کوردی           عربی

کابینەی نوێ و تراژیدیای ژن‌

20/02/2019

Friday‌

تارا حسێن


 لە شەو و ڕۆژێکدا مەرگی تراژیدی سێ ژن ڕامان ناچڵەکێنێ، بەڵام کۆبونەوەی کۆمەڵێک پیاوی (دوور لە ڕەوشتی سیاسی) ڕۆژەڤی سۆشیال میدیا و تەواوی ڕاگەیاندنەکانی داگیر کردووە، یەکێک ھەڵسەنگاندنی بۆ دەکات و یەکێک ڕەخنە و یەکێکی تر پاساوھێنانەوە بۆ دەسەڵات و یەکێکی تر بە پلان ھیوای ئایندەیەکی خۆشگوزەران ئەبەخشێتەوە، بەڵام کەسێک نەبوو بڵێت ئادەی ئەم کۆبونەوانە بۆچین لەپێناوی چیدان؟ ئەسڵەن سیاسەت چییە؟ مەگەر لە پێناسە بنەڕەتییە ئەخلاقییەکەیدا بۆ ئارامی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە نییە لە چوارچێوەی سیستمێکی دیموکراتیدا، ئەگەر بەدەر لەو ئامانجانە سیاسەت دەکەن یان لە پێناویدا کۆدەبینەوە.
بۆ ڕۆژێک تێنەگەشتن لە دەسەڵات و وانەیەکتان لەم هەموو وێنەیەی ناو مێژوو وەرنەگرت . کە جوانترین مرۆڤەکانی دونیا لەسایەی دەسەڵاتەوە بوون بە ئەهریمەن .
سەرۆکی پەرلەمان وەرمەگرن بڕیاری پەرلەمانەکانی ڕابردوو جێبەجێکەن!
وەزیری داد وەرمەگرن ببنە فشار بۆدادگایی کردنی ژنکوژان بە شێوەیەکی عادیلانە، و داوای لێبوردن لە سێوان و ڕۆزا بکەن!
وەزارەتی دارایی دابخەن با ڕیسوا تربێت ئەو ھەرێمەی ژن نەتوانێ کار بکات و بۆ پارویەک نان ھەموو ڕۆژێک مردنێکی تراژیدی لە دەستی پیاوێکی ھەژمونخوازی ڕەگەزگەرا بەچاوەکانی ببینێ!
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ھەر ھەڵبگرن چونکە سێوانەکان لە پێناوی نەبونی ماڵێکی کپ و ئارام کە لە کۆرپەکانی دانەبڕێنێت پێکەوە ئەبن بە خەڵوز!
وەزارەتی پەروەردەمان بۆچییە کە ئێوە بیبەن بەڕێوە؟ ئادەی پەخشی بکەن کام جۆر لە پەروەردەتان ھێنایە بوون، کام نەوەتان پێگەیاند، کام سایکۆلۆژیاتان بەرھەمھێنا، ئەوەی مرۆڤەکانی کردۆتە دڕندەی یەکتر؟
وەزارەتی ئەوقافتان بۆچییە خۆ ھەر مەلایەک لە ساحەی تورکیا و ئێران و سعودیەوە پەروەردە دەکرێ، ھەواڵەی ئەم ھەرێمە بێ خاوەنە دەکرێ و ئیش و کاری دەبێتە ھاندانی پیاوان دژی ژن و سوکایەتی کردن بەژن و بە پلە دوو کردنی ژن و فتوا بەخشین بۆ دەستدرێژی کردنە سەر مناڵی ٩ ساڵ و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردەواری، کەسێک نییە بپرسێتەوە، کەسێک نییە لەبەرامبەر ڕۆحکێشانی " ڕۆزا" یەکدا تۆزێکیش بێت خەجاڵەتی خۆی بکێشێ و بێت بە داوای بەخشین تەڵقینی جەستە جوان و بەخەڵوزبووەکانی ژنان بدات،
وەزارەتی تەندروستی وەرمەگرن واز لە ئیمتیازاتەکانی بێنن، بڕۆن سوتاوەکانی ئیمێرجنسی و تەرمە ساردبوەوەکانی (توب عەدلی) پزیشکی دادوەری، بژمێرن، پاشان بە دەنگی بەرز بقیڕێنن شاردنەوەی ئامارەکانی کوشتن و سوتانی ژنان دەردەکانمان تیمار ناکا، 
وەزارەتی ڕۆشنبیری لەسەر تەختەی ئەم ھەرێمە بسڕنەوە، مەگەر ئێوە دەزانن پێوەرەکانی بوون بە ڕۆشنبیر چییە؟ ڕۆشنبیران زۆرینەیان بۆ پەیدابونی پارویەکی چەورتر خۆیان خزاندۆتە باوەشی دەسەڵاتەوە و کۆمەڵگەو ئاستی ڕۆشنگەری کۆمەڵگەشیان بە یەک دوو مافیا و چوار سەرۆک عەشیرەت و دوو جاش و مستەشاری ئەنفالچی سپاردووە،
مەگەر ڕۆشنبیر نابێ لەناو گەل بێ و ئازارەکانیان وەرگێڕێ و لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵات کۆمەڵگەیەکی بە پرەنسیپی ڕێکخراو ئاڕاستەبکات؟ ئەو وەزارەتەش لەقوڕبنێن با ڕۆشنبیرێک کەمتر و پێشکەوتنێک زیاترمان ھەبێت،
وەزارەتی ناوخۆ دەست لێ بەردەن چونکە ھەر لە خۆیان جوانە، من تێناگەم چیمان ھی ناوخۆمانە تا وەزارەتمان بۆی ھەبێ،
ئەمن و ئاسایشی وڵات، دۆزەخێک بۆ ژنان، بۆ کچان بۆ ڕۆژنامەنوسان، بۆ چالاکوانان، بۆ سیاسیە ئازادەکان، بۆ مناڵە بێنازەکان، بۆ بۆ بۆ ،،،،،
ڕەنگە شەڕتان بێت لەسەر وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بەڵام ھەموو ڕۆژێ ماڵی ژنێ لەبری ئاوەدان کردنەوە وێرانەبێ، ھەموو ڕۆژێ بەھۆکاری نەبونی نشینگەیەک ژنێ لەسەر شەقام ئەنوێ، پێم ناڵێن چیتان ئاوەدان کردۆتەوە یان ببورن مەبەست لەو ئاوەدانیەیە کە گوندەکانتان چۆڵ کرد و لەشاردا بە کەلتوری تورکی دەسەڵاتخواز خێزانەکانتان پەروەردەی فیلمە دۆبلاژکراوەکان کرد و چەند ھێندەی تر ئاسایشی کۆمەڵایەتیتان شێواند.
باسی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوان ناکەم با پیرۆزی ئێوە بێت، چونکە حاشا ھەڵنەگرە دۆخی ژنانی گەڕاوەی ئەنفال و نوگرە سەلمان چۆنە و ژنە شەھید چۆن ژیان دەگوزەرێنێ، باسی کچانی شەنگالیش ناکەم کە ئەنفال بوون.
ئەگەر زۆر خواستتان ھەیە بۆ دەسەڵات ئەوە دەتوانن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەربگرن، لێ داوایەکم ھەیە بۆتان با تەواوی توێژینەوەکانتان ڕەوشی بەدبەختی ژنی ئەم ھەرێمە ھەڵسەنگێنێت، لە ڕوی سیاسی کە حسابی سفری دوای فاریزەشیان بۆ ناکرێت و قبوڵیشیانە، لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە با داتای ھەموو سەری کاتژمێرێکتان لابێ و تەواوی دوکەڵی ھەموو ھەڵکوڕوزانێکی بەیانیانی پرچی ژنان تۆمار بکەن، قریشکەی نیوەشەوانی ئازاری ژنان بنوسنەوە، پاشان مەنھەجێک بۆ پەروەردە دابڕێژن بەڵام تکایە با سەد لە سەد پێچەوانەی ئێستاکەبێ.

بۆ وەزارەتی پلان دانانیش پلان دانێن کە نەفرەت لەھەرھەمویان کەن، شەق لە کورسیەکان ھەڵبەن،  ھەرچی بینای بەرزی وەزارەتەکانە چۆڵی بکەن، بیکەنە مۆزەخانەیەک و تابلۆی ھەموو ژنە چەوسێنراوە و بێ کەسەکانی وڵاتی تیا ھەڵواسن، نەفرەتیکەن کورسیەک لەسەر ئێسکی ھەژاران و خوێنی ژنان .گۆشتی نەداران بوەستێ باھەر نەبێ و ھەر چوار قاچەکەشی بشکێ.

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌کافتریاکان و نێرگەلە، داهاتووی گەنجەکانمان بۆ کوێ دەبەن؟...

‌خەونی ئەردۆغان لە سێ پارچەی کوردستاندا ...

‌سەربازێكی تورك لەسەر سوچی گەڕەكەكەمان و خوێندنگەش لە پایتەخت ...

‌ له‌ بازیان بۆ پشتگیرى عه‌فرین چادر هه‌ڵدرا...

‌نەجیبە عومەر: ڕێبەر ئاپۆ توانی ژنان بکاتە خاوەن ئیرادە...

‌رەژاک"شه‌ره‌ف و ناموس خاک و وڵاته‌، نه‌ک ژن"....

‌بێریڤان محەمە: ێکۆشانی عەفیرن سەرکەوتنی ژنە لە هەموو جیهاندا...

‌هۆکاری شکستەکانی گەلی کورد و سەرکەوتنی...

‌سه‌مای زه‌مه‌نی سوور...

‌با کۆنفیدڕالیزمی دیموکراتی بکەینە دروشم و بیدەین بەگوێی پاڵەوانەکانی ف...

‌بەسێ هۆزات:پارتی ڕیفراندۆمی کردووەتە ڕۆژەڤ بۆ ئەوەی خۆی ڕزگار بکات...

‌ئەو فیشەکە!...

په‌ڕه‌یله‌ 4
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك