کوردی           عربی
عادل عوسمان

ئەڵتەرناتیڤ (بەدیل) چیە؟‌

 

باشوری کوردستان، بەشی ھەرەزیندوی پارچەکانی کوردستانە. کەلەبەرامبەر داگیرکەریدا ھەردەم لەمەیدان و تێکۆشان و بەرخۆداندا بوە. تێکۆشانێک کەلەم پارچەی کوردستاندا بەڕێوەبراوە، خاوەن قوربانی و رێوڕێبازی جیاوازە لەگەیشتن بەئاکامی خەبات بۆئازادی.

گەل تێکۆشانی خۆی بێپسانەوە درێژەپێداوەو لەوپێناوەدا چی خواستبێت پێشکەشی کردوە. قوربانی، شەھید، ماڵوێرانی، ئاوارەیی و وەستانەوە بەرامبەر ھێرشی داگیرکاری وشەڕو خۆنەویستی سیماکانی تێکۆشانی گەل و پێشکەش کردنی پێداویستیەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتن. کەگەل کەمی نەکرد لەپێشکەش کردنیان.

ئەم تێکۆشانە پێویستی بە ڕێبەریە، یان بەقەولی وتوان، (سەرکردایەتی) کردنە. ئەوەی ئەو پرسیارە دەوروژێنێ، کەئایا ئەم سەرکردایەتیە لەئاستی ئەو ئامادەگیەی گەلدا بوو، ھەیە  بۆ ڕزگاری وتێکۆشان؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، شۆڕمان دەکاتەوە بۆقوڵایی مێژووی تێکۆشانی ئازادی کە ئەرکی ئەو کورتە نوسینە نیە.

لەناو ئەوگێژاوەی ئەمڕۆی باشوری کوردستاندا، بەئاگایی بێت، یان، بێ ئاگایی پرسیارێک دەوروژێنرێت، کە لەئەنجامی بەئاکام نەگەیشتنی خەیاڵەکانی کۆمەڵگەوە بۆ ئازادیە. ئەویش بەدیل چیە؟ بەواتایەکی تر ئاڵوگۆڕ لەم کۆمەڵگەیەدا ناکرێت، چونکە جومگەکانی دەسەڵات خۆیان سەپاندوە. ئەم پرسیارە دوولایەنی ھەیە؛

یەکەم: سەر بۆنائومێدی و بێ ئاکامی دەکێشێت.

دووەم:لێگەڕینی کۆمەڵگەیە بۆ سەرکەوتن و بەئاکام گەیاندنی تێکۆشان و ئازادی.

وەڵامەکەمان بەوە دەست پێدەکەین، کە بۆ تێکۆشان دیاریکردنی ڕێبازی تێکۆشان و دونیابینیەکەی گرنگە. کاتێک ڕێبازو دونیابینی دیاری دەکەیت، دەبێتە ئامانج و لەوپێناوەدا ڕێگەکانی تێکۆشان بەدەستەوە دەگریت. بەڵام کاتێک ڕێبازودونیابێنی نەناسیت و خۆت دابێتە دەست قەدەری دیاریکراو، ئەوا نائومێدی و بێ ڕێکخستنی و لەدەست دان جێگەی دەگرێتەوە.

کۆمەڵگەی ئێمە بۆخەیاڵێک ھاتۆتە مەیدان کە شێوەو شکڵی ڕێکخستنیشی بەخۆی داوە کە ئازادی و ڕزگاری گەلی کوردە، بەڵام دەسەڵاتدارانی بە بێکاریگەرکردنی کۆمەڵگە و خەڵک خەیاڵەکانی کۆمەڵگەیان بە ئاراستەیەکی تردا بردوە.

نەخوێندنەوەی خەیاڵەکانی کۆمەڵگەو جێگرتنەوەی بە دەسەڵاتدارەتیەکی بەرژەوەند پەرستی دور لەخەیاڵی ئازادی کۆمەڵگە، سەرچاوەی بەفیڕۆدانی قوربانی و ڕەنجی کۆمەڵگەیە. ئەو کۆمەڵگە ڕێگە بە خیانەت لەخەیاڵەکانی نادات و ناھێڵێت کۆمەڵێک کەسی باڵادەست، خەیاڵەکانی بەئاودا بدات. ھەر ئەو جەماوەرەی کە بەخەیاڵی ئازادی و ژیانێکی باشترەوە ڕێکخستنی کردوەو بۆپاراستنی خەیاڵەکانی قوربانی داوە نایخاتە سەبەتەی کۆمەڵێک بەرژەوەند پەرست و نابەرپرسیارەوە ڕێگەی تێکۆشانی خۆی بەنائومێدی ناسپێرێت و خاوەن لێی دەردەکەوێت.

بۆیە دیاریکردنی ڕێبازی تێکۆشەرانە و جیھانبینیەکەی گرنگە کە ئاسۆی خەبات و تێکۆشان نیشان دەدات و بەنائومێدیت ناسپێرێت. ڕێبازی تێکۆشانی ئازادی کە خۆی لە ھێڵی سێھەمدا دەبنێتەوە، کە خاوەنی جیھانبینی تێکۆشانی ئازادی ودیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزم و ژینگەپارێڕو ھەرەوەزی و پاراستنی ڕەگەزیە وگەل بەبنەما دەگرێت و لەسەر دەستگرتن و خاوەنداری لە ڕەنجی کۆمەڵگە دەژی، دەتوانێت ئەو ڕێگەچارەیە بێت کەخەیاڵەکانی کۆمەڵگە بەراوردەبکات.

ئەم جیھانبینیە بەشوێن دەسەڵات و بەرژەوەندی تایبەت و خیانەت لەخەیاڵەکانی کۆمەڵگەدا ناچێت و تەنیا حیزب بەبنەمای کارو دەسکەوت نازانێت، بۆیە دیاریکردنی ئاسۆی تێکۆشان، ئاراستەی ڕێکخستن بوون و دەستنیشانی پێکھێنەرانیشی دەکات و کەس بەتەنیا جێناھێڵێت.

ئەم تێکۆشانە گەل و کۆمەڵگە بەبنەما دەگرێت، بۆیە ھەر ڕێکخستنێکی گەلەریش کەلەسەر بەدیھێنانی خەونی ئازادی دامەزرابێت، دەناسێ و بەھەندی دەگرێت. ناسین و ھەبونی جیاوازیەکانی کۆمەڵگە ڕەنج وڕێکخستنی جیاوازیش دەخوازێت، لەخێزانەوە بۆگەڕەک، شارو شارۆچکەوڕشتەو پێکھاتە ئەتنیکی و نەتەوەیی ودینی وھەرێمی و تەواوی ناوچەو ووڵات وجیھان لەخۆدەگرێت. کەھەموو چین وپێکھاتەکان لەخۆدەگرێت و نوێنەرایەتی خۆیان دەکەن، کەس پەراوێز ناخرێت و ڕێگە بەکەس و لایەنی تر نادرێت خۆی بەنوێنەری لایەن وپێکھاتەی تربزانێت و لەپێناوی دەسکەوت و ئامانجی کاتیدا خیانەت لەخەیاڵەکانی کۆمەڵگە بکات.

ھەر کەس و پێکھاتەو نەتەوەیەک ئەتنیک و ئایین و ئاینزایەک، نوێنەرایەتی ڕاستەوخۆی خۆی دەکات و بەشداری ڕاستەوخۆی کایەکانی سیاسەت و کۆمەڵگە دەبێت. کۆمەڵگە لەسەر ڕۆحی تێکۆشان و خاوەنداری پەروەردەو بەڕێکخستن دەکرێت و ئامانجی ئازادی و پێکەوەیی ئامانجی گشت دەبێت.

چارەسەری تەنگژەو کێشەکان ئامانجی تێکۆشانی دیموکراتیکە. خولانەوە لەبازنەی داخراوی بێ ئومێدیدا خیانەتە لەخەیاڵەکانی خۆ، خاوەن دەرکەوتن لەخەیاڵەکانی خۆو نەسپاردنی بەوانی تر و ڕێگەنەدان بەوانی تر کەلەپێناوی دەسکەوتی ھەرزان و بێبایەخدا بەکاری بێنن، ڕێگریە لەبەھەدەرنەدانی ڕەنج و تێکۆشان.

ئازادی بەڕێگەی قوربانی بەتەنیا بەدەست نایەت،ئازادی بەھزری ئازادو خاوەن دەرکەوتن لە ھزری ئازاد و خەیاڵی کۆمەڵگەو قوربانی بەدەست دێت. داری ئازادی بەخوێن ئاودەدرێت تەواوی دەست نیشانکردنەکە نیە. قوربانی زۆردرا، بەڵام چینێکی مشەخۆری دروستکرد، کەلەسەر ئەو قوربانیانە پاڵیان لێداوەتەوەو دەسکەوت دەچننەوە. لەکاتێکدا کۆمەڵگە بۆژیانی ئازاد قوربانی داوە، نەک بۆ پاڵدانەوەی کۆمەڵێک مشەخۆر. بۆیە خاوەنداری لەقوربانیدان ئەرکی کۆمەڵگەو قوربانیدەرانە. ئاکامی ڕێگری لە مشە خۆری خاوەندەرکەوتنە لەڕەنج وتێکۆشان لەپێناوی ئازادی و دیموکراسیدا.

دیموکراسی ئەو دێوەزمەی ھەردەسەڵاتدارو فاشستێک لێی دەترسێت، بۆیە وەرن و لەدەوری تێکۆشانی ئازادو دیمکرات کۆببنەوە، ئەوە بەدیل و چارەسەرە.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك