کوردی           عربی
عادل عوسمان

میراتی شۆڕشگێڕی باشوور‌

 

ئەوگەلەی هەمیشە لەبەرخۆدان وقوربانیدا بوە و هەمیشە لەمەیدانی تێکۆشاندا زۆرترین ڕەنج وقوربانی داوە، گەلی کوردو بەتایبەت گەلی باشورە.

گەل، پێکهاتەی نیشتەجێی سەر خاکی وڵاتە کەناوی کوردستانە، ئەم نیشتیمانە پێکهاتەی فرەڕەنگ وفرە کلتوری لەسەر دەژی وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروست، بیروڕاو ڕێکخستن وحیزبی جیاوازی لەخۆی نیشانداوە. بە تێپەڕینی کات حیزب وڕێکخستن هاتوون و لەناوچوون.

هەر سەردەمێکی مێژووی چەند حیزب وڕێکخستن هاتون وچوون. ساڵەکانی بیستی سەدەی ڕابردوو، شاهیدی بوونی بزوتنەوەی شێخ مەحموودو، کۆتایی هاتنی، هاتنی حیزبەکانی هیوا، کاژیک، حیزبە دیموکراتەکان، کۆمەڵەکان، پارتیەکان،یەکیەتیەکان،پاسۆک وسۆسیالیست وزۆرڕێکخراوی تر. زۆرێک لەو حیزب وڕێکخستنانە هاتوون ونەماون، هەندێکیش لەسەر ئەو میراتە دروست بوون وژیاندەکەن. ئەوەی گرنگە لێرەدا دەمانەوێت باسی بکەین هاتن وڕۆشتن وئاڵووگۆڕی حیزبەکان ومانەوەی گەلە نەوە دوای نەوە.

گەل ئەو بنگە بنچینەییەیە کەحیزب وڕێکخستنەکان لەخۆی نیشاندەدات وخاوەنداری لەڕەنج وقوربانی گەل دەکات. کاتێک تێکۆشانی گەلێک نەبێتە سیستەم و ڕێکخستن، حیزب ببێتە خاوەنی ڕەنج وقوربانی، ئەوا رەنجی گەل بەئاکامی نەخوازراو دەچێت. حیزبەکانی ناو بزوتنەوەی گەلی کورد، کەنەیانتوانیوە خۆیان لەگێژاوی دەسەڵاتدارەتی وهێڵی داگیرکەر ڕزگار بکەن و ببنە نوێنەری ڕاستەقینەی داخوازی تێکۆشەرانەی گەل. ئەوا خاوەنداری لەقوربانی گیانبازیەکان بەئاراستەی تیاچون وفەنابوون دەڕوات.

سوونەتێکی حیزبیی خراپ کەبەرۆکی باشوری کوردستان وهێڵی سیاسەتی کلاسیکی گرتوە، زاڵ بوونی هەستی حیزبگەراییە، بەسەر کاری سیاسەتی ڕێکخستنیدا. ئەم حیزبانەی ئەم چەند دەیەیەی دوایی لەجیاتی بەسیستەم بوون وبەڕێکخستن بوون، کاری حیزبی وڕەنگی خۆیی بونیان بەسەر کارەکانیاندا زاڵکردوە.

هەرشت لەژێر هەژموونی حیزب ومۆری حیزبدا تێدەپەڕێت وگەل وبەسیستەم کردنی کۆمەڵگە وەلانراوەو، ڕەنج وقوربانیەکان کراونەتە دەسکەوتی حیزب وگەل وکۆمەڵگەی لێ بێبەریکراوە. ئەوەی خاوەنی ڕەنج وقوربانی ودەسکەوتە گەلە کە تواناکانی خۆی بۆبەدیهێنانی ئاوات وهیواکانی خستوەتەگەڕ. کەچی لای حیزبە زەردهەڵگەڕاوەکانی کلاسیک بوەتە موڵکی حیزب وگەلی لێبێبەشکراوە.

گەلی کورد قوربانی وشەهید وخوێنی زۆری داوە، بەڵام حیزبە کلاسیکەکان، دەڵێن شەهیدی من، قوربانی من ودەسکەوتی من. لەکاتێکدا حیزبەکلاسیکەکان، ئەستێرەی بەختیان لەئاوابوونە، کەواتە کێ خاوەن لەشەهید وقوربانی ودەسکەوت وپێشمەرگەو گەل دەردەکەوێت؟

گرفتەکە لێرەدایە، کاتێک مۆری دەسکەوتی کۆمەڵگە بەناوی حیزبەوە بڕوات وحیزبیش ئەمڕۆ یان سبەی ئەستێرەی بەختی ئاوا بێت، ئەی کێ خاوەن لەگەل دەرکەوێت؟

کاتێک تێکۆشانی گەلێک نەبووە سیستەم وبەڕێکخستن نەکرا، ئەوا ئەو ڕەنج وقوربانی ودەسکەوتانە دەبنە بونێک لەمێژووی ڕابردوو. بۆیە دەسکەوت وقوربانیەکانی ڕابردووی گەلی کورد نەبوونەتە دەسکەوتی ماوەو گەل خاوەنداری لێنەکردوە. هۆکارەکەی ئەو بوونە خاوەنەی حیزب وڕەنگە جیاوازەکانە بۆ ئەو ڕەنج وقوربانیانە. ئەوە بۆخۆی پارچەکردنی تواناو هێزی کۆمەڵگەو لەبەرچاونەگرتنی تێکۆشانی تاک وکۆمەڵگەیە.

بەپێوەرێکی کە نادیدەگرتنی ئازادی تاکە لەهەڵبژاردنی حیزبی دڵخوازی خۆی وبەسیستەم نەکردنی دەزگاوسازیە بەڕێوەبەریەکانی کۆمەڵگە.

ئەوەی لەم سەردەمەدا دەگوزەرێت، کاری بێبایەخ کردنی کۆمەڵگەیە بەناوی حیزب وحیزبی بوونەوە. حیزبەکان قوربانیەکانیان بەناوی خۆیانەوە تۆماردەکەن ودەیکەنە دەسکەوت بۆخۆیان. بۆیە ئاوابوونی ئەو حیزبانە کە کارێکی نەکردەنی نیە، هەموو ئەو دەسکەوت وقوربانیانە بەبادا دەدات. بۆئەوەی ڕێگری لەوەها ڕەنج بەخەساریەک بکەین. پێویستە دیدو تێڕوانینمان بۆ تێکۆشان و کۆمەڵگەو حیزب وسیستەم بگۆڕین.

تێکۆشانی ئازادی کەکۆمەڵگەی بەبنەماگرتوەو بەجیاوازیەکانیەوە، قبوڵیەتی و وەریدەگرێت، خۆی وەک بەشێک لەتێکۆشانی گشتی وڕێبەری ئەوتێکۆشانە دەزانێت، خۆی ناخاتە جێگەی سیستەم وڕێکخستنی کۆمەڵگەو بەڕێوەبەریەوە. بۆیە کۆمەڵگە دەکاتە خاوەنی سیستەمی بەڕێوەبەری ولەسەر ئەو بنگەیە، دەزگاوسازیە ئیداری وکۆمەڵایەتیەکان بنیاتدەنێت. ڕەنج وقوربانی ودەسکەوتی کۆمەڵگە لەدەزگاوسازیە کۆمەڵایەتیەکاندا بەڕێکخستن دەکات وحیزبیش دەکاتە وەسیلەی بەئاکام گەیاندنی کاری ڕێکخراوو کۆمەڵگەیی، بۆیە ئیتر حیزب ئەو دەزگا هەڵلوشەرە داگیرکەرە نیە کەهەرشت بە ژێر هەژمونی ئەودا بڕوات وئەو خاوەنی بێت و کۆمەڵگە پارچە پارچەی سەر ڕەنگ وحیزبەجیاوازەکان بکات. بەنەمان یان بچکۆلەبوون وتوانەوەی ڕەنج وقوربانیەکانیش گرێدراوی ئەو حاڵەتەی حیزب بن.

ئەو ڕەنج وقوربانی ودەسکەوتانەی کۆمەڵگە بەسیستەم دەکات وخاوەنداریشی بۆسیستەم دەگەڕێتەوە.

لێرەوەیە ئیتر دابینکردنی ژیان وپێویستیەکانی ژیانێکی مرۆڤانە بەدەستی حیزب وبەرپرس ودەنگ وڕەنگی ئەوان دەبێت.نە شەهید بوون ودەسکەوتیش هی حیزب و ڕەنگەکان دەبن. بەڵکو شەهید بوون دەبێتە تاجی سەروەری سیستەمی بەدەستهاتوو، هەموومان پابەندی وەفاداری خوێن وڕەنجی گیانبەختکردوان ودەسکەوتەکانیان دەبین.

بۆیە ئەومیراتە شۆڕشگێڕیەی لەباشور"بەکەم ژیان وکەڵ ژیان" دەستی پێکرد، لەئاستی بەرخۆدان ژیاندایەیە. گەل خاوەنیەتی وبەرهەمی تێکۆشانی نەوە دوای نەوەیە کە شانازیەکەو خاوەنداریەکەی دەگەڕێتەوە بۆمیراتێکی شۆڕشگێڕی کەهەرگیز کۆڵدان ناناسێت و درێژەی پێ دەدات تاشکاندنی فاشیزمی قۆرخکاری بەرژەوەند پەرست. میراتی شۆڕشگێڕی موڵکی گەلە، بۆیە هەرکەس بیەوێت قۆرخی بکات ولەپێناوی خۆیدا بەکاری بێنێت سەری دەخوات ودەبێتە ئاگرو لەناوی دەبات.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك