کوردی           عربی
عادل عوسمان

ژن ونامووس‌


"لەڕۆژئاوا جەستەی ژن نامووس نیە، پاراستنی خاک نامووسە" لەم باشورە هەر ڕۆژ بەهەواڵی مەرگی ئازیزێک ئاوپرژێنی مێشکمان دەکەن. یەک لەبرسێتی، یەک لەنەبونی وبێ مووچەیی، یەک لەبێهیوایی ویەکی تر بەناوی شەرەف پارێزی ونامووسگەراییەوە.

قوربانی بەرچاوی ئەو هەموو کوشتن وخۆکوشتنانە ژنانن، ئەویش بەنای پاراستنی نامووسەوە.
هیچ کات ئەوپرسیارە بەهزرماندا گوزەری نەکردوە ئایا نامووس لەجەستەی ژناندایە؟ یان لەپاراستنی ئازادی وکەرامەتی مرۆڤ وپاراستنی خاکدایە؟ ئایا ئەوبێحورمەتیەی بەژن و جەستەو ژیانی ژن دەکرێت کێ لێی بەرپرسیارە؟ 
ئەگەر سەیری ئەوبێحورمەتیەی بە جەستەی ژن دەکرێت بکەین، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆئەو هێرشەی پیاوی فێڵبازو دەسەڵاتدار بۆسەر ژن لەشەڕیدا بۆدروستکردنی دەسەڵاتدارەتی ودەستگرتن بەسەر کۆمەڵگەدا. ململانێ وشەڕی مێژووی پیاو بۆسەرکەوتن لە سەرکەوتنی بەسەر ژندا مسۆگەر دەکرد. بۆیە پیاو تاوانباری یەکەمی بێحورمەتیە بەژن. لەکۆمەڵگەی پلەداری وچینایەتیدا ژن کرایە کاڵاو بۆ"هەر بەشێکی جەستەی نرخێک دانرا" ئەوشەڕە مێژوویە بەردەوام هەبوەو هەیە. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەبەدیلگرتنی ژندا گەورەترین هەڵەی لەسەر سروشتی کۆمەڵایەتی مرۆڤ بوون بەڕێوەبردو تائێستەش بەقوڵی لەو شەڕەدا بەردەوامە.
گرفتی کۆمەڵگەی باشور لەوەدایە کەتەسلیمی ئەو شەڕەنگێزیەی پیاو بوەو ژنیش خۆی کردوەتە کاڵایەکی بێ بەها، بەم کاڵابوونەی ژن، تەواوی کۆمەڵگاشی لەژێرکاتێکەری خۆی ناوەو بێنرخترین وهەرزانترین کۆمەڵگەی بەڕێخستوە. چونکە کەریگەری کۆیلەبوون ویەخسیربوونی ژن کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر کۆمەڵگە. بۆیە تاوانباری یەکەم لەکوشتنی ژن وبەکاڵاکردنی ژن وکوشتنی وبچوکردنەوەی نامووس وگرێدانی بەجەستەی ژنەوە پیاوانن.
کۆمەڵگەی باشور پێویستی بەشۆڕشی زهن هەیە کەیەکسانی ڕەگەزی بکاتە بناغەی کاری وخۆی لەزهنیەتی دەسەڵات وداگیرکاری وبەکاڵا بونی مرۆڤ وبەتایبەت ژن ڕزگار بکات. بۆیە شۆڕشی باشور بەشۆڕشی ژن دەناسرێت، لێرەوەیە کاتێک ژنان خۆیان دەناسن و دەبنەخاوەن هزری شۆڕشی ژن وئازادی بەبنەمادەگرن، ئیدی نابنە کاڵایەکی هەرزان بەدەست پیاوانەوە کەحوکمیان بکەن.
دەست درێژی یەکەم پیاوان دەیکەن، ئایا ئەوپیاوانەی کەژنان وئازیزانیان دەکوژن، ئەوپرسیارەیان لەخۆیان کردوە، کەژنان بەلایاندا تێدەپەڕن چ کاردانەوەیەکیان هەیە بەرامبەریان؟ لەوەڵامی ئەوپرسیارەوە دەبێت بەوە بگەین، کەپێویستە بۆچارەسەری دۆخی بێنامووسی لەخۆمانەوە دەست پێبکەین وگرێدراوی خاک ونیشتیمان وئازادی مرۆڤەکان بین. ژنانیش کۆتایی بەکاڵابونی خۆیان بێنن ولەدەوری هزری شۆڕشی ژن شۆڕشێک بەرپابکەن. کەنمونەکەی لەڕۆژئاوا بەهێزبوە. بەوە پیاویش لەبەڵای پیاوی باڵادەست ڕزگار دەکەن.
بۆیە پێویستە ژنانی ئازاد حەملەی جەستەی ئێمە نامووسی پیاوی بێنامووس نیە، ئازادی وپاراستنی خاک نامووسە بەڕێبخەن، هەروەها ئێمەی ژن کاڵای خاڵیکردنەوەی ئارەزوەکانی پیاوی بێنامووس نین، ئێمە دایک وخوشک و ئازیزانی ئێوەین. بۆیە دەست هەڵگرن لەبێنامووسی وهەرزان بونی خۆتان، کۆمەڵگە پارچە مەکەن وسیاسەتی داگیرکەر تێکبشکێنن.
بەگردبونەوە بەدەری هزری ئازادی ژندا، هەموان ئازاد دەبین. ڕۆژئاوا بە ڕێکخستن بوون لەسەر هزری ئازادی ژن توانی ببێتە ئەوهێزەی کە جیهان سەرنجی بدات وسەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی بکاتە حەقیقەتی بەرچاو، ڕەنجی ژن باشترین یارمەتی دەری سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی بوو. هەرئەوەندە قورسە کەقبوڵ بکەیت کاڵای بەباڵای پیاو نەبیت، بەڵکو مرۆڤی هاوڕەگەزی پیاو بیت کەپێکەوە کایە سروشتیەکەی ژیان تەواو دەکەن.بۆپیاویش پێویستە کۆتایی بەباڵادەستی خۆی وخۆخەریک کردن بەنامووس پارێزی جەستەی ژنەوە بێنێت وکۆتایی بەهەوەس بازی خۆی بێنێت وپاراستنی ناموسی لێ ببێتە ئازادی وخاک ویەکسانی ڕەگەزی وپاراستنی ژینگەو سروشت.


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك