کوردی           عربی
عادل عوسمان

داعش و ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر‌


شانزەی ئۆکتۆبەر بوەتە ڕۆژەڤ و ھەرکەس بەشێوەیەک لەشێوەکان کەلەخزمەت دەستەکەی خۆیدا بێت شرۆڤەو شیکردنەوەی لەسەر دەکات، بەوە یان پشتیوانی دەکات، یان لەدژی دەبێت.
بۆتێگەیشتن لە شانزەی ئۆکتۆبەر پێویستە بگەڕێینەوە سەردەمی دروستبونی داعش و ھێرشەکانی بۆسەر سوریاو بەتایبەت عیراق. ئەگەر تۆزێک ئەولاتر نەچین، بۆناسینی پێگەی حیزبەکلاسیکەکانی کورد لەبەڕێوەبردنی سیاسەتی داگیرکاری لەکوردستاندا.
لەشەڕی جیھانی یەکەمەوە، بەپێی ئەو دابەشکاریەی نەخشەێ جیھان پێگەیەکی بچوک بەباشوری کوردستان درا، بەڵام بەھۆی نەبونی سیاسەتێکی کوردی و ھێرشی دەوڵەتی تورک بۆسەر ئەو پێگە بچوکە زلھێزەجیھانیەکان لەو بەڵێنە پاشگەز بوونەوەو، لەبەرامبەردا دەوڵەتی نوێی تورک پێگەی خۆی بەھێز کردو نکوڵی کردنی گەلی کوردی لەسیاسەتی جیھانیدا چەسپاند.
لەو ڕۆژەوە بەپێی سیاسەتی داگیرکەری، سیستەمێک ئافرێنرا بۆجێبەجێکردنی ئەو نکوڵی لێکردنە، حیزبە کلاسیکەکان بەپێی ئەو سیاسەتە و بۆجێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە بەڕێکخستن کراون.
داعش کاتێک دروست بوو بەبڕیاری ھێزەجیھانی و ھەرێمیەکان بۆ وێرانکردن و دەستبەسەرداگرتنی ھەرچی زیاتری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سوریاو عێراق بوو. ھێزەکوردیە تەقلیدیەکان بەتایبەت پارتی جێگەی تێدا گرت. ھێرشەکان بۆسەر کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان دەستیان پێکردو شەڕەکان و بەرەی شەڕەکان ھەرچی دەھات فراوانتر دەبوو.
داعش وانیشاندرا کەھێزێکە ھیچ خۆی لەبەردا ناگرێت، بۆیە بۆجێبەجێکردنی نیشاندانی ئەو گەورەییە، کۆمەڵێک ھێزو دەوڵەت لە عەممانی پایتەختی ئەردەن چونەلای یەکو ڕێککەوتنێکیان مۆرکرد. کە ئەمریکاوبەریتانیاو ئیسرائیل و تورکیاو ئەردەن و عیراق و پارتیش تێیدا جێی گرت.
ڕێکەوتنەکە بەفرۆشتنی عیراق و بەتایبەت شەنگاڵ و موسڵ دەستی پێکرد. بۆتێگەیشتن لە١٦ی ئاب دەبێت لێرەوە دەستپێبکەین و شیکردنەوەی بۆبکەین. کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وھاوپەیمانیە جیھانی و ھەرێمی و ناوچەییەکان دیاریکەرن لە جێگرتن و پێگەی ھەر دەوڵەت و ھێزێک تێیدا.
ھێزە کوردیەکانی باشورو سیاسەتی کلاسیک کەبەپێی سیاسەتی داگیرکاری بەڕێکخستن کراون و دەستەمۆی دەوڵەتە ھەژمونگەراو داگیرکەرەکانن، لەھاوپەیمانیە دژەئازادی و ڕزگاریەکاندا جێگەدەگرن. بۆیە داعش " دوا گورزی ھێزە سەرمایەداری و دەسەڵاتدارەکانی جیھانە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان" . 
کاتێک ھێرشەکانی سەرکۆبانی و ڕۆژئاوای کوردستان وەڵامی درایەوەو ھۆڤێتی داعش بەریپێگیراو ناوەرۆکی ھێز و تواناییەکانی داعش سنورێکی بۆدانراو بەرامبەر شەڕوانانی ئازادی گەلی کورد ھەیبەتیان شکا. ئیدی ڕووی ھێرش بۆسەر عیراق وباشوری کوردستان دەستی پێکرد. بۆیە ھێرشەکان بەڕێکەوتنی لایەنە دژبەرەکانی کوردو ھێڵی ئازادی کورد دەستی پێکرد.
لەبنچینەدا بەشداری پارتی و ھێزەکلاسیکەکانی کورد لەوێوەیە کەئەم ھێزانە بەخۆگرێدان بەھێزە دەرەکیەکانەوە ژیان دەکەن. بەناوی ئەوەی کە دەوڵەت نەتەوەیەکی کوردیان بۆ دادەمەزرێنن گرێیان داون بە ئەجنداکانی خۆیانەوە. بۆیە مانەوەیان بەگرێدراوی بەداگیرکەرانەوە لەبەرامبەر بەکارھێنانیانە لەدژی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردوسەرخستنی ئەجنداکانی داگیرکەرانی کوردستان و بەکارھێنانیشیان لەدژی یەکترو لەدژی خۆشیان، لەڕێی شەڕەکانی ناوخۆو پارچەبونەکانی ھەرھێزێکەوە.
کێشەکانی دەوڵەتە داگیرکەرو جیاوازیەکانیشیان، بەرچاوەو ھەریەکی ڕۆژەڤ و بەرژەوەندی و ھەژمونی خۆی ھەیە. بۆیە ھێزە کلاسیکەکانیش دابەشی سەر بەرژەوەندیە جیاوەزەکان و بەکارھێنانە جیاوازەکانن. لێرەوەیە دەتوانین لە ڕیفراندۆم و ١٦ ئۆکتۆبەر تێبگەین 
بوونی ناکۆکی و ھەوڵ بۆ سڕینەوەی یەکدی لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان ویەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا مێژوویەکی دورودرێژی ھەیە. بەھۆی بوونی دوو دەوڵەتی داگیرکەری توڕک و ئێران و چاوچنۆکی فراوان بوونی ھەژمون و دەسەڵاتیان، ھەمیشە عیراق و باشوری کوردستانیان خستوەتە ژێر کاریگەری ھەژمونگەرایی خۆیانەوە. ھەر دوو ھێزی باشوری کوردستانیش گرێدراوی ئەو ھەژمونگەراییەی داگیرکەرانن. کلتورێکیان بڵاوکردۆتەوە، کە بەبێ ھێزێکی دەرەکی ناتوانیت بژیت( ئەوە خۆیان دەیڵێن من نایڵێم)، بۆیە ئەو کلتورە زەمینەی گرێدراو بون و ھاوار بۆکردنی لەکاتی تەنگانەی بۆھێزەکان ئاسایی نیشانداوە بۆفریاکەوتن.
بەرەو پێشچونەکانی تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ڕزگاری و ئازادی و بوونە،پێشەنگی تێکۆشانی ئازادی گەلان، داگیرکەرانی تووشی شپرزی و لەدەستدانی پێگەیان کردوە، ھەرچی تێکۆشانی گەلی کورد لەھەڵکشاندا بێت، ھێندە داگیرکەران لەمەرگ و لەدەستدانی پێگەیان نزیکتر دەکاتەوە. لەکاتێکدا ئیتر دەوڵەت نەتەوە ئەو دێوەزمە چارە ڕەشەیە کەبوەتە بەڵاو پێویستی مانەوەی نەماوەو درێژی تەمەنی، درێژی بەڵاو خوێنڕشتن و پێکدادان و وێرانی ناوچەکەیە. بۆیە ئاڵوگۆڕی ناوچە بەمەرگی دەوڵەت نەتەوەدا تێدەپەڕێت.
ھێزە کوردیە کلاسیکەکانیش بەخۆگرێدانیان بە دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەوە کە ڕۆڵی مێژوویان تەواو بوە، خۆیان و گەلی کوردیان تووشی کێشەی گەورەکردوە. بەتایبەت لەکاتی ھێرشەکانی داعشەوە بۆسەر سوریاو عیراق کایەیەکی دۆڕاویان وازی کردوە، بەھۆی بێتوانایی و ناڕێکخستنی سوپای عیراق و ڕێکەوتنی مالیکی وپاڕتی لەگەڵ داعش بۆ ڕادەستکردنی موسڵ بەداعش، دەستی ھێرشکارانەی دەعشی ئاواڵەترکرد بۆ ناوچەکانی کەرکوک و مەخمورو ھەولێرو تکریت و ئەنبارو بەغداد. ھێرشەکان ئەوەندە گەورە بوون خەریک بوو بەغدادو ھەولێر بکەون.
لەسنوری کوردستانەوە تەدەخولی ھێزەکانی پاراستنی گەل و شەڕوانانی ڕۆژئاوای کوردستان و لەبەشی بەغداشەوە تەدەخولی ئەمریکاو ھاوپەیمانانی، بەغدادو ھەولێریان لەکەوتن پاراست. بۆیە بەھۆی گۆڕانی ھاوکێشەکانەوە، پێگەی پێشمەرگە وەک ھێزی بەرگری ھاتەپێشەوە، بەڵام ناخۆش بەختانە یەکێتی و پارتی لێرەشدا کەوتنە وازیکردنی یاریەکی دۆڕاو. کەلەبەرامبەر مشتێک دۆلارو دەسکەوتدا پێشمەرگەیان کردە ھێزی ساتوسەوداو دەسکەوت.
ڕێکەوتنێکیان لەگەڵ ھاوپەیمانان مۆرکرد لەبەرامبەر مشتێک دۆلاردا وەک ھێزێکی شەڕکەر، کەبۆشایی نەبونی سوپای عیراق لەشەڕەکانی دژی داعشدا پڕبکەنەوە، تائەوکاتەی مەترسیەکانی داعش کۆتایی دێت و بەتەواو بونی مەترسیەکان، پێویستە ھێزە شەڕکەرەکانی کورد بگەڕێنەوە شوێنی پێش واژۆکردنی ڕێکەوتنەکە.
بەو ڕێکەوتنە ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیجی کەوتە دەستی ھێزە کوردیەکان، ئەگەر سیاسەتێکی دیموکراتیک و باشیان بەڕێوەبردایەت، دەتوانرا کێشەکانی عیراق و گەلی کوردو گەلانی ناوچە بەئاراستەی چارەسەری ببرایەت، لەکاتێکدا ئەو ناوچەیەی کەبەناوی ناوچەی جێناکۆک لەدەستوری عیراقدا ھاتبوە ناسین و سەقفێکی زەمەنی بۆدانرابوو بۆچارەسەری، دەتوانرا لەخزمەتی ئەو چارەسەریەدا بەکاربھێنرایەت.
بۆیە ئەو بۆشاییەی داعش نەتوانرا لەخزمەتی چارەسەری کێشەکاندا بەکاربھێنرێت و بوونی ھێزەکانی پاراستنی گەل لە ھاوکێشەی شکاندنی داعشدا، دوژمنانی کوردی ناچاری پیلانگێڕی لەدژی گەلی کورد کرد. ئەویش لەڕێگەی ھێزە گرێدراوەکانی خۆیەوە. بەکردنی پرۆسەیەک بەناوی ڕیفراندۆمەوە.
ڕیفراندۆم بۆخۆی پیلانی دەوڵەتی تورک بوو( ئەوە خۆیان دانی پێدا دەنێن)، بۆھێرشکردنە سەر دەسکەوتەکانی گەلی باشورو ھێزەکانی پاراستنی گەل، کە بوبوە ژمارەی گرنگی ناو کایەی سیاسی شکاندنی دەعش. بۆیە پارتی بەپشتگیری ھەموو ھێزەکلاسیکەکان کەوتە بەکارھێنانی ھەستی نەتەوەیی گەلی کوردو ڕیفراندۆمێکی دۆڕاوی وەڕێخست،( جگە لەھێڵی تێکۆشانی ئازادی کەس ھەستی بەپیلانگێڕی ئەو پرۆسەیە نەکرد)، کەدوژمنانی گەلی کوردی لەدەوری یەک کۆکردەوەو ھێرشی سەر دەسکەوتەکانی گەلیان کرد و ناوچەیەکی فراوانی کوردستانیان بەبێبەرگری و بەپیلانگێڕی لەدژی یەکتر تەسلیم بە حکومەتی عیراق کردەوە.
ئەوە لەکاتێکدا بەپێی ڕێکەوتنە بازرگانیەکەی پاراستنی بۆشاییەکانی سوپای عیراق، دەبوایەت ھێزەچەکدارەکانی کورد ئەو ناوچانە چۆڵ بکەن وڕادەستی سوپای عیراقی بکەنەوە، بەڵام بەھۆی دەستگرتن بەسەر بیرەنەوتەکان و دەسکەوتێکی ئابوری گەورەدا کە بۆ حیزبەکانی خۆیان لەپێناوی مانەوەو دەستبەسەرداگرتن بەکاریان دەھێنا، پشتیان کردە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەو بەڕیفراندۆم وەڵامیان دایەوەو دەستی حکومەتی عیراقیان ئاوەڵاکرد بۆ ھێرشکردنە سەر ناوچەکەو داگیرکردنەوەو وەرگتنەوەی ناوچەکە بەپێی ڕێکەوتنەکە.
لێرەوە ئەوناوچەیەی بەردەستی ھێزە کوردیەکان بەپێی دابەشکاری پێگەی تورکیاو ئێران کەوتە ناو دابەشکاری ھێزەکان و ھەرلایەنێکی حیزبی بەپێی دابەشکاری دەوڵەتە ھاوپەیمانەکەی کەوتە پیلانگێڕان لەویتر.
بۆیە ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر بەرھەمی ئەو زھنیەت و دەسەڵاتەیە کەلەسەر سڕینەوەی یەکترو مانەوەی خۆ دامەزراوە، ئەو زھنیەتە پێی ئاساییە بۆشکاندنی ئەوەی ناوی ناوە دوژمن بەدوای پشتیوانیدا بگەڕێت. ئەو زھنیەتە خاوەنی زۆر پرۆسەی وەک ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرە. چونکە ئەوان ھێزی خۆیان لە پیلانگێڕی لەدژی یەکتر وەردەگرن، بۆیە ئاساییە پشتیوانی لەھەرکەس وەرگرن بۆشکاندنی بەرامبەرەکانیان.
ئەوەی دەتوانێت ئەو مێژوو ھزرە دەسەڵاتداری و داگیرکاریە بشکێنێت( کەترسی ھەموشیان لەوەیە) ھزری دیموکراسی و تێکۆشانی ئازادیە کەگەل بەبنەما دەگرێت و ھێزی خۆی لەدیموکراسی دەگرێت، نەک لە چەک و پارەو قۆرخکاری و پشتیوانی داگیرکەران و نەیارانی ئازادی.
بۆتێکۆشانی ئازادی جیاوازی بەپرۆسەی شەڕو سڕینەوەدا تێناپەڕێت، بەڵکو بەپرۆسەی یەکتر ناسین و چارەسەریدا تێدەپەڕێت. بۆیە سیاسەتی نوێ سیاسەتی چارەسەری کێشەکان و تاقیکردنەوەی ڕێبازی نوێیە، کەڕێبازی پێکەوەژیان و چارەسەری کێشەکانە نەک سڕینەوەو نەیار دروستکردن.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك