کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

له‌ ئه‌نفاله‌وه‌ بۆ پاداشت‌



ئه‌نفال ئه‌و دیارده‌ قێزه‌ونه‌یه‌ که‌ له‌ ساڵی 1988دا سه‌دامی گۆڕکراو له‌سه‌ر گه‌لی کورد پیاده‌ی کرد، له‌ ئه‌نفالدا وێڕای سوتان و تاڵانکردنی هه‌موو گه‌رمیان، سه‌دان هه‌زار کورد زینده‌به‌چاڵ کران و هه‌زاران کچیش به‌سه‌ر شێخه‌کانی که‌نداودا دابه‌ش کران.
بڕیاری ئه‌نفال له‌لایه‌ن سه‌دام و داروده‌سته‌که‌یه‌وه‌ درابوو، جێبه‌جێکه‌ری بڕیاره‌که‌ش ئه‌و جاش و مسته‌شاره‌ خۆفرۆشانه‌ بوون که‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی شۆرابوونه‌وه‌. واته‌ به‌رپرسی یه‌که‌می ئه‌نفال سه‌دام حسین بوو چونکه‌ له‌ نێو به‌عسیه‌کاندا به‌ غه‌یری سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی هیچ که‌سێکی دیکه‌ خاوه‌ن قسه‌ و بڕیار نه‌بوو، مسته‌شاره‌کانیش به‌غه‌یری نۆکه‌رایه‌تیکردن خاوه‌ن هیچ قسه‌یه‌کی دیکه‌ نه‌بوون.

له‌ پای ئه‌و نۆکه‌رایه‌تیکردنه‌دا، نیشانه‌ی ئازایه‌تی(نوت الشجاعه‌) به‌هه‌موو مسته‌شاره‌کان درا که‌ زۆرترین ڕۆڵیان له‌ ئه‌نفالدا گێڕا، لێ به‌ڵێ، هه‌ر ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ش له‌ داگیرکه‌رێکی شۆڤێنی چاوه‌ڕێ ده‌کرا که‌ دروشمی "عروبه‌"ی کردبوویه‌ وێردی سه‌ر زاری و سڕینه‌وه‌ی کوردانی خستبوویه‌ به‌رنامه‌ی کاریه‌وه‌.
 
کات هاتوچوو، گه‌ل ڕاپه‌ڕی و به‌ ده‌ریایه‌ک خوێن به‌عسیان ڕاماڵی، به‌ڵام به‌هۆی ناهوشیاری کۆمه‌ڵگاوه‌ به‌رهه‌می ڕاپه‌ڕین که‌وته‌ گیرفانی ئه‌و بازرگانانه‌ی خوێنه‌وه‌ که‌ دیرۆکیان پڕ له‌ ئاشبه‌تاڵ و کوردکوژی بوو.

بازرگانانی خوێن هه‌م سوار سۆز و شه‌پۆلی ڕاپه‌ڕین بوون و هه‌م ئه‌وه‌ی به‌عسیش به‌ نیوه‌ناچڵی به‌جێیهێشت بۆ به‌عسیان ته‌واو کرد، سه‌رجه‌م ئه‌نفالکه‌ران پاداشت کران و ناویان له‌ جاشه‌وه‌ بۆ شۆڕشگێڕ گۆڕدرا.

26 ساڵ دوای ئه‌نفالی کوردان له‌لایه‌ن به‌عسیه‌کانه‌وه‌ و له‌ 3/8/2014دا جارێکی دیکه‌ ئه‌نفال له‌سه‌ر شه‌نگال به‌تایبه‌تی و ئێزدیه‌کان به‌گشتی دووباره‌ کرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م جاره‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی به‌عسیه‌کان و به‌بڕیاری سه‌دام نه‌بوو به‌ڵکو له‌سه‌ر ده‌ستی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و به‌بڕیاری مه‌سعود بارزانی بوو، چونکه‌ له‌ نێو پارتیدا به‌غه‌یری مه‌سعود و بنه‌ماڵه‌که‌ی هیچ که‌سێکی دیکه‌ خاوه‌ن قسه‌ و بڕیار نییه‌.

له‌ ئه‌نفالی ئێزدیه‌کاندا وێڕای وێرانکردنی شه‌نگال و تاڵانکردنی ئێزدیه‌کان، هه‌زاران که‌س زینده‌به‌چاڵ کران و هه‌زاران کچه‌ کوردیش پێشکه‌ش به‌ شێخه‌کانی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌تی ئیسلام"داعش" کران.

له‌ ئه‌نفالی ئێزدیه‌کاندا، بڕیارده‌ر بارزانی بوو، جێبه‌جێکه‌ری بڕیاره‌که‌ش ئه‌و کورده‌ غوڵامانه‌ بوون که‌ بارزانی به‌ خاوه‌نی ماڵ و منداڵی خۆیشیان ده‌زانن، نمونه‌ی هه‌ره‌ گه‌وره‌ش له‌و غوڵامانه‌ "سه‌ربه‌ست باپیری" بوو که‌ به‌رپرسی هه‌موو شه‌نگال و ده‌وروبه‌ری بوو وه‌ک له‌م وێنه‌یه‌دا به‌دی ده‌کرێت.
 
له‌ ئه‌نفالی ئێزدیه‌کاندا، سه‌ربه‌ست باپیری وه‌ک تاوانباری سه‌ره‌کی ده‌ستنیشان کرا، ئه‌وکات بۆ شاردنه‌وه‌ی تاوانه‌کان مه‌سعود بارزانی بڕیاری لێپرسینه‌وه‌ی له‌ سه‌ربه‌ست باپیری تاوانباردا، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر لێپرسینه‌وه‌ له‌و تاوانباره‌ نه‌کرا به‌ڵکو له‌م حه‌فته‌یه‌ و له‌ 7/2/2016دا له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ بۆ خه‌ڵاتکردن ده‌عوه‌تی سه‌ری ڕه‌ش کرا.

سه‌دام حسین به‌ناوی عروبه‌وه‌ هه‌موو عه‌ره‌بی داخان کرد، مه‌سعود بارزانی به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه‌ هه‌موو کوردی داخان کرد، به‌ڵام جیاوازیه‌که‌ له‌وه‌دابوو که‌ سه‌دام له‌ پێناوی یه‌کخستنی عه‌ره‌بدا هه‌م کوردی ئه‌نفال ده‌کرد و هه‌م ده‌ستیشی له‌ هیچ تاوانێک نه‌ده‌گێڕایه‌وه‌، هه‌رچی مه‌سعود بارزانییه‌ به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه‌ هه‌م کوردی ئه‌نفال کرد و هه‌م له‌ پێناو ڕازیکردنی داگیرکه‌راندا له‌ هیچ تاوانێک ناسڵه‌مێته‌وه‌.

ئه‌م پێشوازیکردنه‌ی سه‌ربه‌ست باپیری ناوه‌ڕۆکی ڕاسته‌قینه‌ی مه‌سعود بارزانی ده‌رده‌خات، ئه‌ی ده‌بێت له‌مه‌ودوا هه‌ڵوێستی ئه‌و تاکوته‌را ئێزدیه‌ی هاوشێوه‌ی ڤیان ده‌خیل و قاسم شه‌شۆ چی بێت که‌ له‌ غوڵامیکردن بۆ بارزانی شا به‌ سه‌پان نازانن!!!؟؟؟ 

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك