کوردی           عربی
ئەردەڵان رەفیق

یشمەرگە خەباتێکی بێ ووچان‌


پێشمەرگە چەکدار یا مرۆڤێکی شۆڕشگێر و بە بیروباوەڕە کە لە پێناو رزگاری گەلەکەیدا بە بێ چاوەڕوانی هیچ چەشنە پاداشتێک ئامادەیە گیانی خۆی ببەخشێ. پێشمەرگە لە پێشخۆی دا مەرگی خۆی داناوە و گیانی لە پێناو ئازادی و سەربەستی گەلەکەیدا لەسەر بەری دەست داناوە و ئامادەیە پێشکەشی نەتەوەکەی بکات. پێشمەرگە ئەو مرۆڤە پاک و بێگەردەیە کە هەموو سەختییەک لە پێناو ئازادی گەلەکەیدا قبووڵ دەکا و و لەبەرامبەر هیچ سەختی یەکیشدا چۆک دانایات و بەردەوامە بە شێوەیەکی بێ ووچان خزمەت دەکات و هەمیشە ئیرادەیەکی بەرزی هەیە و بە گڕوتینەوە تەنها بیر لە سەرکەوتن و ئازادی بۆ نیشتیمانەکەی دەکاتەوە.
هیچ قەلەم و زمانێک ناتوانێ وەسفی پێشمەرگە بکات!.. بە ڕای من لە ناو هیچ  میلەتێکدا نەبوە و نییە کە وەک پێشمەرگەی کورد ئازا و چاونەترس و بوێر بێت، پاش نزیک بە یەک سەدە بەم هەموو قارەمانەتی و بوێری و فیداکاریانەوە، بە بەخشینی ئەم هەمو خوێن و کاولکاری و ئاوارەیی و خۆڕاگریەوە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ وەستانەوە دژی هەر کۆسپ و تەگەرەیەک کە بیتە بەردەمی و بەردەوام لە هەوڵ دایە بۆ ئەوەی دژی دوژمن بجەنگێت.
ڕاستە و حاشای لێ ناکرێت کە پێشمەرگە ئینسانێکی خۆ بەخشە و هیچکاتێک لە مەرگ نەترساوە. ٢٤ سەعاتە لەگەل مەرگ دەست و پەنجەی نەرم کردوە، بریندار بووە و پاش سارێژ بوونی برینەکەی گەڕاوەتەوە سەنگەر لە دژی داگیرکەران بۆ پاراستن و رزگاری میلەتەکەی. بە برسیەتی و شەونخونی و بە بێ فیشەکی و نەبوونی پێڵاو و بێ ئاویەوە و بە سەرمای زستان و بە گەرمای هاوین و لە ناو تەپ و تۆز و میش و مەگەزەوە و لە تاریکی شەوە وە بە جل و بەرگێکی دڕاوەوە هەموو کات خەباتی کردوە و جانگاوە و هەمیشە وەک چیایەکی گەورەبووە بۆ پاراستنی گەلەکەی.
گرنگترین شت ئەوەیە ئەمەوێت لیرەدا تیشکی بخەمەسەر ئەوەیە کە تارادەیەکی زۆر ئیرادەی پیشمەرگە بەندە بە ئیرادەی گەلەکەیەوە واتە لێرەدا دەبیت هەموو هاونیشتیمانیەک دۆخێکی وا بخوڵقێنێت هەموو کات بە هەر جۆرێک بێت پالپشتی پیشمەرگە بێت و هەولدات بە هەر وەسیلەیەک بێت ئیرادەی تۆکمە تر بکات چونکە قسە و ووتەی هاونیشتمانیان زۆر گرنگە بۆ پیشمەرگە و بۆ ئەوەی هەموو کات بە دڵیکی گەورە و بە سنگێکی فراوان و بە نەفەس و ئیرادەیەکی زۆرەوە بچێتە واجب و ڕیزی پێشەوەی بەرگری کردنەوە.
پێناسەیەکی شایستەتر بۆ پێشمەرگە ::: بریتییە لەو کەسەی کە لە جەرگەی نەهامەتییەکاندا، کاتێک ئارامی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەرەو لەنێوچوون دەڕوات و چەمکی ژیان لە سنوورەکانی لەنێوچوون نزیک دەبێتەوە. لە لێواریشدا بێت لە مەترسیی تێداچوون رزگاری دەکات و جارێکی دیکە رێگەی ژیانەوەی پێ‌ نیشان دەدات. پێشمەرگە قارەمانێکی حەماسەخوڵقێنە کە هەم مانا جوانەکان بە ژیان دەبەخشێت، هەم لە نێوان بەرداشی رووناکی و تاریکی، چاکە و خراپە وەک سەربازێک فیداکارانە قوربانی دەدات رەنگە هەندێک جار ببیت بە تراژیدیایەکی گەورە، بەڵام کۆڵ نادات. پێشمەرگە گوێ‌ لە ناخی خۆی و مرۆڤایەتی دەگرێ‌ و ئازایانە دان بە خووە خراپەکان دەنێ‌ و هەستە شۆڕشگێڕانەکەی تێکەڵ بە عەقڵ و ئاوەز دەکات و بەردەوام دەبێت لە پاراستنی رەوشتە بەرزەکەی.
ئەم قارەمانە نەتەوەییە کە زۆرجار لە نێو کورددا وەک هەڵۆیەکی تیژباڵ و چنگ بەگڕ دەشوبهێندرێت لە راستیدا لە ناخی تراژیدیایەکەوە سەر هەڵدێنێ‌. تراژیدیای چەوساندنەوە و فەوتانی نەتەوە و خاپووربوونی نیشتمان. ئەم قارەمانە لە ناخی ئەم تراژیدیاوە دەخوڵقێ و خۆی فیدای هاوچەشنەکانی دەکات. بەم پێیە وشەی پێشمەرگە چەشنێک لە ململانێی نێوان مردن و ژیانە.
دوو پرسیاری مێژوویی و هەمیشەیی مرۆڤ. پرسیار لەوەیە کە ژیان چیە و بۆچی ئاکامەکەی مردنە؟ ؟؟
پێشمەرگە کۆتایی بەم پرسیارانە دێنێت و ترس لە مردن بە چۆکدا دێنێت و بە ئامانجدانان بۆ ژیان، تەنها بیر لە سەرکەوتن دەکاتەوە . سەرکەوتنێک کە ئەگەرچی رەنگە نرخەکەی گیانی خۆی بێت بەڵام ئەم مردنە مردنێکە گەورەیەو و پلەیەکی بەرزە بە ناوی ( شەهید) ئەو پلەیەی بۆ نەوەیەک یان چەند نەەوە پاش خۆی. پێشمەرگە خۆی لە خەڵک جیا ناکاتەوە و خاوەنی هەر شتێک بێت بە هی خەڵکی دەزانێت، تەنیا مردن نەبێت کە ئامادە نیە لەگەڵ کەسانی دیکە دابەشی بکات.
ئەوە بەو مانایە نیە کە پێشمەرگە ئەوینداری مردنە بەڵکوو دەرخەری ئەو راستییەیە کە بۆ ژیانکردن مردنیش قبوڵ دەکات و خوێنی خۆی دەکاتە هەوێنی مانەوە و بەرخودان. واتە کاتێک ناوی پێشمەرگە دێتە سەرزمان ژیان و مردن مانای سروشتی خۆیان لەدەست دەدەن و ماناکەی دەگۆڕێت بۆ چۆن ژیانکردن و چۆن مردن؟ کەواتە پێشمەرگە لە لایەکەوە پرسیارە و لە لایەکی دیکەشەوە وەڵامێکە بۆ ئەم پرسیارە.
هەڵبەتە ئەوە پیشانی هەموو جیهان دراوە کە پێشمەرگە کێ یە و چۆن دەجەنگێت بۆ پاراستنی خاک و نیشتمان ئامادەیە زۆر بوێرانە ڕوو بەڕووی مردن ببیتەوە و بەرەو مردن هەنگاوی گەورە بهاویت لە ریزی پیشەوەی شەرەکان تاکوو خاکەکەی لە چەپۆکی دگیرکەران بپاریزێت.
بۆیە پیویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەلایەنی کەم بۆ ئەو دڵسۆزی و خۆراگری و بوریەی پێشمەرگە خاوەن هەڵوێست بێت و بیرێکی جدی لە پیشمەرگە و کەسوکاری پیشمەرگە بکاتەوە و چیتر بۆ موچەو شایستە دارایەکانیان دەستی دەستیان پینەکریت و بە لایەنی کەم هەوڵدات موچەیەکی شایستەیان پیبدات و چیتر بە مەینەتی یەوە ژیان نەکەن و ئییحتاجی دەستی ئەم لاو ئەولا نەبن و ئاوڕێکی پێویستان لێ بدریتەوە بۆ ئەوەی پیشمەرگە هەمیشە پاریزەری نیشتیمان و خاکەکەی بیت .
وە هەروەها واجبە کە هەموو کات پێشمەرگە هەیبەتی خۆی هەبێت نەک تەنها ئەو کاتانەی  کە مەترسی هەیە لەسەر کوردستان، وە  پێویستە ناوی پێشمەرگە لە ململانێ سیاسیەکان دوربخرێتەوە و نەخرێتە  چوارچێوەی تیجارەت کردنەوە چونکوم پێشمەرگە شکۆی نیشتیمانە.


كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك