کوردی           عربی
عادل عوسمان

چاوەڕوانی قەیرانی قوڵی دارایی دەکرێت‌


ئەوە مانشێتێ ڕاگەیاندن و چەند شیکەرەوەیەکی دەسەڵاتدارانن، کەبەگوێی خەڵکیدا دەدەن.
قەیران خۆی چیە؟ لەکوێوە دێت؟ چۆن چارەسەر دەکرێت؟
قەیران، یان تەنگژە، بۆخۆی لە ئەنجامی ناکۆکی دوو لایەنی بەرامبەریان زیاتر کە یەکتر تێرناکەن، بەڵکو دەیانەوێت قۆرخکاری و دەست بەسەردا گرتن پێشبخەن سەرچاوە دەگرێت. ئەوە تایبەتمەندی سیستەمی دەسەڵات و خۆسەپاندنیەتی.
ئەم قسەیە بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابوری و ھەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە ڕاستە. بۆیە کاتێک سەیری قەیرانی ئابوری و دارایی دەکەین، دەبێت پەیوەندی کەینەوە بە پەیوەندیە ئابوریەکانیەوە. سیستەمی ئابوری سەرمایەداری کەلەسەر بناغەی دزینی ڕەنج و دەست بەسەرداگرتنی زێدەبەھا دامەزراوە، ھە میشە لەناکۆکی گەورەدا بوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا. چونکەخاوەنی مەیلی دزین و دەست بەسەرداگرتنە.
لێرەوە ناکۆکی لەگەڵ کۆمەڵگەدا دروست دەبێت وھەمیشە بەدەوڕی پێکداداندا دەسوڕێتەوە، ھۆکارەکەی چارەسەر نەکردنی کێشەو تەنگژەکانە. تالایەنەکانی ناو ناکۆکیەکە بەھێزەوە خۆیان ئامادە دەکەن و بەیەکدا دەدەن، بەوەیان وتوە شۆڕش، لەڕێگەی توندو تیژیەوە ئاڵوگۆڕیان بەشێوەکانی قەیرانەکان کردوەو درێژەیان پێداوە. بەھۆی ئەوەی کە چارەسەری ڕیشەیی سیستەمی دەسەڵات قازانجیان نەکردوە.
ئەم سیستەمە ھێند چاوچنۆک و قازانج پەرستە، لەپێناوی دەسکەوت و قازانجدا کۆلەھیچ توندوتیژیەک ناکاتەوە. بۆیە سیستەم بۆخۆی بەرھەم ھێنەری قەیران و توندوتیژیە.خودی سیستەم بەرھەمھێنەری قەیران و توندوتیژی و دەست بەسەرداگرتنە، بۆیە ھیچ ھێزێکیش جگەلە کۆمەڵگەو تێکۆشانی ھەرەوەزی ناتوانێت چارەسەری بکات.
چارەسەری کۆمەڵایەتیش بە ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەکرێت. جگەلە پەروەردەی شۆڕشگێڕی و ڕێکخستنی کۆمەڵگە بۆژیانێکی ئازادو خۆسەر ھیچ وەڵامێکیتر چارەسەری کێشەکانی ناکات.
ئەوەی پەیوەندی بەم نوسینە کورتەوە ھەیە، وەڵامە بەو پێشبینیەی کەکۆمەڵێک لە نەخشەدانەرانی قۆرخکاری و دزی باسی دەکەن بۆ قەیرانی دارایی ھەرێمی کوردستان.
لەوەپێش وتمان قەیران سەرچاوەکەی سیستەمی دەسەڵات قازانج+ پارەیە. بۆیە بۆتێگەیشتن لە ستاتۆی باشوری کوردستان( ھەرێمی کوردستان) و شیکەرەوەکانی دوو ڕەھەند پێویست بناسین.
١-پێگەی دەسەڵاتدارانی ھەرێم،
٢-دەوری شیکەرەوەکان
دیارە ئەو سیستەمەی لە باشوڕی کوردستان دامەزراوە، سیستەمێکی دەسەڵاتدارەتی گرێدراوی داگیرکەرانە. لەو پێناوەدا دەستیان بەسەر ھەموو شتدا گرتوەو بڕیار لەسەر ھەمووشت بەپێی پێگەی دەسەڵات-گرێدراو دەدات. لێرەوەیە کەقەیرانەکان ڕۆژبەڕۆژ قوڵترو خراپتر دەبنەوە. ئەو ئابوری و داراییەی کە لە کوردستاندا ھەیە ھێند زۆرو زەوەندە، کە تێری چارەسەری برسێتی زۆرێک لە جوگرافیای جیھان دەکات. بەڵام بەھۆی سیستەمی داگیرکەری گرێدراوەوە، نەک چارەسەر ناکرێت، بەڵکو قوڵترو پڕکێشەتر بوەو لەو پێناوەشدا ھەموو جۆرە فشارو توندووتیژیەک دەسەپێنن.
باری دارایی باشوڕی کوردستان، بەھۆی سیاسەتی ھەڵەی ئابوری سەربەخۆوە، خرایە خزمەتی دەوڵەتی تورکیاو بەوەش بڕیاردەری دارایی باشوری کوردستان بوە دەوڵەتی تورکیاوئەویش بە پێی بڕیاری شەڕ لەگەڵ گەلی کورد بەڕێوەی دەبات.بۆیە بێ مووچەیی، بێکاری، نەبونی خزمەتگوزاری و کێشە ئابوری و داراییەکان سەریھەڵدا.
کێشەی دارایی بەھۆی دەستبەسەرداگرتنی پوڵ وپارەی ھەرێمی کوردستان و ھەموو داھاتە ئابوری وداراییەکانی ھەرێمە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ھەرێم و خاوەنە دەرەکیەکانیانەوە. بۆیە کێشەیەک کە تووشی ھەرێمی کوردستان بوە بەھۆی ئەو قۆرخکاری و دەست بەسەرداگرتنەیە کە دەسەڵاتداران بەڕێوەی دەبەن.ئەگینا کێشەی دارایی نەبونی ھەیەو نەبونی دەبێت.
ئەو کەسانەی کە شیکردنەوەی بونی کێشەی دارایی دەکەن لە بنچینەدا، ئامادەکاری بۆ تێپەڕاندنی ئەو دەست بەسەرداگرتن و دزینە دەکەن. سیستەمی دەسەڵات ئەوەندە خراپ پارچە بوە لەباشوری کوردستاندا، کە بوەتە سیستمێکی تاکەکەسی و پێویستی پڕکردنی گیرفانەکانی تاکەکان دابین دەکات. بۆیە کێشەی دارایی دروست دەکەن و ئامادەکاری ڕاگەیاندنی وەھا قەیرانێک دەکەن.
ئەگەر سیستەمی سەرمایە لەسەر قۆرخکاری و دزین و دەست بەسەرداگرتن دامەزراوە، بەڵام بەشێکیشی بۆ دوبارە ژیانکردنەوەی کۆمەڵگە داناوەو بەسیستەمی کردوە. بەڵام لەباشوری کوردستان ئەوەندە کەسی کراوە کەلە چوارچێوەی برسی کردن وتەسلیکم گرتنی گەلی کورد بەڕێوەدەبرێت. بۆیە ئەو قەیرانە داراییە نە ئەسڵی ھەیەو نەشیکەرەوەکانیشی ڕاستگۆن لەدەستنیشان کردنی ھۆکارەکانی.
بۆیە ئەوەی دەتوانێت چارەسەری کێشە دارایی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان بکات لێدان لەدەسەڵاتدارەتی و قۆرخکاری و لەباشوری کوردستانیش گرێدراوی بەداگیرکەرەوەیە. سیاسەت کاری کۆمەڵگەیەو دەسەڵاتیش کاری کۆمەڵێک قۆرخکارو قازانج پەرست و دەست بەسەرداگرە. ناکۆکی نیوان ئەم دوولایەنە ھۆکاری دروست بوونی کێشەو ئاریشەکانە، لایەنی دەسەڵات ھەمیشە لەپیلانی دەست بەسەرداگرتنی زیاتروبێ کاریگەر کردنی کۆمەڵگەیە، بۆیە ھەمیشە قەیران و توندووتیژی و خاپاندن دەکاتە ھۆکاری مانەوەی خۆی و بێچارەیی دەخوڵقێنێت.
کۆمەڵگەش بە خۆبەڕێوەبەری و ئابوری ھەرەوەزی و لێدان لەگرێدراوبوون بەداگیرکەرو خۆشگوزەرانی و لەناوبردنی قازانج وەڵامی قەیران و سیستەمی دەسەڵات قازانج دەداتەوە.بۆیە کۆمەڵگەی خۆسەر کۆمەڵگەیەکی ژینگەدۆست ڕەگەزگەرا خۆش گوزەران و بێ قازانجە. ژیانی کۆمەڵگە بۆقازانج و بەرھەمی زیاد بەکارناھێنێت. بۆیە سیستەمی دەسەڵات و داگیرکەر لەم چەمک و تێگەیشتنە دەترسێت و وەک مۆتەکەی سەرخۆی دەبینێت.
تۆڕێک مەفیای شیکەرەوەی دروستکردوە بۆ خاپاندن و ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستیەکان. لێرەوەیە تۆڕی ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری بەپێی پێگەکەی خۆی دەداتە ناسین، بۆیە گرنگە ھەر لەباسکردنی کێشەو قەیرانەکانەوە سەیری چاک یان خراپی دیاردەکان نەکرێت. بەڵکۆ لە چارەسەری ودەست نیشانکردنەکانەوە پێگەیان دەستنیشان بکرێت.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك