کوردی           عربی
سەردار ستار

هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم یان قوڵكردنەوەی قەیران‌


گەلی كورد ئەمڕۆ لەناو دوو سەركەوتنی گەورە خۆشیەكانی گوزارە لێ دەكا؛ چونكە دوو سەركەوتن كە مێژوو شایەدی بۆ گەورەبوونەكەی دەدات، سەركەوتنی هەدەپە لە هەڵبژاردنەكانی توركیا و باكوری كوردستان، هەمانكات سەركەوتنی هێزەكانی پاراستنی رۆژئاوا لە گرێ سپی، مایەی خۆشحاڵی گەلەكەمانن.

ئەوەی كە ئێمە لەباشورەوە بەدەستی دەناڵێنین ئەویش بەردەوام لە قەیرانێكەوە تەواو نابین دەچین بۆ قەیرانێكیتر، ئەمەش وای كردوە لەناو گێژاودا خول بخۆینەوە. نامەوێ بە رەش تەماشای تابلۆی سیاسی هەرێمی كوردستان بكەم، بەڵام خاڵە سپیەكانیشی ئەوەندە كەمبوونە بەزەحمەت دەتوانی بیانبینی و ئومێدێكت بۆ دروست ببێ.
سەرۆكی هەرێم وەك دامەزراوەیەكی یاسایی بێگومان یەكێكە لە لایەنە یاسایەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت وڵات بەئارەزووی كەس و لایەن و حكومی بنەماڵەیی و خێڵەكی بەڕێوەنەچێت. هەمانكات خەڵكی باشوری كوردستان بزانێت كە دەزگایەك هەیە هەموو هاوڵاتیان بەیەك چاو سەیر دەكات.
 لە رۆژی ئەمڕۆ خەڵكی باشوری كوردستان لەناو بارودۆخێكی سەختدا ژیان بەسەردەبات؛ چونكە هیچ شتێكی گەرەنتی نییە، نە مووچە و بەڕێوەبردنی مانگانەی، نە پاراستن و ئارامی ناوخۆیی، لەگەڵا ئەوەش سیاسەتێكی ناهاوسەنگ لەنێوان لایەنە سیاسیەكان بەڕێوەدەچێت، ئەمەش وای كردوە دڵەڕاوكێ لای هاوڵاتیان زۆر بێ. ئەوەی ئێستا جێگای پرسیارە ئەویش سەرۆكی هەرێم لەگەڵ ئەوەی تائێستا خۆی لەسەرۆكی خێڵێك و حیزبێك رزگارنەكردوە و ئەو دەزگایە بەدامەزراوەی نەكراوە، هەمانكات نەیتوانی ببێتە ناوەندێك بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و سازانی نیشتمانی، هەروەها تا ئێستا هیچ هاوڵاتیەك نەیتوانیوە بۆ ئاریشەكانی چ گەورە یان بچوك بگاتە لای ئەو دامەزراوەیە، شوێنی گەیشتنە لاشی مەكتەبی پەیوەندیەكانی حیزبەكەیەتی. سەرۆك تەنها لەیەك كات هاوڵاتیانی وەبیرە ئەویش ئەڵێت،"باماف لەهاوڵاتیان نەستێنینەوە خۆیان سەرۆك بۆ خۆیان هەڵبژێرن"، بێگومان ئەوە ئەزانرێت ئەگەر بەدڵنیایەوە ئەوەش لەبەرژەوەندی خۆیاندا نەبوایە ئەوەندەش خەڵكیان وەبیرنەدەبوو.
ئەو ئەركە نیشتمانیەی كە لە رۆژی ئەمڕۆ پێویست بوو سەرۆك جێبەجێ بكات هەڵبژاردنی سەرۆك نییە؛ چونكە سەرۆك جێگیرە و سازانی لەسەر كراوە و ماوە بۆ درێژكردنەوەكە بۆتە یاسا، لەلایەكیتر سەرۆكی هەرێم لەگەڵ حیزبەكەی بڕیاریاندا لەبەر نالەباری بارودۆخی هەرێمی كوردستان و شەڕی داعش ساڵێك كۆنگرەی حیزبكەیان دوا بخەن، بێگومان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم سەخترە لە بەستنی كۆنگرەی حیزبێك؟ لەلایەكیتر ئابلۆقەیەكی گەورەی ئابوری لەسەر خەڵك هەیە و حكومەت دەیەوێ پارە لەدەرەوە قەرەز بكا بۆ مووچەی خەڵك، باشە لەو رەوشە بێ مووچەیە"30 میلیۆن دۆلار" هەیە تاكو ئەو كارەی پێبكەن؟ هەمانكات نەبوونی دامەزراوەی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، ئایا بە حەوت كارمەندی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم دەكرێت؟؟.
خاڵێكی هەرە سەركیش ئەویش ئێستا هەرێمی كوردستان لە پرۆسەی نوسینی دەستوردایە، بێگومان كارێكی باشە، ئەگەر دەستور لەسەر بنەما دیموكراتیەكان رێكەوتنی لەسەر بكرێت، واتە باشوری كوردستان ببێتە خاوەن دەستورێكی دیموكراتیانە. 
لێرە پرسیارێك خۆی قوت دەكاتەوە ئەویش، ئایا ئەو هەڵوێستەی سەرۆكی هەرێم پەرچەكردارە لەبەرامبەر رای گشتی سیاسی باشوری كوردستان سەبارەت بە سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێردرێتەوە؟، یان سەرۆك تەنها دەیەوێ دەستڕۆی خۆی لە دەركردنی یاسایەكی رووت بۆ هەڵبژاردن پیشان بدات كە هیچ لۆژیكیانە نیە. ئەگەر لایەنەكانیش هەڵوێستێكی نەرێنینیان هەبووایە دەبوا دیسان سەرۆكی هەرێم ئاراستە راستەكە بوایە. لەوبارودۆخەی كە هەرێم تیایدا ئەگوزەرێ كە هەموو لایەك ئەزانن لە ئەنجامی هەڵەی سیاسەتەكانی سەرۆك ئەو قەیران و ئالۆزیانە دروستبوونە. بۆیە ئەگەر بڵێم لە قەیرانی داعش و نەبوونی بودجە و مووچە و دەستور رزگارمان نەبووە، قەیرانی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیشی هاتە سەر.
گومانی تیانییە دیموكراتیەت بۆیە راستە چونكە بڕیاری هاوبەشی هەیە، هەمانكات هەموو كات لە دیموكراتیەت بڕیارەكان بەگوێرەی ئارەزووی لایەنێك نابێ، بۆیە بەلای منەوە ئەو بڕیارەی سەرۆكی هەرێم بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك لە"20/8"ی ئەمساڵ هیچ پەیوەندیەكی بە لۆژیكی بەڕێوەبردنی وەڵاتەوە نییە بەشێوازێكی دیموكراتیانەوە لەسەر بنەمای سازانی نیشتمانی؛ بەڵكو زیاتر پەرچەكردار و بێ چارەیی پێوە دیارە.
بۆیە ئەگەر بكرێ، سەرۆك لە بڕیارەكەی پەشێمان بێتەوە تاكو دەستور ئەنوسرێتەوە، ئەوكات بەگوێرەی ئەوەی لەدەستور دەرئەچێت، بەوشێوەیە سەرۆك لەپەرلەمان هەڵبژێردرێت، هەمانكات، هەموو لایەنەكان پرۆژەكانیان سەبارەت بەسیستەمی تاكڕەوی سەرۆكی هەرێم پیشانبدەین و بڵێین نەخێر بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی و هەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵك، بۆ ئەمەش وەك ئەركێكی سیاسی و ئەخلاقی وەرگیرێت؛ چونكە ناوەندگەرایی زۆر دیموكراتیەت كەمدەكاتەوە، دیموكراتیەتیش كەمبوو كۆمەڵگا زیانی بەردەكەوێت.
 بێگومان كێ دەبێتە سەرۆكی هەرێم لە ئێستادا ئەوەی بەلای منەوە گرنگە سیستەمەكەیە نەك كەسەكە، سیستەمی رابردوو نەیتوانی سەرۆك بكات بە بەشێك لەكۆمەڵگا، بۆیە ئەوەی بەلای خەڵكەوە گرنگە سیستەمەكەیە وەك سەرەتا دواتر كەسەكە، دەبێ هەمووانیش ئەوە بزانین دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوین هەموویان كوشتەی دەستی سیستەمی ناوەندگەرایی، تاكڕەوی سەرۆكایەتین. لە توركیا هەڵبژاردنی"7"ی حوزیرانی ئەمساڵ رێگری كرایەوە لە سیستەمی ناوەندگەرایی، بۆیە ئیتر كەس ناتوانێ تاكڕەوی سەرۆك و بارگرانیەكی بێ سوود بۆ كۆمەڵگا دروست بكاتەوە. لە ئێستا سەرۆك قەیرانی دروست كردوە، ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت بێگومان گێژاو دروست دەكات.


كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك