کوردی           عربی
عادل عوسمان

کەروێشک ڕاکە، تانجی بیگرە‌


ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕستانی جیاوازیەکانە. ئەوە ئەو کێشەیە کە ھێزە ئیمپریالیستیەکان بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان دروست کردوە. نەخشەیەکیان داڕشتوە لەشێوەی مارو پەیژە، ئەگەر گەیشتیتە سەرکەوتن و ویستت بگەیتە ١٠٠ی ماروپەیژەکە بو وچانێک، ئەوا لەم لای سەدەوە مارێک قوتت دەدات و دەتگێڕێتەوە بۆ بەردەوای شەڕو پێکدادان.
بۆیە ناوچەکە بەو فڕەییە پێکھاتە نەتەوەیی، ئەتنیک، ئایین و ئاینزایەوە، وا دابەش و پارچەکراوو داڕێژراوە،کەنەتوانێت خاوەنی خۆیی و ئیرادەی خۆی بێت، بۆئەوەی نەتوانن بەئاسودەیی پێکەوە بژین. لەوەخراپتر ھێزگەل و چەتەگەلی برسی و ڕەشوڕوتی دەرەوەی ناوچەکەی بۆ ھێنراوەو کراوەتە پۆلیسی بەردەوامی ئەو شەڕوو ناکۆکیانە. ھۆکارێکی تری ئەم شەڕو ناکۆکیانە گرنگی ئابوری ناوچەکەیە لەسێ  بوارەوە؛
یەکەمیان؛ ناوچەیەکی پڕبەرھەمی سروشتی وژێرزەویە.
دووەم؛ ناوچەیەکی بەکاربەرەو پڕ لەدەسکەوت و قازانجە بۆ ووڵاتانی پیشەسازی و بەرھەم ھێن.
سێھەم؛ توێژێکی چەقۆکێش و لاتی ھەیە کە لەپێناوی باڵادەستی و کورسی و دەسکەوتدا، ئامادەی ھەموو ملکەچیەکە.
ئەوھۆکارانە وای کردوە ووڵاتانی پێشەسازی و باڵادەست بەپێی بەرژەوەندی و دەسکەوت و قازانج پەرستی خۆیان ناوچەکە داڕێژن و ھەمیشە لەناو گەمارۆیەکی دووبارەو چەندبارە بوەوەی شەڕوو پێکدادان و سڕینەوەدا ڕایگرن و بمێنێتەوە. بۆئەوەش ھێزگەلی تایبەتیان ھە کە ئەو سیاسەتانەیان بۆ جێبەجێبکات. لەلایەکی تڕەوە ھەندێ نەتەوە بەھۆی پێگەی سروشتی و دڵنەوازیانەوە کەوتونەتە داوی خۆشخەیاڵی و دۆستایەتیەوەو بەو ھۆیەوە خەڵەتاوو خاپێنراون و لەدژی یەکترین بەکار ھێنراون. بەنمونە سوارەی حەمیدی و کوشتاری ئەرمەن.
بێگومان بودەوڵەتانی زلھێز و سەرکەوتن لەو نەخشەیەدا پێویستە پاکتاوی ڕەگەزی و نەتەوەیی لەناوچەکەدا بکرێت، ئەویش لەڕێگەی شەڕو کوشتارەوەو بۆسەرکەوتنی پڕۆژەکەشیان پێویستە ناوچەکە تەخت بکرێت و بەرگریکاری تێدانەبێت، بۆیە زۆرێک لەنەتەوە دێرینەکانی ناوچە لەناوبران و یان گەیەنرانە لێواری لەناوچوون. بەڵام بۆ پێویستی بەکارھێنانی سیاسەتی کەروێشک و تانجیەکە بەتەواوی لەناو نەبران بەڵکو پڕزۆڵێکیان ھێشتونەتەوە، بۆکاتێک کە پێویستی سیاسەتی زڵھێزەکان بیخوازێت. وەک ئەرمەنیەکان، ئاشوری و کلدانیەکان، جولەکەکان، ھەرەدوایش گەلی کورد بوو کە بۆسڕینەوەو کوشتاریان ھەموو دونیا لەسەر یەک باوەڕن و کراوە بەیاسایەکی جیھانی. ھەر پڕکێشە ترین کێشەش کێشەی کوردە، کەوەک بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت" وەک بۆمبی ئەتۆمی لەژێر ئاشتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دانراوە" .
ھەرە دواین نەتەوەش کەپێویست بوو بسڕێتەوەو لەناو بچێت بۆ سەرکەوتنی ئەو نەخشە جەھەنەمیە نەتەوەی کورد بوو. بۆیە بۆئەو سیاسەتە گەلی کورد دابەشی سەر چوار دەوڵەت کراو لەھیچ یەک لەودەوڵەتانەشدا ناسنامەی پێنەدراو وەک ئەو بۆمبە تەوقیت کراوە ھێڵدرایەوە. ئەگەر سەیری ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە بکەین دەتوانین بەڕوونی ئەوسیاسەتی بەکارھێنان و گەمارۆیەی لەسەر تێکۆشانی گەلی کورد ھەیە ببینین، کەھەمیشە بۆ سات و سەودای دەسکەوت و قازانج، کڕین و فرۆشتن بە گەلی کوردەوەکراوە لەبەرامبەر وەرگرتنی پشکی دەسگەوتێک لە شوێن و جێگەیەک. بۆیە ئەگەر ببینیت لەپێناوی تێکشکاندنی ھێڵێ بەرخۆدانی کورداندا، ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی دونیایەک پشک و بەشی بە ھەموان داوە تا ھاوکاری بکەن ڵە تێکشکاندنی ٢٩یەمین بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورددا. بەو ھۆیەوەیە کە کێشەی کورد دوراییەکی جیھانی وەرگرتوەو بەرخۆدان و تێکۆشانەکەشی بەشەڕی سێھەمی جیھانی کۆتایی دێت و نەخشەێەکی نوێ کە دەبێت گەلی کوردی تێدابێت دەست پێدەکات.
ئەم شەڕەش ئەوروپا پەیوەنددار دەکات و بۆخۆشیان ئێستا تێدەگەن لەو گەمارۆیەی ڕوسیاو ئەمریکا دەیانەوێت بیخەنەسەر ئەوروپا.
بێگومان تێکۆشانی گەلی کورد لەدژی ئەو سیستەمەو ھەڵوەشاندنەوەیەتی، بۆیە بەتەواوی سیستەمە زلھێزەکان و دەوڵەتە پۆلیسیەکانی ناوچەکە کەوتونەتە دژایەتی و شەڕ لەگەڵیدا.ڕێبەریی تێکۆشانی گەلی کوردیش، پشتی بەکۆمەڵگەو ژیاندنەوەی کلتوری دێرینی ناوچەکەو گەلانی ناوی بەستوەو، لەبڕی ئەوەی پشت بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات ببەستێت( وەک چۆن لەمێژوودا زۆرجار وای کردوەو لەکۆتاییدا بوەتە قوربانی، سەڵاحەدین بەنمونە)، پشتی بەگەلان و پێکھاتە مێژوویەکانی ناوچەکە بەستوەو گەلی کوردی لەو یاریە ھەرزانە دەرھێناوە، کەلەکوێدا ویستیان بەکاریبێنن و لەکوێدا ویستیان کڕین و فرۆشتنی پێبکەن و لەکۆتاییشدا وەک ھۆکاری نائارامی و تێکدانی ئاشتی جیھانی بیناسن و کۆتایی پێبێنن. 
بۆیە گەلی کورد ئێستە خاوەنی پڕۆژەی چارەسەری کێشە دروستکراوە لەدەرەوە ھێنراوەکانە، بە پێکھاتە خۆجێی و مێژوویەکانی ناوچەکە، کە ئەویش پێکەوەژیانی گەلان و زیندوو کردنەوەی نەتەوەو ئەتنیک و ڕەگەزە دێرینەکانی وەک، ئەرمەن، چەرکەس، لاز، ئێزدێ، کاکەیی، مەسیحی، سابیئەوگێڕانەوەی جێگەیە بۆژنان و گەنجان و ھەموو پێکھاتەکانی تر. ھەروەھا ڕێگریە لە بەکارھێنانی گەلانی ناوچە لەدژی یەکدی و بێکاریگەڕکردنی دەوڵەت و دەوڵەتە پۆلیسی و شۆڤێنیستیەکانە، لەڕێگەی مافی بەڕێوەبەری و بەشداری و دامەزراندنەوەی نەخشەی نوێێ ناوچەکەو جیھان بەپێی پێویستی سیستەمی پێکەوەژیان و خۆبەڕێوەبەری لە کۆنفیدراڵیزمی دیوکراتیکدا، کەئەوە دورایی جیھانی بەخۆیەوە دەگرێت و سیستەمی جیھانی سەرمایەی ترساندوە.
لێرەوەیە کە تێدەگەین دوو شەڕ لەیەک کاتدا بەڕێوە دەچێت، شەڕێکیان شەڕی سێھەمی جیھانیە بۆدابەشکردنەوەی جیھان و دروستکردنەوەی دەوڵەتە پۆلیسیەکان و کۆتایی ھێنان بەمەرگی پێکھاتە بەرخۆدێڕەکانی ناوچەکە( ترامپ لەخۆوە ناڵێت عیراق وا وێران دەکەم کە ببێتە گەراجی سەیارە شکاوەکان)، شەڕەکەی تریان شەڕی ھێڵی بەرخۆدێری تێکۆشانی گەلی کوردە کەپشت بە گەلانی ناوچەکە و ئیرادەی خۆجێی دەبەستێت و پڕۆژەیەکی نوێی پێیە کەلەبەرامبەر پڕۆژەی دەوڵەت، یەک نەتەوە، سەرمایەو قازانج و نائارامی و شەڕو شۆڕدایە. بێگومان ئەوەی زڵھێزو ھێزە ئێمپریالیستی و دەوڵەتەکان پێیانە چارەسەری نیە ڕەچەتەی سەپاندنی دەسکەوت و قازانج و ملکەچیە. ئەوەی تێکۆشانی گەلی کوردیش پێیەتی چارەسەری ژیانێکی پێکەوەیی و ئارامیە کەدەستی قازانج پەرستی و کۆیلەیی کۆتایی پێدێنێت، ژنان لەکۆیلەیی ڕزگار دەکات و دەیانخاتەوە سەر پێگەی مێژژوویان، دینامیکیەتی کۆمەڵگە وەک خۆی دەژیەنێت، بۆیە دەڵەتە زلھێزەکان و دەوڵەتە ناوچەییەکان لەناو شەڕە سەپێنراوەکەی خۆیاندا، شەڕی ئیرادەی ئازادی گەلی کورد دەکەن( لە مەجلیسی ئەمن کە ئەمریکا دەڵێت ھێشتا کاتی ئەوەنەھاتوە بڵێین شەر ڕاگرن،لەخۆوەنیە)، کەشکاندنی ئەو ئیڕادەو دروستکردنی ئەوگەل و حەرەکەتەیە بەدەستەمۆیی و داڕشتن و سەپاندنی سیاسەتێکە بەگوێرەی خۆیان. لەکاتێکدا ئەوەیاننپێناکرێت دەبێت شەڕی بکەن بۆ ئەوەی بچوک و نەرم و بێھێزی بکەن.
ئەو شەڕوو بەرخۆدانەی ئەمڕۆ گەلی کورد دەیکات شەڕوو بەرخۆدانێکە لەپێناوی ئازادی وگەلانی ناوچەو مرۆڤایەتی ئازادیخوازدا. بۆیە بەھیچ شێوەیەک سەپاندن و تەسلیمیەت قبوڵ نەکات و لەپێناوی پڕۆژەی چارەسەری کێشەکانی ناوچەکەو جیھانیشدا کەمتر لەئازادی و پێگە بۆگەلی کورد ڕازی نابێت، شەڕ و ھاوپەیمانیەکان چی دەبن باببن. گەلی کورد شەڕی بڕواو ئیرادە دەکات جگەلەسەرکەوتنیش ھیچی تر ناناسێت و پەیوەنددارە بە ھەموو تاکێکی کوردو گەلانی ناوچەکەو ئازادێخوازانی جیھانیەوە.
ئەوەی دەگوزەرێت ئەو سیاسەتەیە کەلەسەر پەیڕەوی ملکەچی و ناکەم مانەوە بەڕێوەدەبرێت کە، کەروێشک ڕاکەو تانجی بیگرەیە، تێکۆشانی گەلی کوردیش لەدژی ئەو پەیڕەوە لەتێکۆشاندایەو ڕەش وسپی دادی ئەو سیاسەتە و پەیڕەوەی تێکۆشانی گەلی کورد نادات. پەیوەندی وناکۆکی دوانەیەکی بەڕێوەبردنی سەرکەوتوانەیە. کەپێویستە تاکی کورد لێی تێبگات و بیخوێنێتەوە. پەیوەندی وناکۆکینلەیەکی گرنگیشی ھەیە کە لە دۆگماتیزم ڕزگارت دەکات و ئەوەی کورد پێی دەڵێت"کەلە ڕەقی" کەبەڵایەکی خراپی پەیڕەوبوە کۆتایی پێ دێنێت و شتەکان وەک خۆی دەبینیت و بەکاردێنیت. 
بۆیە تێکۆشانی گەلی کورد چەند ئیرادەو باوەڕە، ئەوەندەش فەلسەفی و زھنیە. ھەر ئەوەی کەجێھانی کۆنی ترساندوەو تەنیا گەلێکی بەرخۆدێری پێشەنگی شکاندنی ئاوسیاسەتە مەرگ ھێنەیە.

چەند وتارێکی تر

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك