کوردی           عربی
عادل عوسمان

ئەو بێدەربەستیە کوشندە؛ چی دەگەیەنێت؟‌

 

 

    لەهیچ کات و سەردەمێکدا ژیانی گشتی، لەهیچ شوێن وجێیەکدا ئەوەندە خراپ ولەبەریەک هەڵوەشاو نەبوە.

عیراقێک کەتەواوی جیهان چاوی تێبڕیوەو وەک کێکی سەرسینی ئاڵتونی دابەشی دەکەن، چەقی دەوڵەمەندیەکەی باشوری کوردستانە. بەڵام ئەوەی دەگوزەرێت، بێدەربەستی سیاسی وخەڵکی عیراقە.

 بۆ سیاسیەکانی یان باشتر بڵێین یاریچیەکانی دەستی وڵاتانی دەورو دەر، هەرئەوەیان لێدەوەشێتەوە، چاوەڕوانی زیاد لەکەسانێک کەهیچ کات خۆشی وایان بەخۆیانەوە نەدیوە، خۆخاپاندنە. هەرکەس ولایەکیان بگریت، لەپایتەختانی وڵاتانی دژبەری عیراق پەنابەر بون وبەهەزارو یەک ئایین وئۆین پێیانەوە بەسراونەتەوە.

بەڵام خەڵک وگەل، کەخاوەن خۆی وئیرادەی خۆی نەبوو خۆی نەناسیبوو، خۆی دابوبێتە دەست هەر بایەک بیشەکێنێت، بەرهەمەکەی ئەم هەلومەرجە خراپەی ژیان وگوزەرانە.

نەبونی ئاسایشی گشتی، بونی جیاوازی ئابوری لەنرخ وپێدانی پێداویستی لەنێوان، حکومەتی فیدراڵی وحکومەتی هەرێم، بێ کارەبایی، بێ سوتەمەنیی وگرانی نرخی بە بەراورد بە ناوچەکانی تر. گرانی و نەبونی پێداویستی بۆگوزەراندنی وەرزە ساردەکان. لەهەموو ئەمانە سەختتر، نەبونی دەوڵەت و هەڵگرانی بەرپرسیارانی ئەم هەلوەرجە. کایەیەکی سیاسی واخوڵقێنراوە، لەجیاتی حکومەتداری کەس نازانێت ناوی بنێت چی؟

نەبون وهەڵنەگرتنی بەرپرسیاری لای ئەوانەی خۆیان بەبەرپرسیار دەزانن، وای کردوە دۆخەکە بەشاراوەیی بمێنێتەوە. ئەو کایەی خوڵقێنراوە، بەهۆی ناکۆکیەکانی نێوان هەرێم و مەرکەزەوە شاراوەتەوەو، هەڵگران ودروستکەرانی هەلومەرجیش لەژێر ئەو ناکۆیەدا خۆیان شاردۆتەوە.

جیاوازی نرخ لەنێوان هەرێم ومەرکەز، باشترین وپڕ سودترین داهات وبازرگانیە بۆدەسەڵاتدارانی هەرێم، کەنایانەوێت، لەچوارچێوەی دەستورێکدا کەخۆیان دان پێدانەری بون، چارەسەری بکەن! هەموو ئەو ناکۆکی و گرانی ونەبونی خزمەتگوزاریە هۆکارەکەی کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی ملهوڕن کەجگەلە بەرژەوەندی خۆیان ئاگایان لەو هەموو برسێتی وناڕەزاییەی خەڵک نیە. ئەگەر دوێنی ئەم دەسەڵاتدارانە لەبەردڵانی وڵاتان و هێزگەلی جیهانی بوون ئەوا ئەمڕۆ نەک لەبەر دڵان نەماون، بەڵکو حوکمی مەرگ ودادگایی کردنیان دەرکراوە، ئەو کایەی ناوخۆشیان کەدەیانەوێت

کۆدەنگیەک بۆ کارەکانیان بەدەست بێنن، بەبۆنەی سەپاندنی هەژمونی لایەنەکانەوە، بێ ئاکامیان دەکات.

ئەوەی ئەم هەلومەرجە بەڕێوە دەبات، دەسەڵلاتێکی پشتی پەردەیە کەجگە لەبازرگانی چاوی لەهیچی تر نیە.

ئەوەی دەکەوێتە سەر خەڵک پێویستە خۆبەدور بگرن لەم هێزو حیزبە کایەچیانەی سەر ژیانی خەڵک، ئەوەی ئەوان نایکەن و بەدەربەست نایەن خەڵک خۆی بیکات وبەدەربەست بێت. ئەویش بەوەلانانی ڕەنگ وحیزبە جیاوازەکان وجیاکردنەوەی بەرژەوەندی خۆ لەو بازرگانانەی کەجگە لەخۆیان کەسی تر ناناسن ونابینن.

ناڕەزایی زۆرە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە ڕیاکارو فێڵبازە لەڕێی کۆمەڵ ودەستە بەکرێگیراوو ڕۆشنبیرە بەرژەوەند پەرستەکانەوە قۆرخی ناڕەزایەتیەکان دەکەن وبەلاڕێیدا دەبەن وتێکیدەشکێنن.

بۆیە گرنگە خەڵک بەجیا لەهەر سیستەم وڕێکخستنێکی ڕیاکارو قۆرخکار خۆی یەکخات وکۆتایی بەم نەهامەتی ودروستکەرانی بێنێت.

هەر بێدەنگیەکیش نیشانەی ڕازی بون نیە! بێدەنگی کوشندە زریانی پێش تۆفانە کەهەڵی کرد، چارەنوسی سەدام وقەزافی بەدوای خۆیدا دێنێیت.


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك