کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

'کارەساتی بەشودانی مناڵانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵ'‌


بەبۆچوونی من و بە بۆچوونی زۆر لە خەڵکیش بەوانەشەوە کە شارەزاییان لە بابەتەکەدا هەیە، بەشودانی کچانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵ کێشەیەکی ئێجگار گەورەیە و کارەسات بەدوای خۆیدا ئەهێنێت. لە ڕووە مێژووییەکەیەوە بێ چەند و چوون، گەڕانەوە و پێچەوانەکردنەوەی هەنگاوە مێژووییەکانی مرۆڤایەتیە بۆ سەدەکانی تاریکی کە تیایاندا مرۆڤایەتی دووچاری کارەساتی گەورە ببوو بەهۆکاری تێنەگەیشتن و کاڵفامی کۆمەڵگەوە. سەرەڕای ئەوەش گەڕاندنەوەی ئەو زهنیەتەیە کە هیچ نرخێکی بۆ ژن وەکو مرۆڤ و بەشدارێکی مەزنی بە کۆمەڵگە بوون دانەدەنا و ژنیان وەکو کەرەستەیەکی چێژ لێوەرگرتن و دەزگایەکی دروستکردنی وەچە بەکاردەهێنا.
هەرچی ڕووە یاساییەکەشیەتی، بەشودای کچانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵیەوە، تاوانێکی گەورەی یاساییە و وەکو خراپ بەکارهێنانی (Abuse) مناڵان چاوی لێئەکرێت، چونکە دەرگا لەسەر مەسەلەی لاقەکردنی (rape) مناڵان لەلایەن بەناو مێردەکانیانەوە ئەکاتەوە. لەوەش کارەساتر و دژ بە یاساتر ئەوەیە کە ئەم بەناو هاوسەرگیریکردنە شێواندنی جەستەی بچوک و نەرمۆکی مناڵانە و رێگە خۆشکەرە بۆ بڵاوبوونەوەی لێدان و توندوتیژی سایکۆلۆجی و جەستەیی دژی ژنان و مناڵان.
راستیەکی حاشاهەڵنەگری بایۆلۆجی و پزیشکی گرنگ هەیە کە لەسەر بنەما و لێکۆڵینەوەی زانستی سەلمێندراوە کە پەیوەندی سێکسی لەگەڵ مناڵان دەرد و بەڵای شێرپەنچەی رەحم و زێ ئەهێنێتە ئاراوە. سەرەڕای کارەساتی سکپڕبوونی هەرزەکاری، کە ئەگەری مردنی پێش وەختەی مناڵان زیاتر ئەکات، واتە ئەگەری هەیە ببێتە هۆکاری کارەساتی بەسەر مناڵ رۆشتنەوە لە کچانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵی. زیاتر لەوەش تاقیکراوەتەوە و سەلمێندراوە کە هەر ئەم جۆرە سێکسکردنە لەگەڵ کچانی مناڵدا بۆتە هۆکارێکی سەرەکی لە تووش بوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز و نەخۆشیەکانی تر کە لە رێگەی سێکسەوە ئەگوازرێنەوە.
لێرەیا سەرنجی خوێنەر بۆ بابەتێکی پڕ مەترسیتر رائەکێشم کە ئەویش تێکدان و خاپورکردنی تەندروستی سایکۆلۆجی ئەو مناڵانەیە کە دووچاری کارەساتی بەشودانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵی ئەبنەوە. لێرەیا، کارەساتەکە زۆر کون و قوژبنی تاریک و بێ بنی لەخۆگرتووە، هەر لە رووخاندنی کەسایەتی و ناخی ئەو مناڵە هەتا کردنەوەی دەرگا لەسەر چەندەها نارێکی دەرونی کە چارەسەریان لە زۆر حاڵەتدا مەحاڵە و لەئەنجامدا کارەساتی جەرگبڕی وەکو مردنی لێئەکەوێتەوە.
لەکۆتاییدا ئەتوانم بڵێم، گەڕاندنەوەی کۆمەڵگە بۆ سەدە تاریکەکانی مێژوو و بەزۆر بەشودانی کچان و بەتایبەتی کچانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵ و تەنانەت ژن بۆهێنانیش بۆ کوڕانی مناڵ، هەنگاوێکی مەترسیدارە و زەنگێکی زۆر ترسناکە بۆ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەو هۆکارەی کە ئەبێتە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نەخۆش لە رێگەی نەخۆش خستن و داڕوخاندنی کەسایەتی تاکەکانیەوە. لەکۆتاییشدا هەر خۆی بەناو هاوسەرگیرکردنی مناڵانی خوار تەمەنی ۱۸ ساڵ، توندو تیژیە بەرامبەر بە مرۆڤ بە گشتی و ژنان و مناڵان بەتایبەتی.
دوا بەدوای دەوڵەتی عێراق، دەنگۆی ئەوە هەیە کە دەوڵەتی تورک و ئاکەپەش بریاریان داوە کە بەشودانی مناڵانی خوار تەمەنی ۱۸ و هەتا ۹ ساڵان بەیاسایی بکەن. ئیتر چارەنووسی مرۆڤەکان و بەتایبەت ژنان لە رۆژهەڵاتی ناوین بە پێشەنگایەتی دەوڵەت ـ نەتەوەکانی ئایینگەرای شۆڤێنی رەش و رەشتر ئەبێت.

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك