کوردی           عربی

عەدنان کەریم: گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن‌

01/05/2015

Wednesday‌

ئەوەی ماوەتەوە لای من تەنها و تەنها سیاسییەکان و حیزبەکانی کوردستانن پێویستە یەکبگرن

هونەرمەند عەدنان کەریم رایدەگەیەنێت کە هونەرمەند دەبێت ئاگای لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بێت و ئاماژەش بۆ ئەوەدەکات کە بەراستی حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری رۆڵێکی زۆر خراپیان هەبووە لە پێشخستنی هونەر و کلتووری رەسەنی کوردی، چونکە تائێستا پلانێکی باش نیە و نەهاتون لەگەڵ هەندێک هونەرمەندی وەڵاتەکەی خۆیاندا دابنیشن و راوێژبکەن. عەدنان کەریم لەچاوپێکەوتنێکدا دەڵێت:"بۆیە ئەرکی ئێمەی هونەرمەند وەک ئەرکی هونەرمەندی وڵاتانی دیکە نیە،ئێمە ئازارمان هەیە بەدەست دوژمنەکانمانەوە لەهەرچواربەشی کوردستاندا."

دەقی چاوپێکەوتنەکە

هونەری کوردی لەچ ئاستێکدایە؟

تۆ ناتوانی وەک هونەرمەندێک بڵێی ئەم ئاستە بەرزە، یانیش ئەم ئاستە نزمە . بەبۆچوونی من ئەمە پەیوەندی بە وەڵامی گشتگیری خەڵکەوە هەیە. ئەگەر بەو شێوەیە وەڵام بدرێتەوە . ئەو کاتە دەبێت رێژەی بۆ دابنێی . بەڵام ئەتوانین بڵێین هونەری کوردی، چونکە زاراوەی کوردیمان زۆرە هەرلە کرمانجی ژوور و کرمانجی خواروو بگرە، هەورامی، زازکی، لور و چەندین زاراوەی ترمان هەیە. هەر زاراوەیەک هونەر پێشکەش دەکات. لەبەر ئەوەیە هەستەکەم لە باکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمان شێوە لەهەربەشێک هونەرێکی زۆر گەورەی دەوڵەمەندمان هەیە، وەک وەلاتەکانی تری دراوسێمان نین، بۆنمونە تورکەکان تەنیا یەک مۆسیقای تورکیاهەیە، چونکە تورکی یەک زاراوەیە، عەرەبەکان و فارسەکانیش بەهەمان شێوە. بەڵام کورد زۆر زمانی دەوڵەمەندە و ئەمەش وای کردووە هونەرەکەشمان دەوڵەمەندبێت. ئێستا زۆر لەهونەرمەندانی دیکە چوونەتە دەرەوەی وڵات لەبواری مۆسیقا دەخوێنن و هەوڵەدەن بەکوالیتێکی باشتر و بەهێزتر گۆرانی کوردی بەرەو پێشەوە ببەن . ئەگەر لایەنەکانی دیکە ئاماژە پێ بکەین بڵێن، شەپۆلێک هەیە کە دەیەوێت مۆزیکی کوردی ببێت بە مۆزیکی تورکی، یان عەرەبی و فارسی . هەڵبەتە ئەم شەپۆلە لاوازە و خەڵک هەستی پێدەکات و تائاستێک فەرامۆش کراوە. خەڵکی کورد ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک گوێ لە مۆسیقایەکی رەسەن دەگرێت زیاتر لەناو جەرگی فلکلۆری کوردی سەری هەڵدابێت.

" هەندێک شت هەیە پێویست ناکات نیشانی خەڵکی بدرێت"

هونەری بیانی چەندە کاریگەری لەسەر هونەری کوردی کردووە؟

بەبۆچوونی من زۆرێک لەوهونەرمەندان کە ناشتوانین بڵێن هونەرمەند بەراستی، دەتوانین بڵێین گۆرانی بێژ، چونکە هونەرمەند کە تۆ بەناوی دەکەی، دەبێت ئاگای لە ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی بێت . مۆزیکێک و هونەرێک هەڵبژێرێت کە پاک و بێگەرد و نەتەوەیی بێت . بەڵام گۆرانبێژی دیکەمان هەیە، حەزیان لەوەیە مۆزیکی بیانی بهێنن، وەک راپ و پۆپ، مۆزیکی ئەمریکی و ئەوروپی دەهێنن و تێکەڵی مۆزیکی کوردی دەکەن  . بەڵام ئەرکی تەلەفزیۆنە کوردییەکان و ئەرکی راگەیاندنە کوردییەکانە کە هەندێک شت هەیە پێویست ناکات نیشانی خەڵکی بدرێت .

" دەبێت تەلەفزیۆنە کوردییەکان ئەوانە نیشانی خەڵک نەدەن"

ڕەخنەی زۆر لە ڕاگەیاندنەکان هەیە کە بەشێکیان زیاتر خزمەت بە هونەری بێگانە دەکەن، و ئەوەش کاریگەری نەرێنی کردوەتە سەر کۆمەڵگا و هونەری ڕەسەنی کوردی، ئێوە لەگەڵ ئەو ڕەخنانەدان؟
من سەد لەسەد لەگەڵ ئەو رەخنانەدام و لەجێگای خۆیەتی . بەراستی من هەست دەکەم لەباشووری کوردستان تەلەفزیۆنە کوردیەکان ناتوانن ببن بەو بەربەستەی کە ئاگایان لە ناسنامەی نەتەوایەتی و هونەری بێت، یەنی گۆرانی دەبێت پێناسەی نەتەوەیی بکات. لەبەر ئەوەی زۆربەی زۆری تەلەفزیۆنەکان حیزبین، وای کردووە کە یا گرنگی زۆر بە هەواڵ و چاوپێکەوتنی کەسانی سیاسی دەکەن، ئاگایان زۆر کەمتر لە کلتوور و هونەری کوردییە، هەروەها زۆربەی زۆریشیان بۆ ئەوەی ماوەکانی خۆیان پڕکەنەوە هەموو گۆرانییەک پەخش دەکەن، بەڵام ئەبێت لە باشووری کوردستان خودی ئەو تەلەفزیۆنانە کەم بکرێنەوە ولەهەموو باشووری کوردستان چوار تەلەفزیۆن هەبێت بەسە، ئەمانەش بەراستی خزمەتی نەتەوەی کورد بکەن و پوخت بن، ئەوانە گۆرانی رەسەنی کوردی پیشان بدەن. نەک گۆرانییەک کە گوێی لێ دەگرت هەست بکەی مۆزیکێکی عەرەبییە و تەنیا وشەکانی کوردین و تورکی و فارسیش بەهەمان شێوە. ئەمانە بە بۆچوونی من سەرلێشێوانە، دەبێت تەلەفزیۆنە کوردییەکان ئەوانە نیشانی خەڵک نەدەن. چونکە زۆر گەنج هەیە حەزدەکات بەفارسی، یان بەتورکی و عەرەبی گۆرانی بڵێت، بەس ئەمە حەزی خۆیەتی، هیچ خزمەتێک بە هونەر رەسەنی کوردی ناکات. پێویست ناکات بە ئاسانی تەلەفزیۆنەکانیش پەخشی بکەن و نابێت بەئاسانی ئەم تەلەفزیۆنانە وەریان بگرن.

" بەراستی حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری رۆڵێکی زۆر خراپیان هەبووە لە پێشخستنی هونەر و کلتووری رەسەنی کوردی"

حکومەت یان وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕۆڵیان چی بووە لە پێشخستنی هونەری ڕەسەنی کوردی دا؟

بەراستی حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری رۆڵێکی زۆر خراپیان هەبووە لە پێشخستنی هونەر و کلتووری رەسەنی کوردی، چونکە تائێستا پلانێکی باش نیە و نەهاتون لەگەڵ هەندێک هونەرمەندی وەڵاتەکەی خۆیاندا دابنیشن و راوێژبکەن، بزانن کە پێویستە چی بکەین، گەورەترین سەرکەوتنی گەلێک بۆ ئەوەی بتوانێت ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی بەهەموو دونیا بناسێنێت لەرێگەی کلتوورەوە دەتوانرێت بیکات.کلتوور و هونەر دەتوانێت ئەو پێناسەیە بنەخشێنێت بۆهەموو دونیا. واتا ئەگەر حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری ئێمە پلانێکی بەو شێوەیەیان هەبێت و تایبەت بێت بۆ هونەر و مۆزیکی کوردی، بزانن ئەمانەکێن ئاگایان لە هونەر و مۆزیکی رەسەنی کوردییە و زیندووی دەکەنەوە، دابنیشن لەگەڵماندا و قسەبکەین ئێمە ئەتوانین رێگایەکی باشیان نیشان بدەین، کە ئەگەر هیچ نەبێت لەهەر شارێک هۆڵێکی گەورەی کۆنسێرت دروست بکەین، با نەتەوەکانی دیکە لە ئەوروپاوە بێن هونەرەکانی خۆیان پێشکەش بکەن، ئێمەش هونەری خۆمان پێشکەش دەکەین.واتا لەرێگای هونەرەوە دەتوانین کورد بە هەموو دونیا بناسێنین. بەڵام بەداخەوە ئەمە پشتگوێ خراوە.

" ئەوەی گرنگە لای من کوردستانم خۆش دەوێت و هەرچواربەشی کوردستانیش بەیەک وڵات دەبینیم"

پێتانوانیە لایەنە پەیوەندی دارەکانی هەرێم بە چاوێکی جیاواز لە هونەرمەندان دەڕوانن؟ 

من رێز لەهەموو بیرەجیاوازەکان دەگرم، بەڵام قەت رۆژێک لەرۆژان، نە ئەوان داوایان لێ کردووم کە من سەربە حیزبەکەی ئەوان بم، نە منیش ویستوومە سەربە هیچ یەکێک لەو حیزبانەبم . بەڵام ئەوەی گرنگە لای من کوردستانم خۆش دەوێت و هەرچواربەشی کوردستانیش بەیەک وڵات دەبینیم . من کوردستانیم. بەڵام ئەگەر هەشبێت دەبێت ئەو هونەرمەندە خۆی وازلەوە بێنێت . بۆنمونە من لەهەرشوێنێک بمەوێت دەچم کۆنسێرت دەکەم، بەبێ ئەوەی نە سەربە پارتی بم، نە سەربە یەکێتی بم، نەسەربە حیزبە ئیسلامییەکان بم، بەڵام لەگەڵ ئەوەش من رێزم هەیە بۆ هەموو حیزبەکان و هەموو بیرە جیاوازەکان، وە دەبێت بەو شێوەیەش بێت کە رێز لەهەموو بیرەجیاوازەکانی حیزبەکانی کوردستان بگریت. پێویستە لەسەر ئەوانیش رێز لە هونەرمەندی وڵاتەکەی خۆیان بگرن.

" ئەگەر کەسێک لە ئامەد ئازار بچێژێت، لەقامیشلۆ، مهاباد و سلێمانی دەبێت بە ئازاری خۆم بزانم"

هونەر و سیاسەت، یانیش هونەرمەند و سیاسەت چەندە دەبێت یەکبن؟

من هونەرمەند و سیاسەت قەت لەیەک جیاناکەمەوە و دوو هێڵن دەبێت بەردەوام بەیەکەوە برۆن . واتا هونەرمەند دەبێت لەگەڵ سیاسەتی وڵاتەکەی بێت، بەگشتی نەتەوەیی بێت، بەس حیزبی نەبێت. کەواتە کەسێک بێت سیاسەتی نەتەوەیی لەبەرچاوبگرێت. ئەگەر کەسێک لە ئامەد ئازار بچێژێت، لەقامیشلۆ، مهاباد و سلێمانی دەبێت بە ئازاری خۆم بزانم. سیاسەتی من ئەوەیە کوردستان هەمووی سەربەخۆ بێت. ئارام بێت و لەپلەیەکی بەرزبێت و تیایدا رێز لەهەموو نەتەوەکانی دیکە بگیردرێت.
بەراستی زۆر لەهونەرمەندان هەن، لەباکوور، باشوور و رۆژهەڵاتیش واتا هەندێک هونەرمەندی زۆر جیاواز هەن کە من زۆر خۆشم دەوێن، هونەرمەند هەیە لەباکوور بەزاراوەی سۆرانی گۆرانی لەسەر باشوور دەڵێت، من بۆ کۆبانێ گۆرانی دەڵێم، بۆ نمونە ئەگەر کوردێک لە ئامەد ئازاری هەبێت لیرەوە گۆرانی بۆ دەڵێم، ئەمەش وای کردووە ئێمە زیاتر لەیەکتر نزیک بێنەوە،بەراستی. من بەچەندین زاراوە گۆرانیم ووتووە، بەسۆرانی، کرمانجی ژوورو و هەورامی، مەبەستی من ئەوەیە کورد هەمووی لەیەک نزیک بێتەوە. هونەر و ئەدەب و فەرهەنگ ئەو نزیکبوونەوەیە دروست دەکات. لیرەوە من بەدوای گۆرانییەکی شاکرۆ دەگەرێم و گوێم لێ بێت، بۆنمونە حەزەکەم گوێ لەهەردە گۆرانییەکانی محەمەد شێخۆ بگرم، ئێمە هەموومان یەک نەتەوەیین، کورد لەباکوور، باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵات بێت هەموو ئازارەکانمان یەکە، لەکۆبانێ نمونەمان هەیە ئەم هەموو گۆرانی بێژە لە هەرچوارپارچە بە ئازاراوە گۆرانییان لەسەر ووت، بۆیە من هەستەکەم، هەستی نەتەوایەتی هەیە هەم لە ناو هونەر هەمیش لەناو هونەرمەندان دا .

" لەبەرنامەم دایە سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەم"

ئەرکی هونەرمەند لەو بارودۆخەی ئێستا چییە؟

ئەرکی هونەرمەند ئەوەیە بەبەردەوامی لەبەخشندەیی دا بێت، من بیرلەوە دەکەمەوە، ئەگەر سبەینێ کۆبانێ داوام لێ بکات و پێویستی بەمن بێت کۆنسێرتێکی بۆ بکەم کە لەخەم و ئازاری هەندێک لە خێزانەکانی ئەوێ کەم بکاتەوە، ئامادەم بەهەفتە کۆنسێرتی بۆبکەم. لەکۆنسێرتی مندا بۆکۆبانێ بەهەزاران کەس بەشداربوونە و چەندین دەوڵەمەندم کۆکردوونەتەوە.لەلایەکی دیکە بەبەشداری سێ هەزار کەس کۆنسێرتم بۆ پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان کردووە. ئەمە ئەرکی سەرشانی منە وەکو هونەرمەندێکی کورد، هەر هونەرمەندێکیش پێویستە لەو چوارچێوەیەدا کاربکات و بەڵکو ئەرکێکی گەورەی هونەرمەدانە.
لەبەرنامەم دایە سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکەم، لە ئاوەدانکردنەوەیەکی گەورەی کۆبانێدا هیوادارم بتوانم بچم لەنزیکەوە کۆنسێرتێک لەوێ بکەم بەراستی زۆرم پێ خۆشە، مادام کورد ئەوەندە یەکتری خۆشدەوێت، من دڵنیام کۆبانێ دەبێتە رەمزی کوردایەتی و خۆراگری، دەبێت بە شارێک لەداهاتوودا هەموومان وەک هونەرمەند لەوێ کۆنسێرت دەکەین و گۆرانی بۆ سەربەخۆی وڵات بڵێین.

"گەریلا، شەڕڤان و پێشمەرگە چاو و رۆحی منن؛ حیزبەکان چۆن بیردەکەنەوە کێشەی خۆیانە"

پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤان زۆرترین قوربانیان بۆ پاراستنی کوردستان داوە، بەڵام هەستناکەن هونەرمەندان کەمترین سرود و گۆرانی بەسەر گەریلا و شەرڤاندان دەڵێن، لەکاتێکدا ئەوان بێ جیاوازی لەسەنگەرەکاندا لە شانی یەکدان؟

من وەک خۆم، بۆکۆبانێ گۆرانیم ووت، گۆرانیم بۆ گەریلا و شەڕڤان ووت، بەبێ ئەوەی گوێ بەکەس بدەم کە بڵێت بۆ ئەوە دەکەیت، هیچ حیزبێک ناتوانێت بەمن بڵێ بۆ ئەوە دەکەی، چونکە بۆمن گەریلایەک لەباکووری کوردستان، شەڕڤانێکی یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان و پێشمەرگەیەک لەباشووری کوردستان هەموویان وەکو چاوی خۆم دەبینم و رۆحی منن. ئەمانە پارێزگاری لەهەموو کوردستان دەکەن، ئیتر حیزبەکان چۆن بیردەکەنەوە و جیایان دەکەنەوە ئەمە کێشەی خۆیانە. بەڵام مەرج ئەوەیە کە من کچێکی گەریلا دەبینم، یان کچێکی شەڕڤان لەرۆژئاواوە دەبینم بەو هێزەوە دەتوانێت شەڕ لەگەڵ گەورەترین دوژمنی سەر زەوی بکات، من دەبێت بیخەمە سەر سەرم و هەمیشە فەخر بەوە بکەم کە ئێمەی کورد تاکە میلەتین کوڕان و کچانمان بەیەکەوە دەتوانن شەڕ بکەن. گەریلاکانمان توانیویانە گەورەترین هێزی دوژمن بشکێنن، یەپەگە، پێشمەرگە و گەریلا بەهەمان شێوە . بۆیە دەبێت ئێمە هەوڵبدەین هەموو ئەو لایەنانەمان خۆش بوێت کە پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن. بەڵام ئەمە بڵێم، کێشە کێشەی من و تۆ نیە، بەڵکو ئەمە کێشەی حیزبەکانە جیایان دەکەنەوە، بۆنمونە برۆ لە هاوڵاتیەکی سەر شەقام، یان سەوزە فرۆشێکی شاری سلێمانی، یان لە کارمەندێک پرسیار بکە بڵێ، ئایا تۆ جیاوازی دەبینی لەنێوان پێشمەرگە، گەریلا و شەڕڤانێکی یەپەگە بڕواناکەم بڵێت، بەڵێ، بەڵکو هیچ جیاوازی نابینی . هەموویان دەڵێن، ئەمانە کوردن و هەموویان پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن. ئەوە حیزبەکانن کە رێکناکەون، بەڵام من و تۆین و ئێمەین فەخر بە کچێکەوە دەکەین کە لەبەرامبەر داعش وەستاوە و سینگی خستۆتە بەر نوکی گولــلەی ئەوان و ناهێڵێت بستێک لە خاکی کوردستان داگیربکرێت.

"ئەرکی ئێمەی هونەرمەند وەک ئەرکی هونەرمەندی وڵاتەکانی دیکە نیە"

چەندە رازیت لەوەی کە توانیوتە هونەری خۆت بخەیتە خزمەتی گەلەوە؟

ئەمساڵ 35 ساڵە من لەناو هونەرم، لەتەمەنی 16 ساڵییەوە لەناو هونەرم، هەر لەو تەمەنەوە هەتا ئیستا نەوەستاوم و هەرکاری هونەریم کردووە و هەرخۆم پێگەیاندووە. لەساڵی 1992 چوومە سوێد، نزیکەی 5 ــ6 ئەلبوومم لەوێ تۆمارکردووە، زیاتر لە 40 کۆنسێرتم کردووە، زیاتر لە 11 بەرنامەی راستەوخۆم کردووە لە تەلەفزیۆنی میدیا تیڤی، ئەمانە هەمووی تەجروبە بوون بۆمن، لەسەرجەم تەلەفزیۆنەکان ئەوەندەی توانیبێتم کارم کردووە، هەستیش دەکەم کە ئەو کارەی کردوومە جێگەی خۆی گرتووە، وەک گۆرانی بێژێک هەوڵمداوە بەهەموو زاراوەکان گۆرانی بڵێمەوە، بۆ زۆربەی بۆنە و کارەساتەکانی کوردستان گۆرانیم ووتووە، ئێستاش هەستەکەم پێویستە زیاتر کاربۆ ئەوە بکەم، چونکە من کوردم و لەناوچەکەشدا هیچ نەتەوەیەک بەقەدەر کورد ئەوەندە ژێردەست نەبوە، ئێمە هەمیشە لەرزگاربوون داین، بۆیە ئەرکی ئێمەی هونەرمەند وەک ئەرکی هونەرمەندی وڵاتەکانی دیکە نیە،ئێمە ئازارمان هەیە بەدەست دوژمنەکانمانەوە لەهەرچواربەشی کوردستاندا، ئێمە ئازارێکی گەورەمان هەیە، دەبێت هەردەم ئەوەی دەیکەیت بەزۆری نەزانی و منیش هیچ کات بەزۆری نازانم، راستە کارم زۆر کردووە، بەڵام دەبێت ئێستا هەر هەوڵدان بدەم و بیرلەوە بکەمەوە کە کۆنسێرتێک بکەم داهاتەکەی بۆ ئەوکەسانە بێت کە ئازاریان چەشتووە.

"وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە ئێمە مەقامی کوردی زۆر چاکمان هەیە"

ئەلبوومی نوێت لەبەردەستە؟

ئەلبوومی نوێ بەناوی بادەی گوڵ بەرەنگی دووم لەبەردەستە و لەمانگی پێنج بڵاودەبێتەوە، دەزگای بلاوکردنەوەی ئەندێشە بڵاوی دەکاتەوە، ئەم ئەلبوومە پێکهاتوە لە پێنج مەقام و پێنج بەستە . بادەی گوڵرەنگی یەک پێش دووساڵ بڵاومکردەوە، ئەویش پێکهاتووبوو لە حەوت مەقام و یەک بەستە. ئامانجیشم لەوەدا ئەوەیە کە بتوانم لەداهاتوودا گەنجی کورد گوێ لەمەقام بگرن و خۆیان فێربکەن، ئەگەر توانیم بادەی گول رەنگی سێیەمیش تەواوبکەم هەموو ئەو سێ ئەلبوومە مەقامەکانی بەنۆتە دەنوسرێتەوە بۆ ئەوەی ببێت بە مەنهەجێکی دیراسی و گەنجی کورد سودی لێ ببینێت و فێری مەقامی کوردی بێت، وەکو هەموو نەتەوەکانی دیکە ئێمە مەقامی کوردی زۆر چاکمان هەیە .

"بیرم کردۆتەوە لەداهاتوودا ئەگەر بێت و لاوک و مەقامەکانی باکوور بوترێت پەیوەندی بەهەندێک گۆرانی بێژی باکوورەوە بکەم"

ئەم ئەلبوومە بەچەند زاراوە ووتراوە؟

بادەی گوڵرەنگی یەک بەزاراوەی هەورامی و سۆرانی بوو، ئەم ئەلبوومەی ئێستاش تەنیا سۆرانییە، بەڵام بیرم کردۆتەوە لەداهاتوودا ئەگەر بێت و لاوک و مەقامەکانی باکوور بوترێت پەیوەندی بەهەندێک گۆرانی بێژی باکوورەوە بکەم ئەوان بیخوێنن و کارێکی هاوبەش بکەین، گۆرانیبێژێک لەباکوور لەمن شارەزاترە کە لاوکێک بخوێنێت، منیش بەهەمان شێوە مەقامێک باشتر دەخوێنم لە یەکی باکوور، یانیش بەکارێکی هاوبەش دەتونرێت بکرێت بە سیدیەک یانیش ئەلبوومێک .

"وەک عەدنان کەریم ئامادەم بچم بۆ ئەوە و زۆریش دلخۆش دەبم"

کۆنفراسێکی هونەرمەندان لەهەرچواربەشی کوردستان چەندە پێویستە؟

بەبۆچوونی من هەرچەندە زووتر هونەرمەندان لەیەکتر نزیک ببنەوە لە کۆنفراسێکدا زۆر باشە، هەتا ئێستا کە نەکراوە درەنگە . رەنگە دروست نەبوونی کۆنفراسێکی لەو شێوەیە بۆ ئەو کاتەی ئێستا، پەیوەست بێت بە بارودۆخەی ئێستالەکوردستان هەیە، بەڵام من ئێستا زۆرم پێخۆشە بڵێن با گروپێکی گەورەی هونەرمەندان لەهەرچواربەشی کوردستان کۆببنەوە و قسە لەسەر ئەوە بکەین کە پێویستە ئێمە چۆن بکەین و چی بکەین بۆ داهاتوو، من وەک عەدنان کەریم ئامادەم بچم بۆ ئەوە و زۆریش دلخۆش دەبم. بەڵام بۆ هەتا ئێستا نەکراوە، ئەمە وەڵامەکەی تەنیا لای من نیە .

"میدیا تیڤی تاکە تەلەفزیۆنی کوردی بوو کە هەموو هونەرمەندانی کۆکردبووەوە"

بۆچی پەیوەندی هونەرمەندان لەهەرچواربەشی کوردستان لەگەڵ یەکتر لاوازە؟

راگەیاندنی کوردی زیاتر ئەوانە کۆدەکاتەوە و دەبێت راگەیاندن ئەو رۆڵە بگێرێت، جاران کە ئێمە لەسوێدەوە دەچووین بۆ میدیا تیڤی لەوێ هونەرمەندی هەرچواربەشی کوردستانی لێ بوو، هەرهەموومان لەوێ یەکترمان دەناسی و پەیوندیمان هەبوو لەگەڵ یەکتر، میدیا تیڤی تاکە تەلەفزیۆنی کوردی بوو کە هەموو هونەرمەندانی کۆکردبووەوە، چەندین هونەرمەند لەرۆژهەڵاتەوە هاتبوون ـ رۆژئاوا، باکوور و باشوور بەهەمان شێوە لەوێ بەهاوبەشی کارمان دەکرد. واتا تەلەفزیۆنێک دەتوانێت ئەو کارانە بکات و بیکات بە بەرنامە سالانە هەموو هونەرمەندانی هەرچوار بەشی کوردستان کۆبکاتەوە و سوود لەیەکتر ببینین. هونەری کوردی بەفراوانتر بکەین و بیرورا بگۆرینەوەو بۆ ئەوەی چی بکەین لەداهاتوودا . ئەمانە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هونەرمەند یەکتر نزیک ببنەوە. بنکەیەکیش نیە کۆمان بکاتەوە، دیسان دەیگەرێنمەوە بۆ رۆڵی خراپی راگەیاندنەکان، وەک ووتم لە میدیا تیڤی ئەو هەموو بەرنامە زیندوویەم هەبوو و هەموو بەرنامەیەک لە کاتژمێرێک، یان دوو کاتژمێر کەمتر نەدەبوو لەوێ چەندین هونەرمەند دەهاتن و یەکترمان دەبینی و قسەمان دەکرد. بە بۆچوونی من پێویستیمان بە تەلەفزیۆنێکی گەورەی نەتەوەیی هەیە کە تایبەت بێت و سەربە هیچ لایەنێک نەبێت و هەرچی هونەرمەندی کورد هەیە تیایدا کۆببێتەوە.

"ئەوەی ماوەتەوە لای من تەنها و تەنها سیاسییەکان و حیزبەکانی کوردستانن پێویستە یەکبگرن"

دوایین پەیامتان؟

لەپێش هەموو شتێکەوە داوا لە حیزبە کوردییەکان دەکەم کە چەندە گەلی کورد یەکی گرتووە و لەهەرچوارپارچەی کوردستاندا یەک دڵە، ئەوانیش ببن بەیەک دڵ، ئەوانیش لەناوخۆیاندا رێکبکەون و یەک گرتووبن . چونکە ئەو گۆرانکارییە سیاسییەی کە بەرێوەیە لەناوچەکەدا زۆر مەترسیدارە، کورد یەکگرتوو نەبێت، سیاسییەکانی کورد یەگرتوونەبن، زەرەرمەند گەلی کوردە . لەبەر ئەوە سیاسییەکان لەپێش هەموو کەسەوە دەبێت یەکتریان خۆش بوێت و یەکتر قبول بکەن. رەنگە جیاوازەکان هەوڵبدەن یەکتر قبول بکەن. هونەرمەندان هەرچۆنێک بێت کاری خۆیان دەکەن، خەڵکی ئاسایی هەچۆنێک بێت کاری خۆی دەکات و هەمووی یەکتری خۆش دەوێت، کوردێک لەباکوور، باشوور، رۆژهەڵات و رۆژئاوابێت بڕواناکەم هەستە نەتەوایەتییەکی هیچ هەڵەیەکی تێدابێت و تەنها خۆشەویستیان هەیە بۆ یەکتری، بەڵام ئەوەی ماوەتەوە لای من تەنها و تەنها سیاسییەکان و حیزبەکانی کوردستانن پێویستە یەکبگرن و کۆبببنەوە.ئەگەر نا باجەکەی تەنها میلەتی کورد دەیدات .

عەدنان کەریم کێیە ...

عەدنان کەریم لە ساڵی ١٩٦٣ لە شاری کەرکووک لە دایک بووە، و لە بنچینەدا خەڵکی دێی ژاژڵەی سەر بەناوچەی شارباژێڕە. لە شاری سلێمانی ژیانی منداڵی و سەرەتای ژیانی هونەری گەشەی سەندووە. ساڵی ١٩٨٥ بەشی نیگارکێشانی لە پەیمانگای ھونەرەجوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵی ١٩٩١ دا چۆتە سوێد و لەئەوروپا چەندین ئەلبوومی هونەری بەرهەم هێناوە، دوای چەندین ساڵ جارێکی دیکە گەراوەتەوە باشووری کوردستان و شاری سلێمانی . هونەرمەندی کورد عەدنان کەریم ئێستا لە کۆلێژی هونەری شاری سلێمانی مامۆستایە و جگە لەوەش سەرقاڵی بەرهەم هێنانی ئەلبوومێکی نوێیە بەناوی بادەی گوڵ رەنگی دوو.

سەرچاوە: رۆژنیوز

چه‌ند هه‌واڵكی تر

‌كەجەكە: چالاکییەکانمان لە ناو تورکیادا چڕ دەکەینەوە...

‌زه‌هرا یوسف: ژنانی ئێزیدی بوونه‌ته‌ نمونه‌ بۆ ژنانی ئێراق و كوردستان...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: ئه‌وانه‌ی پڕوپاگه‌نده‌ی ریفڕاندۆم ده‌كه‌ن بۆخۆیان ن...

‌بایك:گەنجانی باشور بەبەشداربوونیان بۆناو پەكەكە وەڵامی كۆمەڵكوژی هەولێ...

‌هاوڕێ جەبار:ئەنفال بۆ سڕینەوەی ناسنامەی گەلی کورد بوو...

‌حه‌سه‌ن جودی: ئه‌وه‌ی له‌شه‌نگال ده‌گوزه‌رێ كورتكراوه‌ی شه‌ڕێكی جیهانی...

‌سنور کەریم: باشوور لەژێر هەیمەنەی وڵاتانی دەرەکی و ئیقلیمیدا بەڕێوە ...

‌محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا؛ له‌ئێستادا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ی...

‌لوقمان حه‌سه‌ن: "كێشه‌ی حیزبه‌كان ته‌نها ده‌سه‌ڵاته‌"...

‌"AKP لە باكور و PDK لەباشوور دژایەتی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد دەكەن ...

‌شیلان شاکر: کێشه‌ ئه‌قڵیه‌تێکه‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ نیه‌ که‌ ده‌سه‌ڵات‌ ته‌...

‌عه‌لى هه‌ڵۆ : ده‌بێت په‌رله‌مان کاربکات له‌سه‌ر ده‌رخستنى ناوى PKK له‌...

12
په‌ڕه‌یله‌ 2
ژماره‌ی بابه‌ت

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك