کوردی           عربی
د. شوان حه‌مه‌د

'۱٦ ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو، یان چاکەکردن لەگەڵ کورد؟'‌


۱٦ ی ئۆکتۆبەر، بەرهەمی گەمژەیەتی کەڵەکەبووی سەرانی کوردایەتی بوو، لە خاڵی مۆلەقەیا(کریتیکاڵ پۆینت) تەقیوە! لەو خاڵەیا سنوری جوگرافیای کوردستانی باشوور لە سایەی سیاسەتە چەوت و سەقەتەکانی نوخبەی گێلە پیاوانی بنەماڵە، گەڕایەوە بۆ سەردەمی هێڵی ۳٦ و ۳۷. ئەم هێڵە لە ساڵی ۱۹۹۲ بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، بۆ رێگەگرتن لە فرۆکە جەنگیەکانی رژێمی فاشستی بەعس کە بەسەر ئاسمانی ئەو ناوچانە بسوڕێنەوە، دامەزرا. لێرەوە ناوچەی دژە فڕین( نەن فڵاین زۆن) دروست بوو.

هاوپەیمانان، بە دەستپێشخەری دەوڵەتی تورک، جگە لەم خزمەتە، خزمەتێکی مەزنتری بە سەرانی کوردایەتی کرد، ئەویش دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو؛ بەو مەرجەی کە بنەماڵەکانی کوردایەتی هێزە چەکدارەکانی خۆیان لە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بەکاربهێنن. بەکاریانهێنا و بە هەزارەها کچ و کوڕی ئەم زمانە و نیشتمانە خوێنیان ڕژا و بوون قوربانی. ئەم کارەساتە بەس بوو بۆ ئەوەی گەلی کورد لە باشووردا رەفتار و گووتاری سەرانی بالۆرەلێدەری ناسیۆنالیزمی کوردایەتیان بۆ ئاشکراببێت. بەڵام هەتا ئێستاش و بەتایبەت هەتا رۆژی ۱٦ی ئۆکتۆبەر نە گەل و نە نوخبەی بە
ناو خوێنەوار و ئەکادیمیست و سیاسیەکان، درکیان بە سواوی و سلاک بوونی ئەو شیعارە قێزەوون و نەفرەت لێکراوانەی سەرانی خێڵ و فشە فشە دەوڵەتی کوردی نەکرد بوو! 

کەواتە ۱٦ ی ئۆکتۆبەر، دیسان خاڵی وەرچەرخانی مێژووییە بۆ زهنیەت و عەقڵیەتی مرۆڤی کورد لەباشووردا، هەڵبەت ئەگەر هەیبێت و بیەوێت. تێگەیشتنی ئێمەیە لە و فیشاڵە گەورەیەیی کە قائیدی منازڵ و دەستەو دایەرەکەی ۲۷ ساڵ بوو مێشک و گوێچکەی مرۆڤی کوردیان پێ خنی بوو!
فەشەلی گەورەی پرۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردایەتی و فشە فشی دەوڵەتی کوردی بوو. کەوابێت، ۱٦ی ئۆکتۆبەر رۆژێکی مێژوویی گرنگە بۆ بە ئاگا هاتنەوەی ئێمە؟!

ئەگەر بەراوردێکی بارودۆخی کوردستانی باشوور لە بوارەکانی سیاسی، ماف، کەلتوری، جوگرافیا و قەڵەمڕەوی بکەین بە ٤۸ ساڵ لەمەوپێشی خۆمان، بە دیاریکراوی رۆژی ۱۱ ی ئازاری ساڵی ۱۹۷٠، ئەوا بۆمان دەرئەکەوێت کە ئەوسا کورد دەستکەوتی مەزنتری نەتەوەیی و نیشتیمانی بەدەستهێنابوو. لە ئێستایا ئەوەی کە پێی ئەوترێت سنوری قەڵەمڕەوی کوردایەتی زۆر لەوە کەمترە کە لە ۱۹۷٠ دا بە کورد درا. تەنانەت باس لەوە کراوە کە نیوەی کەرکویش بدرێتە حوکمی زاتی. ئەوسا خوێندن و نوسین کرا بە کوردی، ئێستا بەپێچەوانەوە ئەوەی رەواجی هەبێت زمانی تورکی و ئینگلیزیە! ئێستا بە ناو بەشداریان لە دامەزراوەکانی عێراقی بە ناو فیدراڵدا هەیە، ئەوسا بەشاری چالاکانەیان پێ ئەدرا! کەواتە ئەم ٤۸ ساڵ شەڕ و ماڵوێرانی و ئەنفال و هەڵەبجە و هتد بۆچی؟ و لە پێناوی چیدا؟ ئایا لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەجێندا و پلانی نەگریسی ووڵاتانی داگیرکاری دراوسێ بوو؟ یان لە پێناو ئیگۆ (خۆپەسەندی) و کەللە پووتی سەرانی کوردایەتی بوو؟ ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە لەم نێوانەیا تەنها خەڵکی هەژار و ڕەش و ڕووت زەرەرمەند بووە و سەرانی خێڵ و بنەماڵە و مناڵەکانیان کامە پایتەختی خۆشی ووڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکایە ببوو بە نشینگەیان و لە کامە خوێندنگە و زانکۆی باشی ئەوێ هەیە بە زەبری پارەی دزاراوی میللەت خوێندیان. یان وەک بۆم باسکراوە، هەیان بووە دوکانی پیزای لە لەندەن هەبووە، ئێستا شێری شێرخۆری ناو ئاسایش و دژەتیرۆرە لەملاو لەولاش!

لە کۆتاییا ئەڵێم، هەرچەندە ۱٦ی ئۆکتۆبەر دەرهاویشتەی ڕیفراندۆمە شووم و سەرلێشێواوەکەی سەرانی پەنجەئامادەی ناو مەرەکەب بۆ فاشیزمی قەومچێتی و کوردایەتی بوو، بەڵام وەڵامێکی پوخت و تووند بوو بۆ فشە و فیشاڵی گەمژەکانی سیاسەتی گەمژانەی ئەم هەڵبژاردە داڕزاوەی مرۆڤی کورد لە باشوورا.
بۆیە بە بۆچوونی من ئەگەر ۱٦ی ئۆکتۆبەر خیانەتکردن بێت لە پارتی و فۆڵۆوەرەکانی، ئەوا چاکەیەکی گەورەبوو لەگەڵ خەڵکی کوردستان و خەڵکی کەرکوک کرا. راستە بارودۆخی کەرکوک باش نیە، چونکە دووبارە لەوێ فاشیزمی شیعەگەری و عروبە حوکمداری ئەکات. فاشیزمیش لە هەر جۆر و نەتەوە و ئایین و رەگەزێک بیت، هەر فاشیزمی نەفرەت لێکراوە، بەڵام کەرکوکیەکان ئێستایان باشترە، هیچ نەبێت لە فشەکەرانی کوردایەتی رزگاریان بووە!

كه‌ش و هه‌وا

فەیسبووك