کوردی           عربی

هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ د. کامڕان مەتین‌

03/12/2014

Tuesday‌

هاوپرسەکی لەگەڵ: دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس – بریتانیا

بابەت: هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی ڕۆژئاوا*

سیاوەش گۆدەرزی: ڕۆژتان باش بینەرانی هێژای نەورۆز تیڤی بەخێر بێنەوە بۆ دووەمین بەرنامەی "گەلی ئازاد"، سیستمی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر بناغەی بەڵگەنامەیەک دامەزراوە کە بە ناوی "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی" ناسراوە. "هاوپەیمانەتیی دێمۆکڕاتی " لە ٦ی ژانڤییەی ساڵی ٢٠١٤، ئەمساڵ لە لایەن مەجلیسی یاسا دانان لە ڕۆژئاوای کوردستان پەسند کرا. "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی" هەموو لایەنەکانی ژیانی سیاسی و بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان وەخۆ دەگرێت. " هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی "لە ڕاستیدا لە ٧ بەش و ٩٨ خاڵ پێک هاتووە. ٧ بەشی سەرەکی "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی" بریتین لە: بنەما گشتییەکان، بنەما سەرەکییەکان، ماف و ئازادی، مەجلیسی یاسا دانان، مەجلیسی خۆ بەڕێوەبەری، کۆمیساریای باڵای هەڵبژاردن و دادگای باڵای یاسای بنچینەیی. بەڵێ بینەرانی هێژا ئەمجارە بۆ باس لە سەر سیستمی خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک، بەڕێز دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای زانکۆ، مامۆستای پێوەندییە نێو دەوڵەتییەکان لە پریتانیا لە ستودیۆ حازرە. دوکتور کامران بە خێر بێی!

کامڕان مەتین: زۆر سپاس، مەمنوون

گۆدەرزی: دوکتور کامران وەکوو سەرەتایەک، سیستمی خۆ بەڕێوە بردنی دێمۆکڕاتیک لە باری فکری، لە باری تێئۆریکەوە، لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسی، سۆسیۆلۆژییەوە چۆن ئێوە دەنرخێنن؟ فەرموو!

مەتین: بە بڕوای من سیستمی خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک ڕەنگە سێ لایەنی هەبێ کە لە سیستمەکانی موتەعارفی مەوجوود لە، بە تایبەتی لە وڵاتانی سەرمایەداری، یان با بڵێین سیستمەکانی لیبێڕال – دێمۆکڕاتیک جیای دەکاتەوە. ئەو سێ لایەنە دەکرێ بەو جۆرەی باس بکەین. سیستمی خۆ بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاتیک بە بڕوای من بیرۆکەیەکی ئینتێگراتیڤە، یانی عەرسەکانی جۆراجۆری ژیانی کۆمەڵایەتی کە لە سیستمی سەرمایەداری دا بە هۆی ناوەرۆکی کۆمەڵایەتی سیستمی سەرمایەداری لێک جیا دەبنەوە، وەکوو عەرسەهایەکی خودموختار دەبیندرێن، وەکوو مەسەلەن ئابووری عەرسەیەکە، پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە گەڵ دەوڵەت یا سیاسەت پەیدا ناکا. یانی لە بیرۆکەی لیبێڕاڵ دا ئەوانە دوو عەرسەی جیاوازن. هەر وەتر بڵێین ژینگە یاخو تەبیعەت بەو شێوەیەی کە لە بیرۆکەیە دا جێگایەکی سەرەکی و ستراتێژیکی هەیە کە دێمە سەری دواتر، لە سیستمەکانی دیکەی کە دەر واقع هەن لە دنیای ئەوڕۆ دا بە تایبەت لە ڕۆژئاوا دا نایبینین. بەو مەعنایە سیستمی خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک لە بنەمایەک دەست پێدەکا کە ژیان وەکوو کولییەتێک دەبینێ و لایەنە جۆراجۆرەکانی ژیان لەگەڵ یەکتر دە تەماس دان، دە پێوەندی دان و یەکتر شکڵ دەدەن و بۆیەش پێشفەرزی ئەو بیرۆکەیە ئەوەیە کە بەرەوپێشچوون یا دێمۆکڕاتیک کردن لە بەشی ژیانی سیاسی کۆمەڵگایەک ناکرێ و نابێ جیا بکرێتەوە لە شکڵ و قەوارەی لایەنەکانی دیکەی ژیانی کۆمەڵایەتی. بەو مەعنایەی با بڵێین بیرێک یان بیرۆکەیەی ئینتێگڕاتیڤە، دەیهەوێ دووبارە ئەو جیاوازیانە یا ئەو لێک هەڵپچڕانانەی کە سەرمایەداری بە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی دا تەحمیلی دەکا دووبارە بینانهێنێتەوە بۆ لای یەکتر.

لایەنی دووەم کە بە بڕوای من جیای دەکاتەوە وەکوو سیستمێکی پێشکەوتوو و دێمۆکڕاتیک ئەوەیە سیستمی خۆ بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاتیک دەقیقەن بە دەلیلی ئەوەی، کە بە هۆی ئەوەی کە ئەمری سیاسی، بەشداریی سیاسی دەگەڕێنێتەوە بۆ ناو خەڵک، بۆ ناو ئەندامانی کۆمەڵگایەک بە شێوەیەکی زۆر بنەڕەتی و ڕادیکاڵ سیاسەت دەکاتەوە بە ئەمرێکی بایەخدار خۆی لە خۆی دا. بەو مەعنایە ئەگەر ئێوە چاو لێبکەن بۆ وێنە لە وڵاتانی پێشکەوتووی دێمۆکڕاتیکی غەربی حەتتا بەشداری لە هەڵبژاردنەکان زۆر کەمن. لە وڵاتێک کە ئەمن لەوێوە دێم لە بریتانیا بۆ وێنە، لە باشترین حاڵەت دا ڕەنگە سی چل دەر سەد لە خەڵک بچن دەنگ بدەن لە هەڵبژاردنێک دا کە هەر چوار ساڵ یەکجار، یان پێنج ساڵ یەکجار ڕو دەدا. بەو مەعنایە ئەوەی بە ئینگلیسی پێی دەڵێن ئەیپەتی [ بێ تەفاوەتی، خەمساری] هەیە. ئەمری سیاسی وەکوو شتێک کە پێوەندییەکی نزیک لە گەڵ ژیانی تاک یان کۆمەڵگای هەیە نابیندرێ،. زۆرتر وەکوو پڕۆسەیەکی زۆر فۆرماڵ کە هەر چەند ساڵ جارێک ڕودەدا.

گۆدەرزی: ڕووتینێک
مەتین: بەڵێ، ڕووتینێک کە ئەو مەعنایەی کە دەبێ هەیبێ بە پێی ئەو شتەی کە ئینتیزار لێی هەیە نەیماوە. بەڵام، ئەو سیستمی خۆ بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاتیک لانی کەم حەول دەدا – لە ڕەوەندی بەڕێوەچوونی دا چەندە نزیک دەبێتەوە شتێکە ئینسان پێشاوپێش ناتوانێ قەزاوەتی لە سەر بکا- بەڵام، حەولەکەی ئەوەیە و فۆرموولبەندی خودی ئەو سیستمە جۆرێکە کە حەول دەدا سیاسەت بێنێتەوە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، دەخیلیان بکا و چونکە سیستمێکە کە هەر وەک ناوەکەی ئاماژەی پێ دەکا خۆبەرێوەبەری یە، بەو مەعنایەی کە خەڵک لە خوارەوە ئەو سیستمەی دەر واقیع دەست پێدەکەن، نەک لە سەرەوە، لە تەریق سیستمێکی برۆکڕاتیک کە لە واقیع دا خەڵک پاش دەنگ دان هیچ نەخشێکیان لە ئەمری سیاسی دا نامێنێ. ئەتۆ نوێنەرێک هەڵدەبێژێری و بە مەحزی ئەوەی کە ئەو نوێنەرە هەڵبژێردرا ئەتۆ تا چوار ساڵی داهاتوو دەستڕەسیت بەوشکلەی کە دەبێ پێی نییە و لەو لەحزەیەی کە ئەو هەڵبژاردنانە دەر واقیع لە سیستمهای مەعموول دا تەواو دەبن، ئەمری سیاسی دەبێتە ئەمری برۆکڕاتیک بەو مەعنایەی.

گۆدەرزی: باشە ئەگەر لە سەر خاڵی دووەم، بەشداری چالاکانەی خەڵک ڕاوەستین، بەراوەردت کرد تۆ لە گەڵ بریتانیا یا ڕۆژئاوا بە گشتی، بەشداری چالاکانەی خەڵک لە پڕۆسێسی سیاسی یەکێک لەوان لە هەڵبژاردن دا. بەڵام دەزانین بە تەواوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یا بە گشتی لەو هەرێمانە دا هەلومەرجێکی دیکە هەیە. پێت واهەیە کە ئەو بەراوەردەت بەجۆرێک بە تایبەتی لە گەڵ چالاکی سیاسی و بەشداری سیاسی لە ڕۆژئاوا دا شتێکی دیکەیە. بە تایبەتی ئەوەی کە ئاوتۆماتیک، بڵێین بە شێوەیەکی خۆ بە خۆ خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەلی کوردیش بە هەمان شێوە بۆ خۆیان لە پڕۆسێسی چالاکانەی ڕۆژانە دا دەژین.

مەتین: بەڵێ، بڵێین من میسالی وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوام هێناوە چونکە ئەوان لە واقیع دا وەکوو پێشکەوتووترین شکڵی دێمۆکڕاسی غەڕبی دەناسرێن بۆیە ئەمن ویستم لەگەڵ باشترین شکڵی دێمۆکڕاسی کە هەیە هەڵیسەنگێنم کە نیشان بدەم حەتتا لەگەڵ وانیشدا سیستمی خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک لە واقیع دا زۆر ئەڕجەحییەتی هەیە و باشترە. بەڵام ئەگەر ئێمە بیهێنینەوە لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەڵی سەنگێنین جیاوازییەکە هێندەی دیکە زەق دەبێتەوە، چونکە لەو ناوچەیە دا دیارە ئێمە دەزانین کە بنەماکانی دێمۆکڕاتیک یا ئەسڵەن نییە یا ئەگەر هەیە زۆر بە شێوەیەکی سەروپێ بڕاو زۆر کورت هەیە. فەڕزەن چاو لە سیستمی لە ئێران، لە تورکیا یا خۆ لەو وڵاتانەی کە کوردیان لێ دەژین هەموویان لە باشترین حاڵەت دا دەتوانین بڵێین نەوعێک ئۆتۆریتارایانیسم یا بڵێین دەسەڵاتی دیکتایۆرمەئابانەیان هەیە. یانی ئەگەر لەگەڵ وەی هەڵسەنگێنین جیاوازییەکە زۆر زەقتر دەبێتەوە.بەڵام چونکە ئەو سیستمەی خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک هەر وەک کە ئێوەش ئاماژەتان پێ کرد لە ناخی جووڵانەوەیەکی هەمەلایەنەی نەتەوەیی و جەماوەری دا پێک هاتووە ئەو بایەخانە هێندەی دیکە دە خۆیدا مونعەکیس دەکا و نێشان دەدا و هەم خودی ئەو بیرۆکەیە جۆرێکە کە دەتوانێ، زەرفییەتی بڵێین پۆتانسییەلی ئەوەی هەیە کە ئەو لایەنانە ئەوەندەی دیکە گەشە پێ بدا و بەربڵاوتریان بکاتەوە.

لایەنی سێهەم کە ئەمن دەمویست ئیشاڕەی پێ بکەم کە ئەو بیرۆکەیە جیا دەکاتەوە لە بیرۆکەکانی دیکە کە ئەمری سیاسی و دێمۆکڕاسی لە ڕووداو ڕا دێنێ تەبدیل دەکا بە پڕۆسەیەک. چونکە لەو سیستمە دا خەڵک دەر واقیع ڕۆژانە ژیانی سیاسی خۆیان، دیارە ژیانی کۆمەڵایەتییان بە گشتی خۆیان بەڕێوەی دەبەن، لە تەریق شووڕاکانیان، لە تەریق کۆمۆنەکان کە لە سەتحی گوند و شار و دێ و گەڕەک و ناوچە دا هەن و ئەوان دە واقیع دا ژیانی ڕۆژانەیان مودام لە گەڵ ئەمری سیاسی دە واقیع دا تێکەڵ دەبێتەوە و ئەوە ئەگەر هەر میسالی هەڵبژاردن کە ئەمن ئیشارەم پێکرد لە پێش چاو بگرین لەوێدا ڕووداوە. دێمۆکڕاسی دە واقیع دا ڕووداوێکە کە هەر چوار ساڵ جارێک روودەدا و ئەتۆ دەنگ دەدەی و دوایە دەکشێیەوە بۆ شێوەیەکی دیکە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری. لە سیستمی خۆ بەڕێوەبردنی دێمۆکڕاتیک دا حەول ئەوەیە کە دە واقیع دا ئەمری سیاسی دەبێتە ڕەوەندێک، دەبێتە پڕۆسەیەک کە تۆ ڕۆژانە، مانگانە و هەموو کاتێک لە واقیع دا لەگەڵی دەژی و بەشێکە لە ناسنامەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە. بەو مەعنایە، ئەمن پێم وایە کە ئەم سیستمە هەم زەرفییەتی هەیە و هەم ئێستاش کە لە ماوەیەکی کورت بەڕێوە چووە نیشانی داوە کە دەتوانێ دێمۆکڕاسی زۆر قووڵتر بکاتەوە، دەتوانێ بڵێین لە عەرسەکانی جۆراجۆری ژیان ڕەنگدانەوەی هەبێ و تەنها بە هەر بەو شێوەیەی کە بەتەوری موتەعارف هەر وەک باسم کرد – لە ڕۆژئاوا بە تایبەت – لە سەر مەسەلەی سیاسی، یان لە باشترین حاڵەت دا لە سەر بابەتی حقووقی موتەمەرکیز دەبێ یا بڵێین خۆی دەبەستێتەوە، لێرە دا دەبێتە، بڵێین دەر واقیع ئەو هەوایەی کە کۆمەڵگایەک تێیدا هەناسە دەکێشێ، دەر واقیع ژیانی کۆمەڵگا بە شکلێکی جەماوەری دەچێتە پێشێ.

گۆدەرزی: باشە دوکتور کامران تۆ باسی سێ خاڵت کرد کە بە جۆڕێک وەکوو پێناسەیەک بۆ سیستمی خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک کە ئەو سیستمە لە سیستمی دیکە جیا دەکاتەوە. بەڵام بێجگەلە لەو سێ خاڵە، ئەوەی کە ئێستا سیستمی خۆ بەڕێەبەریی دێمۆکڕاتیکی بۆ نموونە لە ڕۆژئاوای کوردستان پڕاکتیزە دەکرێت، لە ناو ژیانی سیاسی گەلێک دا بەڕێوە دەچێت کە ئەم گەلە بە هۆی سیستمی دەوڵەت نەتەوە، بەهۆی دەوڵەتی سووریا، و بە هەمان شێوە لە دەوڵەتانی دیکەش دا بۆ خۆی زەختێکی سەدان ساڵە بووە لە سەر میللەتێک. لەو ڕوانگەوە ئێوە کە بە جۆرێک باسی ئەو سیستمەتان کرد وەکوو جیاوازییەک لە گەڵ سیستمی باوی بڵێین دێمۆکڕاسی ڕۆژئاوایی دا. بەڵام ڕاست لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ئەو سیستمە بە تایبەتی کە دەبێتە سیستمی بەرانبەری دەوڵەت نەتەوە. کە دەوڵەت نەتەوە بڵێین چەوسێنەرن یان بڵێین دەوڵەت نەتەوەیەک بەو مانایەی کە نکۆڵییەکی تەواو لە نەتەوەکانی دیکە کراوە. ئەو سیستمە، لەو بارەیەوە پێت وایە دەتوانێ لە بەرانبەر سیستمی دەوڵەت نەتەوەی وەکوو سووریا و تورکیا و وڵاتانی دیکە دا چۆن جێگەی خۆی بگرێت؟

مەتین: بە بڕوای من لەو بوارەش دا زۆر جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە، بەو مەعنایە ئەگەر ئێوە چاو [ئیشارە دەکا بە دەقی "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی" کە لە بەر دەم گۆدەرزییە] لەو "هاوپەیمانییەی کۆمەڵایەتی" دەقەکەی بکەن دەست پێدەکا بە ددان پێداهێنان بەوە دا کە ئەو کۆمەڵگایە پێک هاتووە لە مەزهەب و زمان و ئێتنیکی جیاواز و حەتتا ناوی ئەو بەڵگەیە کە هاوپەیمانی یە، قانوونی ئەساسی بەو جۆرەی کە مەعموولە ناوی نابەن. هاوپەیمانی دیارە یانی لایەنهایەک هەن کە پەیمان دەدەن بەیەکتر، یانی حەتتا لە ناوەکەی دا ئەو بەڵگەیە ددان بەوە دا دەهێنێ کە ئەو کۆمەڵگایە پێک هاتووە لە ڕەگەز و زمان و بڵێین ناسنامەکانی جیاواز و ئەو بەشە جیاوازانەی ئەو کۆمەڵگایە بە ناسنامەکانی خۆیان دێن لە ڕەوەندێکی دێمۆکڕاتیک و بەرابەر دا و یەکسان دا لە سەر ژیانی سیاسی خۆیان بڕیار دەدەن و تەسمیم دەگرن بەو شکڵەی کە پێیان خۆشە و پێیان باشە بەڕێوەی بەرن. لەو لحازەوە دەقیقەن جیاوازی هەیە لەگەڵ دەوڵەت- نەتەوە، بە تایبەت دەوڵەت – نەتەوەیەک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێ کەوتووە کە بنەماکەی ناسنامەیەکی دیاری کراوە. ناسنامەیەک لە ناو چەندین ناسنامەی دیکە. بۆ وێنە بڵێین ناسنامە، هووییەتی عەڕەب زاڵە بە سەر ئەوانیتر دا، یان لە تورکییە ئی تورک، لە ئێران ئی فارس بە هەمان شێوە. لێرە دا کۆمەڵگا و سیستمی سیاسی و ئیداری نازر بەو کۆمەڵگایە لە واقیع دا لە بنەڕەت ڕا و لە دەسپێک ڕا ددان بە هەمە ڕەنگی ئەو کۆمەڵگایە دا، لە باری ناسنامەی زمانی و ئێتنیکی دا دەهێنێ کە ئەوە هەر خۆی لە خۆی دا، لە واقیع دا زۆر دێمۆکڕاتیک ترە و لە سیستمەکانی مەوجوودی جیا دەکاتەوە. وێڕای وەی دیارە لایەنی دیکەشی هەیە کە جیاوازی دەکاتەوە. سیستمەکانی دەوڵەت – نەتەوە ڕەگەزێکی زۆر بە قووەتی بڵێێن جێندریان [ جینسییەت ] هەیە، دیارە ئەوە دەکرێ هەمیشە بە کەلیمات بەیان نەکرابێ لە قانوونی ئەساسی ئەو وڵاتانە دا، بەڵام بە هۆی ئەو فەرهەنگ و ئەو ڕابردوویەی ئەو سیستمە دەوڵەت – نەتەوانە لە سەری ساغ دەبنەوە، مەسەلەی یەکسانی ژن و پیاو یا بڵێین جینسییەت ڕەنگ دەداتەوە لە قانوونەکانی ئەم وڵاتانەش دا.

ئەم بەڵگەنامەیە [ئاماژە دەکا بە "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی" لە بەر دەست گۆدەرزی] بە جیاوازی لە وان نەتەنها لە سەر جیاوازی ژن و پیاو پێ دادەگرێ کە ئەوە ڕەنگە لە وڵاتانی ڕۆژئاواش هەر هەبێت، بەڵام مێکانیسمهایەک دابین دەکا ئەو یەکسانییە لە عەمەل دا، لە پڕاتیکی ڕۆژانەی بەڕێوەچوونی ئەو کۆمەڵگایە دا ئەوە دەستەبەر دەکا. بۆ وێنە ئێوە ئەگەر چاو لەو بەڵگەنامەیە بکەن، لە چەندین جێگا باسی ئەوە دەکا کە لە کۆمۆنەکان، لە مەجلیسەکان، لە وەزاڕەتەکان چل لە سەد دەبێ لە ڕەگەزی جیاواز بێ یانی لە کەمترین حاڵەت دا دەبێ چل دەر سەد ژن حزووریان هەبێ، دەبێ بەشداری بکەن. کە ئەوە بە بڕوای من لەم وڵاتەی کە ئێمە ئێستا تێیداین ؛ سوێد هێشتا، ڕەنگە یەكێک لە پێشکەوتووترین وڵاتانی ڕۆژئاوا بێ، لێرە، ڕەنگە ئەمە چەند ساڵە ئەم شتە باس بکرێ کە دەبێ بە ئیستیلاح "دیسکریمیناشیۆنی پۆزیتیڤ" [دووچاوکی پۆزیتیڤ] بەکاربێنن بۆ ئەوەی کە ژن لە کۆمەڵگادا و لە ژیانی سیاسیدا دەخیل بێ، لە حاڵێکدا ئێمە لێرە لە خودی بەڵگەنامەکە دا واتە لە "هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتی"دا ئەوە دابین کراوە و باسی لێ کراوە.

گۆدەرزی: باشە دوکتور کامران بێجگەلە جێندر یان موشارەکەتی سیاسی یا بڵێین بەشداری چالاکانەی سیاسی لە پڕۆسەی سیاسی دا، تۆ چی دیکە، لە پێشدا ئاماژەت بە جیاوازی سیستمی خۆبەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک لەگەڵ سیستمەکانی دیکە کرد.، بەڵام بێجگەلە ئەو جیاوازیانە ئەتۆ چ جیاوازییەکی دیکە ئەبینی کە ئەم سیستمە بکاتە سیستمێکی جیاواز لە سیستمەکانی دیکەی بەڕێوەبەری؟

مەتین: من پێم وایە ئەو تەئکیدەی کە لەو سیستمە دا لەسەر یەکینەکان یان بڵێین واحیدەکانی چکۆڵەی کۆمەڵایەتی هەیە کە لە گوند و شار و ناوچە ڕا دەست پێ دەکا و حەتتا لە ناو گوند و شاریش دا لە سەر گەڕەکەکان کە کۆمۆنی خۆیان هەیە و ئەوەی کە خەڵک لە بەربڵاوترین شکڵی خۆی دا دەخیلن لە بڕیار دان لە سەر چۆنیەتی بەڕێوەچونی ژیانیان و دەر واقیع شکل و ستروکتوور و ساختاری بڵێین سیاسی زۆر جیاوازی دەکاتەوە، بەو مەعنایەی کە بڵێین لە دیسکۆرسی چەپ دا زۆر باسی ڕادیکال دێمۆکڕاسی دەکرێ، دێمۆکڕاسی ڕادیکاڵ یانی زۆر ڕیشەیی و قووڵ. ئەم سیستمە لە واقیع دا دەیهەوێ ئەو ڕادیکاڵ دێمۆکڕاسییە بە ڕادیکاڵترین شێوەی خۆی، ئەگەر بکرێ بڵێین، مسۆگەر بکا بەو مەعنایەی کە دێمۆکڕاسی ڕەوەندێکە کە، پڕۆسەیەکە لە خوارەوە دەست پێدەکا بۆ سەرێ، نەک وەک ئەو سیستمهای مەعموول کە لە سەرێ ڕا دەست پێدەکەن بۆ خوارێ. ڕەنگە لایەنی دووهەمیش کە بە بڕوای من لە دنیای ئەوڕۆ دا، بە تایبەت لە سی چل ساڵی ئەخیر دا هەر دێ و زۆرتر گرینگ دەبێ مەسەلەی ژینگەیە. چونکە وەک دەزانین ماهییەت و نێوەرۆکی سەرمایەداری جۆرێکە کە هیچ سنوورێک بۆ سەرمایە دانانێ. یەکێک لەو مەشاکیلەی، بڵێین موعزەلاتەی ئەو سیستمە دایدەنێ ئەوەیە کە تەبیعەت، ژینگە لە دنیای ئەوڕۆ دا بە شێوەیەکی پڕۆگرێسیڤ و پێشڕەوەندە خەریکە لەبەین دەچێ کە ئەوە لە درێژ ماوە دا دەتوانێ ئەسڵەن مەوجوودییەتی بەشەر لە سەر عەرز بخاتە ژێر مەترسییەوە هەر وەک ئێستا مەسەلەن باسی گەرم بوونی دنیا دەکرێ و ئەوەی کە چ عەواقبێکی دەکرێ هەبێ. ئەم سیستمە مەسەلەی ژینگە نە وەک شتێکی لاوەکی کە لە سیستمی لێبێڕاڵ دێمۆکڕاسییەکان دەیبینن دابین دەکەن، بەڵکوو ژینگە بەشێکە، یەکێک لە سێ عونسوری ئەساسی ئەو سیستمەیە کە ئەگەر بڵێین ئەمری سیاسی، مەسەلەی جێندر و مەسەلەی ژینگە ئەوانە بناخە ئەسڵییەکانی ئەو سیستمەنە و لە نەتیجە دا چونکە ژینگە دەبێتە یەکێک لە بنەماکانی ئەسڵی – یانی پاراستنی ژینگە مەبەستم ئەوەیە، دەبێتە یەكێک لە بنەماکانی ئەسڵی ئەو سیستمە، لە نیهایەت دا ئەو پاراستنەی ژینگەیە خۆی لە خۆیدا باعیس دەبێ کە ئەم سیستمە لە سەر ئابووری ئەو کۆمەڵگایەش بۆچونێکی زۆر تایبەتی هەبێ کە تەئکیدی لە سەر بەکار هێنان و ئیستیفادە کردن لەو سەرچاوانەیە کە تەبیعەت دەیدا بە بەشەر. مەسەلەن ئەگەرچاو لە کارەکانی مۆڕای بووکچین بکەن کە زۆرێک لە مەسەلەی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک لە کارەکانی وی ئیلهامی وەرگرتووە ئەو زۆر باسی فەڕزەن ئیستیفادە کردن لە بڵێین ووزەی با. ئەنێڕژی کە بڵێین لە با بە وجوود دێ، یا لە ڕۆژ، لە گەرمای ڕۆژ دەکا. کە ئەو شتانە ئێمە دەیبینین ووردە ووردە دەستی پێکردووە لە ساڵی ڕابردوو لە "ڕۆژئاوا "، بەڵام ئەو بە ئیستیلاح گەڕانەوە بۆ سەر تەبیعەت بە شێوەیەکی زۆر دۆستانە و غەیری ئەگرێسیڤ، کە سەرمایەداری زۆر بە شیدەت، بە شێوەیەکی زۆر ئەگرێسیڤ و بلێین بێ سنوور خەریکە ژینگە بۆ بەدیهێنانی بڵێین سوود یان پڕۆفیت بە کار دێنهێ لە سیستمی خۆ بەڕێوە بردنی دێمۆکڕاتیک دا سنوور دادەندرێ و خەڵک بڕیار دەدەن لە واقیع دا کە چۆن ئابووری خۆیان سازمان بدەن، بە شێوەیەک کە ڕەوەندی گەشە کردنی کۆمەڵایەتی بتوانێ درێژ ماوە، درێژ خایەن بێ و ئیدامەکاری هەبێت.

بۆیە بە بڕوای من مەسەلەی یەکسانیی جێندر و مەسەلەی ژینگە و مەسەلەی ڕادیکاڵیزە کردنەوەی دێمۆکڕاسی و هێنانەوەی دێمۆکڕاسی بۆ ناو خەڵک و بە عونوانی پڕۆسەیەک کە مودام بەرەوپێش دەچێ و لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک دا دەبیندرێ و هەستی پێ دەکرێ ئەوە ئەو سیستمە زۆر جیاواز دەکاتەوە لە سیستمانێک کە حەتتا لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاواشدا هەمانە.

گۆدەرزی: بێجگەلە جێندر، لە ئێکۆلۆژی، و هەر واتر لە دێمۆکڕاسی و بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسی دا،پرسێکی دیکە پرسی ستاتۆ یە، هووییەتی نەتەوەیی یە و مافی گەلانە. ئەگەر ئێمە لێرە دا بڕێک بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ئەو مەسئەلەیە بڕاونین دەزانین کە ناسیۆنالیزمی کوردی بە گشتی لە ماوەی حەفتا هەشتا ساڵی ڕابردوو دا لە ژێر کاریگەری ناسیۆنالیزمی نەتەوەی سەر دەست دا و بە گشتی بەو ڕێچکەیە دا ڕۆیشتووە کە دەوڵەتی نەتەوەیی کورد ڕزگار دەکات. ئەمە لە باری کولتوورییەوە هێشتا لەهەناوی کورد دا هەیە و بە گشتی کاریگەری هەیە لە سەری. پێت وا هەیە لەو پێوەندییەدا، کە بەتایبەتی لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک دا پرسی هووییەت بەو شێوەیەیە لە بەر ئەوەی کوردستان وڵاتێکی موزائیکە، هەموو ئێتنیک و نەتەوەیەک ئاشتیانە پێکەوە دەژین و سەرەڕای جیاوازیان و سەرەڕای هەبوونی مافی خۆیان. لەو پێوەندییە دا یانی پێت وایە کە ئەو بۆچوونە، ئەو ڕوانگەیە لە بەرانبەر ڕوانگەی دەوڵەت – نەتەوە دا کە بە جۆرێک بڵێین باڵی بە سەر جووڵانەوەکانی کوردیش دا کێشاوە دەتوانێ چ کێشەیەک دروست بێ؟

مەتین: بە بڕوای من لەم بوارە دا، ڕەنگە ئەو جیاوازییە بە دوو جۆر ببیندرێ، یەک ئەوەی کە ناسیۆنالیزمی سوننەتی پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی نە وەکوو ئامرازێک بۆ حەلی مەسەلەی نەتەوەیی، بەڵکوو وەکوو ئەوە تەبدیل دەکا بە ئامانجێک، خۆی لە خۆیدا هەدەفێک. دە حاڵێک د ا ئەگەر چاوی لێ بکەین لە ڕاستیدا وا نییە حەتتا ئەگەر لە دەقەکانی ئەو کەسانەی لە سەر ناسیۆنالیسم لە سەدەکانی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمیش دا نووسیویانە،لە سەرەتا دا پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی ئامرازێکە بۆ وەی کە مەسەلەی نەتەوایەتی یان ناسنامەیی نەتەوایەتی و ئەو حقووق و ئیمکاناتەی بڵێین دەبێ دابین بکرێ بۆ نەتەوەکان لەو تەریقەوە جێبەجێ دەبێ، یانی ئامرازێکە خۆی لە خۆیدا تەقەدوسێکی ئەو جۆرەی نییە. خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک لە واقیع دا ئەوەی هەزم کردووە لە نێو خۆی دا. بەو مانایەی کە زیاد بوونی دەوڵەت بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیک ناتوانێ بە مەعنای جێبەجێ بوونی مەسەلەی نەتەوایەتی بێ چونکە هەر بە قەولی ئێوە باستان کرد لە سەر بنەمای هەر ئەو سیستمەی کە چەوسانەوەی نەتەوایەتی ساز کردووە، فەڕز ئەوەیە کە ئەتۆ دەوڵەتێکی وەکوو وی دروست بکەی ئەو مەسەلەیە بەو شێوەیە جێبەجێ دەبێ. لە حاڵێکدا ئەگەر ئێمە مەسەلەی نەتەوە یا دەوڵەتی نەتەوەیی وەکوو قەوارە چاو لێبکەین نەک وەک ناوەرۆک ئەو دەم بۆمان دەردەکەوێ کە مەسەلەی نەتەوایەتی دەتوانێ بە شێوەهایەکی زۆر جۆراجۆر جێبەجێ بکرێت. بەو مەعنایە ئەو بەڵگە نامەیەی "هاوپەیمانیی دێمۆکڕاتیک" کە باسی دەکەین ئەوڕۆ، لە سەرەتاکەی باس لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکا و ئەو مافی چارەی خۆنووسینە پێشاپێش هیچ قەوارەیەکی سیاسی تایبەت تەجویز ناکا بە عینوانی تەنیا ڕێگای دەستەبەر کردی مافی چارەی خۆ نووسین. لێرە دا بە بڕوای من ئەو جیاوازییە هەیە کە ئێمە دەتوانین بە قووڵکردنەوەی دێمۆکڕاسی مەسەلەی نەتەوەیی جێبەجێ کەین نە بە ساز کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی مەسەلەی نەتەوەیی، چون حەتتا لە باشترین حاڵەت دا دەوڵەتی نەتەوەیی فەقەت بەشی، لایەنی ناسنامەیی مەسەلەی نەتەوەیی حەل دەکا نەک لایەنی کۆمەڵایەتی، لایەنی ئابووری، لایەنی ئیداری. بو وێنە مەسەلەن مەسەلەی برۆکڕاسی لە دەوڵەت نەتەوەکان دا مەسەلەیەکی زۆر جیدی یە، وایە؟ یانی لە وڵاتانی هەرە پێشکەوتووی دێمۆکڕاتیکیش دا ئەو ئاستەنگانەی لە سەر دێمۆکڕاسی هەنە زۆرتر ناشی لەوەیە برۆکڕاسییەکی زۆر پیچیدە و بەربڵاو هەیە کە بە هۆی گەورەیی، بە هۆی قورسایی خۆی لە واقیع دا بە شێوەیەکی زۆر هەمەلایەنە بەشداریی خەڵک لە ئەمری سیاسی دا سنووردار دەکا. لە حاڵێکدا لە خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک چونکە ئەو برۆکڕاسییە یان لە واقیع دا بڵێین بە شێوەیەکی لانی کەمی دەبێت یا بە شێوەیەک دەبێ کە بە دەلیلی خۆ بەڕێوەبەرایەتی کە لەوێدا ناوەرۆکی ئەم بەڵگەیە و ئەم سیستمەیە، ئەوە کە سنوور دادەنێ بۆ ئەندازە و بڵێین شکڵ و شەماییلی برۆکڕاسی نە بەرعەکس. بەو مەعنایەی زۆر تەفاوەتی هەیە.لایەنی دووەمیشی ئەوەیە کە ئەو مەسەلەی، پێم وایە دەبێ بڕێک زۆرتر باسی بکەین، مەسەلەی تێگەیشتنێکی جیاواز لە مەسەلەی نەتەوایەتی وەکوو مەسەلەی نەبوونی دێمۆکڕاسی نەک نەبوونی سیرفەن ئامرازەکانی دەوڵەتی کە لە گەڵ ناسنامەیەکی نەتەوەیی دیاریکراو ئیرتیباتیان هەبێت. وەختێک ئێمە مەسەلەکە لە ڕوانگەی دێمۆکڕاتیزە کردنی کۆمەڵگا ڕا چاو لێدەکەین، ئەو دەمە کە زۆر لایەنی دیکە، ئەومەسەلەی ئینتگراتیڤ بوونی ئەو کۆنسێپتە یا بڵێین ئەو چەمکە کە باسمان کرد لە سەرەتا دا، لایەنەکانی جۆراجۆری ژیانی کۆمەڵایەتی دێنێتەوە ناو یەک کولییەتی واحید، ئەو دەمە کە لە سیستمێکی ناسیۆنالیستی کە لە سەر بنەمای دەوڵەت نەتەوە داندراوە ئەو لایەنانە لاوەکین و یا حەتتا لەوانەیە باسیشیان نەکرێ، یانی ئەوە گرینگ نییە کە ئابووری بڵێین دەوڵەتێکی کوردی سەرمایەدارییە یا هەرچی هەیە ئەو بەشە ئەسڵەن مەسەلەیەکی ئەوتۆ نییە لە ڕوانگەیەک بۆ حەل کردنی مەسەلەی نەتەوایەتی کە لە سەر دەوڵەت – نەتەوە دامەزراوە.

بەشێکی دیکەی کە بە بڕوای من جێگای ئاماژەیە ئەوەیە ئەگەر چاو لێبکەین حەتتا لە بیرۆکەی چەپ حەتتا لە بیرۆکەی لیبێڕاڵیش دا، دێمۆکڕاسی لە سەرەتای خۆی لە باری مێژووییەوە لە واقیع دا سیستمێکە دەیهەوێ ئەو سنوورانەی کە کۆمەڵگای چینایەتی بۆ سەر بەشداری تەواوی تاکەکان و ئەندامانی کۆمەڵگایەک لە ئەمری سیاسی دا دادەنێ لابەرێ. یانی بەو مەعنایە چەوسانەوە یاخۆ زاڵبوون لە چەمکی تەبەقە یا چین دا مەحدوود دەکرێتەوە. لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک بە پێچەوانە ئەو جۆرەی لەو بەڵگەنامانەی سەبارەت بەو چەمکە دەیبینین زاڵبوون یا خۆ چەوسانەوە فەقەت لە چین دا خۆ نانوێنێ، بەڵکوو لە زۆر بواری دیکە دا ئەو زاڵبوونە دەتوانێ خۆی نیشان دا. مەسەلەن هەر ئەوەی کە جێندر یا ژینگە جێگایەکی ئاوا تایبەتی هەیە ناشی لەوەیە کە ئەو بۆچوونە پێی وایە کە زاڵبوون ئیلزامەن پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ بڵێین سەروەتی مادی دەتوانێ نەبێ. دەسەڵاتی پیاو لە سەر ژن حەتتا لە نێو یەک بنەماڵە دا ئیلزامەن ناشی لەوەی نییە کە لایەک دەوڵەمەندترە یا لایەک فەقیرترە یا لایەک دەسەڵاتی مادی زۆرترە. یا زاڵبوونی شار بە سەر گوند دا، یا زاڵبوونی بڵێین نەتەوەیەک یا خۆ ڕەگەزێک بە سەر ئەویتر دا هەمیشە ڕاستەوخۆ لەگەڵ مەسەلەی چینایەتی ڕەنگە نەبێت. بۆیە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک چون مەسەلەی دەسەڵات و مەسەلەی نادێمۆکڕاتیک بوون لە چوار چێوەی چین دەباتە دەرێ، مەسەلەی دەوڵەتیش بەو شێوەیە جۆرێکی دیکە تەعریف دەکرێ. یانی دەوڵەت خۆی بە جۆرێکی دیکە دەنوێنێ لەو سیستمە دا و لە باتی زۆرتر و زۆرتر کردنی دەوڵەتەکان وەکوو ئامرازی دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەیی، ئەو سیستمە دێ ئەو چوارچێوانەی کە هەن لە حاڵی حازر دا ئەوان لە ناوەوە، لە ناخەوە دێمۆکڕاتیزە دەکا و بەوجۆرە ئەو قەوارەی دەوڵەت – میللەت هەر دەڕوا و ئەو فۆنکسیۆنانەی کە لە حاڵی حازر دا هەیەتی بۆ سنووردار کردنی ژیانی سیاسی و بە پێی ویش سنووردار کردنی مافی نەتەوەکان ئەوە لەناوەوەدەگۆڕێ و گۆڕانکاری زۆر بڵێین قووڵیان بە سەر دا دێنێ. بۆیەش ئەو سیستمە دەتوانێ و پۆتانسییەلی وەی هەیە کە لە هەموو عەرسەکاندا بە یەک ئەندازە و بە یەکسانی لەگەڵ نایەکسانییەکان دا ڕووبەڕوو بێتەوە، جا ئەو نایەکسانییە بڵێین لە جێندر دایە یانی لە پێوەندی ژن و پیاو، یا حەتتا مناڵ و بە ساڵاداچوو، یا شار و گوند هەر وەک باسم کرد، یا ئابووری و مەسەلەن کەشاوەرزی و فەلاحەت و ئەوانە. هەمووی ئەوانە، ئەو کۆنسێپتە ئیجازە دەدا کە وەکوو یەک کولییەتی واحید چاوی لێبکرێ و یەکسانکردنەوەیان دەر واقیع دەبێتە مەعنای عەمەلی دێمۆکڕاسی بەو مەعنایەی.

گۆدەرزی: بەڵێ، دەزانین کە "هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی" وەک من لە پێشەکی باسەکەش دا باسم کرد ساڵێک تێناپەڕێ، یانی دە مانگە کە لە لایەن مەجلیسی یاسا دانان لە ڕۆژئاوای کوردستان پەسەند کراوە و لە ڕاستیدا ئێستا بڵێین وەک یاسایەکی بنچینەیی لێ هاتووە کە لە کانتۆنەکانی خۆبەڕێەبەریی دێمۆکڕاتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان لە هەر سێ کانتون دا لە کۆبانێ، جزیرە و عەفرین کاری پێ دەکرێت.دە مانگ زۆر زوویە بۆ ئەوە بزانین کە"هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی" چۆن جێگر بووە وەکوو سیستەم لە ڕۆژئاوای کوردستان دا بەڵام، تۆ وەکوو لە ناوەرۆکی تێکستەکەدا خوێندووتەتەوە، یانی " هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی" خوێندووەتەوە بەگشتی وەکوو سیستەم ئەگەر بەراوەردی بکەین لە گەڵ سیستەمەکانی دیکە دا بە تایبەتی جەنابت پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەخوێنیتەوە و لەگەڵ زۆر سیستمی دیکە ی دەوڵەتانی دیکە ئاشنای، وڵاتانی دیکە ئاشنای. بە تایبەتی ئەوەی کە باست کرد ئێکۆلۆژی بۆ نموونە چەند ە لە ڕۆژئاوا لە ئوڕووپا گرینگە، لە " هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی " دا هەمان گرینگی پێ داوە. باسی ژێندەر تەنانەت زۆر زۆر لە پێشترە تەنانەت ئەگەر تۆ بۆ نموونە ڕێژەی بەشداری ژنان بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەکوو سوید دا لە ئاستی پارلمان و وەزیرەکان دا زۆر زۆر کەمترە لەو ڕێژەیەی کە بۆ بەشداریی ژنان لە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک داندراوە. بە گشتی لەوبارەیەوە بڵێین بەراوەرد کردنی دەق و تێکستی ئەو سیستمەی کە خوێندووتەتەوە لەگەڵ سیستمەکانی دیکە گشتی چۆن دەبینیت؟

مەتین: بەڵێ، بە بڕوای من دیارە هەر وەک ئاماژەت پێ کرد ڕەنگە ئەو ماوە کورتە دروست نەبێ ئێمە بە پێی وی قەزاوەت بکەین کە چۆن بە ئامانجەکانی گەیشتووە ئەو بەڵگەیە یان نا ‌! بەڵام ئەگەر هەر لە سەتحی بەڵگەکەوە چاو لێ بکەین، بە بڕوای من ئەگەر پێشکەوتووتر نەبێ، دواکەوتووتر نییە، یانی هەر ئەو ڕێژەی بەشداریی ژنان کە دابین کراوە پێم شک نایە، دیارە ڕەنگە ئەمن قانوونی ئەساسی هەموو وڵاتانی ئوڕووپام نەخوێندووەتەوە، بەڵام پێم شک نایە لە هیچ وڵاتێک دیاری کرابێ کە چەند دەر سەد دەبێ لە هەموو بوارەکان دا ژن بەشداری بکەن. 

وێڕای وەی کە من دەمەوێ بڵێم کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی خەڵکی کورد لێی دەژین دوو مەسەلە، مەسەلەی زۆر موشکیلەی جیدی و ڕۆژانە و مێژوویی خەڵکن لەو مەنتەقانە.

یەکیان ئەوەیە ئەو ناوچانەی کە کورد لێی دەژین و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی زۆر فرە نەتەویی، فرە مەزهەبی و فرەزمانییە. بۆیەش ئەو مەسەلەی دەوڵەت نەتەوە خۆی لە خۆیدا هێندێک ناکارامەدی هەیە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو مەسەلەیە. بۆیە ئەو بەڵگەنامەیە بە تەئکید لە سەر دەوڵەمەندیی فرە مەزەبی بوون و زمانی بوون نەک وەکوو موشکیلەیەک بەڵکوو وەکوو دەوڵەمەندییەک، وەکوو سەرچاوەیەکی ئیتیفاقەن ئیجابی و موسبەت بۆ ئەو کۆمەڵگایە چاوی لێ دەکا و ئەو شتانەی کە ئێمە دەشبینین لە " ڕۆژئاوا" ڕوو دەدا، لە بواری بەشداربوونی ئەندامانی ئەو کۆمەڵە جیاوازانە لە باری مەزهەبی یا زبانی، یا سیریاکەکان (سوریانییەکان) یا چەچەنەکان یاخۆ عەڕەبەکان کە لەو مەنتەقانەی کورد لێی دەژین ئەوانیش لەوێ دەژین، هەموو ئەوە نیشان دەدا کە ئەو بەڵگەنامەیە توانیویەتی لەو ماوە کورتە دا ئەو ئیعتمادە پێک بێنی لەوێ کە ئەو خەڵکانە کە لەوێ لەچاو خەڵکی کورد کەمایەتین هەست بە نابەرابەر بوون نەکەن، بە شێوەیەکی زۆر هەڵسوڕاوانە و فەعالانە لە سیستمی خۆبەڕێوەبەرایەتی دا بەشدارێ بکەن و حەتتا لە بەرەکانی شەڕ ئێستا لە بەرابەر هێرشی داعش دا ئێمە دەبینین کە لە مەسیحییەکان، لە ئاسیرییەکان، لە کەمایەتییەکانی دیکە هەن و ئەوە نیشان دەدا کە ئەوان خۆیان بە سێحەبی ئەو سیستمە دەزانن و هیچ هەست بە پەراوێز بوون یاخۆ چەوسانەوە لەو سیستمە دا ناکەن، کە ئەوە بە بڕوای من لە ناوچەیەک کە شەڕی مەزهەبی لە هەموو لایەکی خەریکە ژیانی خەڵک لێک هەڵدەوەشێنێ و لە بەینی دەبا ئەوە بە ڕاستی جێگای شانازی یە بۆ ئەو کەسانەی کە ئەو سیستمەیان پێک هێناوە. مەسەلەی جێندریش هەر بە تایبەت.

گۆدەرزی: باشە ئێمە ئەگەر لە سەر پێکهاتەی موزاییکی ڕاوەستین دەزانین کە ڕۆژئاوای کوردستان بێجگەلە پێکهاتەیەکی تەواو جیاوازی موزاییکی لە باری ئێتنیک و مەزهەبەوە هەیە، لە باری جوغرافیشەوە بەشی ڕۆژئاوای کوردستان وڵاتێکی دابڕاوە.. 

مەتین: وایە

گۆدەرزی: بەڵام هەمان پێکهاتەی موزاییکی ئێمە لە باکووری کوردستان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە باشووری کوردستانیش دەبینین. بۆ نموونە جەنابت خەڵکی شارێکی، خەڵکی شاری نەغەدەی کە بەشێکی تورکە و بەشێکی کوردە و دوو ئێتنیکی جیاواز لە ژیانی ڕۆژانە دا پێکەوەن و شەڕ وشۆڕیش هەبووە. بە گشتی تۆ پێت وایە کە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارەی کە فکری زاڵی ناسیۆنالیزمی کورد دەوڵەت کە بە جۆرێک لە باری کولتوورییەوە ووتمان ئێستاش ئاسەوارەکەی ماوە، بەڵام ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان وەکوو مۆدێلێک بگرین پێت وایە سەرەڕای گرفتەکان، کێشەکان ئەم مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیکە دەتوانێ لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دا، یا نە تەنیا لە کوردستان بەڵکوو لە شوێنەکانی دیکەش دا، لە سووریا، تورکیا بۆ نموونە کە پێکاتەی جیاوازی لێیە بتوانێت خۆ بگرێت ئەم سیستمە؟

مەتین: ئەمن پێم وایە دیارە پۆتانسییەلی وەی هەیە چونکە ئەگەر ئێمە چاو لێبکەین لە باری مێژووییەوە چەمکی دەوڵەت – نەتەوە لە ئوڕووپاوە کە سەرچاوەی گرتووە لەو شوێنانە بڵێین سەرکەوتووتر بووە کە ئەو فرە زمانی و فرە مەزهەبی و فرە نەتەوەیی بوونە کەمترین حاڵەتی هەبووە. مەسەلەن هەر ئەو سوێدە کە ئێمە ئێستا لێین، و بۆیە وەختێک ئەو چەمکە سادر کراوە بۆ شوێنەکانی دیکەی دنیایێ یا وەرگیراوە لە لایەن کۆمەڵگاکانی تری دنیا بیلافاسلە لەگەڵ موشکیلی زۆر جیدی ڕووبەڕوو بووە چونکە زۆربەی هەرە زۆری جوغرافیای دنیا و خەڵکانی دنیا جۆرێک دەژین کە دەوێدا ئەو جۆرە فرە زمانی و فرە نەتەوەیی و بڵێین ئەو حاڵەتی موزاییکە واقیعەن هەیە بۆیە ئەو چەمکە بە ڕاستی مودام ئیستیکاکی هەیە لە گەڵ ئەو واقعییەتەی ژیانی بەشێکی زۆر لە خەڵکی دنیا. بۆیە ئەو چەمکە، سیستمی خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک چون لە سەر بنەمای ئەو تەنەوعە زمانی و فەرهەنگی و مەزهەبییە دامەزراوە و حەمووی ئەوانە نایهەوێ لە یەک دانە چوارچێوەی دەوڵەتێکی واحید دا جێ بکاتەوە زەرفییەتی زۆرترە. ئەڵبەتە ئەوە بەو مەعنایەی نییە کە هەموو دەوڵەت نەتەوەیەک بەنا بە تەعریف دەبێ حەتمەن هەموو ئەو تەنەوعە بە ڕەسمییەت نەناسێ، بەڵام فەرق هەیە بەینی سیستمێک یا چەمکێک لە سەری دامەزراوە کە لە واقیع دا ئەو فرە بوونە بەشێک لە ناسنامە ی ئەو چەمکەیە، ئەسڵەن بنەماکەیەتی تاوەکوو بڵێین کە ئێمە دەوڵەت نەتەوەمان هەیە و ئەو دەوڵەت نەتەوەیەش ناسنامەی سەرەکی ئەوەیە بەڵام جا وەرن لە نێو، دەتوانێن لە نێو ئەو چوارچێوەیەش دا مەسەلەن مافی ئەوانەی تریش بە ڕەسمییەت بناسین. ئەوە فەرقی هەیە لە گەڵ وەی کە بڵێی ئەو چوارچێوەی ئێمە لە بنەڕەت ڕا، هەر لە سەرەتا ڕا تەنەوعی تێدا هەیە و ئەوە واقعییەتێکە کە ئێمە دەبی لەوێڕا دەست پێبکەین، نەک دوایە خۆمانی دەگەڵ تەتبیق بدەین. لەو ڕوانگەیەوە بە نەزەری من خۆ بەڕێوەبەری دێمۆکڕاتیک پۆتانسییەلێکی زۆر تایبەتی هەیە بۆ هێوەر کردن و هێمن کردن و بڵێین بە ئاشتی کردنی پێوەندی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو کۆمەڵگایانەی ئێمە هەمانە. و دیارە لەو شوێنانەی کە هەلومەرجێکی وا پێک دێ کە ئەو سیستمە بتوانێ قەوارەی ئیداری خۆی، وەکوو ئەوەی ڕۆژئاوا کە ئێستا لە کوردستان هەیە بەدەست بێنی و لە عەمەل دا، لە پڕاتیک دا خۆی نیشان بدا تەبیعەتەن ئەو دەم ئەو گیرایی یان بڵێین جەزابییەتی ئەو سیستمەی زۆر زەقتر و زیندووتر دەبێ بۆ خەڵکانێک کە فێعلەن لە ژێر ئەو چوارچێوەیە دا هەڵسوکەوت ناکەن بە هۆی هەلومەرجی جۆراوجۆر بە تایبەتی هەلومەرجی سیاسی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کە ئیجازەی وەی نەداوە کە ئەو تەجروبەیە بەو شێوەیە کە لەوێ ئێستا جێگیر بووە، لەوێش بەڕێوە بچێت.

گۆدەرزی: باشە، سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک کوتمان بەرانبەری یان دژ بە سیستمی دەوڵەت – نەتەوەیە لە ڕاستیدا، و دەوڵەت – نەتەوەش لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو دا بڵێین لە تورکیا ئەزموونی خۆی داوە کە پرسی کورد یەکێک لە هەرە پرسە گەورەکانی تورکیا بووە هەتا ئێستا و ئەوەش نیشانەی جێنەگرتنی ئەو سیستمە بووە، سیستمی دەوڵەت نەتەوە. سووریا دەزانین کە چ وەزعێکی هەیە، وڵاتانی دەور و بەریش بە هەمان شێوە. دەوڵەتی عێڕاق و دەوڵەتی ئێران. بەڵام، لە باری دیکەوە ئێستا یانی هەلومەرجی ئێستای سیاسی کوردستان بە گشتی، بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش ئێستای کوردستان، شەڕی داعش بۆ نموونە، پێکهەڵپڕژانی مەزهەبەکان، شەڕی شیعە و سوننە، شەڕی تائیفی. بە گشتی لەم هەلومەرجەدا کە ئێستا کوردستان و ناوچەکەی تێدایە پێت وایە سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک دەتوانێ‌ چ گیرایی، چ جەزابییەتێکی هەبێ بۆ ئەوەی کە بچەسپێ؟ بۆ ئەوەی خەڵک بەرەو ئەو سیستمە بێن؟ لە کاتێکدا کە هەلومەرجەکە بەو شێوەیەیە.
مەتین: بە بڕوای من ئاستەنگی سەرەکی نەک بڵێین کەموکووڕی خودی سیستمەکە بێ، کە دیارە وەکوو هەموو سیستمێک ڕەنگە کەموکووڕی هەبێ بەڵام، ئەو سیستمە هێندێک مێکانیسمی تێدایە کە دەتوانێ خۆی خۆی ئیسلاح بکا هەر وەک کە دەچێتە پێشێ هەر وەکوو زۆر لە سیستمە ژێمکڕاتیکەکانی دیکە.بەڵام، ئاستەنگییەکان زۆرتر دەرەکین.  ئێوە چاو لێ بکەن مەسەلەن ئەو تەجروبەی کە ئێستا لە " ڕۆژئاوا " ڕوو دەدا زۆر بە هەڵکەوت نییە کە تورکیا بەو شێوەیە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکا و دەیهەوێ بە هەر شێوەیەک دەکرێ ئەم تەجروبەیە لە بەین بچێ، جارێک بە بیانووی ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێ ناوچەی بافر زۆن، ناوچەی حائیل دروست بکەین...

گۆدەرزی: بەڵێ...

مەتین: کە دەقیقەن ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای لێیە. جارێک بە هۆی ئەوەی کە ئەو هەڵسوکەوتەی ئێستا لە "کۆبانێ" دەیکەن و بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ یارمەتی داعش دەدەن ناشی بڵێین فەقەت لە لایەنی نەتەوایەتی ئەو تەجروبەیە نییە، بەڵکوو ئەم تەجروبەیە ئەوان وەکوو خەتەرێک دەبینن کە زۆر زۆرترە فەقەت لە جەنبەی نەتەوایەتی چونکە ناوەڕۆکی ڕادیکاڵی دێمۆکڕاسی لەم تەجروبەیە دا دەتوانێ زۆرێک لە لایەنەکانی دیکەی ژیانی سیاسی و ئابووری ئەو وڵاتانەی کە لە قەوارەکانی دەوڵەت نەتەویی فێعلی دا هەنە بخاتە مەترسی، مەترسی بڵێێن نەک بە مانای سیاسی یا سەربازی خۆی، بەڵام هەر دەقیقەن بە مەعنای جەزابییەتێک کە سازی دەکا بۆ خەڵکانێکی دیکە کە لە ژێر ئەو سیستیمە دا ناژین. ئێوە ئەگەر چاو هەر لە خودی سووریا بکەن بە تایبەت ئێمە فەڕز دابنێین کە ئەو تەجروبەیە بتوانێ خۆی بچەسپێنێ و بمێنێتەوە بە بڕوای من نیشان دەدا کە سوورییە بە تەنەوعی مەزهەبی و زمانی و نەتەوەیی کە هەیەتی رەنگە ئەو سیستمە باشترین حاڵەت پێک بێنێ بۆ وەی کە ئەم وڵاتە دوچاری شەڕێکی درێژماوەی مەزهەبی و زمانی و ئەوە نەبێ. ئەو شەڕەی کە هەیە تەواو بێ و سیستمێکی تازە ساز بێ کە لەوێدا ئەم کەمایەتییانە بتوانن لە هەست بە یەکسان بوون کردن و هەست بە بەرابەر بوون لە مەوزعێکی بەرابەرەوە وارید بن و سیستمی سیاسی خۆیان دروست بکەن. بۆیەش دیارە چین و توێژەکانی دەسەڵاتدارانی حاکم لەم ناوچانە و لەم دەوڵەتانە بە هۆی جۆراوجۆر ڕەنگە موخالف بن لەگەڵ ئەم تەجروبەیە یان بیانهەوێ تا ئەو جێی بکرێ تەزعیفی بکەن، مەحدوودی بکەن و ئەوانە. بۆیەش بە بڕوای من ئەگەر بگەڕێمەوە سەر ئەسڵی پرسیارەکەت ئاستەنگەکان زۆرتر دەرەکین. یانی ئەو سیستمانەی مەوجوودن و جیاوازن و خۆیان لە مەترسی بەربڵاوتربوونی ئەو تەجروبەیە دەبینن کە ئاستەنگی بۆ ساز دەکەن بە هەموو جۆرێک. دەنا ئەگەر لە کەشوهەوایەک لە هەلومەرجێکی ئاشتییانە دا ئەم تەجروبەیە بتوانێ خۆی بەراورد بکا لە گەڵ ئەوانیدی و خەڵک بتوانن ببینن کە ئەو سیستمە چ ئاسەوارێکی هەیە و چۆن تەئسیری هەیە لە سەر ژیانی ڕۆژمەڕەی خەڵک، قەتعەن ئەمن پێم وایە جەزابییەتی یەکجار زۆر دەبێ بۆ بەشێکی زۆر لەو خەڵکانەی لەو ناوچانە دەژین.

گۆدەرزی: دوکتور کامران بەرەو کۆتایی بەرنامەکە دەچین پێم باشە کە چەند خولەکی دواتر، چوار هەتا پێنج خولەکی دواتر بۆ "کۆبانێ" تەرخان بکەین. دەزانین "کۆبانێ" ش یەکێک لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە، یەکێک لە سێ کانتۆنەکان. لە کۆبانێ دا ئەوەی کە ئێستا ئێمە لە بواری تێئۆریک دا ئەم سیستمەمان شرۆڤە کرد لە عەمەلی، لە کردەوە دا هەیە، بەشداری ژنان و بەرخوەدانێک کە لە کۆبانێ هەیە. تۆ پێت وایە ئەوەی لە "کۆبانێ" دەگوزەرێت، ئەوەی کە لە کۆبانێ بە گشتی لە ماوەی ڕابردوو دا هەتا ئێستا دەکرێ چ پێوەندییەک لە نێوان کۆبانێ هەم وەکوو بەرخۆدان و هەم وەکوو ژیانی سیاسی کە لە کۆبانێ هەبوو پێوەندی بە سیستمی خۆ بەڕێوەبەریی دێمۆکڕاتیک یانی بە فکر و تێئۆریەکەوە بدەین کە خەریکە ووردە ووردە لە ڕۆژئاوای کوردستان جێ گر دەبێت، پێوەندی نێوان سیستمی خۆ بەڕییوەبەریی دێمۆکڕاتیک و ئەو خەباتەی کە ئێستا هەیە!

مەتین: بەڵێ، دیارە "کۆبانێ" وەکوو یەکێک لەو سێ کانتۆنەی کە ئەو سیستمە لەوێ بەڕێوە دەچێ لە واقیع دا بڵێین یەک لە ناوەندەکانی، تەبەلوورێکی ئەم تەجروبەیەیە لە ناوچەیە بۆیەش بە بڕوای من هێرشێک کە کراوەتە سەری تەنها لایەنی ئێتنیکی نییە – کە دیارە هەیەتی - یانی هەر ئەوە نییە کە تەجروبەیەکی خۆبەڕێوەبەریی گەلی کورد خراوەتە ژێر هێرش و توند وتیژی، بەڵکوو کۆبانێ دەر واقیع کۆبانێ سەمبول یان بڵێین هێمای تەجروبەی ژیانێکی تایبەتی کۆمەڵایەتی یە کە لە گەڵ ستراتێژی ئەو هێزانەی کە دژ بەوین یەکتر ناگرێتەوە، مەسەلەن ئەگەر چاو لێبکەن چ داعش لە لایەکەوە و چ دەوڵەت تورکییە هەر دووکیان دە واقیع دا دەیانەوێ جۆرە سیستمێک جێ گر بکەن کە لە بنەڕەت ڕا لەگەڵ سیستمی خۆ بەڕێەبەریی دێمۆکڕاتیک جیاوازی هەیە لە یەکسانی نەتەوەکان و ڕەگەزەکانەوە بگرە هەتا مەسەلەی ژینگە و بە تایبەت یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان. حەمووی ئەوانە بە دەرەجەی جۆراجۆرلە هەر دووک سیستم دا لە بەرچاو ناگیرێ، نەتەنها لە بەر چاو ناگیرێ، لە مەڕ داعش دا دیارە هەموومان دەزانین کە زۆر بە ئاشکرایی نایەکسانی دە واقیع دا بەشێکی بنچینەیی ئەم کۆمەڵگایەیە کە ئەوان دەیانهەوێ دروستی بکەن. بۆیەش سەرکەوتنی بەرخوەدانی کۆبانێ لە واقیع دا دەبێتە سەرچاوەی بەهێزبوونی ئەم تەجروبەیە، هەم لە ناوچەکە دا و هەم لە ناو خودی " ڕۆژئاوا" دا و لە واقیع دا پۆتانسییەلەکانی سیستمی خۆبەڕێەبەریی دێمۆکڕاتیک دەتوانێ زۆرتر جێگیر بکا و مسۆگەر بکا و لە عەینی حاڵ دا ئە جەزابییەتەی لە پرسیاری پێشوو دا باسمان کرد بۆ گەلانی دیکەی ناوچەکە و بۆ پێکهاتەکانی دیکەش دەتوانێ زۆرتر و زۆرتر بێ و ئەوە خۆی لە خۆی دا دەتوانێ ڕەوەندێک دەست پێبکا کە لە واقیعدا "ڕۆژئاوا" و بەشی ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێ قورساییەکی زۆر زۆرتر لە قورسایی کەممی خۆی لە داهاتووی سیاسی مەنتەقە دا ڕۆڵ بگێڕێ، زۆرتر لەوەی کە ئێمە ڕەنگە بە پێی نفووس یا جەمعییەتی خەڵکی کورد لەوێ چاوی لێبکەین، ڕەنگە قورساییەکی تایبەتی سیاسی بۆ وان لە داهاتوو دا ببینین. بەڵام، ئەگەر ئەو تەجروبەیە سەر بکەوێ، من هیوادارم و دڵنیاشم هەر سەردەکەوێ، بە بەرخوەدانێک کە لەوێ هەیە دەتوانێ تەئسیرێکی زۆر گەورەی هەبێ لە سەر جیهەتی ڕووداوەکانی سیاسی لە سووریا و لە ناوچەکە بەگشتی.

گۆدەرزی: کە واتە ئەوەی کە لە "کۆبانێ" دەگوزەرێ، ئەو شەڕەی لە کۆبانێ هەیە تەنیا شەڕی فیزیکی نییە لە نێوان "یەکینەی پاراستنی گەل" یەپەگە و گرووپەکانی دیکە دا، بەڵکوو شەڕی فکرێکە لە گەڵ چەند فکری دیکە دا، شەڕی ڕوانگەیەکە لەگەڵ چەند ڕوانگەی دیکە. زۆر سپاس بۆ تۆ بەڕێز دوکتور کامران مەتین.

مەتین: ئەمنیش زۆر سپاستان دەکەم مەمنوونم.
گۆدەرزی: زۆر سپاس بۆ تۆ. بەڵێ بینەرانی هێزا لێرە دا گەیشتینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەی "گەلی ئازاد". لە ئازادی دا و بۆ ئازادی بژین و ماڵتان ئاوا.
...
* ژێدەر: نەورۆز تیڤی
بەرنامەی گەلی ئازاد
مۆدێڕاتۆر: سیاوەش گۆدەرزی
کاتی بڵاوبوونەوە: یەکشەمە ١٦ی نۆڤامبری ٢٠١٤
تێبینی: لە ڕووی ڤیدێۆی بەرنامەی "گەلی ئازاد" لە تۆڕی یوتووبەوە دابەزێندراوە.
حەسەن قازی

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە...

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێ...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ی...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن ...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك