کوردی           عربی
عادل عوسمان

تێکۆشانی دیموکراتی‌

 

 

دیموکراسی وەک چەمک وتێگەیشتن فراوانترین کارو کردارە، کەهیچ پێناسێکی دەسەڵات وپاوانخوازی نایگرێتەوە. دەسەڵات ودەوڵەت بەهەموو شێوەکانیەوە لەبەرامبەر چەمکی دیموکراسی وتێکۆشانی ئازاددا پێناسەی خۆی دەکات.

دیموکراسی زۆرترین گفتوگۆ بەدوای خۆیدا دێنێت ودروستکەری مرۆڤی ئازادو خاوەن ئیرادەیە، لەسەربناغەی جیاوازیەکان وخوێندنەوەی بەئاراستەی تێرکردنی یەکدیدا دەڕوات. لەسیستەمی دیموکراسیدا نادیدەگرتن و نەناسینی ئەوانی دی نیە، هەموو پێکهاتەیەک بەسروشتی خۆی وناسنامەی خۆیەوە، بونی هەیەو دەسەلمێنرێت. سروشت وژینگەو مرۆڤ وگیانداران لەپەیوەندیەکی ناکۆکی ویەکترتێرکردندا ژیان دەکەن. سوڕی ژیان بەسڕینەوەو لەناوبردنی هیچ لایەک بەڕێناچێت. بۆیە ئەوەی دەسڕێتەوە خودی سڕینەوەو دەسەڵاتدارەتیە.

هەموو جۆرە دەسەڵاتدارەتیەکان بەرژەوەندی چین یان پێکهاتەیەک دەپارێزن وئەوی دی لەبەرامبەر خۆی دادەنێت ودەیسڕێتەوە. سەرمایەداری بەهەموو شێوە دەسەڵاتەکانیەوە، ڕادیکال وتوندڕەو، لیبراڵیزم، سوسیال دیموکرات وڕاست وچەپیەوە، بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداری دەپارێزێت. دیکتاتۆریەتی پڕۆلیتاریاو هاوبەندەکانی دەسەڵات لەسەر بنیادی سڕینەوەی ئەویتر دادەنێت. بۆیە ئەوەی دەگوزەرێت لەمێژوی بەشەردا پێکدادان وسڕینەوەو خوێن ڕشتنە. هیچ یەک لەدەسەڵاتەکان نەیتوانیوە چارەسەری گرفت وتەنگژەکان بکات، بەڵکو بەقوڵایی مێژووی بەشەر گرفتەکانی قوڵترو بێچارەتر کردوە.

دەورانی ژیانی ئەمڕۆ هەرچی زیاتر نیشاندەری قوڵبونەوەی گرفت وتەنگژەکانن و هیچ ئاسۆیەکی چارەسەریش لەسیستەمی دەسەڵاتدارەتیەوە بەدیناکرێت.ئەوەی هەیە لەسەر بنەمای هێزە وسڕینەوە دامەزراوەو پێکدادان قوڵتر دەکاتەوە.

بۆیە سیستەمی دیموکراسی لەئەنجامی ڕێزگرتن لە جیاوازیەکان وڕێکخستنەوەی ناکۆکیەکان بۆئاستی پێکەوەژیان بەبناغە دەگرێت. ناکۆکی بۆپێکدادان ئاراستەناکات، ناکۆکی وەک بونی سروشتی وەردەگرێت وقبوڵی دەکات وڕێکی دەخات، جوانکردن ونیشاندانی جیاوزیەکان بەرەو چارەسەری گرفتەکان دەبات. بۆیە بەدیلی ئاڵوگۆڕی کۆمەڵگا دیموکراسیە لەسەر بناغەی مرۆڤی ئازاد. ئەوەی سیستەمی دەسەڵاتدارەتی دەترسێنێت گەشەکردنی مرۆڤی ئازادە، بەوهۆیەی کە مرۆڤ دەتوانێت لەڕێی بەکارهێنانی ژیریەوە ڕێکخستەی خۆی ودەوروبەری بکات. بۆیە سیستەمە سەرمایەداری ودەسەڵاتدارەکان لەبەجێکردنی سیستەمی دیموکراسی دەترسن و بەدیموکراسیەکی درۆینە دەیانەوێت بەدیموکراسی ئازاد ڕێگەبگرن.

عیراق وباشوری کوردستان وەک خوێناویترین بەشی جیهان، لەڕێگەی سەرکوت وسڕینەوەو توندوتیژیدا هەمیشە لەکایەیەکی بێچارەسەری خوێناویدا ژیانی کردوە. بۆیە هەرکات دەست بۆ ناوهێنانی ئاڵوگۆڕ دەکەیت، یەکسەر توندوتیژی بەبیری مرۆڤدا دێت بۆچارەسەری. بەڵام توندوتیژی نەک چارەسەر بەڵکو بێچارەیی دێنێت. چونکە خودی توندوتیژی لەدەسەڵاتدارەتیەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆیە ئەمڕۆ عیراق و باشوری کوردستان، هەرچی زیاتر پێویستیان بە بەجێکردنی دیموکراسی ومرۆڤی ئازاد وسیستەمی پێکەوە ژیان هەیە. بەدیل کاتێک قسەی لێدەکەیت، ئەوڕێگەچارە دیموکراسیەیە کەخۆی پێناسە دەکات وژیانی گشتی لەسەر بنیات دەنرێت.

چارەسەری گرفت وپێکدادانەکان بەدەستگرتن بەهێڵی سێی تێکۆشانی ئازادیەوە دەبێت. کەمرۆڤ ئەرکدار دەکات بۆ بەڕێوەبەری، نەک دەسکەوت وبەرژەوەندی. هێڵی سێ ئیتر پێویستە دەستی پێوەبگیرێت ولەسەر بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک چارەسەری گرفتەکان بدۆزرێتەوە. ئەو هەموو قوربانی وخوێنڕشتنە بۆ کۆمەڵێک مشەخۆرو بەرژەوەند پەرستە. کە هێزلە بێڕێکخستنی وبێ پەروەردەیی و بێدەربەستی ئێمەوە دەگرن. ئیدی ئەگەر بڕیاربێت کارێک بکەین پێویستە بۆخۆمان ولەپێناوی کۆمەڵگەی ئازاددا بێت. نەک لەپێناوی مشتێک دەسەڵاتدارداو لەدوایشدا بکەوینە گلەیی وگازەندە. ئەوەی دەتوانێت ڕزگارمان بکات لەبەفیڕۆدانی تواناو لێهاتوویەکانمان پەیوەست بونمانە بەهێڵی تێکۆشانی ئازادی مرۆڤی ئازادەوە.

بۆیە سیستەمە دەسەڵاتدارو هەژمونگەراکان ترسیان لەپەرەگرتنی دیموکراسی ئازاد هەیە، چونکە دەسەڵاتدارەتی دەسڕێتەوەو پێکەوە ژیانی سروشتی وژینگەپارێزو ناڕەگەزی وژیانی هەرەوەزی بەبناغە دەگرێت. لەم سیستەمەدا ژن وگەنج بەبناغەگیراوەو مێژوی کۆیلەیی وبێکاریگەرکردنی ئەودوو بەشەی کۆمەڵگە ڕەخنەکراوەو تواناکانیان وەک بزوێنەری داینەمۆی ئاڵوگۆڕ کاردەکات.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك