کوردی           عربی
جەلال چوارتایی

ویکیلیکس و شێخ ئەحمەدی بارزانی‌


خوالێخۆشبوو شێخ ئەحمەدی بارزانی کەسایەتیەکی ناودار و بەڕێز بوو، لە نێو بارزانیەکان و بەتایبەتیش لە نێو موریدەکانیدا خاوەن پێگەیەکی گرنگ بوو. خۆشەویستی شێخ ئەحمەد گەیشتبوویە ئاستێک، کە بارزانیەکان بە (خودێی بارزان) واتە (خودای بارزان) ناویان دەهێنا.
دەگێڕنەوە کە جارێک یەک لە شێخەکانی 'زینۆوخەلان'ی ناوچەی ڕایات بەناوی شێخ تەیب دەچێتە سەردانی شێخ ئەحمەد. کاتێک شێخ تەیب  دەگاتە گوندی بارزان یەکسەر ڕووبەڕووی پێشوازیکردنی یەک لە موریدەکانی شێخ ئەحمەد دەبێتەوە و پرسیاری ماڵی شێخ ئەحمەدی لێدەکات.
موریدیش بەرلەوەی ماڵەکەی پێبڵێت یەکسەر دەڵێت: ئەزبەنی تکایە بێژە  'خودێی بارزان'.
شێخ تەیبیش دەڵێت: برا شێخ ئەحمەد خودا نییە.
مورید پێداگری دەکات و دەڵێت: نا ئەزبەنی، شێخ ئەحمەد خودێیە.
ئیتر شێخ تەیب زیاتر لەسەری ناڕوات دەڵێت، با قسەی جەنابت بێت، بەڵام ماڵەکەی لە کوێیە؟
مورید پێش شێخ تەیب دەکەوێت تا دەیباتە بەردەم ماڵی شێخ ئەحمەد.
شێخ ئەحمەد وەک پیشەی هەمیشەیی خۆی ڕێزێکی زۆر لە شێخ تەیب دەگرێت.
پێش ئەوەی شێخ تەیب ماڵاوایی بکات، ڕوودەکاتە شێخ ئەحمەد و دەپرسێت: ئەرێ شێخ ئەحمەد تۆ خودایت؟
شێخ ئەحمەدیش دەڵێت: ئەستەخفیرەڵا، برا ئەو قسەیە وەک کوفر وەهایە، چونکە تەنها یەک خودا هەیە و منیش عەبدێکی خودای تاک و تەنهام.
پاشان شێخ تەیب ملی ڕێ دەگرێت و دەڕوات. بەڵام بەرلەوەی لە گوندی بارزان دەربچێت لوتی دەبێتەوە بە لوتی کاکی موریدەوە.
مورید دێتەوە سەر ڕێگەی شێخ تەیب و دەپرسێت: ها ئەزبەنی، خودێی بارزانت بینی؟
شێخ تەیبیش دەڵێت: برا تۆ بۆچی هێندە ئینکاریت و هەر بە خودا ناوی دەهێنیت؟ شێخ ئەحمەد خۆی دەڵێت من خودا نیم.
مورید زۆر توڕە دەبێت و دەڵێت: خۆی درۆ دەکات، ئەز دەزانم کە شێخ ئەحمەد خودێیە.

جا ئێستاش هەمان دیاردە لە لایەنگرانی پارتیدا دووبارە بۆتەوە. سەدان بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەسەر مەسعود بارزانی بڵاوکرایەوە و لایەنگرانی پارتیش یان گوتیان "درۆیە" یان گوتیان "تۆتۆ شۆپە".
لە ڕۆژانی ڕابردووشدا سەدان بەڵگەی وابەستەبوونی مەسعود بارزانی بە دەوڵەتی تورک و خودی ئەردۆغانەوە بڵاوکرایەوە. ویکیلیکس هیچ بەرژەوەندیەکی لە درۆکردندا نییە تاکو بیەوێت ناوی مەسعود بارزانی بزڕێنێت. کەچی لایەنگرانی پارتی هەمان قاوانە کۆنەکەیان لێدایەوە و هەندێکیان گوتیان درۆیە و ئەو بەڵگانە تەنها بۆ ناوزڕاندنی سەرۆک بارزانییە، هەندێکی دیکەشیان گوتیان ئەوە فۆتۆ شۆپە.



چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك