کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

بڕیارمدا دەنگ بە لیستی "نەوەی نوێ" بدەم‌



لە لوقمانی حەکیمیان پرسی: بۆچی هێندە بە ئەدەبیت؟
لە وەڵامدا گوتی: لە بێ ئەدەبەکانەوە فێری ئەدەب بووم، ئەوەی بێ ئەدەبەکان کردیان و وتیان، من پێچەوانەکەیم کرد و وت.

منیش لە بارزانیەوە فێری پۆڵاندنی کەسەکان بووم، لە کردار و گوتارەکانی بارزانیەوە تێگەیشتم چ جۆرە کەسانێک شۆڕشگێڕ و دڵسۆزن و چ جۆرە کەسانێکیش خۆفرۆش و دژە گەلن. چونکە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، ئەوەی بارزانی کردویەتی و وتویەتی، پێچەوانەکەی ڕاست بووە.
ئەگەر بارزانی کەسێکی بە خائین و دژە گەل زانیبێت، ئەوا پێویست بە بەدواداچوون ناکات کە ئەو کەسە شۆڕشگێڕ و دڵسۆزە.

لە هەموو ژیانمدا خۆشیم لە جەلال تاڵەبانی نەهاتووە لەبەرئەوەی سیاسەتی بانێک و دوو هەوای بەڕێوە دەبرد. بەڵام کاتێک دەمبینی کە بارزانی بەو سەرسەختییە دژایەتی دەکات، دەمزانی کە نەمانی تاڵەبانی گەورەترین کارەسات دروست دەکات.
سەرەنجام ئەو بۆچوونەم ڕاست دەرچوو، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەی تاڵەبانی لە زمان نەکەوت، بارزانی نەیتوانی هێندە بە ئاسانی ساتوسەودا بە ئێزدیەکانەوە بکات و شەنگال بە داعش بفرۆشێت. هەتا ئەو ڕۆژەی تاڵەبانی لە ژیانیشدا مابوو، بارزانی نەیتوانی بە ناوی ڕیفراندۆمەوە زیاتر لە نیوەی باشووری کوردستان بفرۆشێت و گەورەترین قەیرانیش بخاتە نێو ماڵی کوردەوە.

هەتا ئەو ڕۆژەی "دکتۆر یوسف محەمەد" نەبوویە سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نەمبیستبوو کەسێک بەو ناوەوە لە سیاسەتدا کار بکات. بەڵام کاتێک بارزانی لە دژی وەستایەوە و "دیواری چین"ی لەبەردەمیدا دروست کرد، ئەو کات بەبێ ئەوەی ناسیبێتم یەکسەر خەیاڵم بۆ ئەوە چوو کە دکتۆر یوسف کەسێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر بێت.
لەوە دوا چەند جارێک دکتۆر یوسف سەردانی ئەوروپای کرد و زۆر لە نزیکەوە ناسیم، خۆشبەختانە ئەو بۆچوونەش کە لە مێشکمدا کەڵەکە بووبوو کەمی هەبوو نەک زیاد، مرۆڤێک بوو لێوان لێو لە دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری.

لە هەموو ژیانمدا "لاهوری شێخ جەنگی"م نەدیووە و تەنها جارێک بە تەلەفۆن قسەمان لەگەڵ یەکتری کردووە، بەڵام لەو بڕوایەدام کە دڵسۆزترین بەرپرسی نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەبەرئەوەی بارزانی دژایەتی دەکات.

کاتێک دەنگۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش هاتە ئاراوە، سەرەتا نیازم وابوو دەنگ بە هیچ لیستێک نەدەم، لەبەرئەوەی ئەو قەوارانەی من بڕوام پێیان هەبوو کە (تەڤگەری ئازادی و بزوتنەوەی گۆڕان بوون)، هیچیان لەگەڵ بۆچوونەکانی مندا یەکیان نەدەگرتەوە.
لەبەرئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هێزێکی بەرهەڵستکارەوە ببوویە هاوبەشە دەسەڵاتی بارزانی لە حکومەتی هەرێمدا و تەڤگەری ئازادیش ببوویە هاوپەیمانی کەسێکی سەرمایەداری نزیک لە ئەمریکاوە کە هیچ کاتێک خۆشیم لە کەسانی سەرمایەدار نەهاتووە و بڕواشم بە ئەمریکا نەبووە.
بەڵام دوو هۆکار هاندەر بوون بۆئەوەی دەنگ بە لیستی "نەوەی نوێ" بدەم:
١- دژایەتی بارزانی بۆ نەوەی نوێ و ناوبردنی "شاسوارعەبدول واحید"بە کەسێکی دز و پارەخۆر.
خۆ ئەگەر لە جیاتی بارزانی هەر کەسێکی دیکە ئەو قسانەی بکردایە، ئەگەری زۆر بوو کە باوەڕم بکردایە. بەڵام باوەڕیم بە بارزانی نییە و دەزانم درۆ دەکات. چونکە ئەگەر شاسوار بە قەولی بارزانی پارەی هەزاران خەڵکی بخواردایە، ئەوا لەو پاشاگەردانی و میلیشیا بازاڕییەی باشووری کوردستاندا ئەو خەڵکە وەها بە ئاسانی لە شاسواریان قبوڵ نەدەکرد، لەبەرئەوەی پارەخواردنی هەزاران کەس هێندە ئاسان نییە بۆ کەسێکی ناسراو و لاوازی وەک شاسوار عەبدول واحید!
خۆ ئەگەر شاسوار عەبولواحید چەندیش لە دزێتیدا تۆخ بووبێتەوە هێشتا بە سێبەری منداڵە هەرە بچووکەکەی بنەماڵەی بارزانی ناگاتەوە.

٢- کاتێک بینیم شەقاوەکانی بارزانی بەو شێوە دڕندانەیە کەوتنە وێزەی کاندیدەکانی نەوەی نوێ و خەڵتانی خوێنیان کردن، ئیتر بێ هیچ چەندوچوونێک بڕیارمدا دەنگ بە لیستی نەوەی نوێ بدەم، لەبەرئەوەی بارزانی ناخوازێت کەسانێک بێنە پێشەوە کە لە دوی بە دەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردبن.
هێشتا خوێنی دکتۆر کامەران بەرواری وشک نەبۆتەوە، پیاوەکانی بارزانی "ڕابوون مەعروف"یشیان خەڵتانی خوێن کرد.
دکتۆر کامەران بەرواری سەرۆکی لیستی نەوەی نوێ لە پارێزگای دهۆک و ڕابوون مەعروفیش سەرۆکی هەمان لیستە لە پارێزگای هەولێر.
ماوەیەکی زۆرە دکتۆر کامەران دەناسم و ئەو کەسایەتییە نەک هەر شایستەی ئەوە نییە خەڵتانی خوێن بکرێت، بەڵکو شایانی ئەوەیە پەیکەری زێڕی بۆ دروست بکرێت. بەڵام لەلای بارزانی هەموو شتەکان پێچەوانە بۆتەوە.
 
   



چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك