کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

'چاوپیاخشاندنێکی خێرا بە بارودۆخی نوێی کوردستان و عێراقدا'‌


لەم کات و ساتە گرنگەدا بارودۆخی هەرێمی کوردستان بە ئاقارێگ گەیشتوە ئیتر نە حکومەت و نە حیزبە سیاسیە کلاسیکیە کوردیەکان نوێنەرایەتی گەلی باشوور ناکەن. ئەمجارە خۆپیشاندەران درکیان بەم راستیە کردبوو بۆیە دەستیان لە هیچ حیزبێک نەپاراست و کەم تا زۆر زەبری خۆیان گەیاندە ئەوانەی کە بە پلانێکی هەمەلایەنە ۲٦ ساڵە یاری بە چارەنووسی گەل ئەکەن. خۆپیشاندەران نوێنەری راستەقینەی گەل بوون لە شەقامدا لە ئاڵۆزیەکانی ئەم دواییەدا، وە بەردەوام نوێنەرایەتی گەل و داواکاریەکانی ئەکەن. پەیامی ئەوان پەیامی گەل بوو بۆ دەسەڵاتی چەقبەستووی هەرێم. ئەوان بە حکومەت و بە پێنچ حیزبەکەیان ووت کە هەموو هەوڵەکان بۆ هێشتنەوەی ئەم حکومەتە شکستخواردووە بە بن بەست گەیشتووە و تاکە رێگە ئەوەیە کە ئەم حکومەتە کە بە بەشداری هەموو حیزبە کلاسیکیەکان پێکهاتووە هەڵبوەشێتەوە. نە حکومەت و نە حیزبەکان نوێنەرایەتی گەل ناکەن. ئەم حکومەتە چارەسەری داواکاری خۆپیشاندەرانی پێ جێبەجێ ناکرێت چونکە ئیتر داواکاری خۆپیشاندەران بۆ مووچە و بارو گوزەزانیان نیە بەڵکو داوا ئەکەن ئەم حکومەتە هەڵبوەشێتەوە، چونکە حیزب و حکومەتە بنکەفراوانەکەیان کۆمەڵگەی کوردیان بە ئاقاری گێژاو و کارەسات بردووە.
هۆکاری سەرەکی بە بن بەست گەیاندنی دۆخەکە بابەتی ریفراندۆم بوو کە حیزبەکان و حکومەت بە پێشەنگی بارزانی خەڵکی کوردستانیان بە زۆر ناچارکرد دەنگی پێبدەن. هەرچەندە ریفراندۆم مافی رەوای هەموو گەلێکە و گەلان ئازادن لە بریاردان لەسەر چارەنوسی خۆیان، بەڵام دەسەڵات بە تۆمەت بەخشینەوە و تەخوینکردنی ئازادیخوازان و خەڵکی شارەزا و پێشەنگ وایکرد کە خەڵکی ، کوردستان چاوترسێن ببن بە دەنگدان بە بەڵێ بۆ ریفراندۆمێک کەهیچ رێوشوێنێکی پێوستی بۆ فەراهەم نەکرابوو. ئەتوانرا بەجێی ئەم پرۆسە شکستخواردووە، مامەڵەیەکی زیرەکانەی سیاسی لەگەڵ بارودۆخەکە و ئەمەریکا و زلهێزەکانی تر بکرایە و بتوانرایە بارودۆخەکە بە قازانج و دەستکەوت بۆ گەلی کورد وەربچەرخێنرایە، لەجیاتی ئەوەی کارەساتی گەورەی وەک ئاشبەتاڵێکی تر بەسەر گەلی باشووردا بهێنن. هەر خۆی نامەکەی تیلەرسۆن ریفراندۆمێک بوو وە پەیمانێک بوو بۆ بە فەرمی ناساندن و دروستکردنی کیانێک بۆ کورد لە عێراقدا. دەوڵەتی ئیسرائیل لەسەر پەیمانی وەزیری دەرەوەی ئەوسای بەریتانیا لۆرد بالفۆرد دامەزرا کە لەنامەیەکیدا بۆ لۆردێکی جولەکە بەناوی لۆرد رۆثچایڵد ناردبووی. کێ ئەیزانی کە ئەمجارە نامەی وەزیری دەرەوەی زلهێزێکی وەکو ئەمەریکا نەئەبووە هۆکاری دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد لەناوچەکەدا؟ کورد بە سەرکردایەتی بارزانی نەیتوانی ئەو هەلە زێرینە بقۆزێتەوە و لە ئاکامدا زۆربەی دەستکەوتەکانی راپەرینی گەلیان لەدەستدا! بارودۆخە بەجۆرێکە ئێستا کورد لە ژمارەیەکی سەرەکیەوە لە عێراقدا گەیەنراوەتە ئاستێک کە وەکو ساڵەکانی پێش راپەرینیش حسابێکی بۆ نەکرێت و حکومەتی ناوەند وەکو تاوانباری جەنگ مامەڵە لەگەڵ کورد ئەکات. ئەمە خۆی کارەساتێکی گەورەیە. لێرەیا ئەگەر چارەسەریەک هەبێت یا نا، بەڵام کورد ئەبێت لەگەڵ بەغدا هەمئاهەنگیەک دروست بکات. رێککەووتنی توند و تۆڵ لەپێناو بەرژەوەندی گەلانی عێراقدا بکرێت. ئەم رێککەوتنە لەگەڵ بەغدا زۆر لە هەر رێککەوتنێک لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ باشترە. بەڵام ئاشکرایە ئەم رێککەوتنە بەم حکومەت و بەم دەم و چاوانەی ئێستا ناکرێت و بەغداش ئامادەنیە لەگەڵیان دانوستاند بکات. ئەم دەسەڵاتە خۆی ۲٦ ساڵە بەخواری هاتووە، بۆیە ناتوانێت بەم خواریەوە هیچ جۆرە رێککەووتنێک لەگەڵ هیچ لایەنێک بکات. کەواتە ئەبێت حکومەتێکی نوێ و کۆمەڵێ دەموچاوی نوێ لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا چارەسەربکەن. ئەگەر زۆر بە ژیرانە و تەنها بەرژەوەندی گەلان بە کورد و عەرەب و تورکمان و ئاشوری و کلدان و هەموو ئەوانیتر لەبەرچاوبگیرێت، ئەتوانرێت چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە و ئاشتەوایی گەلان بەدەست بخرێت و هەمووان لە عێراقێکی یەکگرتوودا سودمەندببین.
بۆ چارەسەری هەنوکەییش واتە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گشتی نوێ کە نزیکەی ۳ مانگ بەسەر کاتی یاسایی خۆیدا تێپەڕیووە، ئەکرێت حکومەتێکی کاتی دروست بکرێت بۆ راپەراندنی کارەکانی هەرێم هەتا هەڵبژاردنێکی بێ خەوش و نوێ ئەنجام ئەدرێت. ئەم حکومەتە کاتیە ئەبێت لە هەموو لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی بێ لایەن و مامۆستا و رۆشنبیرەکان و ئەکادیمستەکان پێکبهێنرێت بە چاودێری یۆنامی. ئەم حکومەتە ئەرکی پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران لە دەنگە ساختەکان و مردووەکان، دروستکردنی کۆمیسیۆنێکی نوێی هەڵبژاردن، چونکە ئەم کۆمیسیۆنەی ئێستا حیزبیە و ناتوانێت لە ژێر هەژمونی بنەماڵەکان بێتە دەرەوە، لە دوایدا پرۆسەی هەڵبژاردنێکی بێ خەوش لەئەستۆ ئەگرێت، بەسەرپەرشتی و چاودێری، یۆنامی، حکومەتی ناوەندی و ووڵاتانی جیهان.
دروستکردنی حکومەتی رزگاری نیشتمانی هیچ لەمەسەلەکە ناگۆرێت تەنها جێگەی حکومەتێکی شکستخواردوو بە حکومەتێکی تر ئەگرێتەوە کە لە کۆتاییدا ئەمیش دووچاری هەمان کارەسات ئەبێتەوە. حیزبە سیاسیەکان کە داوای حکومەتێکی لەو جۆرە ئەکەن نیازیانە بە هەمان سیستەمی شکستخواردووەوە درێژە بە حوکمی خۆیان بدەن، ئەوەی ئەوان ئەیانەوێ بیگۆڕن تەنها دەم و چاوەکانە و خۆیان سەرپشک بن لە بەرێوەبردنی ئەو حکومەتە و هێشتنەوەی ئەو سیستەمە، کە ئاشکرایە چارەی هیچ کێشەیەکی لەهەرێمدا پێ ناکرێت. چونکە سیستەمەکە لەسەر بنەمای پیاوسالاری و خێڵەکی و دەسسەڵاتدارێتی چینی سەردەست و خاوەن بەرژەوەندی دامەزراوە، لەم سیستەمەدا مافی گەنجان و ژنان و مناڵان و چینی کرێکار و جوتیار و زۆرلێکراوان بن پێ ئەخرێت و بەرجەستە ناکرێت. پێویستە سیستەمێکی لامەرکەزی لەژێرەوە بۆ سەرەوە بەشێوەی هەرەمێکی هەڵگەراوە دروست بکرێت کە لوتکەی هەرەمەکە گەل بێت نەوەک دەسەڵاتدارێکی خۆسەپێن. داواکاری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەژێرەوە بۆ سەرەوە بەرزبکرێتەوە و دامو دەزگاکانی حکومەت لەسەرەوە ئەرکی جێبەجێ کردنی داواکانی گەل بگرنە ئەستۆ. بۆ چارەسەری ئەم گێژاوەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق و ناوچەکەش پێشنیاری سیستەمی کۆنفیدرالی دیموکراتی کە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان لە دوورگەی ئیمرالی گەڵاڵە و ئامادەی کردووە ئەکەم و گرنگە گەلانی ناوچەکە ئەم پێشنیارە بە هەند وەربگرن.

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك