کوردی           عربی
عادل عوسمان

مەرگێکی ناوەخت‌


بۆمەرگی ئیقباڵ مورادی
بەیانی زوو تێلێکم بۆھات، وەک ھەمیشە یەکێک لەھەڤاڵان ھەواڵی مەرگی ھەڤاڵێکی پێڕاگەیاندم. ھەواڵی مەرگی ھەڤاڵان لەتێکۆشانی گەلی کورددا، بوەتە ھەواڵی ڕۆژانەو تێکۆشانی گەلی کورد بەخوێن ئاودەدرێت.
تێکۆشانی گەلی کورد بەقۆناغێکی ھەستیارو چارەنوس سازو یەکلاکەرەوەدا تێدەپەڕێت، دوژمنانیشی ھەستیان بەو ئاکامە کردوە، بۆیە زۆر ھۆڤانە لەبەرامبەریدا وەستاونەتەوەو ھێرشی دەکەنە سەر.
تێکۆشانی ئێمە بەبڕیارە کەلەپێناوی سەرکەوتندا، چی بخوازێت ئەوە بکات. تێکۆشان لەپێناوی ئازادیدا مێژوویەکی دورو درێژی ھەیە، گەلانی جیاواز لەوپێناوەدا قوربانیەکانیان دیارە. گەلی جەزائیر لەپێناوی ئازادی و سەربەخۆییدا، بەشۆڕشی ملیۆن شەھید دەناسرێت، شۆڕشی گەلی ڤێتنام، کوبا، چین، ڕوسیاو گەلانی ئێران وھندو عیراق ڵەپێناوی ئازادیدا قوربانیەکی زۆریانداوە لەئەنجامدا دوژمنیان شکاندوەو سەرکەوتنیان مسۆگەر کردوە.
ئەوەی باری قورسی ھەموو تێکۆشانەکانە، ھێڵی بەکرێگیراوی ناوخۆیە، بۆیە گیڤارا ڕاستی گوتوە کەدەڵێت" ئەگەر دە فیشەکت پێ بوو ئەوا نۆفیشەکیان بنێ بە خۆفرۆشانی ناوخۆوە یەکدانەکەشی بنێ بەدوژمنەوە" ھەڵسەنگاندنێکی دروست و پڕ بە وەڵامی تێکۆشانی گەلی کوردە.
ئەگەر خائینان و ھێڵی بەکرێگیراوی ناوخۆی گەلی کورد نەبێت، دوژمنان لەکوێ دەتوانن دەستی تیرۆریان درێژی سەر تێکۆشەرانی گەلی کورد بکەن، ئەگەر مرۆڤە بێ ئەمەکەکانی ڕاکردوو بەدوای پارویەک نانی قوزەڵقورتدا نەبێت ھەڵسوڕاوانی پارچەکانی دی کوردستان بۆژیانیان لێ دەسەنرێت. ئەگەر بازرگانانی خوێن و پارە نەبێت کەبەناوی کوردایەتی درۆزنەوە ژەھری داگیرکەر دەڕژنە زھن وفکری تاکی کوڕد و بەناوی پارچە بوونەوە جیاوازی دەخەنە ناو گەلی کوردو ڕەوایەتی بەداگیرکەران دەدەن چی دەخوازن ئەوە پێک بێنن و کەواسوری بەر لەشکریشیان بۆبکەن.
ئەگەر بێ ئابڕووی و بێشەرەفی دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەبێت، مافی داگیرکەرێک لەکوێ ھەیە بکوژێت، بەڵام ھاوزمانەکەی خۆت، ھاوشاریەکەت ئاسودە نەبێت و نەوێرێت لەترسی باندە مافیا چەکداریەکانی حیزب کەنەخشەی دەزگا تیرۆریەکانی داگیرکەران جێبەجێدەکەن، تەڵقینی شەھیدێکی دەستی تیرۆر بدات. ئاخر ئەوە چ بەھاو نرخێکە کەمرۆڤ ھێندە بوبێتە گورگ ملی براکەی خۆی بشکێنێت.
ھاو نەتەوەو ھاوزمانەکەت نەتوانێت پاراستنی خۆی بکات و تۆش وەک کارەکۆرپە لەپێناوی ئافەرینێک و دەست لەپشتدانی داگیرکەردا بیکەیتە قوربانی. لەکاتێکدا پەیامێکی درۆزنانەتان ھەیە کەخۆتان خاوەن لێێ دەرناکەون، بەڵام ڕۆژێک دێت خاوەنانی ڕاستەقینەی ئەوپەیامە پەیامەکە دەگەیەنێتە ئامانج کەدەڵێت" ھێزە ئاسایشیەکان پارێزوانی سەروماڵی خەڵکن" خۆ ڕۆڵەکانی ئێمە لەئاسمانەوە دانەبەزیون تائێوە لەپێناوی درێژەدان بەبازرگانی نەوت وتلیاک و خاکدا ڕۆڵەکانمان بکەنە قوربانی. دەتوانین بڵێین ئەو بەرژەوەندیەی ئێوەی پێمەستن سەرتان دەخوات، دەڵێ ھەموو شت لەتەنکیدا دەپچڕێت تەنیا زوڵم نەبێت لەئەستوریدا دەپچڕێت، ئیدی ئەستوریەکەی زۆر زیاترە لەپێویست قسەیەک ھەیە دەڵێت" لەپزیسک گڕ ھەڵدەستێت" بۆیە برسی کردن و گەیاندنە لێواری مەرگ، بەرھەمەکەی تەسلیم بوون و کۆیلە بوون نیە قڵپبوونەوەیە بەسەر بەدیھێنەرانی دۆخی بێچارەییدا.
تێکۆشانی گەلی کورد بەقوربانی زۆردا تێپەڕیوە، ڕوەو سەرکەوتن ئاڕاستەی گرتوەو دوژمنانیشی تەنگاو بوە سیاسەتی نوێێ ئێمەش ساڕێژکردنی قوربانی بوونی تاکی کوردە لەپێناوی داگیرکەرانیدا.لەپێناوی تێکۆشانی گەلی کوردو خەباتە دیموکراتیکەکەیدا، ھەمومان پڕۆژەی شەھادەتین، لەخۆڕا نیە ئەو ھەموو شەھیدو خوێنە دەدەین و ھەر پێداگرین لەسەر بەردەوەمی و سەرکەوتن.
ئیدی ئێمە مردنمان شیکردۆتەوەو بەو ئاکامە گەیشتووین، ئەگەر مەرگێک ھەبێت با بۆئازادی و لەپێناوی ئازادیدا بێت، ئەگەر ژیانێکیش ھەبێت دەبێت بەسەربەستی و لەپێناوی گەلدا بێت.
بۆیە دەڵێێن " شایی وشین لەگەڵ گەل تاجی شاھیە کەبەدەستی خۆم لەسەری نێم نەک بەدەستی دوژمن"


چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك