کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

ئایا کوردستان دەبێتە ئەفغانستان!؟‌



لە ساڵی هەشتاکاندا تەواوی وڵاتی ئەفغانستان و بە تایبەت شاری کابۆلی پایتەخت بەهۆی شەڕی خۆبەخۆی لایەنە ئیسلامیەکانەوە وێران بووبوو. لە نێو هەموو ئەو وڵاتەدا تەنها جێگەیەک کە بەپێوە مابوو مزگەوتەکان بوون، تەواوی مزگەوتەکانیش لەلایەن هێزە ئیسلامیەکانەوە داگیر کرابوون و کرابوونە شوێنی جیهاد، کەلەسەر پەڕاندن، سەنگەسارکردن و زۆر کاری ناشایستەی دیکەش.

وێرانبوونی ئەو وڵاتە بە جۆرێک کاری تێکردم کە هێدی هێدی لە واقعیەتی ئیسلامی سیاسی تێدەگەیشتم. بەڵام هێشتا نەگەیشتبوومە ئەو بڕوایەی کە هەموو هێزە ئیسلامیەکان خاوەنی هەمان عەقڵیەتبن و وەک دڵخۆشیدانەوەی خۆم دەمگوت لەوانەیە ئەم بەزموڕەزمە تەنها کاری قاعیدە و تاڵیبان و حیکمەتیارەکان بێت و ئیسلامیەکانی لای خۆمان چێژی وڵات داگیرکراوییان چەشتبێت و بەهۆی ئازارەکانی ئەنفال و کیمیابارانەوە هیچ کاتێک هانا بۆ کاری وەها وێرانکاری و دڕندانە نەبەن!


بەڵام ساڵ هات و چوو تا سەرەنجام لە ساڵی نەوەدەکان (دوای ڕاپەڕین) بینیم کە لایەنە ئیسلامیەکانی لای خۆمان نەک هەر مزگەوتەکان بەڵکو نادیەکانیشیان داگیر کرد و لە هەموو شوێنێکیش ئامادەکارییان بۆ شەڕێکی وەها ماڵوێرانکەری دەکرد کە ئەفغانستان لە چاویدا ئاوخواردنەوە بێت، تەنانەت بەرنامەڕێژی ئەوەیان دەکرد زمانی ئەو کەسانەش ببڕن کە باسی ئەنفالیان بە خراپە دەکرد.
منیش کە ئەو ئامادەکاریانەم دەبینی سەرم سوڕما بوو، بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بووم و لەبەر خۆمەوە دەمگوت خۆ لە دەست سەدام حسێن و ڕژێمی بەعس ڕزگارمان بووە، ئیتر ئەم ئامادەکاریانە بۆچییە!؟


تا ڕۆژێک لە نادیەکەی هەوارەبەرزە کە لەلایەن جەماعەتی مەلا کرێکارەوە داگیرکرابوو و ناوەکەیان گۆڕیبوو بۆ مزگەوتی "جیهاد"، زۆر لەسەرخۆ بە مەلا کرێکارم گوت (ئینشەڵا بەهۆی عەدالەتی ئیسلامەوە کوردستان هێندە خۆش دەکەین دەیکەین بە لوبنان).
کەچی لە وەڵامدا مەلا کرێکار بە دەنگێکی هێجگار بەرزەوە هاواری کرد و گوتی (کوردستان دەکەینە ئەفغانستان).


منیش لە خەیاڵی خۆمدا وتم لەوانەیە مەلا کرێکار لە ڕقی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەو قسەیەی کردبێت و هێزە ئیسلامیەکان هێندە بێویژدان نەبن کە کوردستان وەک ئەفغانستان وێران بکەن!

تا لە ڕۆژانی دواتردا لەگەڵ خوالێخۆشبوو شوانەی حەمە ساڵح کە بەرپرسی سەربازی بزوتنەوەی ئیسلامی و برادەرێکی هێجگار خۆشەویستم بوو سەردانی زۆربەی بەرپرس و کادرە پێشکەوتووەکانی لایەنە ئیسلامیەکانم کرد و هەمان باس و خواسم لەگەڵیاندا کردەوە. کەچی هەموو کادر و بەرپرسەکانی لایەنە ئیسلامیە جۆراوجۆرەکانیش هەمان خولیای بە ئەفغانستانکردنی کوردستانیان لە مێشکدا بوو.


ناچار ڕۆژێکیان لە مەلا عومەری سەلەفی (مەلا عومەر چنگیانی)م پرسی: ئەرێ مامۆستا بەڕاستی ئەفغانستان بەهۆی شەڕی خۆبەخۆی لایەنە ئیسلامیەکانەوە بە تەواو وێران بووبوو، کەچی سەرباقی ئەو هەموو ئەنفال و کیمیابارانەی بەسەرماندا هاتووە ئەم ئیسلامیانەی لەمەڕ خۆشمان خەو بە ئەفغانستانبوونی کوردستانەوە دەبینن و دەیانەوێت ئەوەی بەعس و سەدامی دڕندە پێی ڕانەگەیشتوون ئەمان تەواوی بکەن؟


بەڵام خۆزگە ئەو پرسیارەم هەر نەکردبایە، لەبەرئەوەی وەڵامەکەی مەلا عومەر چنگیانیش عوزری لە قەباعەت خراپتر بوو و یەکسەر لە وەڵامدا وتی (خودا ئەم دونیا بۆ کافرەکان خۆش دەکات و ئەو دنیاش بۆ مسوڵمانان، لەبەرئەوە گرنگ نییە ئەگەر وڵاتەکە بە تەواوی خاپوور و وێران ببێت، بەڵام زۆر گرنگە کە خودا لە خۆمان ڕازی بکەین و نەهێڵین کوفر لە کوردستان بڵاوببێتەوە).


ئیتر لەو ڕۆژەوە تێگەیشتم کە لایەنە ئیسلامیەکان چی لە ئەفغانستان و چی لە کوردستان و چی لە نایجیریا و چی لە سۆماڵ بن، تەنها ناوی حیزبەکانیان جیاوازە، دەنا خاوەنی یەک بەرنامەن و هیچ جیاوازییەک لە بیرکردنەوە و کاردەوەکانیاندا نییە و ڕووبکەنە هەر کۆمەڵگایەکیش وێرانی دەکەن.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك