کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

له‌شکر کێشی تورکیا و پیلانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق‌

 

له‌ ڕۆژانی 5 و 6/ 12/2015دا هه‌زاران جه‌ندرمه‌ی تورک به‌ جۆره‌ها چه‌کی گرانه‌وه‌ له‌سه‌ر داوای بارزانی په‌لکێشی باشووری کوردستان کران،  به‌شێک له‌و سه‌ربازانه‌ بۆ شارۆچکه‌ی سۆران و به‌شه‌که‌ی دیکه‌شیان به‌ره‌و باشیقه‌ی ئێزدینشین گوێزرانه‌وه‌ .
بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌

مه‌به‌ست له‌ هێنانی سوپای داگیرکه‌ری تورک :

له‌ هیچ که‌سێک شاراوه‌ نییه‌ که‌ دیرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق لێوان لێوه‌ له‌ هاوکاریکردنی داگیرکه‌ران و په‌لکێشکردنی سوپاکه‌یان بۆسه‌ر کوردستان و لاوازکردنی شۆڕشگێڕان.

ئه‌م باسه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌م په‌لکێشکردنه‌ی سوپای تورکه‌وه‌،  له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ باسه‌که‌ لاناده‌م و ناچمه‌ سه‌ر باسی گرێدراویه‌کانی پارتی و بارزانی به‌ داگیرکه‌رانی دیکه‌وه‌. 

له‌ ساڵی 1992 به‌ دواوه‌ ده‌یان جار په‌لکێشی سوپای تورک بۆ قوڵایی باشووری کوردستان کرا،  ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 1995 وه‌ به‌شێکی به‌رفراوان له‌ ناوچه‌کانی بادینان ( بامه‌ڕنێ،  شێلادزه‌،  کانیا ماسی،  ئامێدی،  باتوفه‌،  بێگۆڤا،  دێره‌لوک و هتد. ) کرانه‌ سه‌ربازگه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی تورک. 

هاوکات له‌ ڕێگه‌ی سه‌دان کۆمپانیای تورکیه‌وه‌ ناوچه‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی بارزانی شێوه‌ی نیمچه‌ پارێزگایه‌کی تورکیان به‌ خۆیانه‌وه‌ بینی و ده‌یان خوێندنگه‌ی تورکیش له‌ پارێزگاکانی هه‌ولێر و دهۆک له‌ ڕێگه‌ی فه‌تحوڵا گوله‌نیه‌کان و به‌ هاوکاری ڕاسته‌وخۆی بارزانی کرانه‌وه‌.  به‌ڵام په‌لکێشکردنی ئه‌م جاره‌ی سوپای تورک زۆر جیاوازتره‌ له‌ ڕابردوو و گه‌لێک مه‌به‌ستی دوولایه‌نه‌ی تورکیا و بارزانی تێدایه‌.
 
مه‌به‌سته‌کانی بارزانی :

1- دووپاتکردنه‌وه‌ی وه‌فاداری بۆ ده‌وڵه‌تی تورک. 

به‌ تایبه‌ت له‌ دوای ساڵی 2011وه‌ بارزانی زیاتر وه‌ک کارمه‌ندێکی ده‌وڵه‌تی تورک ده‌رکه‌وتووه‌ نه‌ک وه‌ک خه‌مخۆرێکی دۆزی کورد و به‌ جۆره‌ها شێوه‌ش له‌ خزمه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ فاشسته‌دا بووه‌،  ئه‌م په‌لکێشکردنه‌ش زیاتر بۆ سه‌لماندنی دڵسۆزیه‌کانی بارزانییه‌ بۆ حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی تورک. 

2- شاردنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کانی کوردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیادا. 

سه‌رکه‌وتنه‌کانی هه‌ده‌په‌ له‌ دوو هه‌ڵبژاردنی یه‌ک به‌ دوای یه‌کی تورکیادا وه‌ک شۆکێک وابوو بۆ بارزانی،  چونکه‌ سه‌رانی پارتی هه‌م له‌ ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ و هه‌م له‌ ڕێگه‌ی کۆمه‌ککردنی ئه‌ردۆغان بۆ پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردن و هه‌م وه‌ک چه‌واشه‌کاری کۆمه‌ڵگا زۆر له‌ هه‌وڵدا بوون که‌ هه‌ده‌په‌ نه‌توانێت به‌ربه‌ستی 10% ده‌رباز بکات.. 

3- که‌مکردنه‌وه‌ی کاریگه‌ریه‌کانی داستانی کۆبانێ و سه‌رکه‌وتنه‌کانی گرده‌ سپی. 

بارزانی زۆر دڵی به‌وه‌ خۆش بوو که‌ چه‌ته‌کانی داعش به‌هۆی گه‌مارۆدراوی کۆبانێوه‌ بتوانن ئه‌و شاره‌ داگیربکه‌ن و له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و داگیرکردنه‌وه‌ ته‌سلیمکاریه‌که‌ی شه‌نگالی پێ بشارێته‌وه‌.  به‌ڵام نه‌ک کۆبانێ نه‌که‌وت به‌ڵکو شه‌رڤانان توانیان گرده‌ سپیش ڕزگار بکه‌ن و بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ هه‌م گه‌مارۆی سه‌ر کۆبانی نه‌هێڵن و هه‌م کانتۆنی کۆبانێش به‌ کانتۆنی جزیره‌وه‌ گرێ بده‌ن.  که‌ ئه‌م سه‌رکه‌وتنانه‌ش هه‌م له‌ نێو کوردان و هه‌م له‌ جیهاندا ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری داوه‌ته‌وه‌ و کاریگه‌ری زۆریشی له‌ نێو کوردان و ئازادیخوازانی جیهاندا به‌جێ هێشتووه‌. 

4- کپکردنی ده‌نگی ئازادیخوازانه‌ی ئێزدیه‌کان. 

به‌ سه‌رپه‌رشتی تورکیا و له‌ ڕێکه‌وتنێکی نهێنی نێوان پارتی و داعشدا شه‌نگال ته‌سلیم کرا،  به‌ڵام له‌ خۆ بورده‌یی گه‌ریلا و شه‌رڤانان ئه‌م پیلانه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و له‌ 12/11/2015دا توانیان شه‌نگاڵ ڕزگار بکه‌ن،  ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ له‌ مێژووی ئێزدیه‌کاندا وه‌رچه‌رخانێک بوو و هانده‌رێکیش بوو تاکو بیر له‌ ئازادی بکه‌نه‌وه‌ و له‌ هه‌وڵی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی سه‌ربه‌خۆدا بن.  سه‌رکه‌وتنی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ئه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌یه‌کی نزیکیشدا نه‌بێت ئه‌وا له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکدا هه‌م پێگه‌ی بارزانی ته‌واو له‌ باشووری کوردستاندا لاواز ده‌کات و هه‌م به‌ دووری نازانم که‌ بارزانیش ڕاپێچی به‌ر دادگا نه‌کات له‌سه‌ر ته‌سلیمکردنی شه‌نگال. 

5- ڕێگریکردن له‌ زیاتر پێشکه‌وتنه‌کانی ڕۆژاوای کوردستان. 

سه‌رکه‌وتنه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌،  گۆڕینی سیسته‌می خوێندن،  به‌ سیسته‌میکردنی دامه‌زراوه‌کانی ڕۆژاوا،  زاڵبوون به‌سه‌ر گرفته‌کان و ده‌یان هه‌نگاوی دیکه‌،  خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی بارزانی زڕاند و له‌ ڕێگه‌ی په‌لکێشکردنی سوپای تورکه‌وه‌ ده‌یه‌وێت پێش به‌و پێشکه‌وتنانه‌ بگرێت. 

6- ترساندنی لایه‌نه‌ کوردیه‌کان. 

له‌ دوای کۆتایهاتنی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم،  ڕۆژانه‌ پارتی له‌ پیلانگێڕیدایه‌ بۆ دووباره‌ دانانه‌وه‌ی بارزانی به‌ سه‌رۆک،  که‌ ئاژاوه‌گێڕیه‌کانی خورماتو و په‌لکێشکردنی سوپای تورکیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا جێگه‌ ده‌گرن،  تاکو ئه‌گه‌ر له‌ ڕێگه‌ی پیلانگێڕیشه‌وه‌ ئه‌و داخوازیه‌ی بۆ ڕه‌خساو نه‌بوێت، ئه‌وا بتوانێت له‌ ڕێگه‌ی سوپای تورکه‌وه‌ لایه‌نه‌ ناڕازیه‌کان بترسێنێت و جارێکی دیکه‌ بکرێته‌وه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتداری بێ ڕکابه‌ر. 

7- کپکردنی ده‌نگی جه‌ماوه‌ر. 

له‌ سایه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی بارزانیه‌وه‌ باشووری کوردستان دووچاری گه‌وره‌ترین قه‌یرانی دارایی و پاشاگه‌ردانی هاتووه‌،  هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌کان په‌کیان که‌وتووه‌ و بۆ ماوه‌ی 4 مانگیشه‌ ده‌ست به‌سه‌ر قوتی میله‌تدا گیراوه‌،  ئه‌م ڕه‌وشه‌ش ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری به‌ دوای خۆیدا هێناوه‌ و ڕۆژانه‌ داواکاری گه‌ل بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی قوتی زه‌وتکراویان له‌ زیادبووندایه‌،  بارزانی ده‌یه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی په‌لکێشکردنی سوپای تورکه‌وه‌ ده‌نگی ناڕازیبوان کپ بکاته‌وه‌. 

8- دابه‌شکردنی هه‌رێمی کوردستان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ بۆ دوو ئیداره‌یی. 

بارزانی زۆر باش درکی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ بۆشایی ده‌که‌وێته‌ نێوان داروده‌سته‌که‌ی و جه‌ماوه‌ری باشووری کوردستانه‌وه‌،  بۆئه‌وه‌ی درێژه‌ش به‌ دیکتاتۆری خۆی بدات پێویستی به‌ دابه‌شکردنی باشووری کوردستان و دوو ئیداره‌یی هه‌یه‌.  قه‌تڵوعام کردنی خۆپیشانده‌رانی ناڕازی،  کوده‌تا به‌سه‌ر په‌رله‌مان،  ده‌رپه‌ڕاندنی وه‌زیره‌کانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ڕێگه‌گرتن له‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان به‌شێکه‌ له‌و ئاماده‌کاریانه‌. 

مه‌به‌سته‌کانی تورکیا :

1- خه‌وبینینی تورکیا به‌ ویلایه‌تی موسڵه‌وه‌. 

تاکو له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م په‌لکێشیه‌وه‌ ( به‌ چاوساخی پارتی دیموکرات ) بتوانێت قوبرسێکی دیکه‌ به‌رهه‌م بێنێت و به‌م داگیرکاریه‌ی به‌شێک له‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌یه‌ی بێنێته‌ دی. 

2- هاوکاری گه‌یاندن به‌ چه‌ته‌کانی داعش. 

پاش سه‌رکه‌وتنه‌کانی کۆبانێ و ڕزگارکردنی گرده‌ سپی،  سنووری داعش به‌ تورکیاوه‌ ته‌واو که‌م بویه‌وه‌،  خۆ ئه‌گه‌ر بێتو جه‌رابلوس و عه‌زاز ئازاد بکرێن ئه‌وا به‌ ته‌واوه‌تی ڕێگه‌ی هاوکاریگه‌یاندنی تورکیا به‌ داعش کۆتایی پێ دێت،  له‌به‌رئه‌وه‌ تورکیا ده‌خوازێت پێش ڕزگارکردنی عه‌زاز و جه‌رابلوس ڕێگه‌یه‌کی دیکه‌ بۆ هاوکاری گه‌یاندنه‌ داعش بدۆزێته‌وه‌،  ئه‌و ڕێگه‌یه‌ش باشووری کوردستانه‌. 

3- ڕێگه‌گرتن له‌ ئاشکرابوونی هاوکاریه‌کانی تورکیا بۆ داعش. 

ئه‌گه‌ر بێتو موسڵ هاوشێوه‌ی شه‌نگال له‌ لایه‌ن گه‌ریلاوه‌ ڕزگار بکرێت ئه‌وا ته‌واوی به‌ڵگه‌ی هاوکاری تورکیا بۆ داعش و هاوپه‌یمانی پارتی و داعشیش ده‌که‌ونه‌ ده‌ست گه‌ریلا و ئاشکرا ده‌کرێن.  ئه‌م هه‌وڵدانه‌ی تورکیاش بۆ ئه‌وه‌یه‌ تاکو له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م له‌شکر کێشیه‌وه‌ بتوانێت ئه‌و به‌ڵگانه‌ له‌ ئاشکرابوون بپارێزێت ( ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئێستا بارزانی ڕایگه‌یاند که‌ ئاماده‌یه‌ هێز بنێرێت بۆ شاری ڕه‌قه‌ی سوریا،  که‌ ئه‌م ئاماده‌یی ده‌ربڕینه‌ش هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بوو تاکو ئه‌و به‌ڵگانه‌ نه‌که‌ونه‌ ده‌ست شه‌رڤانان ). 

4- ئاژاوه‌ سازکردن له‌ نێوان لایه‌نه‌ کوردیه‌کاندا. 

له‌شکرکێشی سوپای تورک ناکۆکی نێوان لایه‌نه‌ کوردیه‌کان زیاتر قوڵ ده‌کاته‌وه‌ و دوور نییه‌ که‌ نه‌بێته‌ هۆی ڕوو به‌ ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌کداریش،  چونکه‌ ئه‌م له‌شکر کێشییه‌ له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه‌ جێگه‌ی قبوڵکردن نییه‌،  ناڕازیبوونی جه‌ماوه‌ریش ده‌بێته‌ فشارێک بۆسه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه‌ تاکو دژ به‌ تورکیا هه‌ڵوێست بنوێنن،  پارتی و لایه‌نه‌ ئیسلامیه‌کانیش له‌ سه‌نگه‌ری تورکیادا جێگه‌ ده‌گرن،  به‌م شێوه‌یه‌ ناکۆکی نێوان لایه‌نه‌کان زیاد ده‌کات. 

5- ڕێگریکردن له‌ خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال. 

ئه‌گه‌ر خۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ک له‌ شه‌نگالدا ساز ببێت ئه‌وا هه‌م پێگه‌ی په‌که‌که‌ به‌هێزتر ده‌بێت و هه‌م کانتۆنه‌کانی ڕۆژاواش سه‌قامگیرتر ده‌بن،  له‌به‌رئه‌وه‌ تورکیا به‌م سه‌ره‌ڕۆییه‌ی ده‌یه‌وێت پێش له‌و خۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ بگرێت. 

6- سنووردارکردنی گه‌شه‌ سه‌ندنی په‌که‌که‌ له‌ باشووردا. 

پاش هێرشه‌کانی داعش بۆسه‌ر باشووری کوردستان و به‌شداریکردنی چالاکانه‌ی گه‌ریلا له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یاندا،  سۆزی جه‌ماوه‌ر بۆ په‌که‌که‌ ده‌یان جار زیادی کردووه‌ و فکره‌ی ئاپۆیی وه‌ک باشترین چاره‌سه‌ری له‌ مێشکی زۆربه‌ی جه‌ماوه‌ردا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌،  تورکیاش زۆر ترسی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی فکره‌ی به‌ڕێز ئۆجالان و گه‌شه‌سه‌ندنی زیاتری په‌که‌که‌ هه‌یه‌،  له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م له‌شکر کێشیه‌وه‌ ده‌یه‌وێت سنوورێک بۆ گه‌شه‌کردنی پ‌.ک.ک دابنێت. 

7- ڕزگارکردنی به‌عسی و سونه‌کان له‌ تێکشکاندن. 

به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی به‌عسی و سونه‌کان وه‌ک فریاد ڕه‌سێک داعشیان په‌سه‌ند کردووه‌ به‌ تێکڕایی پاڵیان به‌م هێزه‌ دژه‌ به‌شه‌ریه‌وه‌ داوه‌ تاکو بتوانن جارێکی دیکه‌ له‌ ڕێگه‌ی تۆقاندن و مرۆڤ سه‌ربڕینه‌وه‌ بێنه‌وه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات،  به‌ڵام تێکشکاندن و پاشه‌کشه‌ی ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژی داعش هیچ ئومێدێکی بۆ دووباره‌ ده‌سه‌ڵاتداری به‌عسیه‌کان نه‌هێشته‌وه‌ و دوور نییه‌ که‌ له‌ داهاتوودا ده‌سه‌ڵاتداری شیعه‌کان بگاته‌ ناوچه‌ سونه‌نشینه‌کانیش،  کۆتایهاتنی به‌عسیه‌کانیش به‌ زیانی تورکیا ته‌واو ده‌بێت،  له‌به‌رئه‌وه‌ تورکیا بۆ ڕێگریکردن له‌ تێکشکاندنی سونه‌ به‌عسیه‌کان دوا په‌له‌قاژه‌ ده‌کات. 

8-زیاتر پارچه‌کردنی هه‌رێمی کوردستان. 

ئه‌م له‌شکر کێشییه‌ هاوکاریکردنێکه‌ بۆ بارزانی تاکو بتوانێت باشووری کوردستان دابه‌شی دوو ئیداره‌یی بکاته‌وه‌ و هه‌رێمی کوردستان بۆ دوو به‌ش پارچه‌ ببێت. 


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك