کوردی           عربی
عادل عوسمان

فاشیزم لەکۆتاییەکانی تەمەنیدا‌


دەسەڵات کاتێک بۆگەن دەبێت و شوێن بەدەستھێنانی بەرژەوەندی و مانەوەی دەسەڵاتی دەکەوێت، دەبێتە زۆنگاوێک بۆ بەرھەمھێنانی زۆر ڕێ وڕێبازی دەستبەسەرداگرتن و قۆرخکاری. بەتایبەت دەسەڵاتێک کە لەناو بێدەنگی کۆمەڵگەدا بەڕێوە بچێت شەیدای شان و شەوکەتی خۆی دەبێت و خۆی دەکاتە ئەو دەزگا ئیلاھییەی کەکەس لەو لەسەرترو پیرۆزتر نیە. بۆیە ھەلومەرجەکانی نوێنەرایەتی خوداوەند، یان دەبێتە خوداوەندی سەرزەوی و ھەرچی شت ھەیە دەبێت لەژێرفەرمان و دەستی ئەودا جوڵەبکات.
کۆمەڵگەی چینایەتی کە بەدەوڵەت بوون دەستی پێکرد، ھەلومەرجەکانی زھنی قبوڵاندن و دەستبەسەرداگرتنی کۆمەڵگەی لەڕووی ڕێکخستنی و دەسەڵاتەوە دەبوایەت ئامادەکردایەت. گەڕانەوە بۆ زیگۆراتەکان کەیەکەمین ئەکادیمیاو زانستگەکانی ئامادەکردنی ئەو ھەلومەرجانە بوون لەڕێگەی ڕاھیب (بیرمەند)ە کانیەوە بۆدەستبەسەرداگرتن و دزینی بەرھەمی زیاد. لەوێوە کۆمەڵگەی خستە سەر دووڕیانی جیاوازی چینایەتی و چینێکی دەسەڵاتدارو دزو فێڵبازی دروست کرد کەلە بۆشاییەکانی کۆمەڵگە سودی وەرگرت و دەستی بەسەرداگرت.یەکەمین دەستبەسەڕداگرتنی بەسەر ژندا دەستپێکرد.
لەوێ ڕۆژەوە لەپاڵ ھەموو ھەلومەرجە دروستکراوەکاندای وەک، پەروەردە، ڕێکخستن، خێزان، کۆیلەکردن، سوپا، زەبرو زەنگ و توندوتیژی کۆتایی ڕێگەی دەستبەسەرداگرتن بوە. شەڕە بچوک و گەورەکان و کوشتارگەکان دیوی توندوو تیژی دەستبەسەرداگرتن و تاڵانیە. لەخۆڕانیە جەنگیزخانی تەتەر دەڵێت" ئێمە بەشەڕو شۆڕ دەژین چونکە دەسکەوتمان لەشەڕەکانماندایە" ئەگەر توندووتیژی لەدەسەڵات وەرگریتەوە یەک سات توانای بەردەوامیدانی ژیانی نیە.
گەشەی کۆمەڵگەی چینایەتی و گەیشتنی بە شارستانیەتی سەرمایەداری، وا ئەو سیستەمەی ھارو چاوچنۆک کردوە کەھەرشت لەپێناوی قازانجدا بەکاردێنێت و دەیخاتە خزمەتی کەڵەکەی سەرمایەوە. ئەم سیستەمە دەسەڵاتدارەتیە وای لێھاتوە کەژینگەو ھەسارەکانیش بۆ دەسکەوتی قازانج بەگاردێنێت و ھەمەجۆر ڕێ و ڕێباز بۆدەستبەسەرداگرتن بەکاردێنێت، وەک دواکەوتوویی ووڵاتانێ ھەژار، ھێنانی دیموکراسی و فریاگوزاری ئاواکردنی ژیانێکی نوێی ڕۆژئاواییانە.
سیستەمی سەرمایەی بەھۆی شکڵ پێدانی دەوڵەت نەتەوەکانەوە سیستمێکی ناوەندگەرای بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندبوو کەلە ناوەندەوە ھەموو کایەکانی کۆمەڵگە لەسەر یەک زمان، یەک نیشتیمان، یەک نەتەوەو..... دامەزراندبوو، کەڕێگەی لەپارچەبوون و دروستبوونی ناوەندی دەسەڵاتدارەتی جیاوازدەگرت و ھەموو پەیوەستی ناوەندێک بوون کەلەڕێگەی سیستەمی دەوڵەتەوە بەڕبوە دەچوو.بەڵام ئێستا لەھەلومەرجی گوڵۆباڵ و سەرمایەی فینانسدا، ئەم دەوڵەت نەتەوانە بونەتە ڕێگری دەستبەسەرداگرتنی دەسکەوت و قازانج وبازاڕ بۆیە سەرمایەی جیھانی کەوتوەتە ھەڵوەشاندنەوەو کەرت وپەرتکردنی دەوڵەت نەتەوەکان و ناوەندی جیاوازی ھێز دروست دەکات و لەئەنجامی پێکدادانی ئەو ھێزانەدا ڕەوایەتی تەدەخولی خۆی پەیدا دەکات بەناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و نوینەرایەتی دیموکراتیەوە.
ئەو سیستەمە ھێند بێزراو بوە بەیەک پارچەیی توانای درێژەدان بەژیانی نەماوە، بۆیە خاوەنانی ڕاستەقینەی سیستەم کەوتونەتە پارچەکردنیان و کردویاننەتە ناوەندە جیاوازەکانی دەسەڵات و خۆشیان لەوێوە بەدوای دۆزینەوەی دەورەیەکیتر لە درێژەدان بە ژیانی سیستەمە دزو توندوتیژەکەیانەوەن.ئەگەر لەکۆندا سیستەم بۆدەستبەسەرداگرتن و بازاڕی زیاتر پێویستی بە یەکگرتووی بوو ئەوا ئێستا بەو شێوە کۆنە ناتوانێت درێژە بەژیانی بدات. بەتایبەت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا کە ناوەندو پنتی جیاوازی ووزەو ڕێگە جیاوازەکانی گەیاندنی ئەو ووزەیە بەبازاڕەکانی جیھانی پێدا تێدەپەڕێت.
بۆ قازانجی زیاترو دەسکەوتنی کەرەسە سەرەتاییەکانی بەرھەمھێنان و دروست بوونی بەرھەمی زیادەو ساغ کردنەوەی پێویستی بەبازاڕی نوێ ھەبوو، لەو پێویستیەوە داگیرکاری دەستی پێکرد. ئەگەر لەمێژووی سیستەمە چینایەتیەکان تێنەگەین، ئەوا کۆمەڵگەش بەپێکھاتەکانیەوە تێناگەین.
بۆیە سیستەمە دەسەڵاتدارو چینایەتیەکان ھەمیشە لەڕێی خۆ نوێ کردنەوەوە توانیویانە درێژە بە داگیرکاری و باڵادەستی و ژیانیان بدەن. بۆیە تەواوی تێکۆشانەکانی دژی سیستەمی چینایەتی نەیانتوانیوە خۆیان لە دووبارەبوونەوە بپارێزن و لەکۆتاییدا بونەتەوە بە درێژە پێدەری سیستەم. بۆئەوەی نەکەویتەوە باوەشی سیستەم و نەبیتە بەرھەمھێنەرەوەی، پێویستە چەمکی دەسەڵات و زێدەبەرھەم باش بناسیت.
لێرەوەیە لەم سەردەمەدا سیستەمی مۆدێڕنیتەی شارستانی بۆ درێژەدان بە ژیانی و بەردەوامی داگیرکاری لەپاڵ ھەموو ڕێبازەکانی خۆیدا فاشیژمێکی فرەناوەندی دروستکردوەو بەڕێوەدەبات. ئەگەر لەکۆندا ئەو فاشیزمە ناوەندگەراو بەناوی دەوڵەت نەتەوەوە بەڕێوەدەبرا، ئەوا ئێستا بەھۆی جیۆناوەندی وزەو بەتایبەت وزەی نەوت و گاز ناوەندی ھێزی دروستکردوەو بەڕێوەیان دەبات. ئەم فاشیزمەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەو فاشیزمەی دوێنی جیاوازە. فاشیزمێکی پارچەبوو خاوەن ھێزو لەڕووکەشداناکۆک و لەناوەرۆکدا پێکەوەیی، ئەو ناوەندانە لەسەر دەسکەوت وقازانج ناکۆک و لەسەر پاراستنی یەکدی ھاوپەیمان وپێکەوە.
سروشتی سیستەمی چینایەتی وایە چاوچنۆک و قازانج پەرستەو لەھەوڵی بردنی زۆرترین قازانجدایە بۆخۆی، بۆیە ناوەندەکانی ھێز لەسەر دەسکەوت ناکۆکن و زۆرکات دەبێتە پێکدادان لەنێوان خۆیاندا لەسەر دابەشکردن و دەسکەوتی زیاتر، بەڵام کاتێک خەتەڕی دەرەکیش ببینن دەکەونە پشتگیری یەکتر لەپێناوی پاراستنی سیستەمدا.
سیستەم گەیشتوەتە ئاستێک کە فاشیزمیکی دڕندەو دژوار بەڕێوە دەبات و لەئاستی بەڕێوەبردنی ئەوەی کەپڕوپاگەندەی بۆدەکات، کە پاراستنی کۆمەڵگەو ژیان و ئاسایشی گشتیە نەماوە.بەڵکو دزی، دەستبەسەرداگرتن، بونە ھێزی تایبەت وکوژەر، بێ دەربەستی بەرامبەر کۆمەڵگەو بەئاگرو ئاسن وەڵامی دەخوازی داواکاری چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە دەداتەوە. 
ئەو فاشیزمە لە ئاستی وەڵامی کۆمەڵگەدا نیەو ناکۆکە لەگەڵیدا، بۆیە "بەپێێ شیکردنەوەی سۆسیۆلۆژی، کۆمەڵگە کاتێک تەنگاو دەکرێت بۆخۆی ڕێگە چارە پێشکەش دەکات". خۆشخەیاڵی بەرامبەر کۆمەڵگە کاڕێکی نەگونجاوەو ھیچ ھێزو دەسەڵاتێک ناتوانێت تاسەر دەستی بەسەردابگرێت. کۆمەڵگە چەند ھێز لەدژی بەکاربێنیت و تەنگاوی بکەیت و بێچارەی بکەیت، ئەوەندە توڕەو تۆقێنەر دەبێت بۆیە دەڵێن" ھەموو شت لەتەنکیدا دەپچڕێت، تەنیا زوڵم لە ئەستوریدا دەپچڕێت" بۆیە بێدەنگی پێش زریان پەیامی گرنگ لەگەڵ خۆی دێنێت.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك