کوردی           عربی
بێریڤان محەمەد

مەترسییەکانی پشت ئەو گەمانەی لە هەولێر ئەنجام دەدرێن‌

ئەوەى ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە شاری هەولێر دەگوزەرێت، نە ناڕەزایەتیی خەڵکە و نەکاردانەوەیە بەرامبەر قسەکانی ژنە پەرلەمانتارێک، ئەو گردبوونەوانە کە بەناوی خەڵکی هەولێرەوە دەکرێت کۆمەڵی ئامانجی مەترسیداری لە پشتەوەیە، کە بەشێک لەو ئامانجە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ سیاسییەکانە، هەروەها جارێکی تر دابەشکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە بەسەر لایەنی سیاسی و پەرەپێدانی زهنیەتی ناوچەگەری و دروستکردنی شەڕ و ناکۆکییەکی مەترسیدارە لە نێوانیان هاوڵاتیانی شارەکاندا.

لەهەمان کاتدا ئەو نمایشەی بینیمان لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقەوە کرا، بەئاشکرا هاندانی هێزە چەکدارەکان و بەکارهێنانیانە بۆ یەکلایکردنەوەی هاوکێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان بە قازانجی حزبەکەی، ئەمەش لە کاتێکدا کە پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدەکان لە ئەنجامی سیاسەتی هەڵەی پارتی و زۆربەی هێزەکانی تر چەندین ساڵە  جگە لە نەهامەتی و دەردەسەری و قوربانیدان هیچی تریان بە نسیب نەبووە.

لەپاڵ ئەوانەشدا لە ئەنجامی سیاسەتی دەستەمۆکردن و بەلاڕێدا بردنی باروودۆخی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا دەیان ساڵە، هەژاری و نادادیی و نەهامەتی و هەموو جۆرەکانی شەڕ بووە هەرلە شەڕی ئابووری، تا سیاسی، سەربازی و دەرونی و کلتووری و هتد...، کە سەرجەم لایەنەکان بەرپرسی خوڵقاندنی ئەو کەشە خراپەن، دیارە پارتی دیموکرات، وەک بەرپرسی سەرەکی قەیران و ئاڵۆزیەکان دەبینرێت، چونکە ئەو بەرپرسی دروستکردنی قەیرانە سیاسییەکانیشە.

ئەگەر کەمێک بگەڕێینەوە دواوە، دەبینین وێرای ئەوەی بەهەزاران پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤان لە شەڕی داعش دا شەهید بوون، بەڵام لە ڕوانگەری چەندین بەڵگەوە باس لە جۆرێک پەیوەندی لە نێوان پارتی و داعش دەکرێت، هەتا بەڵگەکان لەسەر چەند جۆر هاوکاری و بازرگانی لە نێوان ئەو دولایەنەدا دەدوێن، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئەگەر پارتی ئەوانە بە تۆمەتە دەزانیت تەنانەت جارێکیش ڕوونکردنەوەیەکی لەو بارەیەوە نەداوە، ئەوەش وادەکات کە گومانەکان ببنە ڕاستی.

خاڵێکی دیکە کە مرۆڤ دەتوانێت لەسەر دیدی پارتی و سەرکردایەتیەکەی بەرامبەر شکۆ و بەهای پێشمەرگە باشتر ئاماژەی پێبکات، دیدارێکی چەند ساڵ بەرلەئێستای کاک مەسعود بارزانییە بۆ ڕۆژنامەی حوریەت دەیلی نیوزی ئنگیلزی کە تیایدا وتویەتی (ئێمە ٣٠٠٠ پێشمەرگەمان تەنها وەک نیازی پاکی لە شەڕی پەکەکەدا بۆ تورکیا داوە بەکوشت) ئەم قسەیەش دەرخەری ڕاستینەی سیاسەتی پارتییە، هەموو ئەو بانگەشانەش ڕەد دەکاتەوە کە پێشمەرگە لای پارتی هێڵی سوور بێت.

لە شەڕی ناوخۆدا بە هەزاران پیشمەرگە گیانیان لەدەستداوە و هەزارانی دیکەش بێسەر و شوین بوون، تا ئیستاش حزبەکانی شەڕی ناوخۆ ئامادەنین نەک شوێن گۆڕەکانیان نیشانیان بدەن بەڵکو وەڵامی کەسوکاری بێسەروشوێن بوانی شەڕی ناوخۆش نادەنەوە و چارەنوسیان ئاشکرا ناکەن.

گەر بەڕاستی خۆپیشاندان لەسەر ئەو قسەیەیە کە سوکایەتی بەپێشمەرگە و شەهیدەکان کراوە، ئەی کێ حساب لەو کردەوانەی ئێوە بپرسێت؟ کێ حسابی هەزاران کوردی ئێزیدی دەدات کە ڕادەستی چەتەکانی داعش یان کردن، ئەوەتا شەیەتحاڵێکی شەنگال لەزاری پاسەوانی بەرپرسێکەوە دەڵێت (دوو ڕۆژ پێش ڕادەستکردنی شەنگال بەداعش، بەرپرسی لقی پارتی شەنگال لە ناحیەی بەعاج لەگەڵ داعش کۆبوەتەوە) کێ تاوانبارە؟.

ئێستاش چەندین ژن و منداڵ و پێشمەرگە دیلن لە دەستی داعش دا، ئەگەر هێزەکانتان دەتوانن ئۆپەراسیۆنێک بۆ ئازادکردنی کچێکی خۆی داعشی ئەوروپی لەناو دڵی موسڵ دا بکەن بۆ ناتوانن هەڵمەتێکی هاوشێوە بۆ دیلە کوردەکانی لای داعش بکەن؟ ئەگەر دڵسۆزیی پێشمەرگە و وڵاتن، بۆ لە سەروەت و سامانی نەتەوەیی کە بەخۆێنی ئەوان بەرهەم هاتووە خانەوادەکانیان بیبەشکراون، تەنانەت موچەی شەهیدانەشیان پێ ڕەوا نابینن؟ ئەگەر دروستن لەگەڵ خۆتان و خاک و نەتەوەکەتاندا، نەدەبوو بەخاتری کورسی دەسەڵات و فەراهەمکردنی زەمینە بۆ جێبەجێکردنی ئەجەندایی دوژمنان، پەرلەمانێک پەکبخەن کە بە خوێن و رەنجی گەلێک بنیاتنراوە.

ئەگەر دڵسۆزبونایە بەخاتری هەندێک بەرژەوەندی هەرزان و بچووک، رێگاتان نەدەدا سوپای داگیرکەری، تورکیا، ئێران و سەدام، خاکێک گڵاو بکەن، کە بەخوێنی هەزاران شەهیدی پێشمەرگە و هەڵەبجە و ئەنفالەکان ئاودراوە.

ئەمانه تەنها مشتێک لە خەرواری ئەو سیاسەتە چەواشەکارییەیە کە حزبەکان، بەتایبەتی پارتی پیادەی کردوە و لای خەڵکى هەولێری داگیرکراو و شارەکانی تر و کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەکان شاراوە نییە.

ئەوەی جێی داخ و گومانە، بێدەنگی و قبوڵکردنی سیاسەتەکانی پارتییە لەلایەن حزبەکانی دیکەی باشووری کوردستان، چونکە پارتی لەبەرامبەر هیچ کام لەو هەنگاو و سیاسەتە خراپانەیدا کاردانەوەیەکی جدی لەبەرامبەر خۆی نەدییەوە، لە تەسلیمکردنی شەنگال تا هێنانی سوپای داگیرکەر، برێنی قوتی خەڵک، پەکخستنی پەرلەمان، رێگری لە بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، داخستنی سنوربەسەر رۆژئاوای کوردستان و بنپێ خستنی هەرچی یاسای هەرێم و ئیرادەی خەڵکی باشورە، کێ سود لەم سیاسەتە دەبینێت؟ بۆ هەمێشە گوێرایەڵی بڕیارەکانی پارتی بوون؟.

ئەوەی کە پێویستە بۆ راوەستاندنی ئەم دۆخەی کە بەسەر ئەم خەڵکەدا هێنراوە بەهۆی ئەم سیاسەتە مەترسیدارانەی ئەم پارتانە بەرێوەی دەبەن بۆ ئەوەی چیتر نەبنە قوربانی، شۆڕشی مەدەنی خەڵک خۆیەتی بەتایبەت کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگەکانە کە نابێت ڕێ بەبەردەوامی دانی ئەو سیاسەتە بدەن، لە ئاستی هۆشیاریەکی وەهادابن کە لەبەرامبەر بە کارهێنانی ناویان لەلایەن حزبێکەوە خاوەن هەڵوێست بن، دەبێت گەل خۆی سیاسەت بکات و رۆڵی لە گێڕانی سیاسەتێکی ئەخلاقیدا هەبێت، شۆڕشی زهنیەتی نوێی بکەن کە بەرژەوەندی خەڵک لە پێش بەرژەوەندی حزب و تاکە کەس و بنەماڵەوەبێت، لە جێگەی شارچێتی و دروستکردنی ناکۆکی نێوان پارچە و خەڵک و شارەکان،  تێکۆشانی نەتەوەیی و نیشتیمانی بکاتە پێوان بۆ تەواوی کوردستان.


كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك