کوردی           عربی

( بەڕای من پەکەکە یەکێکە لە دواکەوتوترین ئەحزابی ناسیۆنالیستی ناوچەکە…)‌

17/02/2019

Wednesday‌

سەلام محەمەد

ئەمە وتەی " عوسمانی حاجی مارف/ سکرتێری کۆمیتەی ڕابەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانی عێراقە"ە، کە لە چاوپێکەوتنێکیدا وتی (ڕۆڵ و بەشداری چەپەکان لەکایەی سیاسیی کوردستاندا/ بەشی سێهەم) لە بەرنامەی ڕوداو و مێژوو/کەناڵی ئێن ئارتی٣/١٢/٢٠١٩ پەخشکرا.
سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم من ئەندامی هیچ حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نیم، بەڵام لە سۆنگەی بەرگری لەڕاستی و حەقیقەتەکانی مێژوو و سەردەمی ئێستا و بۆ بەرچاو ڕوونی کاک عوسمان (وێڕای ڕێزی زۆرم بۆ کارو خەبات و مانووبوونی)، چەند وردە سەرە قەڵەمیک دەخەمە ڕوو بۆ ئەوەی مێژوو ئاوا بەهەڵە نەنووسێتەوە و حوکمی وا توندو ناڕەواش نەدات. کە دڵنیاشم کاک عوسمان مێژووی چەپی لە کوردستانی تورکیادا نەخوێندۆتەوە و زۆر ئاگادار نییە و چاودێری ئاڵوگۆڕەکانی نەکردووە، هاوکات زانیارییەکانی زیاتر هەر لەدەوری مەحفەلەکانی سلێمانی تێپەڕناکات بۆیە کەوتۆتە ئەو هەڵە گەورەیەوە کە پکک بە دواکەوتووترین حزبی ناسیۆنالیستی نەک هەر کوردستان بەڵکو ناوچەکە ناوزەد دەکات.
مەبەستی من لێرەدا ئەوە نییە بڵێم پکک هەڵەو کەموکوڕی نییە، بەڵێ ئەوانیش وەک هەر ڕێکخراوێکی تر لەماوەی کارکردنیدا توشیی هەڵەو کەمووکوڕێ بووە و خۆشیان لەزۆر بواردا لە کۆنگرەکانا ڕەخنەیان لەخۆیان گرتووە، هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوێکیش دەکرێ بەکۆی گشتی "هەڵسوکەوت و کارو خەبات و پرەنسیبەکانی کاری ڕێکخراوەیی و پەیڕەو پرۆگرامی….هتد" هەڵبسەنگێنرێ، نەک هەڵەیەک و دووان.
 ئەگەرچی دەستەواژەی :چەپ بوون" پێناسەیەکی تایبەت و دیاری نییە، بەڵام بەگشتی کۆمەڵێ خاڵی گشتی هەیە کەخۆیان بە داکۆکیکەری دەزانن: مەسەلەی ژنان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، ئازادی، یەکسانی، ناڕەزایەتی دژ بە زوڵم و ستەم و دەسەڵاتی سەرکوتگەر….هتد. با هەڵسەنگاندنێکی خێرا بکەین لەو بوارانەدا تا بزانین ئایا پکک دواکەوتوترین ئەحزابی ناسیۆنالیستی ناوچەکەیە وەک کاک عوسمان ئیدیعای بۆ دەکا یان بە پیچەوانەوە ؟! من بەراوردەکەش لەگەڵ ئەحزابی ناسیۆنالیستی تردا ناکەم لەناوچەکەدا، چون ئەمە وەک ڕۆژی روون بۆ خەڵک دیارە،  تەنها لەگەڵ  ئێوە دا با هەندێ بەراورد بکەین و دواتریش قەزاوەتەکە بدەینە دەست  نوێخوازان حوکم بدەن. 
١/پکک توانی یەک لەشکر لەهێزی ژنان پێک بێنێ، کە تا ئێستا لە خۆرهەڵاتی نێوێندا هیچ پارتێکی سیاسی چەپ نەیتوانیوە "بەو ڕێژەیە" ژنان بهێنێتە ڕیزی خەباتەوە و هێزی تایبەتی خۆیان هەبێ، سەدان قارەمانی ژنی وەک ساکینەجانساز و لەیلاگوڤەن(١٠٠ڕۆژە مانی گرتووە )ی پەروەردەکردوە. جوانترین ئەزموونیان لە کوردستانی ڕۆژئاوا بەرجەستە کرد (یەکینەکانی پاراستنی ژنان) دەیان داستانی قارەمانێتیان تۆمارکرد، نەک هەر کورد جیهانیشیان سەرسامکرد، ئایا ئێوە لەماوەی ٢٥ ساڵی دامەزراندی حککع و کوردستانا تونیتان ٢٥ ژن بهێننە کۆڕی خەباتەوە؟
٢/ پکک داهێنانی کرد لەشکڵی ڕێکخستنەکانی و شێوازی ڕابەرایەتی کە سیستەمی هاوسەرۆکی داهێنا ( واتا دووکەس سەرۆک بن ئەوانیش یەکیان دەبێ ژن بێ و ئەوی تریان پیاو)ئایا ئەمە خەسڵەتی حزبی دواکەوتوویە؟ یاخود ئەو حزبانەی تائێستاش کەس ڕووی ژنی سەرۆکەکەیانی نەبینیوە؟ ئایا ئێوە هەر بەهەمان شێوازی حزبە کلاسیکیەکان حزب بەڕێوە نابەن؟ دوای ٢٥ ساڵ ڕێگاتان بۆ ئافرەتێک خۆشکرد وەک هاوسەرۆک قبوڵیکەن ؟ مەگەر داوای ئازادی و یەکسانی ناکەن؟
٣/ لە ڕوی میدیاوە یەکەم پارتی سیاسی کوردستان بوون کەناڵی ئاسمانییان دامەزراند کە دەورێکی گرنگی هەبوولەسەرەتادا بۆ کوردانی تاراوگە، گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی، یەکەم پارتی سیاسییە لەناوچەکەدا کە کەناڵێکی تایبەتی بۆ ژنان کردۆتەوە بە ناوی " ژن تێڤی "، ئایا ئێوە چی تایبەتتان کردۆتەوە لەو بوارەدا ؟
٤/ لەدەستەی دامەزرێنەری پکک دا تورک هەبوون ، ئێستاش یەکێک لەئەندامانی سەرکردایەتیان دوران کاڵکان تورکە (یەکێکە لەو٣ کەسەی ئەمریکا پارەی تەرخانکرد بۆ تیرۆرکردنیان)، هاوکات لەڕیزەکانی خەباتیانا دەیان و سەدان گەریلای سەر بە نەتەوە جیاوازەکان هەیە، ئینگلیزی، ئەمریکی، تورکی، عەرەبی، ئوسترالی هۆلەندی...هتد شەهیدیشیان داوە، ئەگەر پارتێک دواکەوترین حزبی ناسیۆنالیستی ناوچەکە بێ ئایا خەڵکانی نەتەوە جیاوازەکان پەیوەست دەبن پێی؟ ئایا ئێوە لەماوەی ٢٥ ساڵی دامەزراندنتانا لە هەموو ئەوروپا تونیوتانە ٥ نەفەری بیانی ڕاکێشن بۆ ناوکۆڕی خەبات ئەگەر چی خۆشتان بە ئینتەرناسیۆنال دەزانن ؟
٥/یاسای باری کەسێتی (قانون احوال الشخصی) دەربارەی ژنان ئەمان تونییان لە ڕۆژئاوا لەساڵی ٢٠١٤ جێبەجێی بکەن، "دوو ژنە" قەدەغە بکەن،یەکسانی ژن و پیاوبچەسپێنن، بەر بگرن بە ڕەشەکوژی ژنان….هتد (پەیەدەش هەر زادەی هەمان سەرچاوەی فکری پکک/ ەیە) ئایا ئەمە بە کۆنەپەرستی دائەنێنن ؟ ئەم دەستکەوتەی ئەوان نەک هەر بۆ کوردستان لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەراستیش بێ وێنەیە و هەنگاوێکی مەزنە، ئایا ئێوە لە ماوەی ٢٥ ساڵدا توانیتان بەر بەڕەشەکوژی ژنان بگرن؟ توانیتان دەستکاری یاساکانی باری کەسێتی بکەن؟ ئاخرخۆ ئەو تاوانانە کە ڕوودەدەن هەر یەکێتی و پارتی لێی بەرپرسیار نین برا؟ 
٦/ پکک ئێستا دەستبەرداری بانگەشەی دامەزراندنی کوردستانی گەورە بووە و چەمکی هاوڵاتیبوون و کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی دیموکراتیک بە بنەما دەگرێت ، هەر لەسەر هەمان میتۆد( پارتی گەلانی دیموکرات/تورکیا)یان دامەزراند کە پارتێکە بۆ هەموو نەتەوەکانە، یەکێ لە هاوسەرۆکەکەی کابرایەکی تورکە، بەهەمان میتۆدیش هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کوردستانی سوریا پێکهاتووە، بەڵام ئێوە بە پێچەوانەوە دوای ئەوەی حککع تان دامەزراند پاش چەند ساڵێ هاتن بەشی کوردستانتان جیاکردەوە (حککک) ئەمە زۆر بەجوانی پیشانی ئەدا کە ڕوئیای ئەوان لە جوغزێکی تەسکەوە بەرەو فراوانتر دەڕوا و هی ئێوەش بە پێچەوانەوە تازە خەریکە لە ئەی ڕەقیبەوە دەست پێدەکەنەوە لە ڕیفراندۆمەکەشدا دوای دەهۆڵ و زوڕنای پارتێکی دواکەوتوو کەوتن.
٧/ گرنگترین خاڵیش ئەوەیە کە پکک هەمیشە لە نوێبونەودا بوە، هەمیشە بەرهەمی فکری و داهێنانی هەبووە، هەمیشە کادیر و ئەندامگیری نوێی هەبووە و خۆی نوێکردۆتەوە، ساڵانە بەپێی قسەی ڕابەرەکەیان نزیکەی هەزار ئەندام پەروەردە کراوە و ڕەوانەی شاخ کراوە، گەورەترین هیزی ناتۆ بەهەمووتوانایەوە بەدواوەیەتی و زاڵەیەتی لەدەستی و ورەی بەرخۆدان هەرلەزیاد بونایە، سەرباری زیندانی کردنی ڕابەرەکەیان، هەموو ئەو گوندانەی لەکوردستانی باشوور لە ژێردەستیانایە بۆ کەس ئەتوانێ دارێک ببڕی؟ کەس ئەتوانێ ئاژەڵێکی کێویەک بکوژێ، سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەرییان پێکهێناوە….هتد. ئایا هەموو ئەو شتانە بەرهەم و زادەی دواکەوتوترین حزبێکی ناسیۆنالیستییە؟ یان بەرهەم و زادەی پارتێکی بە دیسپلین و تۆکمە ونوێخوازە ؟ ڕابەرایەتیەک کە هەمیشە دەتوانی خۆراک و خوێن بەدەماری ئەندامەکانیدا بکا لە ڕووی سیاسی و مەعریفییەوە، باوەڕناکەم کەس وەک ئۆجەلان مێژووی میزۆپۆتامیای تاووتوێ کردبێ و نووسیبێتەوە، چیرۆک و لاوکو شەڕ و داستانەکان، مێژووی دیانەتەکان، نەتەوەکان، بزوتنەوە سیاسییەکان، زانستی کۆمەڵناسی، دیرۆکی ئافرەت لەسەردەمی مێ خوداوەندەکانەوە تادەگا بە مۆدێرنەتەی سەرمایەداری…هتد
ئۆجەلان وا بیست ساڵە لە کونجی زیندانە و نوچی نەداوە، لەزیندانا ١٦ کتێبی نووسیووە کە بەشێکن لە بەرهەمی فیکری و مەعریفی ئەو زاتە وپکک کە گرنگترینیان "مانیفیستۆی چارەسەری دیموکراتیانە بۆ کێشەی کورد" و" مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتی - کە پێنج بەرگە" و چەندانی تر، دڵنیام نەتخوێندۆنەتەوە، هەروەک بکوژەکەی نەجیب محفوض کە لەمەحکەمە لێیان پرسی بوو لەبەرچی کوشتت؟ وتبوی لەسەر کتێبەکەی، پێیان وتبوو خوێندوتەوە ؟ وتبووی نا . دڵنیام ئەو کتێبانەی کەلە زیندانا نوسیونی بخوێنیتەوە سوودی زۆری لێدەبینی بەتایبەت بۆ بەڕێزتان و باشتر"مێژووی چەپی کوردستانی تورکیا و ڕۆڵی لە کایەی سیاسیدا"ت بۆ ڕووندەبێتەوە کە چ حزبێکە بۆئاییندەی گەلانی ناوچەکە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. بەرهەمی فیکری و مەعریفی ئێوە و حزبتان لەماوەی ٢٥ساڵی ڕابوردوودا چی بووە؟ لەم هەموو قەیرانی سیاسی و ئابوری و ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی کوردستان، مامۆستایان،کاسبکاران، قوتابیان،گەنجان…هتد  ڕۆڵتان چی بوو، چیتان کرد و چیتان نووسی بێجگە لە بەیاننامەکان؟!
٨/ لە کۆتاییدا ڕام وایە، پارتێکی نوێخواز یان چەپ بوون تەنها دروشم و قسە نییە، هەر ئەوە نییە کارتێکی سووری ئەندامەتی پارتێکی کۆمۆنیست بخەیتە گیرفانەوە و کۆمەڵێ دروشم بەدرێژایی ساڵ بڵییتەوە و پاش چارەکە سەدەیەک  هەر لەجێگای خۆتا بی، یەک هەنگاو نەنێیت لەسەر ئەرزی واقیع، بەقەولی خۆتان دەڵێن هەر "پا در هوا" بی و ڕەوایەتیش بەخۆت بدەیت خەڵکانێک کە بەخوێن مێژووی بەرخۆدان وئازادی دەنووسنەوە تاوانبار بکەیت بەدواکەوتووترین ئەحزابی ناوچەکە ؟!!! 

بۆ بەرچاو ڕوونی: 
١/ ئەمە لینکی کتێبەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە کە بۆ زۆرێک لە زمانە جیهانییەکان وەرگێردراون، چاوێکی پیا بخشێنن، بەدڵنیاییەوە زۆر ڕاستیتان لا رووندەبێتەوە.
http://netewademokrat.info/books/
٢/هاوکات هاوپێچی بڕیارەکانی یاسای تایبەت بە ژنان لە کوردستانی ڕۆژئاوا لەلینکی خوارەوەدا دادەنێم، سەیری بکەو ئەوجار پێم بڵێ لەکوێی خۆرهەڵاتی ناوەراستا یاسای لەمە پێشکەوتوتر دانراوە تایبەت بۆ ژنان؟ !!!
https://www.pukmedia.com/AR_Direje.aspx?Jimare=45047

.

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌خواکورک هه‌نگاوێکی تره‌ به‌ره‌و داگیرکردنی کوردستان...

‌لوت به‌رزی و بێ مێشكی جه‌نگی سییه‌می جیهانی هه‌ڵئه‌گرسێنی...

‌خراپ به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیا و سۆشیاڵ میدیای ساخته (فه‌یك) ...

‌هاتنه‌كه‌ی مه‌ولود ئۆغلو گوماناوییه‌...

‌له‌ ساڵیادی نووسه‌رو رۆشنبیری تیكوشه‌ر دانا جه‌لال...

‌هەولێر ناوندێک بۆ داڵدەدانی تاوانباران...

‌" دیدارێکی ئاسایی نەبوو..." ...

‌مانگرتنی بێسنوور وه‌كوو چالاكییه‌كی ده‌گمه‌ن...

‌پەکەکە دوای کشانەوەی ئەمریکا چی دەکات؟...

‌3ی ئاب خاڵی وەچەرخان لە عەقڵی تاكی كورد...

‌ئه‌رته‌شی ئازاد یان ئه‌رته‌شی تیرۆریست؟...

‌ده‌نگدانه‌، ده‌نگدانه‌...

په‌ڕه‌یله‌ 7
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك