کوردی           عربی
سەردار ستار

بۆ سێ هه‌ڤاڵه‌كه‌ی باشوورم"شۆرش و باكور و كه‌مال"‌



له‌ماوه‌ی ئه‌و دوومانگه‌ هه‌واڵی سێ كه‌سی دلێر و ئازا و ره‌نجده‌رم پێگه‌یشت، له‌پرسه‌ی هه‌رسێكیان ئاماده‌بووم و مه‌راسیمی به‌شكۆیان له‌لایه‌ن شۆرشگێڕان و وڵاتپارێزانی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆچی بۆ كرا، ئاماده‌بوونی هه‌زارن خه‌ڵكی تێكۆشه‌ر و ماندوونه‌ناسی كوردستان له‌م پرسه‌ و مه‌راسیمانه‌ پاكی و قاره‌مانیه‌تی ئه‌و دڵسۆزانه‌ دووباره‌ ده‌سلمێنێته‌وه‌.

شۆرش مسته‌فای رۆژنامه‌وان و كوڕی خێزانێكی ره‌نجده‌ر و تێكۆشه‌ر و خاكی، خۆشی خاوه‌ن تایبه‌تمه‌ندی به‌رزی ره‌نجدان و تێكۆشان، وای كردبوو هه‌موو مرۆڤه‌كان به‌بێ جیاوازی خۆشیان بووێ، شۆرش ده‌رچووی هیچ زانكۆ و په‌یمانگه‌یایه‌كی راگه‌یاندنی نه‌بوو، ئه‌وه‌ی شۆرشی كردبوو به‌ رۆژنامه‌وان دڵسۆزی و پاكی و ره‌نج و خه‌باتی بوو بۆ ئازادی و دیموكراتی و گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌ باڵاكان له‌ به‌جێهێنانی سیسته‌می كۆنفیدرالیزمی دیموكراتی، چونكه‌ خۆی و خێزانه‌ خنجیلانه‌كه‌ی بۆ ئه‌مه‌ ئاماده‌كردبوو، بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رسه‌ختانه‌ پاڵپشتی هاوژینه‌ ئازیزه‌كه‌ی هه‌ڤاڵ سنوربوو، هه‌ڤاڵ سنوریش له‌چله‌ی ماته‌مینی هه‌ڤاڵ شۆرشدا، پابه‌ندبوونی جارێكیتری به‌ رێباز و خه‌باتی هه‌ڤاڵ شۆرش داو گووتی تێكۆشه‌رێكی تاكۆتایی ئامانجه‌كانت ده‌بم.

كوڕه‌ دلێر و چاونه‌ترسه‌كه‌ دایه‌ درخشان و مامۆستا جه‌مالی نه‌مر و برای دوو شه‌هیدی تر" قانع و شاهین" هه‌ڤاڵ باكور له‌ شێخ مه‌قسودی حه‌له‌ب له‌به‌رامبه‌ر چه‌ته‌ و سته‌مكاری سه‌رده‌م" نه‌سره‌ و داعش و ئه‌ردۆغان و....." ئه‌وانه‌ی تر گیانی پیرۆزی دوای 20 ساڵ له‌تێكۆشان سپارده‌ ئازادی و وڵات و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموكراتیانه‌ و فیدرالی رۆژئاواو باكوری سوریا، باوه‌ڕم مرۆڤه‌ خاوه‌ن ویژدان و تێكۆشه‌رو وڵاتپارێزه‌كان گوێان له‌ په‌یامی دایه‌ درخشان بوو چۆن گووتی" ئێمه‌ هه‌موومان تێكۆشه‌ری رێگای ئه‌وانین و بۆمان نیه‌ بگرین، چونكه‌ ئێمه‌ هێشتا ئه‌ركمان له‌به‌رامبه‌ر شه‌هیدان جێبه‌جێنه‌كردوه‌" دایه‌ دره‌خشان هه‌زار جار دایكی مه‌كسیم گۆڕكێی تێپه‌ڕاند و له‌شۆرشدا خۆی كرده‌ دایكی شۆرشگێڕان. ده‌كرێ لای زۆركه‌س سه‌خت بێ له‌ ته‌مه‌نی 11 ساڵی چه‌كی شۆرش بخه‌یته‌ شان، شایه‌تی بۆ شه‌هید بوونی دوو برا و مردنی باوكت بده‌ی له‌ناو رووداوێكی ته‌ماوی و ئه‌شكه‌نجی ده‌سه‌ڵاتی كوردیدا، هه‌مانكات ته‌مه‌نی مێرمنداڵی و هه‌رزه‌كاری و لاویه‌تی بیست و چوار سعاتی ژیانت بێ ئه‌وه‌ی چركه‌یه‌ك له‌تێكۆشان داببڕێی پێشكه‌شی شۆرشی ئازادیخوازنی بكه‌ی، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین مێرمنداڵ و گه‌نج و لاوانی تر له‌ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌ خه‌ریكی چیبوون، باكوره‌ لاوه‌كه‌ بروسك ئاسا له‌ شۆرشدا رۆڵی بینی و سه‌ری دوو برا شه‌هیده‌كه‌ی و باوك و دایكه‌ شۆرشگێڕه‌كه‌ی و باشووره‌ ماندوكه‌ی و باكوره‌ برینداره‌كه‌ی و رۆژئاوا فیدرالیه‌كه‌ی به‌رزكردوه‌.

چه‌ند سته‌مه‌ باوه‌ڕبكه‌ی كه‌مال شێخ ساده‌ت شه‌هیدببێ، له‌ ساڵی 1983وه‌ چه‌كی شۆرش خستنه‌ شان، زیندانه‌كانی به‌عس و چوون بۆ به‌رده‌م په‌تی سێداره‌، هه‌مان ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا ده‌ستت به‌ شۆرش كردو مه‌دالیایی پارتیزانیان پێدای دووباره‌ له‌سه‌ر بیروباوه‌ڕی جیاواز بتخه‌نه‌وه‌ زیندان، له‌ شۆرشدا به‌رده‌وام بوویت، ئه‌مجاره‌ بزوتنه‌وه‌ی ئاپۆچی و چوارپارچه‌ی كوردستانت تێشووی رێگاكه‌ت بوو، كه‌مالی دلێر و چاونه‌ترس و پشوودرێژ، چاك وه‌بیرمه‌ كاتێك بۆ جاری یه‌كه‌م ساڵی رابردوو چوومه‌ لای بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چۆن ویستوویانه‌ ته‌قه‌ی لێ بكه‌ن، گووتی هه‌ڤاڵ ئه‌وانه‌ هێشتا منیان نه‌ناسیوه‌ نازانن كه‌مال ته‌نها به‌شه‌هیدبوون ئه‌وه‌ستێ شه‌هیدبوونیش سه‌ركه‌وتن، گووتی بڕیارم داوه‌ نابێ له‌ناو جێگا بمرم ده‌بێ به‌پێوه‌ شه‌هیدببم، كه‌مال له‌دوای خۆی خێزانێكی شۆرشگێڕی جێهێشتووه‌، په‌یامی ژنه‌ ته‌واره‌كه‌ی سه‌رچیامان له‌مه‌راسیمی به‌ڕێكردنی ته‌رمی پیرۆزی شه‌هید كه‌مال بیست، هاوژیانی سه‌لماندن بۆ هاوسه‌ری شه‌هید، ئه‌و سۆزه‌ بوو كه‌ دایك و كوڕ پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر ته‌رمی هه‌ڵۆ شه‌هیده‌كه‌ دایان و شه‌هیدبوونیان له‌ باوك و هاوژینه‌كه‌یان كرد، دوژمن هه‌موو رق و قینی خۆی به‌رامبه‌ر به‌هه‌ڤاڵ كه‌مال نیشانداو له‌ شه‌ڕێكی ده‌سته‌ویه‌خه‌ و نابه‌رابه‌ردا به‌پیلانگێڕیه‌كی دوژمنانه‌ كه‌مالیان شه‌هیدكرد، به‌ڵام رێبوارانی رێگای كه‌مال و شه‌هیدانی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ زۆر نه‌ترسن و رۆژانه‌ چه‌ندیان لێ شه‌هید ئه‌خه‌ن ده‌ ئه‌وه‌نده‌ شوێنیان پڕ ئه‌كه‌نه‌وه‌. روانتان شاد شۆڕه‌ سوارانی كوردستانم، كوڕانی باشوور و خه‌م خۆر و چه‌ك هه‌ڵگرانی باكور و رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای، شۆرشی ره‌نجده‌ر و باكوری ئازا و كه‌مالی دلێرم.



 

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك