کوردی           عربی
عادل عوسمان

ئەمریکا بەرپرسیاری چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردە‌


ئەمریکا ڕێبەری پڕۆژەیەک دەکات لەناوچەکەدا کەخۆی لەئاڵوگۆڕی نەخشەی ناوچەکەدا دەبینێتەوە. لەساڵەکانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە، بەھەنگاوی کیسەڵی و لەڕێگەی ھێزە بێ پرەنسیپ و کۆنەپەرستەکانەوە دەیەوێت ئەو پڕۆژەیەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت، کەخۆی لەدوو ئاستدا دەبینێتەوە؛
یەکەمیان: ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە.
دووەم: دەستبەسەرداگرتنی نەوت و وزەی ناوچەکە.
لەھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت نەتەوەکان، بە ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتانی ناوچە دەستی پێکردوە، کە دەوڵەتی عیراق یەکەمین ھێرش و ھەوڵەکانی ئەو ئاڵوگۆڕانە بوو. ئەمریکاوەک ھێزی گەورەی ئەو ئاڵوگۆڕە بێ بەرنامەو ئاسۆی ڕونی سیاسی بۆناوچەکە کەوتوەتە ناو ھاوکێشەیەکی قورسەوە. کەپشتی بە کۆمەڵێک دەوڵەتانی ناوچەو ھێزگەلی بێ دەوڵەت بەستوە، کەنەک چارەسەری، بەڵکو کێشەکان قوڵتردەکەنەوەو ئاسۆی چارەسەری لەھیچ کوێیەکەوە دیارنیە.
دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچە کەلەسەر ئیستبدادو فاشیزم و سڕینەوەی کلتورو جیاوازیەکانی ناوچە دامەزراون لەمپەرێکی گەورەی سەر ئەو ئاڵوگۆڕانەن و دەوڵەتی ئەمریکاش خۆش خەیاڵانە بەو ھێزانە دەیەویست کە بەرنامەکانی خۆی سەربخات. 
بەھۆی بوونی کێشەی کوردەوە، کەبنچینەی دامەزراندنی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، کەلەسەر نکوڵی کردن لەوگەلە دروستکراوە.دەوڵەت نەتەوەکانی ناوچەی تووشی ھیستیریای کورد کردوەو، بونەتە دەوڵەتانی کۆنەپەرست و فاشستی ناوچەکە. کەتوانای قبوڵکردنی ئاڵوگۆڕیان نیە. چونکە ئەو ئاڵوگۆڕانە، بەکرانەوەی ئەو دەوڵەتانەدا تێدەپەڕیت، بەدەست بەردان لە فەشیزم و نکوڵی کردن لەگەلی کوردو بونە دەوڵەتی کراوەو دیموکراتیک.
بۆیە ئەو دەوڵەتانە کەدۆستەکانی ئەمریکان و ئەمریکا پشتی پێدەبەستن، کەوتنە بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەمریکاو لەناو ھاوکێشەیەکی قورسی پەیوەندی وناکۆکیدا کێشەکانی خۆیان بۆ خۆپاراستن بەڕێوەبرد.بۆیە کێشەکانی ئەمریکا بەھۆی دەوڵەتە دۆست و ھاپەیمانەکانیەوە توشی ئاستەنگی ولێدان بویەوە.
دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، عیراق وسوریاو سعودیە کەوتنە دژایەتی کردنی ئاڵوگۆڕەکان و ھێزگەلی دروستکراوو گرێدراوی خۆیان لەناوچەکە خستەناو پرۆسەی شەڕو ماڵوێرانیەوە. شەڕەکان بونە چەندلایەنە. ئەو دەوڵەتانەی کەدەیانویست ھەژمونی جیھانی خۆیان بسەپێنن و دەستبەسەر ناوچەکەدابگرن، ئەودەوڵەت نەتەوانەی کەبەر نەفرەتی ئاڵوگۆڕ دەکەوتن و خۆیان پاراست و کەوتنە بەرامبەر ئەو ئاڵوگۆڕانە، گەلانی ناوچە و بەتایبەت گەلی کورد کە بۆ ناساندنی خۆی و بەدەستھێنانی پێگەی لەداڕشتنەوەی نەخشەی نوێدا شەڕی دەکرد.
ئەوەی ھەمویانی ئێشاند گەشەی تێکۆشانی کوردی ئازاد بوو، کە ھەموو سیستەمی جیھانی مۆدێڕنە بەناخۆشحاڵیەوە لەبەرامبەریدا وەستانەوەو کەوتنە دژایەتی کردنی. تەنانەت کوردی بەکرێگیراویش کەوتە ناو پرۆسەی ئەو دژایەتیەوەو ھەموو سنوڕە نەتەوەیی و پیرۆزیەکانی گەلی بنپێکرد، لەپێناوی دەسکەوت و بەرژوەندیدا.
دوەم دەستبەسەرداگرتنی نەوت و وزەی ناوچەکە، لەڕێگەی تێکدان و ھەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتە مەرکەزی و ستاتۆپارێزەکانی ناوچە. کەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، کەکوردستان چەقەکەیەتی گەورەترین سەرچاوەی ھێزو وزەیە. بۆئەوەی بتوانیت دەستبەسەر ئەو سەرمایەو ھێزەدابگریت، دەبێت دەوڵەتانی مەرکەزی ھەڵوەشێنیتەۆەو دەوڵەتۆچکەی بچوک وبێھێز دروستبکەیت کەھەمیشە گرێدراوی زلھێزان و ھەمیشە پێویستی بەوان بێت. لایەکی تر دروستکردنی شەڕو لەڕێگەیەوە وێرانی و برسی کردن و بێکارکردنی کۆمەڵگەیە.
بۆئەو مەبەستە بڵاوەپێکردنی زھنیەتی شەڕەنگێزی و فرۆشتن و پێدانی چەک و دروستکردنی ھێزگەلی شەڕانگێزو توندڕەوو فاشست.ئەگەر سەیرێکی ناوچەکە بکەین لەم سەر بۆئەوسەری ھێزەکان چنگ بەخوێن توندڕەو پڕچەک گرێدراوو چەتەن و ھەستی شەڕەنگێزی و توندڕەوی بڵاو دەکەنەوە. ناوچەکە بوەتە یەکپارچە لەوێرانەو بازرگانانی خوین ونەوت و چەک لێکگرێدراون وبازرگانی خۆیان لەسەر بەرھەم و خوێنی گەلانی ناوچە بەڕێوەدەبەن.
مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کەلەسەر قازانج و دەسکەوت بنیات نراوە، سەرچاوەی نکوڵی لێکردن و فاشیزم و کۆنەپەرستیە، بۆیە لەڕوی تێرکردن وپەروەردەکردنی زھنیەتی توندڕەویەوە خاوەن پێگەو ڕۆڵی بەخێوکەرە. سەرمایەو قازانج کۆلەھیچ خراپەکاری و کۆنەپەرستیەک ناکاتەوەو ھەموو ئەو کۆنەپەرستی و فاشیزمە لەمنداڵدان وھەناوی ئەوەوە لەدایک دەبن وتێردەکرێن. سەرمایە لەڕێی پارچەکردن و چاک و خراپ نیشاندانەوە کۆمەڵگە پارچەدەکات و بێھێزی دەکات لەپێناوی دەستبەسەرداگرتنی و بەکارھێنانی لەپیناوی بەرنامەکانی خۆیدا.
لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بوونی گەلی کوردو تێکۆشانە ئازادیەکەی بوەتە سەرچاوەی ئیلھام بەخش بۆ بزوتنەوە دیموکراسی و ئازادیخوازەکان و گەلانی ناوچە. دەوڵەتەکان لەسەر پاراستنی تایبەتمەندیە دژەدیموکراتیکەکان دامەزراون و جگەلەخوێن ڕشتن و بێچارەیی و ھێشتنەوەی کۆمەڵگە لەناو ئەو بێچارەییەدا ھیچی تریان نەکردوەو پێناکرێت، بۆیە تێکوشانی گەلی کورد لەڕێگەی نەتەوەی دیموکرات و ناسینی پێکھاتە جیاوەزەکانەوە، بوەتە چارەسەری و گەلان و پێکھاتەکانی ناوچە ھەرچی زیاتر بەدەوریدا کۆدەبنەوە.
ئەو تێکۆشانە بوەتە خاوەنی ھزرو فەلسەفەی ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینەو ھەموو دەمووچاوە ساختەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەی ئاشکراکردوەو بوەتە شانسی چارەسەرکردنی کێشەکان. ھیچ ھێزێک باسی ئاشتی و ئارامی ڕاستەقینە ناکات جگەلە ھێڵی تێکۆشانی ئازادی، کاتێک دەڵێت "شەڕ لەپێناوی ئازادی" مانای ڕاستەقینەی لەناوبردنی شەڕو دەست کۆتاکردنی شەڕەنگێزان و کۆنەپەرستیە. ھەموو دۆگماکان ڕەخنەدەکات وکرانەوەیەکی ڕاستەقینە کەلەسەر ناسینی جیاوازیەکان دامەزراوە بەبنەمادەگرێت.
کوردی ساختە، کەگرێدراوی بێچارەیی و بازرگانیە ڕەخنەدەکات وپەردەی ڕیاکاری و پارچەگەری و دەسەڵاتخوازی وھەژمونگەرایی ئاشکرادەکات و بەو پێیەش وەک بزوتنەوەیەکی بازرگانی کۆنەپەرستی گرێدراوی مۆدێڕنیتەی سەرمایەی دەناسێنێت. لەبەرامبەر ئەو پارچەبونەدا کەکوردی ساختە ھێزی لێوەردەگرێت، یەکیەتی نەتەوەیی و دیموکراسی ڕاستەقینەو ھزرو فەلسەفەی تێکۆشانی دیموکراتیک بەبناغە دەگرێت و ھەموو جیاوازیەکان بەئاراستەی یەکیەتی نەتەوەیی و چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ گەلانی ناوچەدا ئاراستەدەکات.
لێرەوەیە کە مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری کەئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی ڕێبەری دەکەن، لەبەرامبەر ئەم مۆدێڕنیتە دیموکراتکەدا کە چارەسەری کێشەکان بەبناما دەگرێت، دەکەوێتە کێشەو شەڕەوە. لەبری ھاوکاری چارەسەری و ئەو ھێڵە دیموکراتیکە، دەکەوێتە بەرامبەری و ھێزە شەڕەنگێز و کۆنەپەرستەکان دێنێت و ناوچەکە بەرەو وێرانی دەبات، بۆیە ئەمریکا لە چارەسەر نەکردنی کێشەکانی ناوچەو کێشەی کوردا وەک یەکێک لە خاوەن ڕۆڵەکان ڕۆڵێکی خراپ دەگێڕێت و بەوە توشی بەرپرسیارەتی دەکاتەوە. بۆیە پێویست ئەمریکا بەرامبەر کێشەی کورد کراوەبێت و لەگەڵ ھێڵی تێکۆشانی ئازادی خاوەن ئاسۆی ڕوونبێت و دەست لەبێچارەیی ھەڵگرێت.
دەستگرتن بە دەوڵەت نەتەوەکان و ھێزە بێمۆراڵە کلاسیکەکەنەوە کێشەکانی ئەمریکاش قوڵتردەکەنەوە، وەک چۆن خۆیان ھێنایانە زمان کەدوستەکانیان زیانیان زۆرتر پێدەگەیەنن لەدوژمنەکانیان. ئەو دۆستانەی ئەمریکا ئەودەوڵەت نەتەوەو ھێزەکلاسکانەن کەناتوانن کرانەوەو چارەسەری کێشەکان قبوڵ بکەن، بۆیە ئەوەی دەتوانێت چارەسەری کێشەکان بکات ھێڵی تێکۆشانی ئازادی و گەلانی ناوچەن نەک دەوڵەتە کۆنەپەرست و فاشستەکان و ھێزە شەڕانگێزە گرێدراوەکانیان.
لەو پەیوەندەشدا، ئەوەی ئەمریکا کردی لەبڕینەوەی پارە بۆدەستگیرکردنی بەڕێوەبەرانی پەکەکە شەڕی چارەسەرنەکردنی کێشەی کوردو بێچارەی و پێکدادانی گەلانی ناوچەیە. ھەڵبژاردنی سێ سەرکردەی پەکەکە دەلالەتی خۆی ھەیە؛ 
یەکەمیان بەڕێز باییک، وەک لێدان لەھزرو فکر ھەڵبژێردراوە.
دوەمیان بەڕێز قەرەیەڵان، وەک لێدان لە توانای سەربازی و ھێزلەبەرچاوگیراوە.
سێھەم بەڕێز کاڵکان، وەک نوێنەری گەلی تورک و لێدان لەسیستەمی پێکەوەژیان و درێژەدان بەشەڕی گەلان لەبەرچاو گیراوە.
ئەمریکا ھاتوەتە ناوچەیەک کەخاوەنی کلتوری خۆیەتی کەکڵتوری بێگانە ناتوانێت بازبدات بەسەریداو سەربکەوێت. بۆیە ئەگەر دەیەوێت بمێنێتەوە دەبێت بەرپرسیاری خۆی بەڕێزداری بەرامبەر چارەسەری کێشەکانی گەلان وبەتایبەت گەلی کورد پێکبھێنێت و ببێتەلایەنێکی چارەسەری کێشەکان. چونکە دەوری ئەمریکا کاریگەرە، لەبری ئەوەی ھێز بەدەوڵەتەفاشستەکان بدەیت ھێز لەچارەسەری وەربگرەو ڕۆڵی خۆت لەپرۆسەی چارەسەریدا وازی بکە.
گەلی کوردی ئازاد بەپارەو پارچەکردن تاقی ناکرێتەوە، تێکۆشەرانی ئازادی لەناو دڵی گەلدان. دەستبردن بۆی بەھەرزان تێناپەڕێت.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك