیانەوێ جارێكی تر ناوچەكە و جیهان بەگوێرەی بەرژەوەندیەكانی خۆیان دیزاین بكەنەوە، لە ئەنجامی ئەم جەنگە سەپێنراوەدا تا ئێستا سەدان هەزار خەڵكی بێتاوان بونەتە قوربانی، گەلی كوردیش وەك گەلێكی ژێردەستە زۆرترین قوربانی بەردەكەوێت و وڵاتەكەشی تا دێت زیاتر دەبێتە مەیدانی یەكلاكەرەوە بۆ ململانێی زلهێزەكان، هەموو داگیركارانی ناوچەكە و هێزە هەژموونگەرا جیهانیەكانیش دەخوازن كورد لەم ئاڵوگۆرانەدا وەك سەدەكانی ڕابردوو تەنها یاریەكانی لەسەر بەرێوەبچێت و نەبێتە كاراكتەر. 
لەم 27 ساڵەی حوكمڕانیدا لە  دوای راپەرینە مەزنەكەوە تا دەگاتە روخاندنی‌ رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 و دواتریش لە شەڕی دژ بە چەتەكانی داعشدا كە پێشمەرگە ‌و گەریلا توانیان رۆڵَیكی سەرەكی بگێڕن لە ڕوبەڕوبونەوەیاندا، ئەم دەرفەتانە و چەندین دەرفەتی تر كە بە تێكۆشانێكی بێوچانی گەلەكەمان و قوربانیدانی مەزن و خوێنی هەزاران شەهید بەرهەمهات لەدەستدران. تەنها شتێك كە دەسەڵاتدارانی باشوور بۆیان گرنگ بوو پاوانخوازی هێزە دەسەڵاتدارەكان و بەردەوام پشتكردنە گەلەكەمان و سەركوتكاری لەبەرامبەریاندا بووە، لەلایەكی تریش دەست تێكەڵكردنی‌ بەردەوامیان لەگەڵ دوژمن و تەسلیمكردنی خاك و سەروەت و سامانی وڵات بە داگیركاران و كەوتنە دوای پلانەكانیان بووە.
وێرای 27 ساڵ تێپەرین‌و لەدەستدانی بەشێكی زۆر لە دەستكەوتەكان، لەوەیش گرنگتر لەدەستدانی گەلێك دەرفەت كە هاتونەتە پێش، لەپاڵ ئەمانەیشدا بونی هێزێكی گەل كە لە هەر كات‌و ساتێك لە بەرامبەر هەموو ئەو سیاسەتانەی لە سەری بەڕێوە براوە، بەڵام گرێدراوە بە خاك‌و هێشتاش كۆڵنادات‌و لەسەر پێیە، لە گەڵ ئەنجامدانی چەندین خوڵی هەڵبژاردنی بێ ئەنجام بۆ دیموكراتیزەكردنی سیستەم، هێشتاش بە ئومێدە‌و دەچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان، بەڵام دواجاریش‌و دوا خولی هەڵبژاردنەكان پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بوو لە 30 ـ 9 ـ 2018 ئەنجامدران دیسانەوە بەهۆی نەبونی زیهنیەت ‌و سیستەمێكی دیموكراتیانە نەبوون بە چارەسەری‌و قەیران‌و كێشە‌و ململانێكان تەنیا لە پێناو بەرژەوەندی‌و دەسەڵات بەردەوامن. 
بنەمای هەموو كێشەكانی باشووری كوردستان دیموكراتی نەبوونە. بۆیە هەموو كێشەكان تەنیا بە زیهنییەت، سیاسەت و سیستەمێكی دیموكراتی چارەسەر دەبێت. لەم سۆنگەیەوە هەروەك لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە لە بەرامبەر قەیران‌و ئالۆزیەكان وەك بەدیلێك خۆمان راگەیاند، لە ئێستایشدا بەم پرۆژەیە جارێكی تر جەخت لەسەر هێڵی تێكۆشانمان بۆچارەسەریەكان بە پرۆژە دەكەینەوە‌و ئەم پرۆژەیە پێشكەش بە رای گشتی دەكەین.
ــ تەوەری یەكەم: پرسی سیاسی:
1 ـ هەرچی زووە كۆمیتەیەك پێك بهێنرێت لە خەڵكی شارەزا، بێ لایەن، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی‌و نوێنەری لایەنە سیاسیەكان، بۆ نوسینەوەی رەشنوسێكی دەستور بۆ هەرێمی كوردستان كە یەكانگیر بێت لەگەڵ یاسا‌و پرەنسیپە دیموكراتیەكان بۆ تێپەڕاندنی هەموو كێشە‌و قەیرانەكان. 
2 ـ لە پێناو سەرەڕاستكردنەوەی ئەركی هەر سێ دەسەڵاتەكەی جێبەجێكار، یاسادانان‌و دادگا كە بەهۆی بەجێنەهێنانی ئەركی راستەقینەیان بوون بە دەسەڵاتی حزبی‌و ئەمەش بۆتە هۆكارێكی هەرە سەرەكی بۆ تێكدانی سیستەمی هەرێمی كوردستان، بە ئەركی راستەقینەی خۆیان هەڵسن. 
3 ـ پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم ئێراق ئاسایی بكرێنەوە‌، نوێنەرانی كورد لە بەغدا دوور لە بەرژەوەندی حزبی  بە ئەركی نەتەوەیی‌و نیشتمانی هەڵسن بۆ بونیادنانی ئێراقێكی دیموكراتی‌و فیدراڵی‌و چەسپاندنی مافە دیموكراتیەكانی گەلی كورد.
4 ـ پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی سەرەڕاست بكرێنەوە‌و لە پێناو بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان‌ و دۆزی گەلی كورد بێت.
5 ـ ناوچە كێشە لەسەرەكان كە لە رابردوو نە حكومەتی ئێراق‌و نە حكومەتی هەرێم نەیانتوانی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بۆیە دەبێت لە رووی ئیداری، ئابوری‌ و ئەمنیەوە خۆیان خاوەن رۆڵ بن ‌و ئیدارەی خۆیان بكەن. بەتایبەتیش بەزووترین كات هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە كەركوك ئەنجام بدرێت. 
6 ـ سەرچاوەی سیاسەتی نادیموكراتیانە بە بنەمانەگرتن‌و بەشدارینەكردنی ژنە بە شێوەیەكی هاوسەنگ‌و پێشەنگ، ئێمە لەو باوەڕەداین بە پێچەوانەی ئەو سیستەمەی ئێستا هەیە كە ژنی پەراوێز خستوە‌و هیچ پلان‌و بەرنامەیەك بۆ تێپەڕاندنی ئەم رەوشە نابینرێت، بۆ ئەمەش پێویستە ئیرادەی ژن لە كایەی سیاسی‌و تەواوی كایەكانی تر بە بنەما بگیردرێت‌و ئەمەش لە دەستوردا بەجێ بكرێت‌و لە كرداردا جێبەجێ بكرێت. 
ــ تەوەری دووەم: پرسی ئیداری: 
1 ـ پێویستە سیستەمی هەرێم سیستەمێكی پەرلەمانی دیموكراتی بێت. 
2 ـ سیستەمی پارێزگاكان سیستەمێكی لامەركەزی بێت‌ و دەسەڵاتی زیاتر بدرێت بە ئەنجومەن‌ و شارەوانیەكان، بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتیان بكەن. هەروەها بۆ نەهێشتنی رۆتینیات‌و بیرۆكراتی ئەم سیستەمە شۆڕبكرێتەوە بۆ قەزا‌و ناعیەكان.
3 ـ بۆ نەهێشتن‌ و بنبڕكردنی گەندەڵی، دەستەی دەستپاكی لە خەڵكانی پسپۆر‌و شارەزا‌و بێ لایەن‌و دیموكرات بن، دادگاش ئەو دۆسیانە یەكلا بكاتەوە. 
4 ـ رێكخستنەوەی هێزە ئەمنیەكان (پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش‌و دەزگا هەواڵگریەكان)‌و دەرخستنیان لە ژێر هەژمونی حزبی‌و شەخسی‌و كردنیان بە دامەزراوەی نیشتمانی. بە مەرجێك لە لایەن خەڵكانی سەربەخۆ‌و شارەزاوە سەرپەرشتی بكرێن. 
5 ـ دامەزراندنی هەر چەشنە سیستەمێكی دیموكراتی، مەرجی سەرەكی‌و تەواوكەر گرنگیدان بە رۆڵی ژن، باوەڕی دان بە ژن، كراوە هێشتنەوەی دەستی ژن بۆ سیستەمی بەڕێوەبەرێتیە. بۆیە ئێمە لەو باوەڕەداین كە لە هەموو دام‌و دەزگا، یاسا‌و بەڕێوەبردن‌و بونیادنانی هەرجۆرە گۆڕەنگاریەك پێویستە پێگەی تایبەت بۆ ژن دابنرێت‌و بە شێوازێكی هاوسەنگ ژن لە ئیدارەكردنی سیستەمدا خاوەن رۆڵ بێت. 
ـ تەوەری سێهەم:  پرسی ئابوری: 
1 ـ پێك هێنانی دەستەیەكی شارەزا بۆ سەرپەرشتنی كردنی سامانە سروشتیەكان بۆ دەرهێنان، فرۆشتن‌و ئاشكراكردنی داهاتەكەی بە شێوەیەكی شەفاف. 
2 ـ هەڵوەشانەوەی یاسای پاشەكەوتی موچە، رێكخستنەوەی دابەشكردنی موچە لە هەموو ئاست‌و شوێنەكاندا بە گوێرەی ماف‌و ئەركەكان. بە پێوانی رەنج‌و پێویستیەكان نەك بە پێوانی پۆست‌و دەسەڵات. 
3 ـ بەرامبەر بە هاورەدەكردنی بەرهەمی دەرەكی، بونیادنانەوە‌و بوژاندنەوەی بەرهەمی خۆماڵی لە كشتوكاڵ، ئاژەڵداری‌و پشەسازی، دابنیكردنی پێداویستیەكان‌و هاوكاریكردنی خاوەن بەهرەكان لەم بوارانەدا.
ــ تەوەرەی چوارەم: پرسی كۆمەڵایەتی:
1 ـ لەبەرامبەر ئەو پرسە كۆمەڵایەتیانەی كۆمەڵگە پێوەی دەناڵێنێت (ژن كوشتن ، بڵاوبونەوەی ماددەی هۆشبەر، خراپ كردنی كەلتور فەرهەنگ، كۆچكردنی گەنجان و هاوڵاتیان بۆ دەرەوەی وڵات، ئێمە چارەسەری لە هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگەدا دەبینین ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی كۆمەڵێك ئەكادیمیای هۆشیاری فكری، سیاسی، كەلتوری و ژینگەیی و پێگەیاندنی تاكی هۆشیار لە تەواوی چینەكانی كۆمەڵگە، پێشخستنی بیری مرۆڤدۆستی و دیموكراتی و خزاندنیە نێو فەرهەنگی خوێندنگاكان و ڕاگەیاندن و دامودەزگا پەیوەندیدارەكان.
2 ـ لەڕێگەی تێكۆشانی دیموكراتی جەماوەری زەخت و فشاری زیاتر دروستبكەین لەسەر دەسەڵات و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ڕێگەگرتن لەو باروودۆخەی كۆمەڵگەی تێدایە.

بۆتێپەڕاندنی ئەوبارودۆخەی باشووری كوردستانی تێیدایە، لەو قەیرانانەی كەلە هەموو ڕویەكەوە ڕووبەڕومان بوەتەوە، داوادەكەین لەسەرجەم لایەنە سیاسیەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتی و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە، پێكەوە بەرەیەكی دیموكراتی دروستبكەین بۆ چارەسەری‌و تێپەراندنی ئەم قۆناخە.

پیرۆزبێت لە گەلی باشووری كوردستان
پیرۆزبێت لە خانەوادەی شەهیدان و تێكۆشەرانی دیموكراتی و ئازادیخوازان.
پیرۆزبێت لە ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانمان.
تەڤگەری ئازادیی كۆمەڵگەی كوردستان
17 ـ 10 ـ 2018









چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌بەیاننامەی تەڤگەری ئازادیی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی خۆڕاگریی کۆبانێ...

‌كه‌مپینێك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی بناری قه‌ندیل ڕاگه‌یه‌ندرا...

‌ئه‌نجامی ڕیفراندۆم ده‌سكه‌وت بوو یان له‌ده‌ستدان؟...

‌ئۆباڵی شکستی گۆڕان بەملی کێ؟...

‌بەڕێز دكتۆر بەرهەم ساڵەح بە بۆنەی ئەركدار بوونتان بە سەرۆك كۆماری عێر...

‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌ نادیموكراتیه‌كان، پێكهێنانی به‌ره‌یه‌كی دیموكر...

‌ته‌ڤگه‌ری ئازادیی: به‌شداری‌‌ و پشتگیری‌ هیچ هێز و قه‌واره‌یه‌كی‌ سیاس...

‌شاندێکی تەڤگەری ئازادیی بەشداریی پرسەی شەهیدانی کۆیەیان کرد...

‌تەڤگەری ئازادیی پرسەی زانیار و لوقمان مورادیی بەسەرکردەوە...

‌هێرش و بۆمبارانی موشەکی جمهوری ئیسلامی ئیران لە کۆیە شەرمەزاردەکەین...

‌ ئاشتی له‌ هه‌موو شتێک به‌هادار تره‌...

‌جەژنی قوربان لەتەواوی موسڵمانانی جیهان و گەلانی بن دەست و گەلی کورد پی...

په‌ڕه‌یله‌ 17
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك