کوردی           عربی

عه‌لى هه‌ڵۆ : ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات له‌سه‌ر ده‌رخستنى ناوى PKK له‌ لیستى تیرۆر ‌

06/12/2014

Wednesday‌

‌ په‌رله‌مانتارێکى باشوور له‌سه‌ر لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان PDK رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ زه‌مینى سازکردنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی  دروست بووه‌ و  ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانى کوردستانیش  وه‌ک پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلا یه‌کێتى خۆیان  دروست بکه‌ن . ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌کات که‌ ده‌بێت په‌رله‌مانى هه‌رێمى باشوورى کوردستان پرۆژه‌ بڕیارێک ئاماده‌ بکات و بکاته‌ بڕیار و داوا بکات که‌ PKK له‌ لیستى تیرۆر ده‌بخرێت . ته‌ئکیدیش ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌وڵه‌تى تورک راسته‌وخۆ پشتیوانى گروپه‌ چه‌ته‌کانى داعش ده‌کات و ده‌بێت گه‌لى کورد له‌به‌رامبه‌ر هێرشى تیرۆریستان و داگیرکه‌ران ، یه‌کێتى و یه‌کریزى خۆى به‌هێز بکات .

 عه‌لى هه‌ڵۆ په‌رله‌مانتارى په‌رله‌مانى باشوورى کوردستان له‌سه‌ر لیستى PDK له‌دیمانه‌یه‌کى تایبه‌تدا له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان به‌غداد و هه‌ولێر ، هێرشى گروپه‌ چه‌ته‌کانى داعش له‌دژى گه‌لى کورد ، په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ ، پرۆسه‌ى چاره‌سه‌رى ، هه‌بوونى پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلا له‌یه‌ک به‌ره‌ى شه‌ڕدا ، کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ندین مژارى ترى هه‌ڵسه‌نگاند .
زاخۆ سێ پارچه‌ى کوردستان به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ 

پرسیار: : بابه‌تى به‌ پارێزگابوونى زاخۆ گه‌یشته‌کوێ ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ  : ته‌نیا خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مین له‌باره‌ى پرۆژه‌ى به‌ پارێزگابوونى زاخۆ کراوه‌ . بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌یه‌ک ببێته‌ بابه‌تى په‌رله‌مان پێویستى به‌ 10 ده‌نگى ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌یه‌ . ئێستا ئه‌و قۆناخه‌ تێپه‌ریوه‌ ، خوێندنه‌وه‌ى یه‌که‌مین بۆ پرۆژه‌که‌ کراوه‌ و چاوه‌روانى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مینین . ئیدى ئه‌و پرۆژه‌ ده‌بێته‌ بڕیار و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانیش ناچاره‌ بڕیاره‌که‌ جێ به‌جێ بکات . ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ بڕیار بۆ شاره‌کانى ، هه‌ڵه‌بجه‌  ، دیانا ، ئاکرێ و رانیه‌ دراوه‌ که‌ ببنه‌ پارێزگا . زاخۆ سێ پارچه‌ى کوردستان به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ . هه‌روه‌ها له‌رووى ئابوورى و بازرگانیش خاوه‌ن شوێنێکى گرنگه‌ . سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان به‌رێز مه‌سعود بارزانى په‌یمانى داوه‌ به‌ خه‌ڵکى زاخۆ و هیوادارم له‌ماوه‌یه‌کى که‌مدا خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مین بکات و کار له‌سه‌ر بڕیارى په‌رله‌مان بکرێت .
ئه‌گه‌ر زاخۆ بووه‌ پارێزگا چ گۆرانکاریه‌ک له‌ناوچه‌که‌دا رووده‌دات ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : زۆربه‌ى کاروبارى ئیدارى که‌ له‌ئێستادا ده‌بنه‌ کێشه‌ بۆ هاوڵاتیان ، پارێزگاى زاخۆ چاره‌سه‌رى ده‌کات . چونکه‌ سه‌ردانى ناوه‌ندى پارێزگا ده‌که‌ن و زۆربه‌ى کاروباره‌کانیان به‌ ئاسانتر بۆ جێ به‌جێ ده‌کرێت . هه‌روه‌ها له‌رووى بازرگانى ، پاراستنى ژینگه‌ و ئابوورى ، ده‌رفه‌تى کار زیاتر ده‌کات . زاخۆ له‌رووى سیاسى و ئابوورى به‌هێزتر ده‌کات .

ماوه‌ى چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک به‌رله‌ئێستا رێکه‌وتنێک له‌نێوان هه‌ولێر  و به‌غداد واژۆ کرا ، ئه‌و رێکه‌وتنه‌ هه‌تا چ ئاستێک ده‌توانێت کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکات ؟

عه‌ڵى هه‌ڵۆ : ئه‌مه‌ رێکه‌وتێنێکى سه‌ره‌تایی بوو ، به‌گوێره‌ى ئه‌و رێکه‌وتنه‌ حکومه‌تى ئێراق (500) ملیۆن دۆلار ره‌وانه‌ى باشوور ده‌کات ، باشووریش به‌رێگه‌ى کۆمپانیاى ( سۆمۆ )  و حکومه‌تى ئێراق (150) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌فرۆشێت ، به‌ڵام به‌ بۆچوونى ئێمه‌ کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئێراق ده‌ستوورى ، سیاسى ، ئیدارى و کارى بیرۆکراسى نیه‌ ، کێشه‌که‌مان له‌گه‌ڵ ئێراق زیاتر کێشه‌ى مێژووى ، چاندى و په‌یوه‌ندى به‌ زهنیه‌تى ده‌سه‌ڵاتدارى ئێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ .

کێشه‌کان له‌گه‌ڵ ئێراق ته‌نیا به‌ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان چاره‌سه‌رده‌بن 

له‌سه‌رتاى دامه‌زراندنى ئێراق له‌ساڵى 1921 هه‌تا ئه‌مرۆ چه‌ندین سیسته‌م بوونه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتدار ، هه‌موو رۆژێک کێشه‌کان له‌گه‌ڵ ئێراق زیاتر ده‌بن . یانیش کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ ئێراق ته‌نیا به‌ پارچه‌بوونى ئێراق و سه‌ربه‌خۆبوونى کوردستان چاره‌سه‌رده‌بێت . چونکه‌ له‌ئێراق زهنیه‌تى ده‌سه‌لاتدارى و ناوه‌ندى ، وه‌ک به‌شه‌کانى دیکه‌ى کوردستان ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ هه‌بوونى کورد هه‌زم ناکات . ئه‌گه‌ر نه‌توانن ئه‌مه‌ش به‌ ئاشکرا بکه‌ن ، به‌رێبازى دیکه‌ به‌ناوى یاسا ، ده‌ستوور و رێبازى دیکه‌ى سیاسى ئاسته‌نگى له‌به‌رده‌م پێشکه‌وتنى کوردان دروست ده‌که‌ن ، هه‌بوون و پێگه‌ى کوردان وه‌ک ئه‌وه‌ى کورد ده‌یخوازێت قبولى ناکه‌ن .
هیچ هیوایه‌ک هه‌یه‌ کێشه‌کانى نێوان به‌غداد و هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ببن ؟

عه‌لى هیوا : هیوادارم کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن ، به‌ڵام کێشه‌ مێژوویه‌کان ، نه‌ته‌وه‌یی و کلتوورى په‌یوه‌ستن به‌ زهنیه‌تى مرۆڤه‌وه‌ و زه‌حمه‌ته‌ چاره‌سه‌ر بکرێن . چاره‌سه‌رى ریشه‌یی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیراق پارچه‌ ببێت و گه‌لى کوردستان بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نوسى خۆى بدات . یانیش باشوورى کوردستان وڵاتێکى سه‌ربه‌خۆ بێت .

گه‌لى کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست پێشه‌نگى پرۆسه‌ى دیموکراسى ده‌کات 

بۆ داعش له‌باشوورى کوردستان و رۆژئاوا هێرشى کوردان ده‌کات ، مه‌به‌ستى داعش ته‌نیا له‌ناوبردنى کوردانه‌ ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : داعش گروپێکى تیرۆرستى دڕنده‌ ، وه‌حشه‌ و له‌دژى پره‌نسیپه‌کانى دیموکراسى و مرۆڤایه‌تییه‌ . هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و دڕه‌نده‌ و وه‌حشن و به‌ناوى ئیسلام هێرش ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئه‌مرۆ گه‌لى  کورد له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست پێشه‌نگى پرۆسه‌ى دیموکراسى ده‌کات ، ماف و زهنیه‌تى مرۆڤ ده‌پارێزێت ، ئیدى داعش وه‌ک گروپێکى دژى هه‌بوونى مرۆڤایه‌تى له‌باشوور و رۆژئاواى کوردستان هێرش کوردان ده‌کات . ئامانجى ئه‌وانیش ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌لى کورد ئه‌مرۆ پێشه‌نگى مرۆڤایه‌تى ده‌کات و ده‌خوازن له‌ناوى ببه‌ن . چه‌ندین ده‌وڵه‌تى هه‌رێمى یانیش هه‌ندێک هێز و گروپى له‌دژى له‌ناوبردن و ده‌ستکه‌وته‌کانى کوردان پشتیوانى له‌ داعش ده‌که‌ن ."

تورکیا پشتیوانى داعش ده‌کات 

کامه‌ ده‌وڵه‌ت پشتیوانى داعش ده‌کات ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : دیاره‌ یه‌کێک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى پشتیوانى داعش ده‌کات ، تورکیاییه‌ . هه‌تا ئه‌مرۆش راسته‌وخۆ پشتیوانى و هاوکارى داعش ده‌کات . ئامانجى ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ونى ئیمپراتۆرى عوسمانى بێننه‌دى . خاڵى دووه‌مین ئه‌وه‌یه‌ رێگا له‌به‌رده‌م گه‌لى کورد بگرن که‌ هه‌نگاوى باشى ناون . هه‌روه‌ها ئیراق به‌و هه‌ڵویسته‌ى خۆى ناراست له‌گه‌ڵ باشوورى کوردستان و سونییه‌کان ، لاوازى مامه‌ڵه‌ى حکومه‌تى ئێراق ، سیاسى ، ئیدارى و سه‌ربازى بووه‌ هۆکارى ئه‌وه‌ى که‌ داعش ببێته‌ خاوه‌ن چه‌ندین چه‌کى قورس ، هه‌روه‌ها له‌هه‌رێمه‌که‌ش ئه‌و ده‌وڵه‌ت و هێزه‌ سیاسییانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌کانیان داعش به‌کارده‌هێنن ."

به‌ر له‌وه‌ى داعش هێرش بکاته‌ سه‌ر باشوورى کوردستان ، له‌باشوور باس له‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌کرا . داعش خه‌ونى باشوورى بۆ سه‌ربه‌خۆ بوون به‌ره‌و کوێ برد ؟

 عه‌لى هه‌ڵۆ : خه‌ون و داخوازى کوردان بۆ سه‌ربه‌خۆیی خه‌ونێکى کۆنه‌ . به‌ بۆچوونى من له‌ئێستاشدا زیندووه‌ و زیندووتریش بۆته‌وه‌ . سه‌ربه‌خۆیی کوردستان یه‌کێکه‌ له‌ ئامانجه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌کییه‌کانى گه‌لى کوردستان . به‌ڵام به‌ هێرش کردنى داعش ده‌بێـت جارێکى دیکه‌ چاوبه‌خۆماندا بخشێنینه‌وه‌ . ئیدى بۆ ده‌وڵه‌ت بوون ، چه‌ندین فاکته‌رى گرنگى وه‌ک سه‌ربازى ، سیاسى و ئابوورى هه‌یه‌ ، پێویسته‌ ئه‌مه‌ بکرێت . خاڵى گرنگ و فاکته‌رى سه‌ره‌کى بۆ کوردان و بوون به‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌ربه‌خۆبوونى کوردستان ، بابه‌تى یه‌کگرتنى کوردانه‌ . ئیدى هاتنى داعش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى که‌ کورد له‌و دۆخه‌دا له‌به‌رامبه‌ر  دوژمن دا بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌کان که‌ سه‌ربه‌خۆبوونى کوردستانه‌  یه‌کگرتووبن .

هه‌بوونى پێشمه‌رگه‌ و گه‌ریلا خه‌ونى سه‌ربه‌خۆبوونى کوردستانى نزیک کرده‌وه‌ ؟ 

ئه‌مرۆ ده‌بینین پێشمه‌رگه‌ ، گه‌ریلا و شه‌ڕڤانانى کوردستان به‌هاناى یه‌کتره‌وه‌ ده‌چن . شانبه‌شانى یه‌کتر شه‌ڕى گروپه‌ تیرۆریستییه‌کان و دوژمنانى کوردستان ده‌که‌ن ، ئیدى ئه‌و خه‌ونه‌ نزیک تر بۆته‌وه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌گى سه‌ره‌کى که‌ یه‌کێتى کوردانه‌ به‌هێزبکرێت که‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان باسى یه‌کێتى کوردان ده‌که‌ن ئه‌مه‌ش له‌و دۆخه‌دا زۆر گرنگه‌ . گه‌لى کورد له‌و بواره‌وه‌ زۆر به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چووه‌ ، له‌پێشه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى سیاسییه‌ ، گه‌لى کوردستان ، پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانانى کوردستان ئه‌و یه‌کێتى و یه‌کگرتووى له‌نێوان خاکى کوردستانیان دروست کرد . پێویسته‌ پارتى و لایه‌نى سیاسى ده‌ست له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سکه‌کانى خۆیان به‌رده‌ن ، له‌سه‌ر کێشه‌ى گرنگ و نیشتمانى رێکبکه‌ون .ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هه‌نگاوێکى زۆر باش به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی کوردستان ."

هه‌بوونى گه‌ریلا و پێشمه‌رگه‌ له‌یه‌ک به‌ره‌دا چۆن ده‌بینن ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : جێگاى خۆشحاڵییه‌  کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان به‌هاناى یه‌کتره‌وه‌ بچن . جێگاى خۆشحالییه‌ که‌ په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان له‌سه‌ر داخوازى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم بڕیاریداوه‌ که‌ پێشمه‌رگه‌ سنوورى دوو ده‌وڵه‌ت ده‌رباز بکات و بۆ هاوکارى خوشک و براکانى بچێته‌ به‌شێکى ترى کوردستان . هه‌روه‌ها هاوکارى گه‌ریلا و شه‌ڕڤانان له‌ مه‌خمور  ، شه‌نگال و شوێنه‌کانى تر ماییه‌ى خۆشحاڵییه‌ ، ئه‌مه‌ کارێکى گرنگى نیشتمانى ، نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤایه‌تى و ئه‌خلاقییه‌ . له‌ شۆرشه‌کانى کوردا به‌رده‌وام پارچه‌کانى کوردستان هاوکارى یه‌کتریان کردووه‌ . ئه‌مه‌ش جێگاى خۆشحاڵییه‌ و  هیودارم ببێته‌ یه‌کگرتنى کوردان و خاڵى وه‌رچه‌رخانێکى مێژووى .

 ده‌بێت گه‌لى کورد له‌به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانى ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غداد هۆشیاربن 

په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌نقه‌ره‌  و به‌غداد چۆن ده‌بینن و له‌ چ ئاستێکدان ؟

عه‌ڵى هه‌ڵۆ : له‌ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌کان به‌ره‌و باشبوون ده‌چن . دانوستاندن له‌نێوان  تورکیا و ئێراق ده‌ستى پێکردوه‌ ، ئه‌مه‌ش شتێکى ئاساییه‌ له‌نێوان دوو وڵاتى جیران په‌یوه‌ندییه‌کانى سیاسى ، ئابوورى و بازارگانى هه‌بن . ده‌بێت گه‌لى کوردیش هۆشیاربێت که‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ له‌سه‌ر حیسابى کوردان نه‌بێت . ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌کى یه‌کریزى و هۆشیاربوونى کوردان ره‌نگه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر کوردان دروست نه‌کات .
ده‌بێت هێزێکى سه‌ربازى و یه‌کگرتووى  هاوبه‌شمان هه‌بێت . 

ئه‌گه‌ر مه‌ترسییه‌کانى کوردستان له‌به‌رچاوبگرین ، هێزى ئێستاى کوردان به‌سه‌ بۆ پاراستنى کوردستان ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : به‌ڵێ ئێستا هێزى کورد ده‌توانێت کوردستان بپارێزێت و زۆربه‌ى گه‌لى کوردستانیش به‌شێوه‌یه‌کى گیان فیداییانه‌ ، به‌رۆح و به‌گیان پشتیوانى له‌و هێزه‌ ده‌که‌ن . پێویسته‌ ئێمه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک به‌هێزى بکه‌ین له‌رووى مادى و مه‌عنه‌وییه‌وه‌ . پێویسته‌ هێزێکى یه‌کگرتوو و نیشتیمانیمان هه‌بێت . سه‌ره‌ڕاى هه‌مووى ئه‌مانه‌ش ده‌بێت ئێمه‌ ئه‌وه‌ بزانین که‌ ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ به‌س نیه‌ . چونکه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر کوردستان هه‌یه‌ و ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسیانه‌ به‌ یه‌کگرتوویی ، په‌روه‌رده‌یه‌کى سه‌ربازى ، سه‌روه‌رى یاسایی و به‌ دادپه‌روه‌رییه‌کى جڤاکى کاربکه‌ین . ده‌بێت گه‌لى کوردستان یه‌کگرتووبن و هه‌روه‌ها لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان خاوه‌ن ووتارێکى سیاسى بن . ئه‌و کاته‌ ده‌توانین بڵێین ئێمه‌ هێزێکى مه‌زنین و ده‌توانین رووبه‌رووى ئه‌و مه‌ترسیانه‌ ببینه‌وه‌ .

 بۆ ئه‌وه‌ى کێشه‌کانى ئابوورى ، سیاسى و سه‌ربازى چاره‌سه‌ر بکرێن ، پێویستمان به‌ مه‌کانیزمێکى نه‌ته‌وه‌یی نیه‌ ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : سه‌دى سه‌د پێویستمان به‌ میکانیزمێکى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ ، رووداوه‌کانى ئه‌و دواییه‌ زیاتر نیشانى دایین که‌ چۆن ئێمه‌ى له‌ هێرشى تیرۆرستان ، دوژمنان و داگیرکه‌رانى کوردستان  پاراست . بۆیه‌ ده‌بێت کورد یه‌کێتى خۆیان به‌هێزتربکه‌ن . ئه‌م یه‌کێتیه‌ش به‌ سازکردنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی کوردستان که‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان و پارتى سیاسى به‌ کۆنگره‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یی  یه‌کگرتن به‌هێزبکه‌ن .
 ده‌بێت له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ناکۆییه‌کانیان بۆ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ربکه‌ن .

به‌ بۆچوونى تۆ  ئاسته‌نگییه‌کانى به‌رده‌م کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ربوونه‌ ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : ئه‌و بڕیارانه‌ى له‌م دواییانه‌ له‌په‌رله‌مانى باشوورى کوردستان دران ، بڕیارى سه‌رۆکایه‌تى و سه‌رۆک وه‌زیرى هه‌رێمى باشوورى کوردستان ، هه‌روه‌ها نزیکایه‌تى سیاسى و شانبه‌شانى یه‌کتر شه‌ڕکردن له‌یه‌ک به‌ره‌ى شه‌ڕ ، چه‌ندین ناکۆکى چاره‌سه‌رکردوون . ئیدى ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانیش له‌ماوه‌یه‌کى زۆر که‌مدا و له‌بوارى پراکتیکیه‌وه‌ ، ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کان به‌لاوه‌ بنێن و رێکه‌وتن دروست بکه‌ن .

ئیستا زه‌مینى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی دروست بووه‌ ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : به‌ بۆچوونى من زه‌مینى به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌ ، ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌ندێک کێشه‌ى ته‌کنیکى که‌ پێشتریش له‌نێوان هه‌ندێک لایه‌نى سیاسى هه‌بوون ، هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر ئه‌و کێشانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن ، زه‌مینى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی زۆر له‌باره‌ . 

ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ تورکیا جارێکى دیکه‌ چاوپێدا بخشێنینه‌وه‌ 

بۆ ئه‌وه‌ى پرۆسه‌ى چاره‌سه‌رى له‌باکوورى کوردستان بگاته‌ ئه‌نجام ، ده‌بێت په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان چ  رۆڵێک بگێرێت ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : بڕیارى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان بۆ ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ کۆبانێ کارێکى زۆر گرنگ بوو . هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌رده‌وام بکات . به‌ بۆچوونى من به‌فه‌رمى ناساندنى کانتۆنه‌کانى رۆژئاواى کوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها چاوپێداخشاندنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى نێوان هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌نقه‌ره‌ ، به‌هۆى هه‌ڵوێستى تورکیا به‌رامبه‌ر داعش ، ئیدى ده‌بێت جارێکى دیکه‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بکرێت .  هه‌روه‌ها زۆر ئاساییه‌ ئێمه‌ش په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ تورکیا به‌هێز بکه‌ن . به‌ڵام ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى بکه‌ونه‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانى ئابوورى ، بازرگانى و دانوستاندنى دیبلۆماسى .

ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات بۆ ئه‌وه‌ى PKK له‌ لیستى تیرۆر  ده‌ربخرێت 

په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان ده‌توانێت به‌رێگه‌ى هاوکارى و رێکه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێمى کوردستان فشار بخاته‌ سه‌ر تورکیا ، یانیش ببنه‌ پردێک له‌نێوان تورکیا و ته‌ڤگه‌رى باکوورى کوردستان ، بۆ ئه‌وه‌ى دانوستاندنه‌کان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ بچن . هه‌روه‌ها په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان  چ رۆڵ و ئه‌رکێکى له‌و بواره‌وه‌ بکه‌وێته‌ سه‌رشان ئاماده‌ین . ده‌بێت په‌رله‌مانى هه‌رێمى باشوورى کوردستان پرۆژه‌ بڕیارێک ئاماده‌ بکات و بکاته‌ بڕیار و داوا بکات که‌ PKK له‌ لیستى تیرۆر ده‌بخرێت .

ماوه‌ى دوو مانگ زیاتره‌ به‌رخۆدانى کۆبانێ به‌رده‌وامه‌ ، ئه‌و به‌رخۆدانه‌ چۆن ده‌بینن ؟

عه‌لى هه‌ڵۆ : به‌راستى خه‌ڵکى کۆبانێ ، شه‌ڕڤانان ، کچ و کوڕانى ئه‌و شاره‌ ، به‌تایبه‌تیش به‌ کچانى کورد ئێمه‌ وه‌ک کورد هه‌موومان سه‌ربڵندین . نه‌ک ته‌نیا کورد ، به‌ڵکو هه‌موو مرۆڤدۆستێک ، ئاشتیخواز و دیموکراته‌کانى جیهان به‌و به‌رخۆدانه‌ سه‌ربڵندن . چونکه‌ به‌ به‌رخۆدانى کۆبانێ ئیراده‌ى گه‌لى کورد ، مرۆڤدۆستان و دیموکراسى سه‌رکه‌وت . ئه‌وه‌ى من له‌ رۆژى 24 و 23ى ئه‌یلول له‌کۆبانێ بینیم (یه‌که‌مین په‌رله‌مانتارى باشوورى کوردستانه‌ سه‌ردانى کۆبانێى کرد ) شه‌ڕێکى زۆر سه‌خت له‌ کۆبانێ هه‌بوو ، من به‌چاوى خۆم رۆحى ئه‌و کچ و کوڕانه‌م بینى چه‌نده‌ په‌یوه‌ست بوون به‌ خاک ، شار و وڵاته‌که‌یان . چۆن ئاماده‌ن که‌ کۆبانێ ، رۆژئاوا و ده‌سکه‌وته‌کانى کوردان بپارێزن . ئه‌مه‌ شتێکه‌ وه‌سف ناکرێت . ئه‌وه‌ى له‌ مێژوو و ئه‌فسانه‌کان باسى لێوه‌ده‌کرێت ، ئه‌مرۆ له‌کۆبانێ به‌چاوى خۆمان ده‌بینین . به‌رخۆدانى کۆبانێ بووه‌ خاڵێکى وه‌رچه‌رخان له‌مێژووى کورد دا . له‌و باوه‌ره‌دام به‌و به‌رخۆدانه‌ بۆچوون و بینینى سه‌رجه‌م جیهان له‌به‌رامبه‌ر کوردان گۆرانکارى به‌سه‌رداهات . ئه‌مریکا و ئه‌وروپا به‌و چاوه‌ سه‌ریرى ژنیان ده‌کرد له‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست هیچ ماف و رۆڵێکى نیه‌ ، به‌ڵام کچ و شه‌ڕڤانانى کۆبانێ ئه‌و بۆچوونه‌ى ئه‌وانى به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر کوردان گۆڕى ، ئه‌وان نه‌ک ته‌نیا شه‌ڕ بۆ شه‌ڕده‌که‌ن  ، به‌ڵکو بۆ ژیانێکى به‌که‌رامه‌ت ، دیموکراسى و مرۆڤایه‌تى شه‌ڕده‌که‌ن . نه‌ک ته‌نیا بۆ گه‌لى کورد ، به‌ڵکو بۆ هه‌موو پێکهاته‌کانى کوردستان و له‌سه‌ر ناوى مرۆڤایه‌تى شه‌ڕى تیرۆر ده‌که‌ن ."

سه‌رچاوه‌: رۆژنیوز

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە...

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێ...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ی...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن ...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك