کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

ئافرەتیزمی مەهاباد قەرەداغی لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان و نێچیرەڤان بارزانی دا‌



ئەم تایتڵەی سەرەوە خۆی قوڵاییەکەی گەورەی کێشەکانی باشووری کوردستان دەرئەخات، کە خۆی لە نەبوونی ئێلیت (هەڵبژاردەیەک)ی راست و دروستی خوێنەوار و نوسەر و رۆشنبیردا ئەبینێتەوە. ئەگەریش هەبن ئەو بە ناو نوسەر و خوێنەوار و رۆشنبیرانە، دەمە شۆڤڵی کۆکردنەوەی ماڵ وپارە و ئیمتیازات و بە شانداکێشانن. ئەگینا تۆ تەماشای کتێبی (ئافرەتیزم، مێژووی تێکۆشان بۆ مافی یەکسان لە باشووری کوردستان)ی مەهاباد قەرەداغی پێشکەشی کێ کراوە؟ ئاخر پاردۆکس (ناکۆکی) وام مەگەر لە بەلوعەی تەرمۆز و ئای لاینەری مەیکەپی ژنانەدا بینیبێت.

نێچیرەڤان بارزانی (لە دەرەوەی سیاسەت و دژبەرایەتی فکری و رێباز) خودی خۆی نوێنەرایەتی پاشکەوتووترین هەڵبژاردەی فکری و مەعریفی خەڵک ئەکات بەرامبەر بە پرسی ژن و پێگەکەی. من ناڵێم کارێکی خراپی کردووە کە یاسای 'سیاسەتی یەکسانی' پەسەندکردووە لە ۲٠٠٥ دا. بەڵام وێڕای تێبینی من، ئەو سیاسەتی یەکسانیە لە کوێیە و کەی جێبەجێ کراوە و چەند لە خەم و ئازارەکانی ژنانی کەمکردۆتەوە؟ هەرچەندیشە ئەو و ئەوانەی لەسەر ئەو رێچکەو رێبازەی ئەون، ئاشکرا بەیداخی موحافیزکارانەیان لە رۆژی بوونیانەوە هەڵکردووە، روونیشە کە ئەوان لەم هەرێمە چ جارا نوێنەرایەتی پێشکەوتنی پرسی ژن نەبوون و نابن. بەڵام پێویستە بپرسین، کە ئایا خودی نێچیرەڤان بارزانی تا چەند حساب بۆ پرسی ژن و ژن ئەکات؟ ئەی مام و ئامۆزا و خزمەکان و خێڵەکەیان و حیزبەکەیان؟ کێ هەتا ئێستا خانمێکی بەرێزی بارزانیەکانی بینیووە شان بە شانی پیاوەکانیان؟ هیچ نەبێت بۆ بەرچاوی میدیاکان، لە کۆڕێک، دانیشتنێک، گەلەریەک، یانیش پرۆسەی بانگەشە و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنە شانۆگەرییەکانیان؟

کاتی خۆی دەیڤید کامیرۆنی سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا دەنگۆیەکی وای نایەوە کە پیاوێکی خێزانییە (فاملی مان) چونکە بۆ هەموو کۆبوونەوەی بانگەشە و بەزم و ڕەزمەکانی (سەمانسا کامیرۆنی) ژنی لە پێش خۆیەوە ئەرۆشت و یان شان بەشانی خۆی دەستی ئەگرت و بە قەرەباڵغیەکەی ئەناساند. هەرچەندە، ئەمە چەند بۆ کراوەیی و هۆشیاریی کامیرۆنی پیاو ئەگەڕێتەوە بەرامبەر بە پرسی ژن، ئەوەندە و زیاتریش بۆ لێهاتووی و جەربەزەیی و راستگۆیی سامانسای ژن ئەگەڕێتەوە. بەڵام ئایا نێچیرەڤان بارزانی، دەیڤید کامیرۆنی هەرێمی کوردستانە؟!

لە کوردستانا و لە دوای ئەم هەموو گێرە و کێشەیەی لە دوای راپەرینەوە میللەتی کورد و لە پێشیانەوە ژنانی کورد و هەندێ لە پیاوانی ئازادیخواز کردیان و هەندێ بە گیانی خۆیان بە قەڵای پیاوسالاری کۆمەڵگەی کوردیا سەرکەوتن. کەچی تازە بە تازە مەهاباد قەرەداغی یەت و لەدووتوێی کتێبێکدا کۆمەڵێک توێژینەوە (بەحساب) بۆ ژن و رەوشەکەی لە هەرێم و عێراق و ناوچەکە، پێشکەش بە 'نێچیرەڤان بارزانی' ئەکات. بارزانی، کە خۆی وەکو ووتمان نوێنەرایەتی بڕبڕەی پشتی پیاوسالاری و پیاوکەڵەگایی کۆمەڵگەی کوردی ئەکات. مرۆڤ ئەگەر قسەیەک بۆ دزیش بکات، خۆم بینیومە لە سەرەتادا نێچیرەڤان بارزانی لەگەڵ خانمی بەرێزی هاوژینی بەشداری پرۆسەی دەنگدان و هەندێ رەمزیاتی تر ئەبوو. بەڵام بەداخەوە من ئێستا ئەوەش نابینم، ئیتر ئایا هۆکارەکەی چیە، نازانم. 

سەبارەت بە کتێبەکەش، کتێبێکی جلدکراوی، زۆر موحتەرم وموحتەشەم پێشکەش کراوە. بۆیە ئەپرسم، ئاخۆ چەندی پارە تێچووبێت و خانمی قەرەداغیش بۆ ئەم هەڵمەتی گەمژەکردن و زیاتر خەساندنی پۆتێنسالی (ماتە ووزەی) ژنی کوردە چەندی وەرگرتبێت؟ کێ کتێبەکەی خوێندۆتەوە با 'ئابستراک' (پوختەیەک) لە باسەکانمان بۆ بنوسێت، چونکە من لاریم لەسەر خودی کتێبەکە نیە، بەڵکو کەسایەتی نوسەری کتێبەکە و ئینتێگرتی (ڕاستێتی) ئەو لە ژێر پرسیاری مەزندایە. ئەگینا چۆن کتێبێکی ئاوا پێشکەش بە کەسێتیەکی ئاوا ئەکرێت؟ وەکو بتەوێت کتێبە سەربە گۆبەنەکەی 'زە گۆد دیلیوژن' (ئەفسانەی خودا)ی ریچارد دۆکینس پێشکەش بە 'مەلا کرێکار' بکەیت!

بۆ ئەم مەبەستە، پێم خۆشە بەراوردێک لە نێوان کتێبەکانی 'عەبدوڵا ئۆجالان' کە تایبەت بە پرسی ژنن، لەگەڵ ئەم کتێبەی مەهاباد بکەین. نەک خوا نەخواستە لە ڕووی ناوەرۆک و ئەدای فکری و توانایی توێژینەوە و خستنە رووی راستیەکان، بەڵکو لە رووی بەرگ و مادەکەی و تێچوونی مادی و ئامانجی کتێبەکە. ئاشکرایە ئێستا ئۆجالان بێ سێ و دوو، نەک بۆ ژنی کورد، بەڵکو بۆ ژنانی جیهان، پێشەنگێکی مەزنی فکری و رێبەرێکی ئازا و راستگۆیانەیە. راستە ئۆجالان بە فیزیک و جەستە پیاوە، بەڵام ئەو لە عەقڵیەتدا ژن و مناڵە. هەر خۆی لە کتێبی 'عەشقی کورد' ئەڵێت "من دەستبەرداری پیاوەتی خۆم بووم، ئێوە بۆچی ئەمە قبوڵ ناکەن؟" کەچی کتێبەکانی بەهەزار فەلاکەت بە چاپێکی سادە و لەدووتوێیەکی نامیلکەئاسادا چاپ ئەکرێت. بەڵام کتێبەکەی خاتوون بە هەزارەها دۆلاری بۆ تەرخان ئەکرێت. بۆیە ئەپرسم، ئەگەر ئەم کتێبە لە خزمەتی پاشاگەردانی خێڵ و بەردەوامیدان بە عەقڵیەتی دۆگمایی 'چەقبەستوو' ی پیاوسالاری و کەڵەگایی نەبێت، بۆچی و چۆن ئەم بودجە زەبەلاحەی بۆ دابین ئەکرێت؟ ئەپرسم ئەگەر قەرەداغی، ئەوەندە دڵسۆزی دۆزی ژن و پرسگەری مافەکانیانە، رەواتر نەبوو، کتێبەکەی پێشکەش بە ئۆجالانی داکۆکیکاری سەرسەختی ژنان بکردایە؟ ئۆجالانێک کە بەدەمی خۆی ئەڵێت "بۆ من ئازادی ژن لەئازادی ووڵاتەکەم بەنرخترە"، یان ئەڵێت "هەتا ژن ئازادنەبێت هەرگیز کۆمەڵگە ئازادنابێت". ئەگەریش واینەکردووە، ئەوە من بە داوای لێبوردنەوە بۆنی گۆشتی گەنیوو لەم سەواو مامەڵەیە ئەکەم!

زۆر لە جێگەی خۆیا ئەبینم کە بەم بۆنەیەیەوە و بۆ یەکلایی کردنەوەی (حسم) مشوومڕەکە، ئەم کورتە باسەم کە ماوەیەک لەمەوبەر نوسیومە، لێرەیا تێکەڵی ئەم باسەی بکەمەوە. با بزانین نێچیرەڤان بارزانی یان عەبدوڵا ئۆجالان موستەحەقی ئەو پێشکەشکردنە بوو!
'بۆچی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست هزر و ڕامانی عەبدوڵا ئۆجالان پەسەند ئەکەن؟'

عەبدوڵا ئۆجالان بیرمەندو رێبەری بزوتنەوەیەکی مرۆڤانەیە، خەبات تەنها لەپێناوی ئازادی گەلی کوردا ناکات، بەڵکو وەڵامی ئەو پرسەت ئەداتەوە کەچۆن وەکو مرۆڤێک بژیت، ژیانێکی مانادارانە. لەبەرئەمەیە نوسینەکانی وا لەمرۆڤ ئەکات هەزارەها نیشانەی پرسیار لەسەر تێفکرین و بۆچوون و وهەڵسوکەوتی رۆژانەی خۆی، نەک تەنها لەگەڵ مرۆڤەکان، بەڵکو لەگەڵ ئاژەڵ و ژینگە و دارو شاخ وگژوگیا دابنێ. مرۆڤی کورد ناچار ئەکات بەمێژووی چەندەها ساڵەی خۆی لەگەڵ ژندا بچێتەوە و لەزۆربەی خاڵەکاندا نیشانەیەکی پرسیاردابنێ.
یەکێ لەو پرسانەی من بەبەردەوامی لەخۆم کردووە ئەوەبووە، بۆچی هەتا ئێستا شۆرش و بەرخۆدانەکانی گەلی ئێمە مایە پووچ بووە؟ لەوەڵامدا ئەتوانم بڵێم وێڕای نەبوونی ئایدیۆلۆجیایەکی پتەو و زۆری ژمارەی مرۆڤی بەکرێگیراو و فشاری مەزنی زلهێزەکان، هۆکاری سەرەکی ئەگەرێتەوە بۆ وەلانان و بە کەم زانینی بەشداری ژنان. ئەبینن تەنانەت شۆرشی نوێی گەلی کورد لە باشوور کە لە دوای نسکۆکەوە سەریهەڵدا، نەیتوانی ئەنجامی توند و تۆڵ بگرێت، چونکە نەک خەڵکە سادەکە بەڵکو سەرکردە و رابەرەکانی ئەم شۆرشە ئێستاشی لەگەڵ بێت باوەریان بە خەبات و بەشداری ژن نەبووە و نیە و کێشەیەکیان بە ناوی کێشەی ژنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەناساندووە.
بەڵکو پێیان وابووە کێشەی ژنیش تەنها کێشەیەکی لاوەکی کۆمەڵایەتیە. تەنانەت پاساویان بۆ مەسەلەی ژن کوشتن لەسەر شەرەف هێناوەتەوە. 
بەڵام ئەوەی راستیەکی حاشاهەڵنەگرە ئەوەیە کە بە بێ ئازادی سەرتاسەری ژن و بەشداریکردنی گشتگیرانەی لە ژیان و بەرێوەبردنی ژیاندا، نە کۆمەڵگە  ئازاد ئەبێت و نە هیچ شۆرش و بەرخۆدانێکی کورد بەرهەمی ئەبێت. وەک ئۆجالان خۆی ئەڵێت "بۆ من ئازادی ژن لە ئازادی ووڵاتەکەم بەنرخترە" چونکە ئازادی راستەقینەی ژن ئازادی هەموو چین و توێژەکانی تر بە دوای خۆیدا ئەهێنێت.

ئەگەر ئەم چەند دێڕە بە نرخەی عەبدوڵا ئۆجالان لە کتێبی 'ژنۆلۆژی' بەبیر بهێنمەوە، تەواو جێگەی تێڕامانە. "پێویستە هیچ کاتێک لەبیر نەکرێت کە ژیانێکی مانادار و شەرەفمەدانە لەگەڵ ژن پێویستی بەشکۆداری و داناییەکی مەزن هەیە. ئەوانەی بانگەشەی عەشقیش ئەکەن پێویستە بەردەوام لەیادیان بێت کەڕێگاکەی بەشکۆمەندی و داناییدا تێدەپەڕێت. چونکە پێچەوانەکەی خیانەت کردنە لە عەشق و خزمەت کردنە بەکۆیلایەتی. تا بە حەقیقەتی کۆمەڵگا نەگەیت، گەیشتن بەعەشق جێگای باس نابێت".

ئێوەش وویژدانتان با سەرپشک بێت، کێ زیاتر شایانی ئەوەیە، ئافرەتیزمی مەهاباد قەرەداغی پێشکەش بکرێت؟ عەبدوڵا ئۆجالان، یان نێچیرەڤان بارزانی؟!

دکتۆر شوان عەبدوڵا حەمەد.
۱ی ئۆکتۆبەری ۲٠۱۸

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك