کوردی           عربی
ئامانج هەرتەلی

لە بەغداد کورد چی دەست کەوتوە؟‌



لەماوەی یەک سەدەی رابردوو کورد لە بەغداد چی دەستکەوتوە؟ بەغداد بەدرێژای یەک سەدەی رابردوو ناوەندی داراشتنی پیلان بوە لەدژی کورد، سرینەوەی شوناسی کورد، لە هەوڵی لەناوبردنی کورد بوونە، لە رێگای ئەو دەوڵەتانەی کەکوردیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەم پیلانە  هاوبەشەی دەوڵەتانی داگیرکەر بەهاوکاری کۆمەڵێک مستەشەر و بەکرێگیراوی کورد ئەم  کارەیان بە رێوەبردوە.
هەر لەسەرەتای دروست بوونی دەوڵەتی عێراق تاکو روخانی سەدام، بەناوی هاوبەشی گەلانی عیراق لەدەستەڵات، ئەم دەسەڵاتدارانە کۆمەڵێک کەسی کوردیان بەشداری پێکردوە، لە ژێر ناوی وەزیر و کۆمەڵێک پۆست و پلە وپایە، کەلە ئەساسدا هەموو ئەمانە وەک دابەستە خراونەتە خزمەت ئەم رژێمە و هیچ کاریگەریەکی کەمیان نەبووە بۆ کەمکردنەوەی دەستەڵاتی بەغداد بۆ سرینەوەی نەتەوەی کورد، بەڵکو ئەمانە هاوبەش و شەریک بونە، هەروەها پاڵپشت بونە بۆ تواندنەوەی کورد ئەوەش تەنها لەپێناو مانەوە لە دەستەڵات و خۆشگوزەرانی خۆیان.
بەڵام دوای روخانی رژێمی سەدام چونە بەغدادی سەرانی کورد، کورد توانی چی دەست بکەوەێ؟ ئەوەی کورد لەبەغداد دەستی کەوت تەنها کۆکردنەوەی پارە بوو، ئەوە قسەی ئێمەنیە بەتەنیا بەڵکو بریمەر شایەدی ئەوراستیەیە، کاتێک کورد دەچیتە بەغداد لە پێناو پشکپشکێنەی حیزبی نەی توانی دەستکەوتی گەورە بەدەست بهێنێ، وەک گێرانەوەی زەوی داگیرکراو و دانانی برێکی گەورەی قەرەبووی وێرانکاری کوردستان وزیان لێکەوتوان و قوربانیانی دەستی کیمیاباران و ئەنفال لە دەستوری عێراقدا.
بەداخەوە کورد لەبری بەدەستهێنانی دەستکەوتی نەتەوەی کۆمەڵێک کرێکاری حیزبیان ناردوە بۆ ئەوەی پارە کۆبکەنەوە، لەبری قەزیەی نەتەوەی گەورە نیشان بدەن، قەزیەی حیزبی بەزەقی نمایش کرا، لەبری پێشەنگی نەتەوەبن پێشەنگی حیزب بوون، لەوانەش بینراوە لە چونی تەواوی وەفدەکان بۆ بەغداد نوێنەری حیزب چوە، لەبەغدادیش نوێنەراکانی کورد هیچ ئاگاداری هاتنی ئەو وەفدنە نەبوونە، لەناو وەفدیشدا بێ ئاگاداری وەفد کۆبونەوەی داخراو لەنێوان تاکەکەسیدا لە سەرحیسابی نەتەوەی کورد بۆ بەدەست هێنانی دەستکەوتی شەخسی و حیزبی بەرێوە چوە.
نوێنەرانی کورد کە نوێنەرایەتی حیزبەکان دەکەن لەبەغداد، هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ ئەونوێنەرانی پێش رووخانی سەدام نوێنەرایەتی کوردیان کردوە لە حوکومەتەکانی عێراقدا، چونکە ئەوان چۆن بێدەنگ بوونە لەئاست پیلانگێری بەغداد بەرامبەر بەگەلی کورد، بەهەمان ئەندازەش ئەم نوێنەرانە لەئاست پیلانگێری بەغداد بێدەنگیان هەڵبژاردوە، هەر لە جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ و بگرە بۆ برینی بوجەو قوتی خەڵک و جێبەجێنەکردنی بوجەی تایبەت بە پێشمەرگە.
 سەرەرای بوونی سەدان گرفتی گەورەتر کە بۆ گەلی کورد دروستکراوە، بەرێوەچونی ئەم پیلانگێریەی بەغداد بەهاوکاری سەرانی هەرێم بووبێت یاخود بەبێ ئاگای ئەوان، ئەوە دەسەلمێنێ کورد لەبەغداد هیچی دەست نەکەوتوە، نەشی توانیوە پارێزگاری لە شوناس و ناسنامەی مافی نەتەوەی بکات بەڵکو لەبەربێئاگای و دەستکەوتی شەخسی و حیزبی زەربەی گەورەیان داوە لەکورد، بەتایبەت لەقەزیەی رێژەی کورسیەکانی کورد لەپەرلەمانی عێراقی ئەوە وەک نمونەیەکی زەق.
بۆیە چونی کورد بۆبەغداد و مشوو هۆری راکەراکەی بەغداد بۆ  گرتنی سەرچۆپی کەهیچیان گاوانیان  قبوڵنیە، جگە لەدەست کەوتی حیزبی هیچیترنیە، بینیمان یەکەم دانیشتنی سوێندخوارنی حکومەتەکەی عەبادی لە بەغداد، وەفدی کوردی بۆ ئەوەی بەشداربێت یاخود بەشداری نەکات لەگردی زەرگەتە لەکۆبونەوە دابوون، کاتێک کابینە عەبادی ناوی وەزیرەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لەهەرێمی خوێندەوە، قەراربوو کورد بەیەک پاکێج بچێتە بەغداد بەڵام بەرژەوەندی حیزبی پلانی نەتەوەی تێکداوە، لە ئێستاشدا هەردووحیزب پێگەو رێگای حیزبی خۆیان  لەگەڵ حیزبە عیراقیەکان براندۆتەوە لەحکومەتی نوێدا، ئەوەی ماوە تەنها پرسە خەسوانەیەکە بەلایەنەکانی تر بۆ ئەوەی دان بەو هەڵبژاردنە دابنێن کە دەمێکە هاواری تەزویرات دەکەن.
بۆیە بونی کورد لەبەغداد کەمافی هاونییشتمانی نەپارێزیت و بەرژەوەندی حیزبی زاڵبێت ئەوە بوونی کورد لەبەغداد جگە لە رێخۆشکەری بۆ درێژەدان بە پیلانگێری زیاتری بەغداد و بۆ زیاتر رەزیل کردنی نەتەوەی کورد هیچیترنیە، کاتی ئەوەیە کورد لەوەزیاتر خاک و هاونیشتیمانیانی نەکاتە قوربانی.
کاتێک بەغداد لەسەر کارەکانی خۆی لە جینۆساید و راگواستن و سرینەوە بەردەوامبێت، جگە لەدابەستەکردنی هەندێک کەس لەبەغداد کورد هیچی دەست ناکەوێت، سەرەرای بەپالەوان کردنی حیزب لە بری نەتەوە، پاراستنی بەرژەوەندی حیزب لەبری پاراستنی نیشتیمان.
 کاتی ئەوەیە دوا خاڵ دابنرێت و لەسەری دێر بە خەتێکی نەتەوەی و نیشتیمان دۆستی دەست بکرێتەوە بە دارشتنەوەی قەزیەی نەتەوەی، هێڵکی راست و چەپیش بهێنین بەسەر بەرژەوەندی کەسی حیزبیدا.


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك