کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

کۆمەڵگەیەک دابڕاو لە مەعریفە... هەشتاکان و نەوەدەکان زۆر باشتربووین'‌

'
ئەم ئێوارەیە لە سەهۆڵەکە لەگەڵ هاوڕێیەکی دێرینی سەردەمی ناوەندی و ئامادەییم کە ئێستا ئەندازیارێکی لێهاتووی شارەکەیە، چایەکی کەم شەکرمان خواردەوە، بە دەور و پشتی خۆما ڕوانی، ئەم هەموو گەنجە بێ ئامانج و بێ روئیا و بێ مەبەستە، لێرەیا کۆبوونەتەوە. ئەم هەموو کاتە جوان و بە نرخە بێ پلان و بێ سەر و بێ قاچ بە فیڕۆ ئەدرێت... لە خۆم پرسی ئایا ئێمە ئاوا ئەتوانین بەرەنگاری دارێژەرانی پەیمانی شوومی 'سایکس پیکۆ' ببینەوە؟ هەڵە نەبم، بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان ووتوویەتی "لە رۆژێکا، ئەگەر دوژمن ۲٤ کاتژمێر لە دژمان ئیش بکات، ئێمە ئەبێت ۲٥ کاتژمێر لە دژی ئیش بکەین". جا خۆ ئێستا نیو کاتژمێریش ئیش ناکەین. کەواتە، میللەتی کوردی باشوور، موستەحەقی، بینۆشە دەردی ژێر دەستەیی و کۆیلایەتی! بەهەرحاڵ ئەم بارودۆخەی ئەم شەو، وای لێکردم ئەم تۆزە وڕێنەیەی خوارەوە بنوسم! لە قسوریم ببوورن.

بیرم یەت سەرەتای نەوەدەکان، لە نێوان تەمەنی ۱٥ بۆ ۱۸ ساڵیما، گوڵەبەرۆژەم بخواردایە، لوولەکەیم ئەکردەوە و ئەمخوێندەوە. باوەڕتان بێت، جارێکیان لوولەیەکم خوێندەوە، چیرۆکێکی زۆر بە تام و چێژ بوو، ئیتر بوو بە خولیای سەرم، لە چەند کەسم پرسی هەتا ناوی رۆمانەکەم پەیا کرد و چووم لە کتێبخانەی گشتی سلێمانی بە نیوەرۆیەکی گەرمی مانگی ۸، خوێندمەوە. رۆمانەکە بە ناوی 'بێ سەرپەرشتان' بوو، لە فارسیەوە کاک موحەمەدی شەلماشی کردوویەتی بە کوردی. لێرەوە زۆر سوپاسی ئەکەم، چونکە ئەو رۆمانە یەکێک بوو لەو نوسراوانەی عەشقی نێوان من و کتێبی دەست پێکرد... زۆر سوپاسی گوڵەبەرۆژە فرۆشەکەش ئەکەم، کە نازانم کێیە...

خۆی لەراستیا، سەرەتا لە کۆتایی هەشتاکانەوە لە قورئان خوێندنەوە خۆشەویستیم بۆ کتێب دروست بوو، ئەو زەمانە هەمیشە لە مزگەوت بووم و هەتا دەرەنگانی شەو ئەمامەوە و وانەی قورئان و حەدیسم ئەخوێند. هەتا ئەمن و قوەت خاسە شەوێک یابوویان بەسەر مزگەوتی ئەبوبەکری سدیقا لە سلێمانی تازە و کۆمەڵێک مێرمناڵ و کوری گەنجیان بردبوو، ئەوانە سەر بە حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوون. تومەز منیش لەو تۆڕەوە ئاڵابووم بێ ئەوەی خۆم بیشیزانم..بیرم یەت جار جار باسی سیاسەت ئەکرا! من تەمەنم تەنها ۱٠ بۆ ۱۱ ساڵان بوو، خوا رەحمی کردبوو کە دوور لە ڕووتان من ئەو شەوە زۆر ناساغ بووم و نەچووم بۆ مزگەوت ئەگینا ئێستا ئەم قسانەش نەئەنوسرا!

بەهەرحاڵ زیاتری، من سەرسامی چیرۆکی حەزرەتی موسا و فیرعەن بووم، بەتایبەت کە بیرم لە بوغرایی فیرعەون ئەکردەوە، کاتێک بە خەڵکەکە ئەڵێت "من خوای هەرە گەورەی ئێوەم" رێک تەزوو بە هەموو لەشما ئەهات، چۆن غیرەتی کردووە خۆی لە جێگەی خوای مەزن داناوە! سەرسام ئەبووم بە ئازایەتی حەزرەتی موسا، چۆن جیا لە هەموو دانیشتوانی ناوچەکە بەرامبەر بە فیرعەونی زەبەلاح وەستایەوە، لە خەیاڵاتی مناڵێکی ۱٠ ساڵانا خۆم لێ ئەبوو بە موسا و ئەمویست بەرامبەر بە زوڵمی هەموو دنیا بوەستمەوە.

بە زۆر چیرۆکی تری ناو قورئان سەرسام بووم، هەمیشە چاوم لەسەر زانستی ناو دەقەکانی قورئان بوو، ئەمویست قورئانزانێکی چەقبەستووی مێشک داخراو نەبم. دڵنیاتان ئەکەمەوە، بە دەیەها شەو هەتا چاوم چۆتە خەو بیرم لەم گەردوونە و لە خوا و لە دەقەکانی ناو قورئان کردۆتەوە. زۆربەی جاران ئیمانێکی زۆر بەهێزم هەبوو بەڵام لێتان ناشارمەوە جار هەبووە لە لێواری کوفر نزیک بوومەتەوە. بەتایبەت کە لە تەمەنی ۱٦ ساڵی 'ئەسڵ و ئەنواع' ی 'چارڵس داروین' م بە نیوە ناچڵی خوێندەوە. وەستام، ئاخر، چونکە هەموو باوەر و پرینسیپڵەکانی من و باپیرم و نەنکم و باوکم و دایکم و خزمەکانمی ئەخستە ژێر نیشانەی پرسیاری زۆر مەزنەوە.

درێژەی نایەمێ، مەبەستمە بڵێم، من بە تەمەنی ۱٠
ساڵی ئاوا دەستم بە ناسینی مەعریفە کرد، زۆر پێی شادمان بووم، ئێستاش هەرلەسەر ئەو رێچکەیەم، مرۆڤیش ئەگەر شتێکی باش فێربوو زۆر غەدرە ئەگەر فەرامۆشی بکات. بەڵام کە مێرمناڵ و گەنجی ئێستا ئەبینم، شیوەن بۆ مەعریفە و بۆ رۆشنبیری و بۆ زانست و بۆ شیعر و ئەدەبیات ئەگێڕم. 

هەر لەسەر شیعر، لە ۱۷ ساڵیما ئاواتەخوازبووم ۲ فلسم هەبێت دیوانە شیعریەکانی نالی و سالم و کوردی و بێکەس و گۆران... بکڕم. کاتێک دۆستێک دیوانی بێکەسی بە قەرز یامێ، چەند جارێکم خوێندەوە، تێگەیشتم ئەم میللەتەی من زۆر لە دواوەیە، ئەو کاتیش 'بێکەس' داو بێ داوی بووە لە دەستیان. کە شیعری 'تف لە سەد عیلم و سەنعەت و سەد کارەبا...' م خوێندەوە، زۆر لە بێکەس پەست بووم...

بەڵام ئێستا ئەزانم بۆچی بێکەس تفی لە عیلم و سەنعەت و کارەبا کردووە! ئێستاش من خەریکە تفیان لێئەکەم، کە ئەبینم نە عیلم و نە سەنعەت و نە کارەبا بۆ ئێمە نیە!

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك