کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

قسە هەزارە یەکی بەکارە‌



ڕۆژی 17/3/2016 لە مێژووی کورددا بە یەکێک لە ڕۆژە دیرۆکیەکان دادەنرێت. لەو ڕۆژەدا بۆ یەکەمین جار بڕیارێکی چارەنوسساز لەسەر ڕۆژاوای کوردستان درا، لەسەر داوای کانتۆنەکانی (جزیرە، کۆبانێ و عەفرین) و دوای دوو ڕۆژ کۆبوونەوە لە شارۆچکەی ڕومێلان، بڕیاردار کە کانتۆنەکانی ڕۆژاوا لەژێر یەک چەتردا کۆبکرێنەوە، ئەو بڕیارەش ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت بۆ باکووری سوریا و ڕۆژاوا بوو.

بۆچی 17ی مارت؟

ڕاگەیاندنی فیدراڵی لەو ڕۆژەدا واتایەکی گرنگی هەیە، لەبەر ئەم هۆکارانە:

1- وەک وەڵامدانەوەیەک بە دڕندایەتی داگیرکەران، چونکە لە 16/3/1988دا بە دڕندانەترین شێوە شاری هەڵەبجە و دەوروبەری کیمیاباران کرا، واتە لە 28هەمین ساڵیادی کیمیابارانەکەدا.
2- وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ پیلانی هێزە هەرێمی و خیانەتکارە ناوخۆییەکان. چونکە لەو ڕۆژەدا بەبێ ئاوڕدانەوە لە کوردان، کۆبوونەوەی ژنێڤ3 بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سوریا لە ئارادا بوو.
3- وەک بەرز ڕاگرتنی شکۆی نەورۆزی کوردەواری. چونکە سەدان ساڵە هێزە ئیسلامی و داگیرکەرەکان لە هەوڵی سڕینەوەی نەورۆز و شێواندنی ئەو جەژنە پیرۆزەی کوردەواریدان.

فیدراڵیەت و دەرکەوتنی ڕوخسارە شاراوەکان:

زۆر هێزی دروستکراوی دەستی داگیرکەران لە ئارادا بوون، ئەم هێزانە لە ژێر دەمامکی "کوردایەتی"دا خۆیان مەڵاس دابوو و گەورەترین شەڕی تایبەتی داگیرکەرانیان بەڕێوە دەبرد. شەڕە تایبەتەکەشیان تەنها شێواندنی ڕاستیەکان و ناشیرینکردنی شۆڕشگێڕان بوو، یەک لەو ڕاستی شێواندنانەش پڕوپاگەندەکردنی ئەوە بوو کە "پەیەدە هیچ شتێک بۆ کوردان ناخوازێت" و هاوکاری ئەسەدە. بەڵام بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت ڕوخسارە پیسەکەی ئەو دەمامکدارانە ئاشکرابوو، وەک کاسەی لە ئاگر گەرمتر بەر لە داگیرکەران سەنگەریان لەو فیدرالیەتە گرت و بە دابەشبوونی سوریای عەرەبیان پێناسە دەکرد، ئەو سوریایەی کە لەلایەن ئەسەدەوە بەڕێوە دەبرێت.

فیدراڵیەت و هێزە دژبەرەکان:

چەندین ساڵە پێکدادانەکانی سوریا لە ئارادایە، زۆربەی هێزە دژبەرەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانیان خۆیان خستە نێو ئاڵۆزیەکانی سوریاوە، هەندێک هاوکاری ئەسەد و هەندێکیش دژبەری بوون، تەنانەت دژبەرایەتی ئەو لایەنانە گەیشتبوویە ئەو ڕادەیەی کە چەندین جار هەڕەشەی شەڕی نێوان وڵاتان و داخستنی گەروی هورمز بکرێت. هەرچی هێزە بەرهەڵستکارەکانی سوریاشە خۆیان وەک ئازادیخواز و ئەسەدیشیان بە بکوژی گەلانی ناوچەکە پێناسە دەکرد.

بەڵام بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت هیچ گرفتێک لە نێوان ئەم هێزە دژبەرانەدا نەما و هەر لەگەڵ چاڕدانی فیدراڵیەت، یەکسەر ڕژێمە لەرزۆکەکەی ئەسەد وەک گەورەترین مەترسی بۆسەر وڵاتی عەرەبی سوریا بەناوی کرد، هەموو دەستێوەردانەکانی ناو سوریای لەبیر کرد و ئاڕاستەی ڕاگەیاندنەکانی بەرەو کوردان وەرگێڕا.

کۆماری ئیسلامی ئێران نیگەرانیەکانی خۆی لەو فیدرالیەتە نەشاردەوە و وەک قیامەت هەستان ناوی لێهێنا.
کۆماری تورکیا و حکومەتە ئیسلامیەکەی ئەردۆغان کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بۆ تارومارکردنی وڵاتی سوریا تەرخان کردبوو، بە جاڕدانی فیدراڵیەت 180پلە بایاندایەوە و بوونە پارێزەری یەکپارچەیی وڵاتی سوریا.
دەوڵەتە عەرەبیەکان بەگشتی و خلیجیەکان بەتایبەتی وەک گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عەرەب پێناسەیان کرد.
کۆمکاری عەرەبی زۆر بە نیگەرانیەوە لەو فیدراڵیەتەی ڕوانی و دژایەتیەکانی خۆی لەو بارەیەوە نەشاردەوە.
بەرهەڵستکارانی سوریا وەک خیانەتکردن بە شۆڕش ناویان لە فیدراڵیەت هێنا.
ڕوسیا وتی دەبێت ئەو فیدراڵیەتە بە ڕەزامەندی حکومەتی سوریا بێت، ئەو حکومەتەی کە وەک گەورەترین مەترسی باسی لەو فیدراڵیەتە کرد.
ئەمریکا دژبەری خۆی بۆ فیدراڵیەت ڕاگەیاند و وتی یەکپارچەیی سوریا دەپارێزین.
لە هەمووشی سەیرتر نیگەرانیەکانی بارزانی بوو دەربارەی ئەو دەستکەوتە مێژووییەی نەتەوەکەمان، بارزانی لە یەکەم کاردانەوەیدا هەموو دەروازەکانی بەسەر ڕۆژاوای کوردستاندا داخست و زۆر ڕوقایمانە لە ڕاگەیاندنەکانەوە گوتی "کوردانی سوریا دۆڕاون".

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ڕۆژاوا:

بە باوەڕی من، پێویستە خەڵاتی نۆبڵی 2016 "وەک لایەنی ئاشتیخواز" پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی و سیستەمی فیدراڵی ڕۆژاوا بکرێت، چونکە ماوەی 5 ساڵە سوریا بۆتە ناوەندی ململانێکان، بەهۆی ئەو ململانیانەوە سەدان هەزار کەس کوژران و ملیۆنانیش دەربەدەر بوون، سەرجەم هێزە توندڕەو و دژە مرۆڤیەکان ڕوویان لە سوریا کرد، سوریا بوویە ناوەندی ململانێی نێوان هێزە ئیمپریالیستی و هەرێمیەکان، چەندین جار هەڕەشەی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان وڵاتان هاتە ئاراوە، لە دەیان وڵاتی جیهانەوە کۆمەکی مادی و مرۆیی بۆ لایەنە شەڕکەرەکانی سوریا بەڕێدەکرا تاکو زیاتر گوڕ بەو شەڕە نەگریسە بدەن.

لە هەمان کاتدا، گەلانی ئاشتیخوازی جیهان سەرقاڵی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە بوون و مەترسی ئەوە هەبوو کە پریشکی ئاگرەکە ڕوو لە جێگەی دیکەش بکات، سەدان و بگرە هەزاران ڕێکخراوی ئاشتیخوازی ناوچەیی و نێونەتەوەیی لە هەوڵی کۆتایهێنان بەو شەڕە مەترسیدارەدا بوون، چەندین نێردەی نەتەوە یەکگرتۆکان بۆ کۆتایهێنان بەو شەڕە تەرخان کران و هەوڵەکانیان بێئەنجام بوو، چەندین کۆبوونەوەی نێوان حکومەتەکەی ئەسەد و بەرهەڵستکاران بەبێ هیچ چارەسەرییەک کۆتایی پێهات، بەڵام، بەڵام، بەڵام....
بەڵام بە ڕاگەیاندنی فیدراڵیەت ئاوی بە ڕەحمەت بەو ئاگرەدا کرا، دژبەرەکانی دوێنێ بوونە هاوپەیمان و هاوهەڵوێستی ئەمڕۆ، شەڕی نێوان حکومەتی ئەسەد و بەرهەڵستکاران وەستا، دوژمنایەتی سەدان ساڵەی ئێرانی سەفەوی و تورکیای عوسمانی بۆ دوو هاوپەیمان و دوو ئاشقەوماشقە وەرگەڕا، ئاگری شەڕی معاویە و عەلی (سعودیەی وەهابی و سوریای عەلەوی) دامرکایەوە، گرفتێک لە نێوان حیزب‌اللەی مولحید و بەرەی نوسرەی تیرۆریست نەما و هەزاران هەڵوێستی دیکەش.

فیدراڵیەتێک کە ئەم هەموو گۆڕانکارییەی هێنابێتە ئاراوە، دژبەرەکانی کردبێتە هاوپەیمان و کۆتایی بە شەڕی 5 ساڵە هێنابێت، هەم شایەنی پیرۆزبایی لێکردنە و هەم شایانی خەڵاتی نۆبڵە.

فیدراڵیەتی باکووری سوریا و دەوڵەتە کوردیەکەی باشوور:

ئەو فیدراڵیەتەی بۆ باکووری سوریا ڕاگەیەندرا، هەموو بیروباوەڕ و ڕەنگەکان لەخۆ دەگرێت، کەچی ئەو هەموو دژبەرەی هەیە.
بەڵام لە باشووری کوردستان، ماوەی 6 ساڵە ڕۆژانە چەندین جار جاڕی دەوڵەتی کوردی دەدرێت. نەک هیچ دژبەرێکی ئەم دەوڵەتە کوردیە نییە، بەڵکو دەوڵەتەکەش لەلایەن ئەردۆغانەوە ڕادەگەیەنرێت، لەلایەن قاسم سولەیمانیەوە دەپارێزرێت، لەلایەن سعودیەوە کۆمەکی پێدەکرێت، لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە بوجەی بۆ دابین دەکرێت، لەلایەن هێزە ئیمپریالیستیەکانەوە چەک و تفاقی بۆ ڕەوانە دەکرێت، لەلایەن ئۆردوگانشین و ئوتێلنشینانەوە زوڕنای بۆ دەژەنرێت و هیچ کەسیش باکی لێی نییە.

ئەمە یەک ڕاستیمان بۆ دەردەخات، ئەو ڕاستیەش ئەوەیە کە فیدراڵیەتی باکووری سوریا لە بەرژەوەندی زەحمەتکێش و ئازادیخوازاندایە، ناوەڕۆکێکی پتەوی هەیە و وەرچەرخان لە ناوچەکەدا بەدی دێنێت. بەڵام دەوڵەتە کوردیە پەتیەکەی بارزانی تەنها قسەی هەمەڕەنگە و قسەش ناچێتە ناو گیرفانەوە، ناوێکی زل و ناوەڕۆکێکی بۆشە. 40 ساڵ باس لە حوکمی زاتی کرا و ئەنجامەکەی ئاشبەتاڵ بوو، هیوادارم باسکردن لە دەوڵەتە کوردیەکەش زۆر نەخایەنێت دەنا بەرهەمەکەی دەیان و سەدان شەنگالی زامدار دەبێت.



چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك