کوردی           عربی
بێریڤان محەمەد

مەترسیە گەورەکان لێرەوە دەستپێ دەکات‌




ئەوەی چاوەڕوانکراوە هەڵبژاردنی ئەمجارەی هەرێمیش ئاڵوگۆڕ لەگەڵ خۆی دێنی، بەڵام ئاڵوگۆڕەکان وەک وڵاتانی نیمچە دیموکراتی بە ئاڕاستە باشەکەی نابێت،‌ بەپێچەوانەوە مەترسیە گەورەکە‌ لەم بەشەی کوردستان کاتێک دەست پێ دەکات کە‌دەرئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە قبوڵ بکرێت.
هەرچەندە ئێستا دەڵێن چەندین ساڵە ئێمە هەر بارودۆخمان خراپە و مەمرە و مەژی ڕۆژەکانمان بەسەر دەبەین، بێگومان هەموو ئەمانەش ڕاستە بەڵام پاشەکشەی تەواوەتی و ئاڵۆزبونی دۆخەکە کاتێک بەتەواوی خۆی دەخاتەڕوو کە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە قبوڵبکرێت، ئەمەش سەردەمێکی جیاواز لە ڕابردوو لەگەڵ خۆی دێنێت.
بۆ ئەمەش دوو هۆکار دەخەمە ڕوو
1- ساختەکاری بەرفراوان
ئەو هێزەی ساڵانێکە کۆمەڵگە بەدەست باڵادەستبونیەوە گیری خواردوە و زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی داگیرکردووە، سەروەت و سامان و هێزە ئەمنیەکانی کۆنترۆڵ کردوە و هێزەکانی بەرامبەر بەخۆشی بەرەو بوون بەخۆی (پاشکۆبوون) پەلکێش کردوە ، ئەمەش بەهۆی بوونی دەنگی لایەنەکانی تر و ناچاربووی بە حسابکردن بۆیان
بەڵام ئەمجارە وێڕای هەموو خاک فرۆشی و گەل فرۆشی و ناپاکییەکان، لە کۆمەڵکوژی شەنگال تا هاوکاریەکانی سوپای داگیرکاری تورکیا بۆ سەر باشور و دۆڕاندنی زۆربەی دەسکەوتەکانی باشور بەهۆی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم، بڕینی قوتی هاوڵاتیان و دەیان هۆکاری تر کە دەبوو بەم پێیە ئێستا لە قەفەسی تاوان دادگایی بکرانایە کەچی بە پێچەوانە، لێشاوی ساختەکاری وایکرد ئێستا هێزی براوەبن و بەو ئەنجامەی دروستیان کردووە لایەنێک بەتەنها خۆی لەگەڵ کۆتاکان کە ئەوانیش بەشێکن لەخۆی بێ منەت و بێ حسابکردن بۆ هیچ هێزێکی دیکە دەتوانی حکومەت دروست بکات، گەر هێزەکانی تریش بیانەوێ ببنە هاوبەشی دەبێت هەڵوەشاندنەوە و تەسلیمکاری خۆیان بەتەواوی ڕابگەیەنن.
بەم هۆیەوە ئایندەی باشوور بەتەواوی دەکەوێتە دەست هێزێکی بنەماڵەیی مەترسیداری دەسەڵاتخواز و دژە دیموکرات، گرێدراو بە داگیرکاران کە هیچ باکی بە لەدەستدانی دەسکەوتەکانی گەل و ژیانی کۆمەڵگە نیە.
2- پەرلەمان وەک مەترسیەک
خاڵێکی تر کە جێگەی مەترسیە خودی پەرلەمان خۆیەتی لەبەردەم مەترسی دەبێت، هەرچەندە لەم وڵاتەدا پەرلەمان تا ئێستا ئیرادەیەکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام هەندێک پەرلەمانتار لە هەوڵدا بوون بە ئاڕاستەی ڕۆڵگێڕان و دروستکردنی  ئیرادەی بەهێز، گەرچی کەمیش بێت بەڵام ئەمجارە لەڕووی چۆنێتیشەوە کاندیدە دەرچوەکان بەشی زۆریان کەسانێکن لە ڕووی سیاسیەوە هیچ شارەزاییەکیان نیە، لەبەر هەر هۆکارێک بێت تەنها بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لەلایەن حزبەکانەوە کاندیدکراون، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو حزبێکی وەک پارتی کەسانێکی ئامادەکردوە بۆ ئەم خولەی پەرلەمان بەئاشکرا خیانەتکار و خۆفرۆش و هاوکاری داگیرکاران، تاڵانچی، بێ کەسایەتی و بێ کلتورن.
ئەمەش جگە لە هەوڵدان بۆ بێ بەهاکردنی پەرلەمان و خەباتی پەرلەمانی کە کۆمەڵگا زیاتر لێ بێ ئومێد بکەن، دروستکردنی فەزایەک بەگوێرەی خۆیان لەناو سەرجەم دەسەڵاتەکان لەم هەرێمە هیچی تر نیە.
هەر بۆیە بەپرسیاری گەورە لەسە شانی ئەو هێزانەیە کە‌دەتوانن ڕێ بەم مەترسیە گەورانە بگرن کە لەسەر ئایندەی گەلەکەمانە هەیە، دەبێت بەهەموو هێزیان کار بکەن بۆ ڕێگری لەم مەترسیانە ئەوەش تەنها بە ڕەتکردنەوەی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە گاڵتەجاڕیە دەبێت کە جگە لە پارتی + تورکیا هەموو هێزەکانی تر تێیدا  دۆڕاون.

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك