کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

لەشکر کێشی تورکیا و پیلانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق .‌

لە ڕۆژانی 5 و 6/ 12/2015دا هەزاران جەندرمەی تورک بە جۆرەها چەکی گرانەوە لەسەر داوای بارزانی پەلکێشی باشووری کوردستان کران ، بەشێک لەو سەربازانە بۆ شارۆچکەی سۆران و بەشەکەی دیکەشیان بەرەو باشیقەی ئێزدینشین گوێزرانەوە .
 بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە :-

كرته‌بكه‌ بۆبینینی


مەبەست لە هێنانی سوپای داگیرکەری تورک :-

لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە دیرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لێوان لێوە لە هاوکاریکردنی داگیرکەران و پەلکێشکردنی سوپاکەیان بۆسەر کوردستان و لاوازکردنی شۆڕشگێڕان .

ئەم باسە پەیوەستە بەم پەلکێشکردنەی سوپای تورکەوە ، لەبەرئەوە لە باسەکە لانادەم و ناچمە سەر باسی گرێدراویەکانی پارتی و بارزانی بە داگیرکەرانی دیکەوە .

لە ساڵی 1992 بە دواوە دەیان جار پەلکێشی سوپای تورک بۆ قوڵایی باشووری کوردستان کرا ، تەنانەت لە ساڵی 1995 وە بەشێکی بەرفراوان لە ناوچەکانی بادینان ( بامەڕنێ ، شێلادزە ، کانیا ماسی ، ئامێدی ، باتوفە ، بێگۆڤا ، دێرەلوک و هتد. ) کرانە سەربازگە بۆ دەوڵەتی تورک .

هاوکات لە ڕێگەی سەدان کۆمپانیای تورکیەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی شێوەی نیمچە پارێزگایەکی تورکیان بە خۆیانەوە بینی و دەیان خوێندنگەی تورکیش لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە ڕێگەی فەتحوڵا گولەنیەکان و بە هاوکاری ڕاستەوخۆی بارزانی کرانەوە . بەڵام پەلکێشکردنی ئەم جارەی سوپای تورک زۆر جیاوازترە لە ڕابردوو و گەلێک مەبەستی دوولایەنەی تورکیا و بارزانی تێدایە .

مەبەستەکانی بارزانی :-

1- دووپاتکردنەوەی وەفاداری بۆ دەوڵەتی تورک .

بە تایبەت لە دوای ساڵی 2011وە بارزانی زیاتر وەک کارمەندێکی دەوڵەتی تورک دەرکەوتووە نەک وەک خەمخۆرێکی دۆزی کورد و بە جۆرەها شێوەش لە خزمەتی ئەو دەوڵەتە فاشستەدا بووە ، ئەم پەلکێشکردنەش زیاتر بۆ سەلماندنی دڵسۆزیەکانی بارزانییە بۆ حکومەت و دەوڵەتی تورک .

2- شاردنەوەی سەرکەوتنەکانی کوردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا .

سەرکەوتنەکانی هەدەپە لە دوو هەڵبژاردنی یەک بە دوای یەکی تورکیادا وەک شۆکێک وابوو بۆ بارزانی ، چونکە سەرانی پارتی هەم لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە و هەم لە ڕێگەی کۆمەککردنی ئەردۆغان بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و هەم وەک چەواشەکاری کۆمەڵگا زۆر لە هەوڵدا بوون کە هەدەپە نەتوانێت بەربەستی 10% دەرباز بکات .

3- کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی داستانی کۆبانێ و سەرکەوتنەکانی گردە سپی .

بارزانی زۆر دڵی بەوە خۆش بوو کە چەتەکانی داعش بەهۆی گەمارۆدراوی کۆبانێوە بتوانن ئەو شارە داگیربکەن و لە ڕێگەی ئەو داگیرکردنەوە تەسلیمکاریەکەی شەنگالی پێ بشارێتەوە . بەڵام نەک کۆبانێ نەکەوت بەڵکو شەرڤانان توانیان گردە سپیش ڕزگار بکەن و بۆ هەتا هەتایە هەم گەمارۆی سەر کۆبانی نەهێڵن و هەم کانتۆنی کۆبانێش بە کانتۆنی جزیرەوە گرێ بدەن . کە ئەم سەرکەوتنانەش هەم لە نێو کوردان و هەم لە جیهاندا دەنگدانەوەی زۆری داوەتەوە و کاریگەری زۆریشی لە نێو کوردان و ئازادیخوازانی جیهاندا بەجێ هێشتووە .

4- کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانەی ئێزدیەکان .

بە سەرپەرشتی تورکیا و لە ڕێکەوتنێکی نهێنی نێوان پارتی و داعشدا شەنگال تەسلیم کرا ، بەڵام لە خۆ بوردەیی گەریلا و شەرڤانان ئەم پیلانەی هەڵوەشاندەوە و لە 12/11/2015دا توانیان شەنگاڵ ڕزگار بکەن ، ئەم سەرکەوتنە لە مێژووی ئێزدیەکاندا وەرچەرخانێک بوو و هاندەرێکیش بوو تاکو بیر لە ئازادی بکەنەوە و لە هەوڵی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی سەربەخۆدا بن . سەرکەوتنی ئەم هەنگاوەش ئەگەر لە ئایندەیەکی نزیکیشدا نەبێت ئەوا لە ماوەی چەند ساڵێکدا هەم پێگەی بارزانی تەواو لە باشووری کوردستاندا لاواز دەکات و هەم بە دووری نازانم کە بارزانیش ڕاپێچی بەر دادگا نەکات لەسەر تەسلیمکردنی شەنگال .

5- ڕێگریکردن لە زیاتر پێشکەوتنەکانی ڕۆژاوای کوردستان .

سەرکەوتنەکانی یەپەگە و یەپەژە ، گۆڕینی سیستەمی خوێندن ، بە سیستەمیکردنی دامەزراوەکانی ڕۆژاوا ، زاڵبوون بەسەر گرفتەکان و دەیان هەنگاوی دیکە ، خەونی لە مێژینەی بارزانی زڕاند و لە ڕێگەی پەلکێشکردنی سوپای تورکەوە دەیەوێت پێش بەو پێشکەوتنانە بگرێت .

6- ترساندنی لایەنە کوردیەکان .

لە دوای کۆتایهاتنی سەرۆکایەتی هەرێم ، ڕۆژانە پارتی لە پیلانگێڕیدایە بۆ دووبارە دانانەوەی بارزانی بە سەرۆک ، کە ئاژاوەگێڕیەکانی خورماتو و پەلکێشکردنی سوپای تورکیش لەو چوارچێوەیەدا جێگە دەگرن ، تاکو ئەگەر لە ڕێگەی پیلانگێڕیشەوە ئەو داخوازیەی بۆ مەیسەر نەبووبێت ئەوا بتوانێت لە ڕێگەی سوپای تورکەوە لایەنە ناڕازیەکان بترسێنێت و جارێکی دیکە بکرێتەوە بە دەسەڵاتداری بێ ڕکابەر .

7- کپکردنی دەنگی جەماوەر .

لە سایەی دەسەڵاتەکەی بارزانیەوە باشووری کوردستان دووچاری گەورەترین قەیرانی دارایی و پاشاگەردانی هاتووە ، هەموو خزمەتگوزاریەکان پەکیان کەوتووە و بۆ ماوەی 4 مانگیشە دەست بەسەر قوتی میلەتدا گیراوە ، ئەم ڕەوشەش ناڕەزایەتی جەماوەری بە دوای خۆیدا هێناوە و ڕۆژانە داواکاری گەل بۆ گەڕاندنەوەی قوتی زەوتکراویان لە زیادبووندایە ، بارزانی دەیەوێت لە ڕێگەی پەلکێشکردنی سوپای تورکەوە دەنگی ناڕازیبوان کپ بکاتەوە .

8- دابەشکردنی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوە بۆ دوو ئیدارەیی .

بارزانی زۆر باش درکی بەوە کردووە کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بۆشایی دەکەوێتە نێوان دارودەستەکەی و جەماوەری باشووری کوردستانەوە ، بۆئەوەی درێژەش بە دیکتاتۆری خۆی بدات پێویستی بە دابەشکردنی باشووری کوردستان و دوو ئیدارەیی هەیە . قەتڵوعام کردنی خۆپیشاندەرانی ناڕازی ، کودەتا بەسەر پەرلەمان ، دەرپەڕاندنی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان و ڕێگەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان بەشێکە لەو ئامادەکاریانە .

مەبەستەکانی تورکیا :-

1- خەوبینینی تورکیا بە ویلایەتی موسڵەوە .

تاکو لە ڕێگەی ئەم پەلکێشیەوە ( بە چاوساخی پارتی دیموکرات ) بتوانێت قوبرسێکی دیکە بەرهەم بێنێت و بەم داگیرکاریەی بەشێک لەو خەونە دێرینەیەی بێنێتە دی .

2- هاوکاری گەیاندن بە چەتەکانی داعش .

پاش سەرکەوتنەکانی کۆبانێ و ڕزگارکردنی گردە سپی ، سنووری داعش بە تورکیاوە تەواو کەم بویەوە ، خۆ ئەگەر بێتو جەرابلوس و عەزاز ئازاد بکرێن ئەوا بە تەواوەتی ڕێگەی هاوکاریگەیاندنی تورکیا بە داعش کۆتایی پێ دێت ، لەبەرئەوە تورکیا دەخوازێت پێش ڕزگارکردنی عەزاز و جەرابلوس ڕێگەیەکی دیکە بۆ هاوکاری گەیاندنە داعش بدۆزێتەوە ، ئەو ڕێگەیەش باشووری کوردستانە .

3- ڕێگەگرتن لە ئاشکرابوونی هاوکاریەکانی تورکیا بۆ داعش .

ئەگەر بێتو موسڵ هاوشێوەی شەنگال لە لایەن گەریلاوە ڕزگار بکرێت ئەوا تەواوی بەڵگەی هاوکاری تورکیا بۆ داعش و هاوپەیمانی پارتی و داعشیش دەکەونە دەست گەریلا و ئاشکرا دەکرێن . ئەم هەوڵدانەی تورکیاش بۆ ئەوەیە تاکو لە ڕێگەی ئەم لەشکر کێشیەوە بتوانێت ئەو بەڵگانە لە ئاشکرابوون بپارێزێت ( تەنانەت ماوەیەک بەر لە ئێستا بارزانی ڕایگەیاند کە ئامادەیە هێز بنێرێت بۆ شاری ڕەقەی سوریا ، کە ئەم ئامادەیی دەربڕینەش هەر لەو چوارچێوەیەدا بوو تاکو ئەو بەڵگانە نەکەونە دەست شەرڤانان ) .

4- ئاژاوە سازکردن لە نێوان لایەنە کوردیەکاندا .

لەشکرکێشی سوپای تورک ناکۆکی نێوان لایەنە کوردیەکان زیاتر قوڵ دەکاتەوە و دوور نییە کە نەبێتە هۆی ڕوو بە ڕووبوونەوەی چەکداریش ، چونکە ئەم لەشکر کێشییە لە لایەن جەماوەرەوە جێگەی قبوڵکردن نییە ، ناڕازیبوونی جەماوەریش دەبێتە فشارێک بۆسەر لایەنەکانی دیکە تاکو دژ بە تورکیا هەڵوێست بنوێنن ، پارتی و لایەنە ئیسلامیەکانیش لە سەنگەری تورکیادا جێگە دەگرن ، بەم شێوەیە ناکۆکی نێوان لایەنەکان زیاد دەکات .

5- ڕێگریکردن لە خۆ بەڕێوەبەری شەنگال .

ئەگەر خۆ بەڕێوەبەرایەتیەک لە شەنگالدا ساز ببێت ئەوا هەم پێگەی پەکەکە بەهێزتر دەبێت و هەم کانتۆنەکانی ڕۆژاواش سەقامگیرتر دەبن ، لەبەرئەوە تورکیا بەم سەرەڕۆییەی دەیەوێت پێش لەو خۆ بەڕێوەبەرایەتیە بگرێت .

6- سنووردارکردنی گەشە سەندنی پەکەکە لە باشووردا .

پاش هێرشەکانی داعش بۆسەر باشووری کوردستان و بەشداریکردنی چالاکانەی گەریلا لە بەرپەرچدانەوەیاندا ، سۆزی جەماوەر بۆ پەکەکە دەیان جار زیادی کردووە و فکرەی ئاپۆیی وەک باشترین چارەسەری لە مێشکی زۆربەی جەماوەردا ڕەنگی داوەتەوە ، تورکیاش زۆر ترسی لە بڵاوبوونەوەی فکرەی بەڕێز ئۆجالان و گەشەسەندنی زیاتری پەکەکە هەیە ، لەبەرئەوە لە ڕێگەی ئەم لەشکر کێشیەوە دەیەوێت سنوورێک بۆ گەشەکردنی پ‌.ک.ک دابنێت .

7- ڕزگارکردنی بەعسی و سونەکان لە تێکشکاندن .

بە شێوەیەکی گشتی بەعسی و سونەکان وەک فریاد ڕەسێک داعشیان پەسەند کردووە بە تێکڕایی پاڵیان بەم هێزە دژە بەشەریەوە داوە تاکو بتوانن جارێکی دیکە لە ڕێگەی تۆقاندن و مرۆڤ سەربڕینەوە بێنەوە سەر دەسەڵات ، بەڵام تێکشکاندن و پاشەکشەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی داعش هیچ ئومێدێکی بۆ دووبارە دەسەڵاتداری بەعسیەکان نەهێشتەوە و دوور نییە کە لە داهاتوودا دەسەڵاتداری شیعەکان بگاتە ناوچە سونەنشینەکانیش ، کۆتایهاتنی بەعسیەکانیش بە زیانی تورکیا تەاو دەبێت ، لەبەرئەوە تورکیا بۆ ڕێگریکردن لە تێکشکاندنی سونە بەعسیەکان دوا پەلەقاژە دەکات .

8-زیاتر پارچەکردنی هەرێمی کوردستان .

ئەم لەشکر کێشییە هاوکاریکردنێکە بۆ بارزانی تاکو بتوانێت باشووری کوردستان دابەشی دوو ئیدارەیی بکاتەوە و هەرێمی کوردستان بۆ دوو بەش پارچە ببێت .

 


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك