کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

گفتوگۆیەک لەگەڵ ئەفسەرێکی پۆلیسی بەریتانی‌

'

لە ساتی داخڵ بوونمان بۆ خاکی بەریتانیا لە بەندەری دۆڤەر، فرسەتێکی باش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پیاوێکی دەوڵەتی دروست بوو.
ئوتومبێلەکان بە بەردەم کۆمەڵە مەئمورێکی باج و پۆلیسی دژە تیرۆر و کاربەدەستانی دائیرەی کۆچدا بە هێواشی تێپەڕ ئەبن و ئەوانیش خۆش خۆش لە ناوەندێکی کەمێک بەرز و لە شێوەی فلکەدا بۆ ئوتومبێل و سەرنشینەکانیان ئەڕوانن. هەر کە گومانیان لە یەکێک بوو، نیشانەکەی دەستی بەرز ئەکاتەوە و تۆش سوک و باری لەو لاوە بۆیان ڕائەوەستی و ئیتر ئەوانیش ئەکەونە وێزەت. لە کوێوە هاتویتەوە؟ هەرئەم دوانەن؟ بەڵێ، کەسی ترتان لەگەڵ نیە؟

بە فرسەتم زانی و هەوڵمدا کەمێک مناقەشە دروست بکەم، خۆ ئێمە تازە هەر ڕاگیراوین!
من: ئۆفیسەر ئەتوانم بپرسم بۆ لە ناو ئەو هەموو ئوتومبێلە تەنها ئێمەتان ڕاگرت؟
ئۆفیسەر: تەنها پشکنینێکی ڕۆتینیە و پەیوەندی تەنها بە ئێوەوە نیە.
من: ئەی هیچ پەیوەندی بەم قژە پڕە رەشەی منەوە نیە؟
ئۆفیسەر: پێکەنی، بۆ قژت چیەتی؟
من: رەشە، وەکو ئەیبینیت.
ئۆفیسەر: هی منیش قاوەییە.
من: نەخێر بەرێزت بڵۆند(زەرد) یت.
ئۆفیسەر: پێم وایە نزیکەی ۱٠ مانگە شانشینی یەکگرتووت بەجێهێشتووە. ئێستا لە کوێوە ئەگەڕێیتەوە؟
من: لە عێراقەوە!
ئۆفیسەر: (بەسەر سوڕمانەوە) خودی عێراق؟!
من: بەڵێ، لەشاری سلێمانیەوە.
ئۆفیسەر: ئەوێ چۆنە؟
من: هیچ عەیبی تیا نابینم، شتێکی ئەوتۆ نیە شایانی سەرنج بێت.

پاش هەندێ پرسیار و وەڵامی تر...
ئۆفیسەر: ئەبینم لەسەر پاسپۆرتەکەت نوسراوە، دکتۆر. دکتۆری چیت؟
من: دکتۆرام لە زانستی کیمیادا هەیە.
لێرەوە ئیتر کێشەکە دەست پێ ئەکات، موسوڵمان، سەر ڕەش، خەڵکی عێراق، دکتۆرا لە کیمیا (بارووتوو و تەقەمەنی)؟ ئاخر خۆم ئەم فیلمەم چەند جاری تر بینیوە.
ئۆفیسەر: تکایە لە ئوتومبێلەکەت وەرە دەرەوە با سندوقەکەت بپشکنم، دکتۆر.
من: بەڵێ فەرموو.
ئۆفیسەر: شتێکی ئاساییە، ئێمە ئەرکی خۆمان بەجێ ئەهێنین و ئەمانەوێت سەلامەتی گیانی هەمووان مسۆگەربکەین.
من: جەنابی ئۆفیسەر پێت وایە لێرە ئەتوانی سەلامەتی گیانمان مسۆگەربکەیت؟ ئەزانم ترست لە کێیە. بەڵام ئێمە کوردین، خۆت ئەزانیت تەنها ئێمە بووین بەسەر زەمینی، داعشمان تێکشکاند و مەترسیمان لەسەر هەموو جیهان و مرۆڤایەتی کەمکردەوە.
ئۆفیسەر: بەڵێ تەواو هاوڕاتم.
من: ئەی ئێوە چیتان کرد بۆ عەفرین؟ بە بەرچاوی هەمووتانەوە ئەردۆغان عەفرین و خەڵکەکەی وێرانکرد، ئێوە چیتان ووت؟ هەڵبەت هیچ. لەپاداشتی ئەوەی ئێمەی کورد، داعشمان بۆ لە ناوبردن، تەرێزا مەیی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە تەنیشت ئەردۆغانەوە دانیشت و خەباتی ڕەوای گەلەکەمانی بە تیرۆری کوردی ناو برد؟ یان سدیق خانی پارێزگاری لەندەن، چووە مزگەوتێکی تورکان و لەوێ کەوتە هێرش کردنە سەر پەکەکە و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد؟

فرسەت بوو، بەردەوامیم بە قسەکانم دا...
من: جاران شانازیم ئەکرد کە هاوڵاتیەکی بەریتانیم، بەڵام ئێستا بەو شێوەیە نەماوم.
ئۆفیسەر: ئۆ! بۆچی؟
من: ئامادەبووم دەستبەرداری ئەو راستیە ببم کە بەریتانیا لە مێژوودا کوردی پارچە پارچە کرد و ئەم کارەساتەی لە جەستەو دەروونی ئێمەیا خولقاند، بەڵام خۆ هەر بەردەوامە لە کارەسات خولقاندن. سیاسەتی بەریتانیا و تەرێزا مەی بۆگەنی لێ دێت، بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی لە فاشیزم و دیکتاتۆرەکان ئەکەن. ئێوە نازانن کە ئێستا لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیکتاتۆرێک خۆی دروست ئەکات؟ هەتا کەی لێی ڕاناپەڕن؟ بۆچی هەتا ئێستاش چەکی پێ ئەفرۆشن؟ پێت وانیە خوێنی ئەو هەموو مناڵانەی عەفرین و سوریا لە ملی ئێوەش بێت؟

کەمێک بۆی وەستام هەتا وەڵامدانەوەی ئۆفیسەرەکە بزانم، هەستم کرد ئەیەوێت زیاتری گوێ لێ بێت.
من: مناڵێکی عەفرینی چ تاوانێکی کردووە بە تۆپ و تەیارەی ئێوە ماڵەکەی کاول کرا، دایک و باوکی شەهیدکرا، بە خوێن و خۆڵ و ئازارەوە بەپێی خۆی ئەچێت بۆ نەخۆشخانە. لە ووڵاتی ئێمە مناڵ ئەبێت وەک گەورە مامەڵە بکات و رێگەی نەخۆشخانەکان بزانێت. تۆ مناڵت هەیە ئۆفیسەر؟
ئۆفیسەر: بەڵێ
من: کەواتە ئەشزانی لەم ووڵاتە چۆن ژیانیان ئەپارێزرێت و لە قوتابخانە چیان لەگەڵ ئەکرێت.
ئۆفیسەر: بەڵێ.
من: ئەی ئەگەر قوتابخانەکەی بە بۆمبی ئێوە وێران کرابێت، ئەی ئەگەر باوکی شەهیدی شەڕی داعش و پاراستنی مرۆڤایەتی بێت و دایکیشی بە چنگە کڕێ نەتوانێ پارچە نانێکی بۆ دابین بکات، بیخوات؟ 
ئۆفیسەر: کارەساتە!
من: بەریتانیا لە مێژووشدا ئاوای کرد، کاتێک هیتلەر لە ساڵەکانی ۳٠ یەکاندا لە برەودا بوو، بەریتانیا ووتی من حەقم بەسەریەوە نیە. پێم وابێت نەڤڵ چەمبەرلاین بوو سەرۆک وەزیرانی ئەوسا. کەچی لە دواییدا کە هیتلەر دەستی کرد بە ماڵوێرانی لە ئەوروپا ئنجا بە پەلە کەوتنە خۆتان. ٥٠ ملیۆن مرۆڤ تیاچوو، ۸ ملیۆن جولەکە و قەرەج و خاوەن پێداویستی تایبەت و هاوڕەگەزباز بە گاز خنکێنران. ئێستاش ئەتانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمان سیناریۆ دووبارە بێتەوە؟ ئنجا رێگە بە ئەردۆغان ئەگرن؟ ئێوە ئەزانن کە لەم ساتەی ئێمە قسە ئەکەین، سوپای تورکیا هەناوی خاکی عێراقی بەزاندووە و کوشتار ئەکات، دەغڵ و دان و دار ئەسوتێنێت، هاووڵاتی سڤیل شەهید و ئاوارە ئەکات؟ کەی قسەیەک ئەکەن؟ ئەمە تەنها لەبەرئەوە نیە کە بەریتانیا ۲ پاوەندی دەست بکەوێت لە فرۆشتنی چەک بە تورکیا؟
پاش کەمێک وەستان... بۆ ئەوەی سەنگی قسەکانم تەواو ڕۆبچێت.
من: بەرێز ئۆفیسەر کە ئەمە سیاسەت و هەڵوێستی بەریتانیا بێت و خەڵکەکەشی ڕازی بن بەوە و تێکڕا دەنگ بۆ تەرێزا مەی بدەن، من بۆچی شانازی بکەم کە بەریتانیم؟
ئۆفیسەر: بەداخەوەم کە مەجبورکراویت وا هەست بکەیت. من زۆر لە قسەکانی تۆوە فێربووم. کێشەی ڕای گشتی بەریتانیا ئەوەیە کە ئەوەندە بە پەیداکردنی بژێوییەوە سەرقاڵ کراوین، ناپەرژێینە سەر ئەم جۆرە بابەتانە. پێمان وایە جیهان بێ کێشەیە.
ئۆفیسەر: ئەی ئامۆزاکەت کە لەگەڵتە، ئەویش وا هەست ئەکات؟
من: بەڵێ. ئەو هاوژین و مناڵێکی بچوکی لە سلێمانی بەجێهێشتووە. حکومەتی بەریتانیا رێگە نادات بیانهێنێت بۆ لای خۆی بۆ بەریتانیا. ئەم خۆی چەند ساڵە هاووڵاتی ئێرەیە. حکومەت داوای چەندها بیانوو ئەکات. ئەبێت ساڵی ئەوەندە پارەی دەست بکەوێت، خانووەکەی ئەوەندەبێت، هەتا دوایی. ئەمە کارەساتە، رێگەنەدەیت هاوڵاتیەکی بەریتانی ژن و مناڵەکەی بهێنێتە ووڵاتەوە.
ئۆفیسەر: ڕاستە هاوڕاتم. پێم وابێت سەلامەتە ئەگەر بڵێم بەرێزت مرۆڤێکی ئاشتیخوازی دژ بە دامودەزگا و دەوڵەتیت؟
من: من دژی یاسا و پۆلیس نیم، بەڵام پێم وایە لە هەر کوێ یاساکان زۆربوون، بایی ئەوەش ئەخلاق لە پاشەکشێدایە. من تەنها نابێت بە هۆی یاساوە رێگری لە خۆم بکەم بۆ ئەوەی تاوانێک ئەنجام نەدەم. نەکردنی تاوان ئازایەتی نیە، بەڵکو رێگەگرتن لە تاوان و هەڵوێست وەرگرتن ئەوەیان مەردێتیە. من ئەگەر ئەخلاقم هەبێت، یاسا و پۆلیس و دەوڵەت و زیندانم بۆچیە؟ جەنابی ئۆفیسەر لەگەڵ رێزم بۆ بەرێزت، بەڵام من دەوڵەت بەسەرچاوەی نەهامەتی و کارەسات ئەبینم.
ئۆفیسەر: بەراستی هەرگیز خەیاڵم نەئەکرد کە رۆژێک ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ کوردێک بکەم، بەریتانیا هەمیشە ووڵاتی خۆتە، فەرموو ئەوە پاسپۆرتەکەت، هیوای رۆژێکی خۆشتان بۆ ئەخوازم. هیوادارم کە کوردەکان ئارامی بدۆزنەوە، چەندە سەرسامم کە گوێم لەم هەموو رووداوانە ئەبێت. سەرکەوتووبیت لە ژیانتا دکتۆر.
ڕووی کردە ئامۆزا دڵشاد و ووتی: هیوادارم بە زووترین کات بە خێزانەکەت شادبیتەوە، بەخێربێنەوە بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کە تیایدا هەموو کەسێک فرسەتێکی پێ ئەدرێت.
ئێمە: رۆژێکی خۆش ئۆفیسەر، سوپاس بۆ گوێگرتنت
ئامۆزا دڵشاد: خوا ئاگادارە ئەو ئەفسەرە قوربەسەرەت تەزان، سست ببوو، تەنها گوێی ئەگرت و هیچی نەبوو بیڵیت.
من: ئاخر خۆ هیچ نەبێت بابەتە سەرەکیەکەمان لەبیر بردەوە (پشکنین و لێکۆڵینەوە). وانەبوایە دار و بەردی پێ دائەگرتین. لە جیاتی ئەوەی ئەو لە ئێمە بکۆڵێتەوە، ئێمە ئەومان بە پرسیار و وەڵام بۆردوومان کرد. کورد تازە هیچ حەلێکی نەماوە.

دکتۆر شوان عەبدوڵا حەمەد
لە شاری گریمزبی، شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.
لێرە هەموو کەسێک فرسەتێکی پێ ئەدرێت.
۱۸ی ۸ی ۲٠۱۸

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك