کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

لە کۆن و لە ئێستادا‌


هەر کاتێک داگیرکەر ڕووی لە جێگەیەک کردبێت یەکەمین هەنگاوی پەروەردەکردنی کەسانێک بووە کە بکەونە خزمەت داگیرکەرەکە ، کەم نەبوون ئەو کوردانەی کە لە لایەن بەعسەوە پەروەردەکران و بە گوتەی بەعسیەکان ژمارەیان لە نێوان 300 بۆ 400 هەزار کەسدا دەبوو ، هەر لە ڕێی ئەو کەسە پەروەردەکراوانەوە سەدان هەزار کورد ئەنفال کران و سەرجەم دێهات و دەیان شارۆچکەی باشووری کوردستان لەگەڵ زەویدا تەختکران .
ئەگەرچی ئەو کەسە پەروەردەکراوانە لە لایەن بەعسیەکانەوە ناوی باشیان بە بەردا دەبڕا ، لێ بەڵێ لە لایەن میلەتی کورد و تەواوی حیزبە کوردیەکانەوە وەک خۆفرۆش دەبینران و وشەی (جاش)یان بەسەردا بڕا .
کەچی لە ئێستادا هەمان پەروەردەکردن لە لایەن داگیرکەرانەوە لەسەر کوردی گرێدراو بە خۆیان ئەنجام دەدرێت و ناوی پێشمەرگەشیان لێنراوە ، ئەم جۆرە پێشمەرگانەش لە لایەن حیزبە کلاسیکیەکانەوە نەک هەر نابنە جێی ڕەخنە بەڵکو هەمیشە لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە وەک قارەمان ناویان دەبەن .
هەروەها لە مێژووی کوردانیشدا کەم نەبوون ئەو نوسەرە دەربارانەی کە نوکی پێنوسەکانیان دژ بە ئازادیخوازان لە گولەی داگیرکەران ژەهراویتر بووە و زۆر بێ شەرمانەش کەوتوونەتە داکۆکیکردن لە داگیرکەرەکە و لە بەرامبەریشدا سەنگەرگرتن لە ئازادیخوازان .
نموونەی ئەم نووسەرە دەربارانەش ( ڕێبوار کەریم وەلی )یە کە لە نۆکەرایەتیدا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە داوای دووبارەکردنەوەی 31ی ئابێکی دیکە و دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ دوو میرنشین دەکات و لە دواین نوسینیشدا زۆر بێ شەرمانە تاوانی داگیرکەر بە ڕوخساری شۆڕشگێڕاندا دەسوێت . 
ڕێبوار کەریم وەلی یەک لە پێشکەشکەرانی کەناڵی تەلەفزیۆنی ڕووداوە ، ئەو کەناڵەی کە لە لایەن میتی تورکەوە سەرپەرشتی دەکرێت و لە نێو میلەتیشدا بە ( کەناڵی نەوتەکە ) ناسراوە .
بڕوانە ئەم لینکە
ئەم نوسەرە دەربارە بە ڕاست و چەپدا کەوتۆتە ڕشانەوە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ڕەخنە لە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورک دەگرن و یەکسەر بە هاتنی حەشدی شەعبی و فەیلەقی قودسی ئێرانەوەی دەبەستێتەوە ، بەڵام بەستنەوەیەکی پێچەوانە .
چونکە حەشدی شەعبی لە سەردەمی حکومەتەکەی نوری مالکیدا پێکهات ، ئەو نوری مالکیەی کە نە کورد و نە سونە ئامادە نەبوون حکومەتی لەگەڵدا پێکبێنن بەغەیری مەسعود بارزانی . کە لە دوای 6 مانگ مانەوەی عێراق بە بێ حکومەتی ، لە لایەن خودی بارزانیەوە بانگێشتی هەموو لایەنە ناکۆکەکانی عێراق بۆ شاری هەولێر کرا و لەسەر پێداگری بارزانی حکومەت بۆ مالکی پێکهێنرا . ئەو کات ئەم نوسەرە دەربارە و چەند نوسەرێکی دیکەش ( کە مهاباد قەرەداخیش یەکێک بوو لەوان ) نەفرەتیان لە خەڵاتی نۆبڵ دەکرد ئەگەر نەدرێتە بارزانی ، لەبەرئەوەی کە حکومەتی بۆ نوری مالکی پێکهێناوە .
لە کاتی تەسلیمکردنی شەنگال و نزیکبوونەوەی چەتەکانی داعش لە شاری هەولێر ، لەسەر زاری خودی بارزانیەوە ڕاگەیەندرا کە یەکەمین هێز کە بە هانایانەوە هاتووە کۆماری ئیسلامی ئێران بووە و کاربەدەستانی ئێرانیش زۆر بە ڕاشکاوی باسیان لە هاوکاریەکانی سوپای قودس بۆ بارزانی کرد .
هەرچی حەشدی شەعبیە کە هاوشێوەی سوپای پاسدارانە ، لە تەواوی ئەو ناوچانەدا چالاکن کە پێکهاتەی شیعەی لێ دەژین و یەکێک لەو ناوچانەش ( دوزخورماتو )وە کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی تورکمانی شیعە مەزهەبن و وەک حەشدی شەعبی لە نێو ڕیزەکانی بەرەی تورکمانیدا خۆیان ڕێکخستووە ، ئاژاوەگێڕیەکانی حەشدی شەعبی پەیوەندی بە هاتنەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا ( فەرەیدون سنرلی ئۆغڵو ) بۆ شاری هەولێر هەبوو ، تاکو لەو ڕێگەیەوە بتوانن فشار بۆ لایەنەکان بهێنن و ناچاریان بکەن ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی درێژ بکەنەوە .
دڵنیام ئەم کاکی نوسەرە زۆر باش ئەم ڕووداوانەی لە یادە بەڵام تەنها هۆکارێک بۆ پێچەوانەکردنەوەی ڕووداوەکان و شێواندنی ڕاستیەکان دەرباری و نۆکەرایەتیە .
- دەربار :- وەک نوسەر و ڕاگەیاندکارێکی کۆیلەی دەسەڵات .
- نۆکەرایەتی :- وەک ڕەوایەتیدان بە داگیرکەر و سەنگەرگرتن لە شۆڕشگێڕان .
بڕوانە ئەم لینکە
کاکی نوسەر هەموو ڕەوایەتیەک دەدات بەو داگیرکاریەی سەربازانی تورک و وەک سەربەخۆیی کوردستان ناوی دەبات و دەڵێت (هاتنی سوپای توركیاش بۆ قووڵایی خاكی كوردستان بۆ پاراستنی سەربەخۆیی كوردستان دەبێت ) !!!
لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە :-
1- ئایا لە چ شوێنێکی جیهاندا ڕوویداوە کە داگیرکەر هەوڵی سەربەخۆیی داگیرکراو بدات و بیشیپارێزێت ؟
2- ئەگەر تورکیا هێندە ئاشقی کوردە و بۆ سەربەخۆیی و پاراستنی سەربەخۆیی کوردستان هاتووە ، ئەی ئەم لافاوی خوێنە چییە لە هەموو شار و کوچە و کۆڵانێکی باکووری کوردستاندا بەرپای کردووە ؟
3- ئەگەر تورکیا هێندە دڵسۆز بە کوردە ، ئەی ئەم لێشاوە ڤایرۆسەی داعشەکان چییە کە لە گیانی کوردانی ڕۆژاوای بەرداوە ؟
4- ئەی ئەوە چۆنە کە ژیان بۆ نزیک بە نیوەی کورد لە باکوری کوردستاندا بە ڕەوا نابینێت ؟
سەدان پرسیاری دیکەی هاوشێوە .
نوسەری دەربار هەر بەوەشەوە ناوەستێت و بوونی سەربازە تورکەکان وەک میهرەبانیەک بۆ کوردان باس دەکات و هەموو تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیش دەخاتە ئەستۆی کوردان و دەڵێت :- (بەڵام 18 ساڵە، هەزار سەربازی تورك لە كوردستان جێگیرن، تا ئێستا كەس بیستوویەتی یەك سەربازی تورك توانیبێتی پەنجە بۆ هاووڵاتییەك درێژ بكات! بەڵام باجی جێگیربوونی هێزەكانی پەكەكە لە كوردستانی باشوور، چۆڵبوونی سەدان گوند، تۆپباران و گیان لەدەستدانی سەدان هاووڵاتیی بێدیفاع بووە كە بەردەوام پەكەكە وەك قەڵغانی مرۆیی بەكاری هێناون! ) .
ئاستی تێگەیشتنی کاکی نووسەر گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی کە پێی وایە ئەو سەربازە تورکانە هیچ کاتێک بۆ کورد نەبوونەتە مەترسی و بگرە هێندەش دڵسۆز بە نەتەوەی کوردن کە لە ماوەی 18 ساڵ مانەوەیان لە باشووری کوردستاندا پەنجەیان بۆ هیچ کوردێک نەبردووە .
بەڵام هەر لە هەمان جێگەدا ناتوانێت نکۆڵی لە چۆڵبوونی سەدان گوند بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکەوە بکات کە سەدان قوربانی لێ کەوتۆتەوە ، نکۆڵی نەکردن لەو تاوانانەش بۆ ئەو مەبەستە نییە کە ڕاستی ڕووداوەکان وەک خۆی باس بکات بەڵکو بۆ ئەوەیە کە دڕندایەتی داگیرکەرەکە بخاتە ئەستۆی کوردان و دەڵێت ( باجی جێگیربوونی پەکەکەیە ) .
ئەگەر کەسێک زۆر نەشارەزاش بێت ئەوا لە گوتەکانی ئەم نوسەرە دەربارەوە ڕاستی داڵدەدانی سەرجەم ئەنفالکەر و سەرۆک جاشەکانی سەردەمی بەعسی لە لایەن پ.د.ک(عێراق)ەوە بۆ دەردەکەوێت کە بۆچی مەبەستێک هەم داڵدە دران و هەم زۆرترین بەرپرسیارێتیشیان پێ درا . کە بێگومان بۆ نواندنی کردەوەی وەک ئەم گوتە قێزەونانەی ڕێبوار کەریم وەلییە .
بۆ خوێندنەوەی تەواوی گوتە قێزەونەکانی ڕێبوار کەریم وەلی دەربار
بڕوانە ئەم لینکە

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك