کوردی           عربی
عادل عوسمان

لەناو هەڵڵای ئارامیدا، شەڕێکی شاراوە!‌


ڕۆژەکانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، بەبەڵێنی دروستکردنی کەشێکی ئارام و یەکڕیزی نێوماڵی کورددا تێدەپەڕێت. کەشی ئارام لەپێناوی هەلی کارو خزمەت. ئەمە لەئاستە گشتیەکەیدا ڕاستە بەڵام کاتێک دەیکەیتەپێوانەی کۆمەڵگە کێشەکە دروست دەبێت.
کۆمەڵگە یەکەیەکی پێکەوە بەستراوەو پارچە بوون قبوڵناکات. کاتێک پارچەکرا لەڕێ لادان دروست دەبێت. بۆیە لەهەرێمی کوردستاندا کۆمەڵگەیەکی پارچەکراو بەسەر زۆن و ڕەنگ وحیزب و بنەماڵە جیاوازەکاندا دروستکراوە. بانگەشەی ئەوە دەکەن کوردستانێکەو لەکەناری ئارامیدا ژیان دەکات. ئەوەی کوردەو کوردستانیە پێویستە پەیوەستی ئەم کوردستانە بێت.
هەموان قوربانی ئەم ئایدیا دروستکراوەو کوردستانە بچوککراوەیە، ئەوەی ئازادە داگیرکەرانی کوردستان وسەردەستانی کوردن، هۆکاری نەبوونی ئارامی  وپارچەکردنی کوردستان وبەقوربانی کردنی بەشێکی گەورەی کوردستان بۆ بەشێکی بچوکی پارچەکراو، بوونی هزری داگیرکەرو جێبەجێکردنی نەخشەی داگیرکەرانە. 
گەلی کورد لەئاستێکی باڵادا بەرەنگاری داگیرکاریە. تێکۆشانی ئازادی لەڕووی شکاندنی هزرو ئایدۆلۆژیای داگیرکەرەوە، کەبەتاک وکۆمەڵگەی ئازاد دەست پێدەکات، کەخۆی لە خۆت بناسەدا، پێناسە دەکات و مێژووی ڕاستەقینەی گەلی کوردو پێکهاتەو گەلانی تری ناوچە زیندوو دەکاتەوەو دەیداتە ناسین.بەرجەستە کردوەو بوەتە تێکۆشانێکی کاریگەر کەڕێبەری گەلانی ئازاد دەکات.
ئەم تێکۆشانە بوەتە مۆتەکەی سەر دڵی داگیرکەران و ترسی خستوەتە دەسەڵاتیانەوە. مەرگی خۆیان لەگەشەی ئەم تێکۆشانەدا دەبینن. بۆیە هەرچی هەوڵیان هەیە لەگەڕدایە بۆ دەستەمۆکردن وتەسلیم کردن ولەکۆتایشدا لەناوبردنی. ئەم هەوڵ وهێرشانەیان لەسەر ئاستێکی بەرفراوان تاقیکردەوەو ئەنجامیان بەدەست نەخست. هێزی خۆیان تێری تێکشکاندنی ئەو تێکۆشانەی نەکرد. لەبەرئەوەی کوردێکی ئازاد خوڵقێنراوە، کەلەبەرامبەر داگیرکاری وهزری پارچەگەری وناوچەگەری وخێڵایەتی وەستاوەتەوە. ئازادی وتێکۆشانی بەبنەمای کارگرتوە. لەجیاتی کاردانەوەو هەڵچون، خوێندنەوە بۆ ڕوداوو دیاردەکان دەکات و دەستنیشانی سیاسەتی دروستی وەڵام دانەوە بەهێڵی داگیرکەر دەکات، کەلەهەر هەنگاوێکیدا سیاسەتی داگیرکەر بێکاریگەر دەکات و یەکیەتی نەتەوەیی وتێکۆشانی دیموکراتیک بەرجەستەدەکات.
داگیرکەران کەزانیان بەهەوڵە تەنیاکانی خۆیان ئەنجام بەدەست ناخەن، تۆڕێک لە حیزب و دەستەو تاقم و خێڵ وئایین وئاینزای گرێدراوی خۆیان دروستکرد، لەپێناوی دەستگرتن بەسەر عیراق وشکاندنی خەباتی ئازادی گەلی کورد. لێرەوە لەڕێگەی ئەو تۆڕانەوە، بەنانەوەی دوبەرەکی و دروستکردنی چەمکی خاوەنداری، کەوتنە دژایەتی گەشەی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و ویستیان لەوڕێگەوە ئەنجام بەدەست بخەن.
هێزی تێکۆشانی ئازاد لەئاستێکدایە خستن وتەسلیم بونی ئاستەمەو لەتوانای داگیرکەران وگرێدراوانیدا نیە. بەڵام هێزی گەلی کوردیش پارچەو ناڕێکخستنیە، بۆیە پێویستی کردنەدەرەوەی هزری داگیرکەر لەپێشترین کاری گەلی کوردە. بەوە دەتوانین کۆمەڵگەیەکی ئازادو ئارام بنیات بنێین.
خاڵی بێهێزی تێکۆشانی گەلی کورد باشوری کوردستانە، کە هێزەکانی دەسەڵاتدار وانیشاندەدەن کە هەرێمی کوردستان ئازادەو خاوەنی حکومەت ودەوڵەتی کوردانە. گرفتەکە لەو دەست نیشانکردن وبەڕێوەبەریەیە کە پڕوپاگەندەی ئازادی وئازادبوونی باشوری کوردستان دەکات.
باشوری کوردستان هەرێمێکی دەسەڵات کوردی گرێدراوی داگیرکەران بەڕێوەی دەبات، کەلە ئاستی گشتیدا سەرئێشەیە بۆ گەلی کورد بەگشتی و گەلی باشور بەتایبەتی. هەرێمی کوردستان فرە پێکهاتەو فرە کلتورە، مۆزائیکێکی بچوککراوەی ناوچەکەیە، بەڵام ئەم فرە پێکهاتەییە نەبوەتە ناسین ودەسەڵاتدارانی هەرێمەکە، نایناسن ومافەکانیان ناناسن، نەک هی پێکهاتە جیاوازەکان، بەڵکومافەکانی گەلی کوردیش ناناسن کەخۆیان پڕوپاگەندەی کوردبوون دەکەن.
ئەم هەرێمە لەناو هەلومەرجێکی ناوچەیی گەرمدا ژیاندەکات کەچارەسەری کێشەکانی وناسینی وەک مۆزائیکی گەلان، چارەسەری پرسگریە مێژوویەکانی ناوچە دەکات ودەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە توشی لەناوچون دەکات. بەتایبەت دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
بۆیە فشارەکانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان، وای کردوە کە دەسەڵاتدارانی باشور(هەرێم) تەسلیم ببن و ببنە بەڵا بەسەر کۆمەڵگەی باشورو تێکۆشانی ئازادی وگەلانی ناوچەوە. دەسەڵاتدارانی باشور سیاسەتی ڕۆژو دەسکەوت بەڕێوەدەبەن وبونەتە هێزگەلی چەقبەستوی بەرژەوەند پەرستی قۆرخکار.
ئەوەی دەتوانێت چارەسەری دۆخی هەنوکە بکات، وەرگرتنی تێگەیشتنێکی ڕاست ودروستە بۆ ناسینی هەرێمی کوردستان وپەیوەست بوون بەهزری تێکۆشانی گەلی کوردو دورکەوتنەوە لەسیاسەتی ڕۆژانەو بەرژەوەندپەرستانەو قۆرخکارانە.
ناسینی خودو دۆزی ڕەوای گەلی کورد لەسەر هێڵی تێکۆشانی ئازادی وشکاندنی هزری داگیرکەر لەخوددا. بەوە دەرفەت لەسەر چارەسەری کێشەی گەلی کوردو سیاسەتی دیموکراتیک دەکرێتەوەو ئاسودەیی وژیانێکی ئازاد ووەک یەکی لەڕێی ژیانی هەروەزیەوە دەستەبەردەکرێت.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك