کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

'ئۆجالان و دەمیرتاش، چۆن بوون بە رەمز بۆ 'گۆڤەن'ە سوور و خزمەکانی'‌



ئەگەر گیتارەکە نەبوایە باوەڕم نەبوو ئەم چیرۆکە هەر لە سەرەتاوە دروست ببوایە؛ بەڵام ئیتر رێکەوت لە رێگەی گیتارێکی مناڵانەوە ئیرادە و خۆراگری گۆڤەن و خزمەکانی بۆ دەرخستم.
لە ووڵاتی یۆنانی کۆن و لانکەی شارستانی و فەلسەفە؛ 'پایۆنییر' داهێنەری دیموکراسی، بە ئوتومبێڵ داخڵی ئەو جوگرافیایە بووم کە ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەرەنسی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و کەوتنی 'پیاوە نەخۆشەکەی' عوسمانی و لە پەیمانێکی شووم و شەڵاڵ بە غەدری 'سایکس_بیکۆ' دا، بە زۆر پێکەوەلکاندیان و بێ گەڕانەوە بۆ جیاوازیە کەلتوری و زمانی و چاندیەکانی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە، ناویان لێنا 'تورکیا'. لەوێ دوای جێبەجێ کردنی ڕێوشوێنە یاساییەکان، لە کۆتا پەنجەرەی دائیرەکە، فەرمانبەرێک بە لەهجەیەکی کرمانجی پرسی "شوان عەبدوڵا؟" ، منیش ووتم بەڵێ و ئەو بە کوردی ووتی "سەرچاڤا". منیش ووتم "بەرێزت کوردی؟"، ووتی "بەلی، کوردم و تە بەخیرهاتی" منیش زۆر سوپاسم کرد و تێپەڕبووم.

پاش زیاتر لە ٦ کاتژمێر ئوتومبێل لێخوڕین، برسێتی و ماندووێتی زۆری بۆ هێنابووم بۆیە لە شوێنی حەوانەیەک لە نێوانی شاری ئەنقەرە و ئیستانبول ئوتومبێلم ڕاگرت و دابەزیم. هەریەکسەر ۲ مێرمناڵی چڵکن و داماو بەرەو پیرم ڕایان کرد و بە تورکی سڵاویان لێکردم. هەرچەندە زانیان تورکیەکەی من لە چاک و چۆنی زیاترنیە، کەچی هێشتا بەردەوام بوون لەسەر قسەکردن لەگەڵم. لێیان تێئەگەیشتم کە ئەیانەوێت ئوتومبیلەکەم بۆ بشۆن و ئیشێکی رێک و پێکم بۆ ئەکەن. لەناو خۆیانا بە زمانێکی تر جگە لە تورکی قسەیان ئەکرد. کە گوێم بۆ ڕاگرتن، خۆ ئەمە کوردیەکەی خۆمانە. هەڵبەت بە تێکەڵاوی لەگەڵ تورکی. منیش بە کوردی پرسیم "ئێوە کرمانجن؟" ، ووتیان "بەلێ، تۆش کرمانجی؟" ئیتر لەوێوە دەستمان کرد بە گفتوگۆ...
یەکێک لەو کوڕە مناڵانە سوورەیەکی چاو شین بوو، زۆر لاسار و ووریا دەرئەکەوت، بۆم دەرکەوت ناوی 'گۆڤەن' ە و ئامۆزای ئەویتریانە کە ناوی 'عومەر'ە؛ کەچی بە پێچەوانەی 'گۆڤەنە سوور' عومەر رەشتاڵەیەکی کەمێک شەرمن بوو، لەبەر خۆری ئەو گەرمایە، ئەوەنەی تر ڕەش ببوو. لە هەمان کاتدا، ڕوانیم، لەولاتر، کورێکی هەرزەکاری ریشنی بێ تاقەت، دانیشتبوو، کە تەماشاییم کرد، زەردەیەکی بۆ کردم و ووتی "ببورە هەڤاڵ، ئەوانە خزمی منن و لەگەڵم لێرە ئوتومبیل ئەشۆین، پێم وایە ئیزعاجیان کردیت". هەڵبەت من وا تێگەیشتم، ئەگینا خوا هەڵناگرێ کرمانجیەکەی ئەم زۆر قورستر بوو. دەستم برد تەوقەو سڵاومان کرد و دوای چەند پرسیار بۆم ڕوون بۆیەوە کە ئەوان کوردی ناوچەی 'ئادیامان' ی نێوان 'ماڵاتیا' و 'ئورفا'ن و بۆ بژێوی هاتوونەتە ئەم ناوچەیە. ئەویش کە زانی من خەڵکی سلێمانیم، زۆر پێی خۆشحاڵ بوو. بۆیە ووتی "من ناوبانگی سلێمانیم بیستووە، ئەڵێن زۆر خۆشە"، منیش ووتم "بۆ من، بەڵێ خۆشە، بەڵام راستی ئەویش تەنها شارێکە وەکو ملیۆنان شاری دنیا". بەهەرحاڵ، من چووم بۆ نان خواردن و بەوانیشم ووت "کە ئەتوانن ئوتومبیلەکەم بۆ بشۆن".

پاش کەمێک گەرامەوە و بینیم ئوتومبێلەکە وەک خۆم ئەڵێم 'بۆیان کردبووم بەگوڵ'. پاش دەستخۆشی، حەقدەستەکەم پێیان و خۆم بۆ رۆشتن ئامادەکرد. لەو کاتەیە گۆڤەنە سووری لاسار سەری هێنایە ناو ئوتومبێلکە و چاوی بە ناویدا ئەگێڕا، کاتێک گیتارەکەی بینی، ئیتر کەوتە پاڕانەوە ولاڵانەوە هەتا گیتارەکەی بدەمێ. ئەیووت "هەڤاڵ وەڵا من زۆر حەزم لە مۆسیقایە و ئەمەوێت ئەوە لێ بدەم". نەشیئەزای ئەوە، گیتارە! ئەم گیتارەش لەراستیا موڵکی کاکە ژینۆی کورمە و ئەویش بەخشیبووی بە ئامۆزا و پورزاکانی، هەر کەسێکیان بیانەوێت، بۆیە کەمێک ۲ دڵ بووم لە بەخشینی. بەڵام کار گەیشتە ئەوەی گۆڤەنە سوور ووتی "هەڤاڵ دەستی تۆ ماچ ئەکەم ئەوە بدە بە من"، لە راستیا زۆر خراپ لێی تووڕەبووم، ووتم "هەرگیز ئەو قسەیە نەکەیت و هەرگیز دەستی هیچ کەسێک ماچ نەکەیت" ووتی "باشە پەیمان بێت وا ئەکەم بەڵام تۆ ئەوە بدە بە من". تەواو منیش دڵم نەرم بوو کە گیتارەکەی بدەمێ، دوا جار پەیمانێکی زۆر باشیشم لە ئەنجامدا لێی دەستکەوت بوو.

ویستم برۆم بەڵام کورە گەنجەکەی خزمیان هاتە پێشەوە و زۆر سووربوو لەسەر ئەوەی کە چەند چایک بێنێت و پێکەوە بیخۆینەوە. منیش هەرچەندە پەلەم بوو بەڵام نەمئەتوانی ئەم دۆستە نوێیانەم هەر ئاوا بە ساردی بەجێ بهێڵم. بۆیە ئەو چوو ریزێک چا بێنێت و منیش لەگەڵ عومەر و گۆڤەن بەردەوامیم بە قسە دا و ئەوانیش یاریان بە گیتارەکە ئەکرد، جارێک عومەر و جارێکی تر گۆڤەن هەوڵی ژەنینیان ئەدا. کورە گەنجەکە گەڕایەوە و چوار چای رەشی سەربە هاڵاوی لەگەڵ چەند دانە شەکری سپی سپی هێنابوو.
کە دانیشتین بۆ چا خواردنەوە و گفتوگۆ، کورەکە ئاگاداری مێرمناڵەکانی کرد کە هۆشیاربن دەنگە دەنگ زۆر نەکەن، پاترۆنەکە 'خاوەن کار' لێیان توڕە ئەبێت. ووتی " چاو لەوە مەکەن هەڤاڵ (مەبەستی من بوو) لەگەڵمان باشە، چونکە هەڤاڵ لە خۆمانە (کوردە)، ئەگینا پاترۆن لێمان توڕەئەبێت".

لەو کاتەیا کە گۆڤەنە سوور گیتارەکەی بەدەستەوە گرتبوو و خەریکی ژەنینی بوو (هەڵبەت بە حسابی خۆی، ئەگینا لە من باشتری لێ نەئەزانی!) گوێم لێ بوو بە عومەری خزمی ئەوت "من موسیک لێئەدەم، من ئێستا وەک دەمیرتاشم. لەراستیا من ئێستا دەمیرتاشم". بەراستی زۆر سەرسام بووم بەم قسانەی، بۆیە ووتم "گۆڤەن دەمیرتاش کێیە؟"، ووتی "ئەو سەرۆکی ئێمەیە، ئێستا لە زیندانە". کورە گەنجەکە بەچاوێکی گومان و ترسەوە تەماشای منی کرد و ووتی "هەڤاڵ، تۆ هەدەپە نیت؟". منیش زەردەخەنەیەکم کرد و ووتم "نەخێر، من هەدەپە نیم، چونکە، زۆرم ماوە خۆم وەک هەدەپەییەک بناسێنم". کورەکە ووتی "ئێمە هەموو هەدەپەین، دەمیرتاش سەرۆکی ئێمەیە، ئەو بۆ ئێمە لە زیندانە". ووتم "راست ئەکەیت، ئەو بۆ منیش لە زیندانە".
پاش هەندێ گفتوگۆی تری لەو جۆرە و چا خواردنەوە و چرکاندنی هەندێ وێنە، من مۆڵەتی رۆشتنم لێ خواستن. کورە گەنجەکە زۆر بە گەرمی دەستی گوشیم و زەردەخەنەیەکی بە زۆر کرد، هەستم کرد دڵی پڕ بووە و چاوەکانی تەڕایی تێکەوتبوون. بە هەمان شێوەش گۆڤەن و عومەر وەک شێر دەستیان هێنا و تەوقەیان کرد و ماڵئاواییان لێکردم. هەستم ئەکرد نازانن چۆن سوپاسم بکەن بۆ گیتارەکە. منیش بە هەمان شێوە نەمئەزانی چۆن سوپاسیان بکەم بۆ ئەو میوانداریە گەرمەیان. ئاخر زۆر سەیرە هەمیشە هەژارەکان دڵیان باشتر و سەغاوەتترن و کەمترین شتیان کە هەبێت ئامادەن بیبەخشن. ئەو چایەی ئەوان بۆ منیش و بۆ خۆشیان زۆر زۆر بوو.

جوڵەم بە ئوتومبێلەکە کرد و لەگەڵیا دووبارە خواحافیزیم کرد، ئەوان، هەر سێکیان ۲ مێرمناڵ و هەرزەکارێک بە بەرچاوی ئەو هەموو خەڵکەوە (تورک) بە بێ هیچ دوودڵی و ترسێک، دوو پەنجەی نیشانەی سەرکەوتنیان بەرزکردەوە و هەرسێکیان پێکەوە وەکو کۆرسێک ووتیان "بژی سەرۆک ئاپۆ". من تاسام و ئوتومبێلیش جوڵا، قوڵپەی گریانیش رێک هەتا ناو قورگم و سەر لوتم هات و چاویشم چەند دڵۆپیێکی بینی! هەرچەندە تەواو بێ فکر مابووم، بەڵام لەبەر خۆمەوە و بە بێ دەنگی ووتم "ئەی ئافەرین، با هەر بژی سەرۆک ئاپۆ". ئاخر ڕاستە، ئەگەر ئاپۆ نەبوایە، نەک گۆڤەنە سوور و خزمەکانی، بەڵکو باوک و باپیریشیان هێشتا خۆیان بە تورکی شاخاوی ئەزانی و شەرمیشیان ئەکرد ئەسڵەن هەر بڵێن کوردین. ئەگەر ئاپۆ نەبوایە، ئێستا نە دەمیرتاش ئەبوو، هەتا ئەوان بەسەرۆکی خۆیانی بزانن و نە زیندانیش بەم چەشنە ئەبوو بە جێگەی بەرەنگاربوونەوە. ئەمەیە هۆکار کە ئۆجالان و دەمیرتاش بوون بە رەمز بۆ گۆڤەنە سوور و خزمەکانی. دڵنیاشم هەر لەبەر ئەمە بوو کە فەرمانبەرە کوردەکەی سنوری 'تورکیا' و یۆنانیش کە تێپەڕ بووم و سوپاسم کرد، ئەویش بەدەم زەردەخەنەیەکی هیوابەخشەوە و لەبەر خۆیەوە و بەڵام چرپەئاسا، هەر وەک گۆڤەنە سوور و خزمەکانی، ووتی "بژی سەرۆک ئاپۆ". ئاخر منیش نەمویست لەسەرەتاوە چیرۆکەکەتان لێ تێک بدەم؛ هەر خۆشی، ئەگەر گۆڤەن نەبوایە، بە نیاز نەبووم هەر باسی فەرمانبەرەکە بکەم.

دوای ۲ رۆژ کە بە هێواشی بە شار و شارۆچکە کوردیەکانی باکوری کوردستانی داگیرکراوە تێئەپەڕیم و دوای ئەوەی ئەمبینی چۆن، سیواش و ماڵاتیا و ئیلازیگ و ئامەد و مێردین و نوسەیبین و جزیرە و سلۆپی، هەموو کراون بە سەربازگە و مۆڵگەی جەندرمە و ئەمنیەت و پۆلیسی تورک؛ تانک و زرێپۆش لە ناو چەقی شەقامە داخراوەکان راگیراون و ژنان و مناڵان و پیاوانی کوردزمانم بە
ناویان تێئەپەڕن. چۆن ترسم لە چاوی ئەو جەندرمە و پۆلیس و ئەسکەرانە ئەبینی، ئاواش هەر ئەچووم و هەموو جارێکیش وەک سەدادانەوەیەکی گۆڤەن و خزمەکانی و فەرمانبەرە کوردەکە، لەبەر خۆمەوە ئەمووت "بژی سەرۆک ئاپۆ". ئەوەندەم ئەم رستەیە ووتۆتەوە، بەئەندازەی داگیرکاری زاڵمانەی تورک لەسەر خاکەکەم...
لە هەمووی سەیرتر، لە ناو هەناوی ئەم داگیرکاریەدا، تەنها و تەنها یەک راستینەم بەدی ئەکرد، 'ئەم هەموو تانک و زرێپۆش و سەربازە رۆژێک دادێت، بە هەڵەداوان ئەم خاکە بەجێبهێڵن و ئەگەر فریای سەری خۆیان بکەون باشە، بەڵام دڵنیام کەلوپەلیان هەموو ئەکەونە دەست هەڵۆکانی ئازادی'. ئەوسا منیش لەسەر جێگە و بە مردنی خواییش بمرم بە بای خەیاڵما نایەت!

وێنەکان: خۆتان وەکیل بن، کێ کێیە!


كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك