کوردی           عربی

١٤ى تەمووز و ٨ى تشرینى دووەم دوو مێژووى بەرەنگاربوونەوەى فاشیزم‌

14/02/2019

Wednesday‌

دانا عومه‌ر

بەرخۆدانى چالاکوانانى ١٤ى تەمووزی ساڵى ١٩٨٢ بووە هۆى ڕۆحى بەرەنگاربوونەوەى گەل دژى فاشیزم و ئەشکەنجەى زیندانیان تێکبشکێنێت، بەهەمان شێوە لە ڕۆژى ٨ى تشیرنى دووەمی ٢٠١٨ لەیلا گوڤەن، دژى گۆشەگیرکردنى گەلى کورد لە کەسایەتى عەبدوڵا ئۆجالان-دا هەنگاوێکى شۆڕشگێڕانەى هاویشت.


١٤ى تەمووز، مێژوویەکى دیارى بەرەنگاربوونەوەى فاشیزمە لە باکورى کوردستان، لەو ڕۆژەدا چەند کادرێکى پێشەنگى پەکەکە، دژى ئەشکەنجەى ناو زیندان و ئەو ستەمەى بەرامبەر بە گەلى کورد دەکرا، لە زیندانى ئامەد مانگرتنى تا مردنیان ڕاگەیەند، لە هەمان زینداندا دواى ٣٧ ساڵ، لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکى کەجەدە، ڕۆژى ٨ى تشیرنى دووەمى ساڵى ٢٠١٨ مانگرتنى بێسنورى ڕاگەیاند، دژى ئەو گۆشەگیرییەى خراوەتە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە.

بەرخۆدانى ١٤ى تەمووزی ١٩٨٢ چۆن دەستى پێکرد؟

لە ١٢ى ئەیلولى ساڵى ١٩٨٠، لە تورکیا کودەتایەکى سەربازیى ڕوویدا بە سەرۆکایەتى کەنان ئەفرەن، کە ئەوکاتە سەرۆکى سوپا بوو، سلێمان دەمیرل-ى لەسەر دەسەڵات لابرد و خۆى بووە سەرۆک کۆمار، لە دواى ئەو کودەتایە زۆر شۆڕشگێر و وڵاتپارێزى کورد دەستگیرکران.

یەکێک لەو زیندانانەى کە زۆرترین ئەشکەنجەى تێدا ئەنجامدەدرا زینانى پیتى E ى شارى ئامەد-ى باکورى کوردستان بوو، لەناو ئەو زیندانەشدا کۆمەڵێک کادرى پێشەنگى پەکەکە هەبوون.

دژى ئەشکەنجەى ناو زیندان و بێمافکردن بەرامبەر زیندانیکراوان، لە ساڵى ١٩٨١ کۆمەڵێک زیندانى مانگرتنى تا مردنیان ڕاگەیاند، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێک ماف بۆ زیندانیکراوەکان دابینکرا و ئەوانیش مانگرتنەکەیان شکاند، بەڵام عەلى ئەرەک، کە یەکێک بوو لە مانگرتووان بەهۆى کاریگەریی مانگرتنەکە و ئەشکەنجەوە شەهید بوو.

لەساڵى ١٩٨٢ دا ئەشکەنجە لە زیندانى ئامەد زیادى کرد، ئەشکەنجەیەکى ڕێکخراو ئەنجامدەدرا بۆ ئەوەى شکۆى زیندانیکراوان بشکێنن، هیچ زانیارییەک لەبارەى ئەو ئەشکەنجانەى لە زیندانى ئامەد-دا ئەنجام دەدرا نەدەچووە دەرەوەى زیندان، هەتا لەنێوان زیندانییەکانیشدا ئاگاداری یەک نەبوون، زیندانییەکان دواى چەند هەفتەیەک زانیان کە عەلى ئەرەک گیانى لەدەستداوە.

لە بەرامبەر ئەو ئەشکەنجانەدا لە شەوى ٢٠-٢١ ى ئازارى ساڵى ١٩٨٢ مەزڵوم دۆغان، کە یەکێک بوو لە کادیرانى پێشەنگى پەکەکە، سێ دەنک شقارتەى داگیرساند وەک یادکردنەوەى نەورۆز، لەدواى ئەوەش خۆى هەڵواسى و گیانى سپارد.

دواى چالاکییەکەى مەزڵوم دۆغان، لە ١٨ى ئایارى ١٩٨٢ دا فەرهاد کورتاى، نەجمى ئونەر، ئەشرەف ئاینک، مەحمود زەنگین، ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا، بۆ ئەوەى ڕۆحى بەرەنگاربوونەوە لەناو زیندانیکراواندا زیندوو بکەنەوە.

محەمەد خەیری دورموش، ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى پەکەکە، لە ڕۆژى ١٤ى تەمووزی ١٩٨٢، لە بەردەم دادگا-دا وتى:" فشار و ئەشکەنجەکان هەموو سنورەکانى تێپەڕاندووە، مافە جیهانییەکان پێشێل دەکرێن، لە زیندانەکانەوە تەرم دێنە دەرەوە، بە هەزاران کەس کەمئەندام کراون، کەسانێک کە دەیانەوێت شکۆى خۆیان بپارێزن، بێجگە لە مردن هیچ ڕێگایەکى دیکەیان بۆ نەماوەتەوە، ئەو سزایەى کە بەگوێرەى یاسا بەسەر ئێمە سەپاوە هەزار جار ئەوەمان چەشتووە، لێرە هەر وشەیەک لە زارى ئێمە دێتە دەروە، لە زیندان سزا دەدرێین لە بەرامبەریدا، لەکاتێکدا ئێوە ئەو هەموو تاوانە دەشارنەوە ئێمە نیشانى ڕاى گشتى دەدەینن، لێرە بەدواوە من دەست بە مانگرتن دەکەم، لەبەر ئەوەى بە چالاکى و مردنى خۆم سود بگەیەنم بە شۆڕشەکەم و گەلەکەم، بەوەش خۆشحاڵ دەبم" لەدواى وتەکانى محەمەد خەیرى کەمال پیر، عەلى چیچەک و عەکیف یەڵماز مانگرتنیان ڕاگەیاند.

کەمال پیر، لە ڕۆژى ٧ى ئەیلولى ١٩٨٢ دا، محەمەد خەیرى لە ١٢ى ئەیلولدا، عەکیف یەڵماز، لە ١٥ ئەیلولدا عەلى چیچک لە ڕۆژى ١٧ى ئەیلوى ١٩٨٢ دا لەناو چالاکى مانگرتن-دا شەهید بوون، لە دواى ئەوەشەوە چەندین جار لە کوردستان و لە تورکیا لە مانگرتندا خەڵک شەهید بوون.

دواى ئەو مانگرتنانە گروپى ئەشکەنجەکارى زیندان بە سەرۆکایەتى ئەسەد ئۆکتاى یەڵدران لە زیندانى ئامەد دوور خرانەوە.

ئەو چالاکییانەى کە لەزیندانى ئامەد-دا ئەنجامدرا، بووە هۆى ئەوەى ڕۆحى بەرەنگاربوونەوەى ستەم لەناو زیندانیان و گەلى کورد بەگشتى زیندوو بکاتەوە، بەرەنگاربوونەوەى ستەم لە زیندانەکانەوە گەشتە دەرەوەى زیندان و گوڕى بە ڕۆحى شۆڕشگێڕى دا لەناو گەلى کورد-دا، لەساڵى ١٩٨٤دا شۆڕشى چەکدارى لەلایەن پەکەکە وە دژى ستەمى سەر گەلى کورد دەستى پێکرد و هێزى بزوتنەوەى ڕزگاریى خوازى گەلى کورد لە باکورى کوردستان گەیشتە گەورەترین ئاست و هێز لە مێژوودا.

مانگرتنى لەیلا گوڤەن

لە ساڵى ٢٠١١ وە گۆشەگیریی خرایە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارنى کوردستان- پەکەکە، نەیاندەهێشت پارێزەرانى سەردانى بکەن، لە ساڵى ٢٠١٥ وە گۆشەگیرییەکە توندتر کرایەوە و نەیاندەهێشت کەسوکاریشى سەردانى بکەن، ئەو گۆشەگیرییە بە شێوەیەک توند بوو هیچ زانیارییەک لەبارەى ڕەوشى عەبدوڵا ئۆجالان-ەوە نەدەهاتە دەرەوەى زیندان و هەروەها ڕێگا بە هیچ ڕێکخراوێکى نێودەوڵەتى نەدەدرا سەردانى ئیمراڵى بکەن بۆ ئەوەى زانیارى لەبارەى ڕەوشى عەبدوڵا ئۆجالان، وەربگرن.

لە دەرەوەى ئیمڕاڵیش، گۆشەگیرییەکى توند لەسەر گەلى کورد بەڕێوە دەچوو، دەوڵەتى تورک بە پێشەنگایەتى ئاکەپە و ئەردۆغان، هێرشێکى توندى بۆ سەر گەلى کورد بەڕێوەدەبرا، زۆرینەى سیاسەتمەداران و چالاکوانان و پەرلەمانتارانى کورد هەریەکەیان بە تۆمەتێک زیندانى دەرکران، هەروەها لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەڵگەیەکى نهێنى پیلانێکى دەوڵەتى تورک ئاشکرابوو، کە لەساڵى ٢٠١٤ وە ئامادەکرابوو، بۆ لەناوبردنى هەموو ڕێکخرا و پارتە کوردییەکان، لەدواى ئەو پیلانەوە هێرش کرایە سەر زۆرینەى شارەکانى باکورى کوردستان، بەپێى ئامارێک لە ساڵى ٢٠١٨ دا زیاتر لە ٢٧٠ هەزار زیندانى سیاسى لە تورکیا هەبووە. یەکێک لەو زیندانیانەش لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتارى پێشوى هەدەپە بوو.

لە بەرامبەر هەموو ئەو فشارانەى دەوڵەتى تورک بۆسەر گەلى کورد و ئەو گۆشەگیرییەى خرابووە سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەرى پارتى کرێکارانى کوردستان- پەکەکە، لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکى کەجەدە و پەرلەمانتارى پێشووى هەدەپە، لە ڕۆژى ٨ى تشرینی دووەمى ساڵى ٢٠١٨ مانگرتنى بێسنورى ڕاگەیاند لە هەمان ئەو زیندانەى کە پێشتر چالاکوانانى ١٤ى تەموز، مانگرتنیان تێدا ڕاگەیاند، بەهام شێوەى محەمەد خەیرى و هاوڕێکانى لەبەردەم دادگادا ڕایگەیاند، کە مانگرتنى بێسنورى لە خواردن ڕادەگەیەنێت.

مانگرتنەکەى لەیلا گوڤەن، بووە پریشکى شۆڕشێکى گەورەى بەرەنگار بوونەوەى ستەمى دەوڵەتى ئاکەپە، بەرامبەر بە گەلى کورد، بەدواى مانگرتنەکەى گوڤەندا هەزاران هاوڵاتى کورد لە ناوەوە و دەرەوەى کوردستان دەستیان بە مانگرتن کرد، لە زیندانەکانى تورکیا و باکورى کوردستان ٢٩١ کەس لە مانگرتنى بێسنوردان، لەدەرەوەى زیندانیش لە وڵاتانى کەنەدا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا، سویسرا و باشورى کوردستان هەزاران هاوڵاتى کورد لە مانگرتنى بێسنور و مانگرتنى خولی-دان.

ئەمڕۆ لەیلا گوڤەن ماوەى ٩٨ ڕۆژە لە مانگرتنى بێسنوردایە، هەرچەند بارى تەندروستى بەرو خراپى دەچێت و مەترسى لەسەر ژیانى هەیە، بەڵام سورە لەسەر ئەوەى مانگرتنەکەى نەشکێنێت و دەڵێت "بێگومان ئێمە سەردەکەوین و گۆشەگیریی تێکدەشکێنێن".

لە نێوان مانگرتنى لەیلا گوڤەن و چالاکوانانى ١٤ى تەمووزی، ٣٧ ساڵ هەیە، ئامانجى هەردوو مانگرتنەکە شکاندنى هۆڤێتى و سەتەمى داگیرکەرانە بەرامبەر گەلى کورد، شوێنى چالاکى هەمان شوێنە کە زیندانى پیتى E ى ئامەدە، هەردوو چالاکییەکە ڕۆڵى گرنگیان بینى لە گەڕاندنەوەى هیوا بۆ ناو دڵى هاوڵاتیانى کوردستان لەکاتێکدا کە لەبەرامبەر ستەمدا هیوایان بە سەرکەوتن لاواز ببوو، لە هەردوو کاتەکەدا حوکمێکى سەربازى فاشیزمى نەژاد پەرست لە تورکیا-دا دەسەڵاتى گرتووەتە دەست، چالاکى ١٤ى حوزەیران میراسێکى بەرخۆدانى بەجێهێشت کە لە کوردستان بڵاو بووەوە، بەڵام چالاکى ٨ى تشرینى دووەم-ى لەیلا گوڤەن، لە کوردستان و ئەوروپا و وڵاتانى دیکەى دونیا بڵاوبووە و چەند وڵات و پەرلەمانێکى وڵاتانى ئەوروپا و پەرلەمانى ئەوروپا و براوەکانى خەڵاتى نۆبڵ پشتگیریی چالاکییەکى لەیلا گوڤەن و چالاکوانانى دیکەیان کرد.

بۆیە چاودێرانى ڕەوشى سیاسى، پێیان وایە کە شۆڕى ١٤ى تەمووزی و ٨ى تشرینى دووەم شۆڕشێکى هاوشێوەن و لەڕووى ئامانج و کاریگەرییەوە، دەڵێن: کە هەردووکیان دوو هەنگاوى شۆڕشگێڕانەى مەزنن دژى فاشیزم و گۆشەگیرکردنى گەلى کورد.


چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌ناکرێت و نابێت، کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەمە لەبیربکات!...

‌سیستەمی سەرۆکایەتی و گۆڕینی بۆ پەڕڵەمانی، لەڕوانگەی (نەوشیروان مستەفا)...

‌تكایه‌ ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ راگرن...

‌ تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و ئازادی رۆژنامەگەری...

‌ئیرهابی فیکری و شەڕی کۆنە قین...

‌ئایا سه‌رۆكی‌ هه‌رێم پێویسته‌؟...

‌ئایا قوباد چی لەنێچیر ئەچێت؟...

‌تۆ تەنها تەماشای ئەو تاقە وێنەیە بکە!...

‌پۆستی سەرۆک کۆمار لە نێوان بەهار و پایزدا!...

‌چۆن هه‌ڵپژاردنێك وكام په‌رله‌مان پێویسته‌؟...

‌رووره‌شی و سه‌رشۆری بۆ دوژمنانی كوردو كوردستان...

‌له‌ گه‌ڵ وراوه‌كانی عه‌لی قه‌ره‌داغی و ئیخوانچییه‌كان...

په‌ڕه‌یله‌ 11
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك