کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

دەمامکدارەکان خۆیان دەردەخەن‌


کەم نین ئەو دەمامکدارانەی کە وشەی کوردایەتیان کردۆتە وێردی سەر زاریان ، بەڵام سەرتاپای کردەوەکانیان دژ بە کورد و لە خزمەت داگیرکەراندا بووە ، ئەگەر سەرنجێکی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوومان دابێت ئەو ڕاستیانە زۆر بە باشی بەدی دەکرێن کە بە چ شێوەیەک هەوڵی دەستەمۆکردنی کوردیان داوە بۆ خزمەتی دەوڵەتی تورک
.

بۆ نموونە زۆرترین لێدوانی دەمامکدارەکان باسکردن لە دیموکاتیەتی دەوڵەتی تورک و مرۆڤ دۆستی ئەردۆغان بوو ، تەنانەت لە کاتی سەرکەوتنە بێ وێنەکەی کۆبانێشدا پیرۆزباییان لە ئەردۆغان کرد و وەک ڕزگارکەری کۆبانێیان پێناسە کرد ، کەچی سەرسوڕمان ئەوە بوو کە ئەم نۆکەرایەتیکردنەش لە ژێر دەمامکی کوردایەتی و ئیسلامبووندا ئەنجام دەدرا .

ناگەڕێمەوە بۆ دواوە و تەنها وەک نموونەیەکی بچوک باس لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەکەم .

لە 2015/11/1دا لە کەش و هەوایەکی تەواو میلیتاریزاوی و تۆقێنەرانەدا هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجام درا ، لە هەڵبژاردنەکاندا ئاکەپە زۆرینەی دەنگەکانی بە دەست هێنا بەڵام بە چ شێوەیەک ؟

بە کۆمەڵ کوژیەکانی ئەنقەرە و پیرسوس ، بە ڕەشبگیری و قەدەغەکاریەکانی سەر شارە کوردیەکان ، بە داخستنی هەموو ڕاگەیاندنەکان بە ڕووی هەدەپەدا ، بە سوتاندنی سەدان بنکە و ناوەندی هەدەپە ، بە وێرانکردنی گۆڕستانەکان و ڕێگریکردن لە ناشتنی تەرمی شەهیدەکان ، بە ڕوتکردنەوەی تەرمی گەریلا شەهیدەکان و ڕاکێشانیان بە دوای ئوتومبێلدا ، بە بەخێوکردنی سەدان چەتەی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام بۆ خۆ تەقاندنەوە لە نێو کۆبوونەوە جەماوەریەکانی کورداندا ، بە زیندانکردنی هەزاران خەباتکار و بۆردومانکردنی تەواوی ناوچەکانی کوردستان ، بە دوورخستنەوەی چاودێرانی سەر سندوقەکان و فەلاقەکردنیان ، بە ڕێگریکردن لە چاودێرانی نێونەتەوەیی و هەزاران کردەوەی وەحشیانەی دیکە .

لە هەمانکاتدا شارێکی وەک ئەستەمبوڵدا کە سەرجەمی دانیشتوانەکەی نزیک بە 15 ملیۆن کەسە و لەو ژمارەیەش تەنها 10 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە . کەچی 17 ملیۆن کەس لەو شارەدا دەنگی داوە ، کە ئەم شێوە دەنگدانەش هاوشێوەی دەنگدانەکانی پارێزگای دهۆکە کە مردۆکانی نیو سەدە پێش ئێستا دەنگی خۆیان دەدەن . کە هیچ بە دووری نازانم و دەرس دادەری ئەم جۆرە فرت و فێڵانە هەمان دەمامکدارەکانی باشووری کوردستانن ، لەبەرئەوەی بەرپرسانی باشووری کوردستان لە یەکخستنی ماڵی داگیرکەران و بە کۆیلەهێشتنەوەی کورداندا دکتۆرایان بە دەستهێناوە .

جێی سەرسوڕمان نەبوو کە دەمامکدارەکان وەک هەر جارێکی دیکە ئەم هەموو تاوانە نەبینن و دیسان قاوانی دیموکراتبوونی تورکیا لێبدەنەوە و پیرۆزبایی لە دوای پیرۆزبایی ئاڕاستەی جەلادەکەی ئەنقەرەی بکەن .

ئەوانەی کەوتنە پێشبڕکێێ پیرۆزبایی ناردن تەنها گروپە ئیسلامیە دڕندەکان نەبوون بەڵکو سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە بوون کە لە بەرەیەکدا خۆیان ڕێکخستووە و ئەردۆغانیش وەک ڕابەرێکی خۆیان دەبینن . کە بریتین لە :- (مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی ، دارودەستەی عیزەت الدوری و بەعسیەکان ، عەلی قەرەداخی سەرۆکی یەکێتی جیهانی زانایانی ئیسلام ، محەمەد بازیانی لە بزوتنەوەی ئیسلامی ، عبدالستار مجید لە کۆمەلی ئیسلامی ، ئاوات کەرکوکی لە ئەنسار الاسلام ، چەتەکانی جەبهە الاسلام ، چەتەکانی ئەحرار الشام ، چەتەکانی جەبهە الشام ، گەنجانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ، چەتەکانی فەیلەق الڕەحمان ، چەتەکانی ئەجناد الشام ، چەتەکانی یەکێتی ئیسلامی ئەجناد الشام ، چەتەکانی لیوا‌و العاشر ، چەتەکانی جیش الاسلام ، چەتەکانی الجەبهە الشامیە ) .

بەر لە هەموو ئەو کەس و لایەنانە ، مەسعود بارزانی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی ئەردۆغان و ئاکەپە کرد.
بڕوانە ئەم لینکە
:-
كرته‌بكه‌ بۆبینینی

هەر دوا بە دوای دەرکەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش ، وەزیری دەرەوەی تورکیا (فەرەیدون سینیرلی ئۆغڵو) بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و لەلایەن کاربەدەستانی پارتیەوە لە ئامێز گیرا ، کە ئەمەش یەکەمین سەردانی کاربەدەستانی تورکە بۆ دەرەوەی سنوورەکانیان لە دوای هەڵبژاردنەکان .
بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە
:-
كرته‌بكه‌ بۆبینینی

هەرچی هێزە ئیسلامیە دژە مرۆڤێکانیشە ، بە بروسکەی پیرۆزبایی سۆزی خۆیان بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە دووپات کردەوە ، کە لە نێویاندا نۆکەرێکی وەک عەلی قەرەداخیش هەبوو کە لە ناچاریدا خۆی بە کورد دەزانێت.
بڕوانە ئەم لینکانەی خوارەوە
:-
كرته‌بكه‌ بۆبینینی

ئەوەی من تێبینیم کردبێت ئەوەیە کە تورەکەی کەس و لایەنە بەناو کوردیەکان بە چۆڵی دەمێنێتەوە ، چونکە چەندەش خۆ بە دڵسۆز نواندن بۆ داگیرکەر و دژ وەستانەوەیان دژ بە نەتەوەکەیان هێشتا لە لایەن داگیرکەرەوە حسابی کوردیان بۆ دەکرێت ، وەفای ئەردۆغانیش لە وەفای محەمەد ڕەزا شا زیاتر نابێت کە بە بیرکردنەوەیەکی کەمتر لە یەک دەقەیی ئاشبەتاڵی بە بارزانی کرد . 

 


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك